مێركڵ هەڵوێستی خۆی بەرامبەر ئۆزێل راگەیاند
2018-07-23 12:29:12
(درەو میدیا):
ئەنگێلا مێركڵ هەڵوێستی خۆی دەرباری مەسعود ئۆزێل راگەیاند كە بڕیاریداوە چیتر یاری بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئەڵمانیا نەكات و ئەو بڕیارەشی كاردانەوەی لە ناو ئەڵمانیا و توركیا لێكەوتەوە.
ئۆرلیكە دیمەر وتەبێژی ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا ئەمڕۆ دوووشەممە 23ی تەمموزی 2018 رایگەیاند نزیكەی سێ ملیۆن كەسی بە رەگەز تورك لە ئەڵمانیا دەژین و بە شێوەیەكی زۆر باش گونجاون، ئەوەش لە وەڵامی بڕیاری وازهێنانی ئۆزیلدا هات لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەهۆی رەگەزپەرستییەوە.
وتەبێژەكەی مێركڵ جەختیشیكرەوە كە كۆچبەران لە ئەڵمانیا پێشوازی لێكراون و راوێژكاری ئەڵمانیاش ئۆزیل بەرزدەنرخێنێت و بەوە وەسفیكردووە كە یاریزانێكی باشە و زۆری پێشكەشی هەڵبژاردەی نیشتمانی كردووە و مێركڵ رێز لە بڕیارەكەی ئۆزێل بۆ وازهێنان لە یاری نێودەوڵەتی دەگرێت.
هەر لە هەمان پرسدا ئولی هوینیس سەرۆكی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیی هێرشێكی توندی كردە سەر مەسعود ئۆزێل و لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان پێش گەشتی یانەكە بۆ ئەمریكا وتی:" زۆر دڵخۆشم كە هەموو شتێك كۆتایی هات، ئەو زۆر بە حەماقەتەوە چەند ساڵێكە یاری دەكات و دوا یاری سەركەوتووی پێش جامی جیهانی 2014 بووە، ئێستا خۆی و نمایشە ئاساییەكەی لە پشتی ئەو وێنەیەوە دەشارێتەوە.
ئۆزێل ساڵی 2014 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیادا لە بەرازیل جامی جیهانییان بەدەستهێنا، بەڵام ئەمساڵ و لە مۆندیالی روسیادا هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە قۆناغی یەكەمدا ماڵئاوایی لە مۆندیال كرد و ئۆزیلیش بەهۆی ئەو شكستەو وێنەگرتن لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رووبەڕووی هێرشێكی توندبووە و تا دواجار هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بەجێهێشت.
ئۆزێل لە سێیەم بەیاننامەیەدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوێتی:" ئەمە كارێكی زۆر قورسە لەسەر دڵم، دوای رەچاوكردنی چەند هەڵوێستێكی لەبەر رۆنایی رووداوەكانی ئەم دواییە، ئەوا ناگەڕێمە بۆ یاریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئەوەش دوای ئەوەی هەستم بە رەگەزپەرستی و بێ رێزی كرد."
ئۆزێل لە بەیاننامەی سێیەمیدا باس لە وردەكاری خراپی مامەڵەی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دەكات لەگەڵیدا و توڕەیی خۆشی بەسەر راینهار گریندڵ سەرۆكی یەكێتییەكەدا دەرژێنێت و دەڵێت:" لە ئێستا بەدواوە نابمە كۆچی قوربانیی بێ توانایی گریندڵ و نەتوانیتی باش راپەڕاندنی كارەكانی".
هاوكات تیۆ زڤانتسیگەر سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵەكانی ئەڵمانیا رایگەیاند هەست بە غەمێكی زۆر قوڵ دەكات دەربارەی بڕیارەكەی ئۆزێل و جەختیشیكردەوە كاتێك كارەكە دەگاتە ململانێ و ناكۆكی پێویستە زۆر بە خێرایی لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێت، و یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا لەبەر هەر هۆكارێك بووبێت نەیتوانی پێش جامی جیهانی ئەوە بكات، لەبەرئەوە جارێكی تر دیمەنەكە هاتەوە پێشەوە."
سەرۆكی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا وتیشی:" بەهۆی هەڵە لە پەیوەندیكردندا ئەوە روویدا كە نەدەبووو هەرگیز لەگەڵ كۆچبەراندا روویبدایە، نابێت ئەوان هەست بكەن كە هاوڵاتی پلە دوون لە ئەڵمانیا.
هەروەها هاراڵد شتینگەر وتەبێژی پێشووی یەكێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا وتی پێویستە لەسەر گریندڵ دەستبەداری پۆستەكەی بێت.
شتینگەر لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی " سكای سپۆرت" وتی:" گریندڵ و لە رابردوو ئێستاشدا خراپترین سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێیە كە بینیبێتم، ئەگەر كەسێكی راستە پێویستە درك بەوە بكات كە كاتی لە سەرۆكایەتی یەكێتی تۆپی پێی كۆتایی هاتووە.