" دایكی جەنگەكان" سەركێشی كۆتاییهاتنی رژێمی ئێران دەبێت؟
2018-07-23 11:35:08
(درەو میدیا):
چەند رۆژێكە شەڕە قسە و لێدوان لە نێوان حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەستیپێكردووە، لە نوێترین تویتیدا ترەمپ هۆشداریدایە رۆحانی و داوای لێكرد هەرگیز هەڕەشە لە ئەمریكا نەكاتەوە جارێكی تر، ئەگەرنا رووبەڕووی پێشهاتێك دەبێتەكە كە بە درێژایی مێژوو چەند كەسێكی كەم رووبەڕووی بوونەتەوە.
ئەم لێدوانە توندەی ترەمپ دوای ئەوەهات كە رۆحانی لە لە لێدوانێكیدا هۆشداریدایە ئەمریكا بەوەی كە " یاری بە كلكی شێر نەكات" چونكە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە وتەی رۆحانی " دایكی جەنگەكان" دەبێت.
" لە دایكی شەڕەكانەوە بۆ دایكی جەنگەكان"
شەڕەقسەی نێوان رۆحانی و ترەمپ لە رۆژنامە عەرەبیی و جیهانییەكانەوە بایەخی زۆری پێدراوە، رۆژنامەی " قودسی عەرەبی" كە لە لەندەن بەڕێوەدەچێت لە سەروتاریدا دەڵێت:" ئیدارەی ترەمپ بەوپەڕی بەهێزییەوە بەرەو لەقاڵبدانی ئێران هەنگاودەنێت، و پرسەكە تەنها پەیوەست نییە لە دەركردنی لە سوریا و یەمەن، یان لاوازكردنی هەژموونی زۆری لە عێراق و لوبنان، بەڵكو وەك تۆپەڵە بەفرەكە بەرەو بە ئامانجگرتنی رژێمی ئێران لە نێو ماڵی خۆیدا گلۆربووەتەوە".
رۆژنامەكە دەشڵێت : " سەرەڕای ئەوەی تاران لە نێو چوار وڵاتی عەرەبیدا هەژمونی زۆری هەیە و سەرەڕای هەڕەشە باڵاكانیشی، بەڵام ئەگەر زۆرە حساب لەسە بەكارهێنانی كارتەكانی لە سوریا یان لوبنان بكات، بەوەش پاساو دەدات بۆ وەشاندنی گورزێكی ئەمریكی- ئیسرائیلی گەورە كە لەوانەیە دوای ئەوە فراوانتر بێت".
رۆژنامەكە لە بەشێكی تری وتارەكەیدا دەڵێت:" لەسەر شێرە ئێرانییەكە پێویستە كلكی بشارێتەوە و ماكینە راگەیاندنەكەشی لە دووبارەكردنەوەی دەربڕینی " دایكە جەنگەكان" بوەستێت و بە حساباتی خۆیدا بچێتەوە و بەرەكانی شەڕی كەمتربكاتەوە، چونكە لەوانەیە ئەنجامەكەی بگاتە ئەوەی كە پاراستنی سەری شێرەكە گرنگتر بێت لە پاراستنی كلكەكەی".
هاوكات بە ناونیشانی " لە دایكی شەڕەكانەوە بۆ دایكی جەنگەكان" فاروق یوسف لە سایتی " میدڵ ئیست ئۆنلاین" دەڵێت:" هەڕەشەكردن بە " دایكی جەنگەكان" لەسەر زاری رۆحانی " دایكی شەڕەكان" مان بە بیردەهێنێتەوە كە سەدام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق ئاماژەی پێدا كاتێك بەرەنگاری بڕیارە نێودەوڵەتیەكان بووەوە كە بۆ كۆتاییهێنان بە داگیركردنی كوەیت دەركرابوون".
دەشڵێت:" هەروەك چۆن دایكی شەڕەكان گورزی یەكلاكەرەوە بوو كە ئاراستەی رژێمی عێراق كران ئەوا دایكی جەنگەكانیش دوا دێڕی ژیانی رژێمی ئێران دەنوسێتەوە."
غەسان شربل سەرنوسەری رۆژنامەی " شەرقولئەوسەت" یش بڕوای وایە كە زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە تاران بە دیاری لە لێدوانەكەیی رۆحانیدا دەركەوت، كاتێك پەنای بر بۆ بەكارهێنانی دەربڕینێكی فەرهەنگی سەدام حسێن.
شربل دەڵێت:" ئاشكرایە كە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چەند مانگێكی دژوار دەچێت، ئاڵۆزبوونەكە لە دۆسیەی سوریاوە دەگوازرێتەوە بۆ دۆسیەی ئێران و ئاشكرایە كە بژاردەكانی ئێران قورسن، یان جارێكی تر ژەهری سزاكان دەنۆشێت و چاوەڕوانی رۆیشتنی ترەمپ دەكاتن یان رازی دەبێت بە دانوستان دەربارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی و رۆڵی ئیقلیمیی".
شربل بەردەوام دەبێت لەسەر قسەكانی و دەڵێت:" هەردوو بژاردەكە بۆ رابەر و ژەنەراڵەكانی سوپای پاسداران قورسن، چوون بەرەو " جەنگی دایكەكان" ئەزمونی سەدام حسێن لەو بارەیەوە هاندەر نییە بۆ ئەنجامدانی گەشتێكی ماڵوێرانكەری لەو جۆرە.
سێ هەنگاوی وێرانكەر
خالید سولەیمان لە رۆژنامەی " عوكاز" سعودی دەپرسێت:" ئێران دەتوانێت رێگە لە هەناردەی نەوتی كەنداو بگرێت، هەروەك رۆحانی و خامنەیی هەڕەشە ئەوەیان كرد لە كاتی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئێراندا؟".
لە وەڵامدا دەڵێت:" تاران دەتوانێت تەگەرە بخاتە بەردەم جموجوڵی كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت لە ئاوەكانی كەندا و گەرووی هورمز، بەڵام بۆئەوەی ئەو كارە بكات پێویستی بە كردەوەی سەربازییە، ئایا رژێمی ئێران لە توانایدایە باجی ئەو جۆرە كار و هێرشانە بدات؟".
سولەیمان دەڵێت:" بەهەموو حسابێكی سیاسی و سەربازین ئێران توانای ئەوەی نییە، هەر سەركێشییەكیش بكات بۆ تاقیكردنەوەی هەڕەشەكانی بە رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كۆتایی دێت و ئەوەش هەڕەشە دەبێت بۆسەر رووخانی رژێمی ئێرانی لاواز بە تەواوەتی هەروەك چۆن رژێمی عێراق لەسەردەمی بەعسدا رووخا".
هەر لە هەمان چوارچێوەدا عەبدولباری عەتوان سەرنوسەری رۆژناەی " رای الیوم"ی ئەلیكترۆنیی لەندەنی دەڵێت:" دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان بۆ داخستنی گەرووی هورمز لەسەر زاری بەرپرسانی ئێرانەوە، دڵەڕاوێكییەكی زیاتر نیشاندەدات نەك ئارەزز بۆ جەنگ و بانگهێشتێكی ناڕاستەوخۆی ئیدارەی ئەمریكایە بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دانوستان و گەڕانبە دوای چارەسەردا."
عەتوان بڕواشی وایە بەرپرسانی ئێران لە سێ هەنگاوی ترەمپ دەترسن كە لەوانەیە زیانیان پێ بگەیەنێت، یەكەن سەپاندنی گەمارۆییەكی ئابووری خنكێنەرە بۆئەوەی گەلی ئێران لەدژی حكومەتەكەی هەڵبگەڕێتەوە، دووەم جوڵاندنی كەمینەكانی ئێرانە كە فارس و شیعە نین وەك نمونەی سوریا و عێراق و سێیەمیش خستنەڕووی بڕێكی زۆری نەوتی یەدەگە كە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بە ئاستێكی وێرانكەر بۆ ئابوریی ئێران.
سەرچاوە: بی بی سی