ساڵی رابردوو (13 هەزار) کەیسی توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە
2024-07-02 18:20:38
درەو:
🔻 بەپێی ڕاپۆرتێکی بنکۆکاری مەیدانی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی؛
🔹 بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە.
🔹هەر بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە.
ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی
ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان بە هاوکاری رێکخراوی (NED) ئەمریکی ئەرکی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییی خێزانیی ژماره (8)ی ساڵی 2011 له ههرێمی كوردستان - عێراق لە ئەستۆگرتووە، لە ڕاپۆرتێکی دورودرێژدا، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵێک تەوەری گرنگ وەستاوە، کە بریتین لە؛
پارێزگای سلێمانی:
1. پەرلەمانی کوردستان و مێژووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
2. لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی دادوەرانی دادگای توندوتیژیی خێزانی.
3. لایەنە بەهێز و لاوازەكانی یاساكە بە بۆچوونی ئەندامانی داواكاری گشتی.
4. مێژووی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
5. نوسینگەكان و رێگری و كێشەكانی بەردەم كاركردنیان .
پارێزگای هەولێر:
1. لیژنەی ئاشتەوایی.
2. وەزارەتی ئەوقاف و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
پارێزگای دهۆك:
1. دەزگاكانی راگەیاندن و رۆڵیان لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی یاسایی و كلتوری ناتوندوتیژیی.
2. مالی داڵدەدانی ژنانی هەرەشەلێكراو (شێڵتەرەكان).
3. کێشە و گرفتەكانی شێڵتەر لە پارێزگای دهۆك.
پارێزگای هەڵەبجە:
1. لیژنەی ئاشتەوایی.
2. یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی و كۆلێژی یاسا لە زانكۆی هەڵەبجە.
ئیدارەی راپەرین:
1- نوسینگەی رانیە.
2- رێكارەكانی تۆماركردنی سكاڵا لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
3- چیرۆكی سەركەوتن.
ئیدارەی گەرمیان:
1- رێگرییەكانی بەردەم تۆماركردنی سكاڵا.
2- پاڵنەرەکانی گۆڕینی بیروڕای خەڵك بەرامبەر نوسینگەكانی توندوتیژیی خێزانی و دادگاكان.
3- دادگاكانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق و یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
4- فرەژنی و پەیوەندی بە كێشە خێزانییەكان.
5- بۆچوونی مامۆستایانی ئایینی لەسەر فرەژنی و یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
6- بەرزبوونەوەی رێژەی جیابونەوە لەنێوان هاوسەران بە هۆكاری هێنانی ژنی دووەم.
ئامارو ئەنجامی ڕاپرسی
وەک لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" هاتووە، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ساڵی (2023) دا (13 هەزار و 489) سکاڵا تۆمارکراوەو (3 هەزار و 786) سکاڵایان لە پارێزگای هەولێر و (3 هەزار و 611) سکاڵایان لە پارێزگای دهۆک و (3 هەزار و 418) سکاڵایان لە سلێمانی و (2 هەزار و 476) سکاڵاش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی (گەرمیان، ڕاپەڕین، زاخۆ و سۆران بووە. لەم بارەیەوە بڕوانە (چارتی یەکەم).
چارتی یەکەم
هاوکات بەپێی بەدواداچوونەکە؛ لە ساڵی (2023)دا (هەزار و 935) کەسی خێزانی لە (سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی) شارەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە کە؛ (754) کەیسیان لە هەولێر، (642) کەیسیان لە دهۆک، (283) کەیسیان لە سۆران، (181) کەیسیان لە سلێمانی و (75) کەیسیش کە ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بوونە. بڕوانە (چارتی دووەم).
چارتی دووەم
هەر لە ڕاپۆرتەکەی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان" تایبەت بە "ڕاپۆرتی چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی"دا ئاماژە بە ڕاپرسییەکی تایبەت دەکات لەبارەی هۆشیاری بەئاگایی کۆمەڵگا دەربارەی پرسەکانی تایبەت بە توندوتیژی خێزانی و کە لە سەر ئاستی شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوەو لە هەردوو ڕەگەز و ئاستی خوێنەواری جیاواز بەشداری ڕاپرسییەکەیان کردووە، وەک لە چارتەکانی خوارەوەدا هاتووە، دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە خراوەتەڕوو.
دەرەنجامی ڕاپرسی "ڕێکخراوی هاریکاریی یاسایی ژنان"
راسپاردە و پێشنیازەکان
1. كردنەوەی شێڵتەری تایبەت بە پاراستنی ئەو كەسانەی لە ئیدارەی راپەرین و زاخۆ رووبەرووی مەترسی دەبنەوە.
2. لایەنە پەیوەندیدارەكان و وەزارەتی ناوخۆ رۆڵی زیاتر ببینن لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی دەربارەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
3. هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی بەجۆرێك هەموو كەمووكورتییە یاسایی و لایەنەكانی جێبەجێكردنی چارەسەربكات، ئەوەش بە ئامادەکردنی لیژنەی پسپۆڕ لە كەسانی شارەزا، دادوەران، مامۆستایانی زانكۆ و ئایینی و لایەنە پەیوەندیدارەكان.
4. هەوڵدان بۆ رێكخستنەوەی كاروباری لیژنەكانی ئاشتەوایی لە هەموو شارەكان بە جۆرێك یەك میكانزمی دیاریكراو و گشتگیری كاركردنیان هەبێت.
5. بڵاوکركردنەوەی هۆشیاریی زیاتر لەسەر یاساكە بە شێوەیەكی گشتی و بەتایبەت لە ئیدارەی گەرمیان.
6. هەوڵدان بۆ زیادكردنی ژمارەی كارمەندانی ئافرەت لە نووسینگەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە ئیدارەی گەرمیان.
7. هەنگاوی زیاتر بنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی جێبەجێنەکراون وەک کردنەوەی دادگایەکی تایبەتمەند بە کێشە خێزانییەکان لە بابەتی ئەو تاوانانەی کە سزاکانیان لە (٥) ساڵ زیاترن لە شار و شارۆچکەکان، چونکە کاریگەری گەورەی لەسەر ڕێگریکردن لە توندوتیژیی هەیە.
8. دابینكردنی پێداویستیی نووسینگە و بەرێوەبەرایەتییەكان لە دامەزراندنیی كارمەند و پێداویستییەكان تا بتوانن رۆڵی گرنگ ببنین وەک یاساكەدا هاتووە.
9. كردنەوەی خولی بەردەوام بۆ ئەندامانی لیژنەی ئاشتەوایی.