Draw Media

غازی توركمانستان بە ئێراندا دەگەیەندرێتە عێراق

غازی توركمانستان بە ئێراندا دەگەیەندرێتە عێراق

2024-07-04 11:57:31


(درەو): 
گرێبەستی هاوردەكردنی غازی توركمانستان بۆ عێراق لەرێگەی ئێرانەوە نزیكدەبێتەوە لەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، ئەمەش لەدوای ئەوەی تاران و عیشق ئاباد رێككەوتنیان ئیمزاكرد.
محەمەد جەمشیدی یاریدەدەری سیاسی نوسینگەی سەرۆكایەتی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، ئێران و توركمانستان رێككەوتنێكیان لە بواری غازدا ئیمزا كردووە. بەپێی قسەی جەمشیدی، ئەم رێككەوتنە لە بواری كڕین و ئاڵوگۆڕی غازدا، دەتوانێت كێشەی دانیشتوانی باكوری ئێران لە وەزری زستاندا چارەسەر بكات. 
بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە، بڕیارە توركمانستان ساڵانە 10 ملیار پێ سێجا غاز بۆ ئێران دابین بكات و ئێرانیش ئەم غازە بگۆڕێتەوە بە غازی بەرهەمهێنراوی خۆی و رەوانەی عێراقی بكات. 
دوای دانوستانێكی چڕ سەبارەت بە دابینكردنی غاز لە عیشق ئابادەوە بۆ بەغداد لەرێگەی تارانەوە، دواجار دوێنێ ئێران و توركمانستان رێككەوتنەكەیان ئیمزا كرد، لە مەراسیمی ئیمزاكردنەكەدا (عەلی روزبەهانی) باڵیۆزی ئێران لە توركمانستان و (مەقسەد بابایێڤ) سەرۆكی كۆمپانیای غازی توركمانستان ئامادەبوون. 
بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو وڵات دوای ئیمزاكردنی رێككەوتنەكە دەڵێ: توركمانستان و ئێران لەسەر بنەمای دۆستایەتی و هاوسێیەتی باش و رێزگرتن لە یەكتری كار دەكەن.. ئەزمونی ئەرێنیی چالاكی هاوبەش لە بواری هەناردەی غازی توركمانستان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی سێیەم، بووە بە بنەمای سەرەكی فراوانكردنی بازنەی هاوكاری دووقۆڵیی.

بۆرییەكی نوێ 
حكومەتی توركمانستان هیچ وردەكارییەكی لەبارەی نرخ و كات و ئامادەكارییە لۆجستییەكانی پرۆژەكە نەخستوەتەڕوو، بەڵام باسی لەوەكردووە كە پلانی هەیە بۆ دروستكردنی هێڵێكی بۆری نوێ دەكات بۆ ئێران. 
بڕیارە كۆمپانیا ئێرانییەكان پرۆژەی بۆرییە نوێیەكە بە درێژایی 125 كیلۆمەتر (77 میل) جێبەجێ بكەن، ئەمە بۆ بەهێزكردنی توانای توركمانستانە لە گەیاندنی غاز بە ئێران، بەگوێرەی ئەوەی ئاژانسی ئەسۆشەیتد پرێس بڵاویكردوەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركمانستان رایگەیاند، عشق ئاباد پلانی ئەوەیە ئاستی دابینكردنی غازی خۆی بۆ ئێران ساڵانە بۆ 40 ملیار پێ سێجا بەرزبكاتەوە. 
ئەگەر ئەم رێككەوتنە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، پێشبینی دەكرێت چارەسەرێك بۆ قەیرانی كارەبا لە عێراق بدۆزێتەوە، بەتایبەتیش دوای ئەو بچڕانانەی ساڵی رابردوو لە هاوردەی غازی ئێراندا بۆ عێراق روویدا، كە رێژەی نزیكەی 40%ی پێداویستی عێراق پێكدەهێنێت. 
توركمانستان بەشێوەیەكی زۆر پشت بە هەناردەی یەدەگی گەورەی خۆی لە بواری غازی سروشتیدا دەبەستێت، چین كڕیاری سەرەكی غازی توركمانستانە، سەرباری ئەمە، عیشق ئاباد كار بۆ ئەوە دەكات بۆری دروست بكات بۆ ناردنی غاز بۆ ئەفغانستان و پاكستان و هیند.

كارەبا لە عێراق
ساڵی رابردوو عێراق رێككەوتنێكی ئیمزاكرد بۆ هاوردەكردنی 10 ملیار پێ سێجای ساڵانە لە غازی توركمانستان، ئەمە لەرێگەی ئاڵوگۆڕكردنەوە لەگەڵ ئێران. 
وێستگەكانی كارەبا لە عێراق زیاتر پشت بەو غازە دەبەستن كە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت، كە یەك لەسەر سێی پێداویستی عێراق دابین دەكات، بەڵام ئێران بەردەوام غازەكەی لە عێراق دەگرێتەوە، ئەمەش پچڕانی بەردەوامی تەزووی كارەبای بەشێوەیەكی رۆژانە لێكەوتووەتەوە. 
زیاد عەلی فازل وەزیری كارەبای عێراق پێشتر جەختی لەسەر ئەوە كرد، عێراق رێككەوتنێكی كردووە بۆ هاوردەكردنی 20 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە لە غازی توركمانستان، بەڵام گەورەترین ئاڵنگاری بەردەم رێككەوتنەكە نەبوونی هێڵی گواستەوەی غازەكەیە بۆ عێراق، ئەگەر لەرێگەی تۆڕی ئێرانەوە نەبێت. 
ئەوكات باسی لەوەكرد، دانوستان لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا هەیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕی بۆرییەكانی بۆ گواستنەوەی ئەو بڕە غازە لە توركمانستانەوە بۆ عێراق، ئەگەر تاران رەزامەند بوو، دەكرێت بۆ وەزری هاوین پشت بە غازی توركمانستان ببەسترێت. 
ئەوكات وەزیری كارەبای عێراق وتی: ئەو 20 ملیۆن پێ سێجا غازەی توركمانستان كە عێراق دەیەوێت بەدەستی بخات، دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت كاتێك ناردنی غازی ئێران كەمدەبێتەوە. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand