ئەگەرەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
2018-07-20 19:38:20
(درەو میدیا):
هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق بەتەواوی رانەگەیەندراوە، هەرێمی كوردستان خۆی بۆ هەڵبژاردنێكی دیكەئامادە دەكات، كە بەشێك لە هێزەكان لەگەڵ دواخستنیدان و بەشێكیشیان لەگەڵ ئەنجامدانیدان لە كاتی خۆیدا كە بڕیارە لە 30ی ئەیلولی داهاتوودا بەرێوەبچێت.
حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریانداوە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی داهاتوو، بەڵام كۆمەڵێك كێشە لەبەردەم ئەو هەڵبژاردنەدایە، بەتایبەتیش كە بڕیارە لە 30/12 داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بەرێوەبچێت، لەبەرئەوە ئەستەمە بتوانرێت لە ماوەی تەنها دوو مانگدا دوو هەڵبژاردن بەرێوەبچێت و پێشتریش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، واتا لە ماوەی تەنها 7 مانگدا سێ هەڵبژاردن بەرێوە دەچێت، لەلایەكی تر هێشتا ئەنجامی ئەژماری دەستیی هەڵبژاردنی 12ی ئایار رانەگەیەندراوە و ئەستەمە بەمزوانە بتوانرێت حكومەتن نوێی عێراق پێکبهێنرێت و پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بکەوێتە سەر رێچکەی ئاسایی.
یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆیوونەوەی رەسمیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كردووە و بەشێك لە لایەنەكانی دیكەش بە نارەسمی داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە، بەڵام دواجار تۆپەكە لە گۆڕەپانی پارتیدایە و ئەو بڕیاردەری كۆتاییە لەو پرسەدا.
كێ لەگەڵ هەڵبژاردنەوە كێ لەگەڵ دواخستنێتی؟
بەشێك لە حزبە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەوە بەشێكی دیكەیان لەگەڵ ئەنجامدانیان:
- یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە بەپێی زانیاریەكانی " درەو میدیا "یەكێتی لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ پارتی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەكانی كردووە و رایگەیاندووە بارودۆخی هەرێم و كوردستان توانای ئەنجامدانی دوو هەڵبژاردنی نیە لە ماوەی تەنها 2 مانگدا.
مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەی پشتراست كردەوە و رایگەیاند" بە پارتیمان وتووە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوابخرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەرێوەبچێت، بەڵام ئەگەر لەكاتی خۆشیدا بكرێت ئێمە ئامادەین".
رەنگە بەشێك لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان پەیوەندی بە ئامادەنەبوونی ناوخۆیی و تەركیزخستنیان بێت بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق.
- پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆیدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پارتی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاردا دەنگ و كورسی زۆری بەدەستهێناوە و بە خوێندنەوەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش پارتی بارودۆخی ناوخۆیی باشە و لەسەر ئاستی هەرێمیش بە بەراورد بە حزبەكانی دیكە ئاستی جەماوەریی خۆی بە باش دەزانێت، لەبەرئەوە بارودۆخەكە بە قازانجی پارتیە.
- بزوتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی بەردەوام رایدەگەیەنێت لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردەنە، بەڵام چەندین فاكتەر كاریگەریان هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نەبێت، ئەوانیش، كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كە بەم دۆخەوە چونە ناو هەڵبژاردنەوە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كورسی و دەنگەكانی دەبێت، هاوكات ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئەیلول كاریگەری خراپی لەسەر جەماوەری بزوتنەوەی گۆڕان كردووە و نائومێدی زۆری دروستکردووە، چونكە تا ئێستا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی 12ی ئایار كاریگەری لەسەر شەقامی كوردی ماوە و نیگەرانی هاوڵاتیان بەهۆی ساختەكارییەوە نەڕەویوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان لە ئامادەكارییدایە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی داهاتووە، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی گۆڕان نیە و چاوەڕوان ناكرێت كورسییەكانی رابردووی بهێنێتەوە.
- هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لە 30ی ئەیلول پێ خۆش نیە، بە پێی زانیارییەكانی " درەو میدیا" رایەكی بەهێز لەناو هاوپەیمانی هەبووە، كە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان نەكەن.
ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو نائومێدیەكی زۆری بۆ هاوپەیمانی پێ بوو كە لەیەكەم ئەزمونی خۆیدا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، نەیانتوانی قەبارەی راستەقینە و دەنگی راستەقینەی خۆیان بۆ دەركەوێت، هاوپەیمانی كە بڕیار بوو وەك هێزێكی گەورە دەربكەوێت، بەڵام لە یەكەم هەڵبژاردندا بە قەبارەیەكی بچوكەوە دەركەوت، لەبەرئەوە لەگەڵ ئەوەی ئامادەكاری بۆ كاندیدەكانی دەكات، بەڵام ئەگەر هێزە ناڕازییەكان لەگەڵ بایكۆتی هەڵبژاردن بونایە ، هاوپەیمانیش بەشداری نەدەكرد، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە قازانجی هاوپەیمانی نیە.
- نەوەی نوێ، كە لە یەكەم ئەزمونی هەڵبژاردندا لەچاو هێزەكانی دیكە دەنگو كورسی زۆری هێنا، بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە خۆی ئامادەكردووە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول و بەتەواوی لەگەڵ هەڵبژاردندایە لە وادەی خۆیدا، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی نەوەی نوێیە، بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو و خراپی دۆخی حزبەكانی دیكە.
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە قوربانییەكی دیكەی هەڵبژاردنی 12ی ئایار بوو و دەنگێكی كەمی بەدەستهێنا وەك خۆیان دەڵێن بەهۆی ساختەكارییەوە، لە ئامادەكاریدایە بۆ هەڵبژاردن بەڵام لەم بارودۆخەدا پێی وایە پێویستیان بە خۆ رێكخستنەوە و دروستكردنی ئومێد هەیە بە شەقام و لایەنگرانیان، بۆیە پێیان باشە هەڵبژاردن دوابخرێت، تا بە گوڕ و تێنێكی نوێوە بەشداری بكەن، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی یەكگرتووی ئیسلامی نیە، چاوەڕەوان ناكرێت كورسییەكانی رابردوویان بهێننەوە.
- كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێشتر ئاڵوگۆڕی پرسی بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دەكرد، بەڵام لە ئامادەكاری هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاندیدەكانیەتی، بە خوێندنەوەی بارودۆخی ناوخۆیی و دۆخی سیاسی هەرێم ئێستا هەڵبژاردن لە سودی كۆمەڵی ئیسلامی نیە.
دواجار دواخستن یاخود ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 30ی ئەیلولی داهاتوو لەدەستی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەموو هێزەكانی دیكە چاویان لە دەستی پارتییە كە ئایا هەڵبژاردن دەكات یاخود دوای دەخات؟، چونكە ئەوەی پەیوەستە بە دواخستنی هەڵبژاردنەوە هەمووی لەدەستی پارتیدایە ( سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی كۆمسیۆن، دەسەڵاتی دادوەریی ).
بە خوێندنەوەی دۆخی ناوخۆیی حزبەكان و ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردوو، هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر لە 30ی ئەیلول بەرێوەبچێت، لە سودی پارتی و نەوەی نوێیە و لە زیانی لایەنەكانی دیكەیە.