Draw Media

یاسایەكی نوێ ئیسرائیل لەسەر جولەكەكان تاپۆ دەكات

یاسایەكی نوێ ئیسرائیل لەسەر جولەكەكان تاپۆ دەكات

2018-07-19 14:03:05


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت
ساڵی 1948 كاتێك دەوڵەتی ئیسرائیل دامەزرا، لە جاڕی راگەیاندنی دەوڵەتەكەدا نوسرابوو "زامنی یەكسانیی نێوان هەموو دانیشتوان دەكرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاینیان".
ئەمڕۆ ئەو بنەمایەی كە دەوڵەتی ئیسرائیلی لەسەر دامەزرا، كەوتە بەردەم هەڕەشەیەكی جدییەوە، پەرلەمانی ئیسرائیل (كنێست) یاسایەكی پەسەندكرد كە "مافی چارەی خۆنوسین" تەنیا لە دەستی هاوڵاتیانی جولەكەدا قۆرخ دەكات.
لە پەسەندكردنی ئەم یاسایەدا پەرلەمانی ئیسرائیل بەهیچ شێوەیەك دانیشتوانی عەرەبی موسوڵمان و پێكهاتە ئاینییەكانی تری لەبەرچاونەگرت، ئەمە وایكرد عەرەبەكان یاسا پەسەندكراوەكە بە یاسایەكی "رەگەزپەرەستانە" و هەوڵێك بۆ "جیاكاری رەگەزی - ئاپارتاید" وێنا بكەن.
پرۆسەی گفتوگۆكردن لەبارەی یاساكەوە لە پاشنیوەڕۆی دوێنێوە دەستیپێكرد، درەنگانێكی دوێنێ شەو بەكۆی دەنگی (62) ئەندام، كنێستی ئیسرائیلی یاساكەی پەسەندكرد، (55) ئەندام دژی پەسەندكردنی یاساكە دەنگیاندا، (2) ئەندامیش نتم (امتناع) یان كرد.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل پەسەندكردنی یاساكەی بە "هەنگاوێكی یەكلاكەرەوە" ناوبرد.
دیارترین خاڵی یاسا پەسەندكراوەكە بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی زمانی عەرەبی وەكو زمانێكی فەرمی لە ئیسرائیل، یاساكە "دۆخێكی تایبەتی" بە زمانی عەرەبی داوە و لەبری ئەوە زمانی عیبری كردووە بە زمانی فەرمی وڵات.
ئەحمەد تەیبی كە ئەندامێكی عەرەبە لەناو پەرلەمانی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا سەبارەت بە پەسەندكردنی یاساكە وتی:" ئەمە مەرگی دیموكراتییە".

لەنێوان دیموكراتیبون و جولەكەبووندا
بەڕای ژمارەیەك لە چاودێران لەناوخۆی و دەرەوەی ئیسرائیل، یاسا نوێیەكە شكاندنی ئەو هاوسەنگییە بوو كە لە ئیسرائیل لەنێوان هەردوو بنەمای "جولەكەبوونی دەوڵەت" و "دیموكراتیبونی دەوڵەتدا" هەبوو.
ئەوەی سەرچاوەی نیگەرانییە، یاسا نوێیەكە ئیسرائیل بە تەواوەتی دەكات بە دەوڵەتێك بۆ جولەكەكان و وا دەكات پێكهاتەكانی تری وڵات هەست بە پەراوێزخستن بكەن.
لە ئیسرائیل، جگە لە جولەكە، مسوڵمان و مەسیحی و دروز هەن، سەرباری ئەمە ژمارەی عەرەب كە دابەشبوون بەسەر ئەو ئاینانەی تردا رێژەی 17.5%ی كۆی گشتی دانیشتوانی ئیسرائیل پێكدەهێنن.
هەندێك سەرچاوەی تر هەن باسلەوە دەكەن لەكۆی (9 ملیۆن) كەسی دانیشتوانی ئیسرائیل، نزیكەی (ملیۆنێك و 800 هەزار) كەسیان عەرەبن، واتا عەرەب رێژەی نزیكەی 20%ی كۆی دانیشتوانی ئیسرائیل پێكدەهێنێ.
عەرەبەكانی ئیسرائیل كە باوەڕیانوایە لە بنەڕەتەوە دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر بنەمای جیاكاری ئاینی و رەگەزیی دروستبووە، بە پەسەندكردنی ئەم یاسا نوێیە بەتەواوەتی بێومێدبوون.
بەر لە پەسەندكردنی ئەم یاسا نوێیە، لە ئیسرائیل چەندین یاسا هەبوو كە گەرەنتی مافی یەكسانییان دەكرد لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا، بەڵام ئەوكاتیش عەرەبەكان بەردەوام سكاڵایان لەسەر ئەوە هەبوو دەوڵەت ناوچەكانی ئەوان پێشتگوێ خستووە و وەكو هاوڵاتی پلە دوو تەماشایان دەكات بەتایبەتی لەڕووی خوێندن و تەندروستییەوە.

دەوڵەتی جولەكە یاخود هەموان ؟
بە پەسەندكردنی ئەم یاسایە، پەرلەمانی ئیسرائیل ئەو بڕگەیەی لە گۆڕنا كە لە راگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتدا هاتووە و دەڵێ" ئیسرائیل دەوڵەتی جولەكە و هەموو هاوڵاتییەكانیەتی".
ئەوەی جێگەی مەترسییە ئەوەیە، لەدوای پەسەندكردنی ئەم یاسایەوە، دادگای باڵای ئیسرائیل لە بڕیارەكانیدا سروشتی جولەكەبوونی دەوڵەت لەبەرچاودەگرێت، نەك بەها دیموكراتییەكان، ئەمەش بەتایبەتی لەو پرسانەی كە لەنێوان هەردوو بنەمای "دیموكراتیبوون" و "جولەكەبوندا" مشتومڕیان لەسەرە.

ساڵنامەی جولەكە
بەگوێرەی ئەوەی سایتی پەرلەمانی ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، یەكێك لە بەندەكانی یاسا پەسەندكراوەكە بریتییە لە پرسی ساڵنامەی ئیسرائیل.
یاسا نوێیەكە پێویستی كردووە لەسەر دەوڵەت پشت بە ساڵنامەی جولەكە ببەستێت وەكو رۆژژمێری فەرمی ئیسرائیل و رۆژی سەربەخۆیی و جەژنەكانیش لەسەر بنەمای ئەو رۆژژمێرە بڕیاریان لەسەر بدرێت.

چارەنوسی قودس
یاسا نوێیەكە یەكلایكردوەتەوە كە شاری "قودس" بە هەردوو بەشەكەیەوە پایتەختی هەمیشەیی ئیسرائیلە، سەرباری ئەوە یاساكە تەنیا رێگەی بە دروستكردنی شار بۆ جولەكەكان دەدات، ئەمەش وەكو بەردەوامیدان بە پرسەی كۆمەڵگە جولەكەنشینەكان لێكدەدرێتەوە كە یەكێك لە بەربەستەكان بەردەم پرۆسەی ئاشتی عەرەب- ئیسرائیل.

كاردانەوەكان
لە یەكەم كاردانەوەدا یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی هۆی لە دەرچوونی ئەو یاسایە لە ئیسرائیل راگەیاند، بەوپێی رێگری دەكات لە چارەسەری دروستكردنی دوو دەوڵەت لەناوچەكەدا، دەوڵەتێك بۆ فەلەستینییەكان و یەكێكی تر بۆ ئیسرائیل.
وتەبێژێك بەناوی فیدریكا موگرینی بەرپرسی سیاسەتەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا وتی:" ئێمە هەڵوێستمان زۆر روونە لەبارەی چارەسەری دوو دەوڵەت، پێمانوایە ئەوە تاكە رێگایە بۆ هەنگاونان، هەر هەنگاوێك ئەو چارەسەرە ئاڵۆز بكات یاخود رێگری لێ بكات، دەبێت لێی دوربكەونەوە".
هەردوو بزوتنەوەی فەتح و حەماس وەكو دوو هێزی سیاسی سەرەكی لە فەلەستین، یاسا نوێیەكەی كنێستی ئیسرائیلیان رەتكردەوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand