Draw Media

بافڵ تاڵەبانیش دژی سیناتۆرە ئەمریكییەكە، پشتیوانی بۆ فایەق زەیدان راگەیاند

بافڵ تاڵەبانیش دژی سیناتۆرە ئەمریكییەكە، پشتیوانی بۆ فایەق زەیدان راگەیاند

2024-06-30 14:08:13



(درەو):
سیناتۆرێكی ئەمریكی وتویەتی فایەق زەیدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق كار بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەكات، ئەمە بەشێك لە لایەنەكانی توڕە كردووە، فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەو سروە عەبدولواحیدی سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، دواجاریش بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی ناڕەزایەتییان دژی قسەی سیناتۆرەكە دەربڕی.
مایك واڵتز ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) نوسی: فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەرژەوەندییەكانی ئێران لە عێراقدا پێشدەخات و یارمەتی میلیشیاكانی سەربە ئێران دەدات.
سیناتۆرە ئەمریكییەكە رەخنەی لە بڕیاری شوباتی 2022ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق گرتووە، كە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بە (دوو لەسەر سێ) دیاریكردووە، بەوتەی ئەو ئەم بڕیارە بووەتە هۆی ئەوەی لایەنە نەیارەكانی ئێران لە نمونەی كورد نەتوانن حكومەتێكی دۆست لەگەڵ ئەمریكا لە عێراق پێكبهێنن.
مەبەستی سیناتۆرەكە لە دروستكردنی حكومەتی نەیاری ئێران لە عێراقدا ئەوكاتە بوو كە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021دا، موقتەدا سەدرو مەسعود بارزانی و محەمەد حەلبوسی وەكو نوێنەری براوەی یەكەمی هەرسێ پێكهاتەی شیعەو كوردو سوننە هاوپەیمانێتییان بەست و بڕیاریاندا "حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی" دروست بكەن وەكو ئەوەی سەدر ناوی لێ ناوبوو، بەڵام بەرەی بەرامبەر كە چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ عەبادی+ حەكیم+ فالح فەیاز) بوو، لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە رێگرییان كرد لەوەی سەدرو بارزانی و حەلبوسی حكومەتەكەیان دروست بكەن، ئەم بەرەیە كە یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیشی لەگەڵ بوو، وەكو بەرە ئێرانییەكەی عێراق ناودەبرێن، بە پشتبەستن بە بڕیاری شوباتی 2022ی دادگای فیدراڵی كە نیسابی سازدانی دانیشتنی پەرلەمانی بە دوو لەسەر سێ دیاریكرد، سەدریان ناچاركرد (كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو) لە پەرلەمانی بكشێتەوە، بەم كشانەوەیە، بارزانی و حەلبوسیش بە تەنیا مانەوەو كەوتنە ژێر فشار بەرە ئێرانییەكە، بەهۆی ئەم هاوپەیمانێتییەی بارزانی لەگەڵ سەدردا، لە شوباتی 2022وە دادگای فیدراڵی عێراق زنجیرەیەك بڕیاری قورسی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركرد، دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان بوو، بەڵام بەمدواییە پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران ئاسایی كردەوەو نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی هەردووكیان سەردانی تارانیان كرد.
لێدوانی سیناتۆرە ئەمریكییەكە چەند رۆژێكە عێراقی سەرقاڵ كردووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردەو سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانە (فوئاد حسێن)، راگەیەندراوی دژی قسەكانی ئەو كۆنگرێسمانە بڵاوكردەوەو بە "دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق" ناوی برد.
دواین كەس كە بەبێ ناوهێنانی كۆنگرێسمانە ئەمریكییەكە، پشتیوانی خۆی بۆ فایەق زەیدانی سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراق دەربڕیوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە.
سەرۆكی یەكێتیی راگەیەندراوێكی بڵاوكردوەتەوە، دەڵێ" دامەزراوەی دادوەری عێراق دامەزراوەیەکی نیشتمانی، سەربەخۆو رێزلێگیراوە لەلایەن عیراقییەکانەوە. دەستبردن بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکەکەی دادوەر "فایەق زێدان"، کارێکی رەتکراوەو ئیدانەکراوە لەهەر لایەن و گروپ و کەسێکەوە بێت کە بوێری هەنگاوێکی لەوجۆرە بکات. جەخت لە پاڵپشتی و پابەندبوون و رێزمان بۆ ئەو دامەزراوەیە و سەرۆکە بەڕێزەکەی دەکەینەوە".
بافڵ تاڵەبانی دۆستایەتییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە، هەندێك باوەڕیانوایە ئەم پەیوەندییە كاریگەریی هەبووە لەسەر ئەوەی دادگای فیدراڵی كە دادگایەكی سەربە دەسەڵاتی دادوەرییە، یاسای هەڵبژاردنی كوردستان بەوشێوەیە بگۆڕێت كە یەكێتیی دەیەوێت.
بەر لە بافڵ تاڵەبانی، (سروە عەبدولواحید) سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژایەتی خۆی بۆ قسەی سیناتۆرە ئەمریكییەكە دژ بە فایەق زەیدانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق راگەیاند.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هەریەكەو لای خۆیەوە راگەیەندراوی هەبووە بۆ پشتیوانی لە فایەق زەیدان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand