پەژاك: تۆڵەی تیرۆركردنی ئیقباڵ مورادیمان كردەوە
2018-07-21 19:43:18
(درەو میدیا):
لە سنوری شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكدادانێكی چەكداری لەنێوان گەریلاكانی یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان (یەرەكە) و سوپای پاسدارانی ئێران رویدا.
رەزا میرزایی فەرماندەی ئەمنی پارێزگای كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی (ئیرنا)، هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە و ئاشكرایكرد، لەو شەڕەدا 11 كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون كە (8) كەسیان خەڵكی شاری (مەریوان) و سێ كەسەكەی تریان خەڵكی شارۆچكەی (قروە)ن.
بەڵام بەپێی هەواڵێكی (ئاریەن تیڤی) نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان، لەو شەڕەدا كە كاتژمێری (2)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گوندی (دەری) نزیك شاری مەریوان رویداوە، (15) كەس لە ئەندامانی سوپای پاسداران كوژراون.
ئاریەن تیڤی ناوی (10) كەس لە كوژراوەكانی سوپای پاسدارانی بڵاوكردەوە و لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەرەكە) رایگەیاند"گەریلاكان لە تۆڵەی شەهیدكردنی چوار گەریلای (یەرەكە) لە هەورامان و مەریوان و تیرۆركردنی ئێقباڵ مورادی خەباتكاری پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) لە پێنجوێن، ئەو چالاكییەیان ئەنجامداوە".
یەكینەكانی پاراستنی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بە "یەرەكە" ناسراوە، باڵی سەربازی پارتی كۆمەڵگەی دیموكرات و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان "كۆدار"ە.
قەرارگای "حمزە سیدالشهداو"ی سەربە هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە هەمان شێوەی هەواڵی رودانی شەڕەكەی پشتڕاستكردەوە، بەڵام بەپێی زانیاری ئەم قەرارگایە، لە شەڕەكەدا (10) كەس لە هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون.