سوپای تورکیا بەنیازی چییە؟

Draw Media

2024-06-26 16:28:12



کامەران عوسمان لە رێكخراوی (CPT)

لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا، سوپای تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی ڕێگای سەربازیی لەنێوان ئەو بنکەو بارەگا سەربازییانەی کە لە ساڵی ٢٠٢١، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی چنگی-هەورە بروسکە، لە دەڤەری بەرواری باڵای سەر بە ناحیەی کانی ماسێ دروستیکردبوون. لەدوای چەند هەفتەیەک لە کارکردن، ڕێگا سەربازییەکە بە قوڵایی ٩ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکرا.
لە ١٠ی نیسانی ٢٠٢٤دا، هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراقی، دوو بارەگای سەربازییان لە گوندەکانی سنوری قەزای باتیفا، لەسەر ملی سیارەو چەپەری ئینگلیز جێگیر کرد، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناحیەی کانی ماسێ. دروستکردنی ئەم دوو بارەگا سەربازییە بۆ ڕێگریکردن بوو لە پێشڕەوی زیاتری سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان. بە بنیاتنانی ئەم دوو بارەگا سەربازییە، سەدان خانەوادەی گوندەکانی کەشان و شیلان و بانکێ و دەیان گوندی تر لە قەزای باتیفا، لەدوای ١٣ ساڵ لە ئاوارەبوون، توانیان بگەڕێنەوە ناو گوندەکانیان و گوندەکان ئاوەدان بکەنەوە.
لەدوای دروستکردنی ئەم دوو بارەگا سەربازییەی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق، سوپای تورکیا لە خۆرهەڵاتی قەزای باتیفاو لە گوندەکانی بەرواری باڵا لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی کرد بۆ ناو گوندەکان. لەماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردووداو لە ڕێگەی ئەو ڕێگا سەربازییانەی کە تورکیا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بنیادی ناون، ٣٠٠ تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا داخڵی گوندەکانی، ئورە، سەرەڕۆ، ئەرادنا، کێستە، چەلکێ و بابیرێ بوون. لەماوەی ٣ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیکەی ١٠٠٠ سەربازی تورک لە نێوان بارەگای سەربازی گرێ باروخ (کە گەورەترین بارەگای سەربازی تورکیایەو لە ساڵی ١٩٩٧ەوە لەناو خاکی هەرێمدا دروستکراوە)و چیای مەتینا لە پشتی ناحیەی بامەرنێ هاتوچۆ دەکەن. سەرباری ئەوە، سوپای تورکیا لە بەرەبەیانی ٢٥ی حوزەیرانەوە خاڵێکی پشکنینی لەنێوان گوندەکانی بابیرێ و کانی بەلاڤێ جێگیرکردووەو هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بکات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشکنینی ناسنامەکەی ڕێگەی پێدەدرێت کە بڕوات.
لەئێستادا تورکیا دەیەوێت، لە ناحیەی شیلادزێوە بۆ قەزای باتیفا هێڵێکی ئەمنی بکێشێت. هێڵەکە بە ناحیەی دێرەلووک و بامەڕنێ و بێگۆڤادا تێپەڕدەبێت و بەمەش هەموو گوند و شارەدێ و زنارو زەوی و دۆڵ و خاک و ئاوی پشتی ئەم هێڵە لەژێر کۆنتڕۆڵی سەربازی تورکیادا بێت و ئەگەر هەر پێکدادانێکیش لەم ناوچەیەدا ڕووبدات، ئەوا لە ناو ئاواییەکاندا بێت و شارەدێکانی ئەو ناوچەیە ببنە گۆڕاپانی شەڕ.
ئامانجێکی تری تورکیا لەم مانۆڕە سەربازییە، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە ناحیەی شیڵادزێ و دواتریش داگیرکردنی زنجیرە چیای گارایە کە بەمە حکومەتی هەرێم، ٧٠-٧٥٪ سنوری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆک لەدەستدەدات. لەهەمان کاتیشدا، ئەم جموجۆڵانە، وەڵامێکن بۆ هێزەکانی پاراستنی سنوری عێراقی کە لەم ساڵدا دەستیانکردووە بە دروستکردنی بارەگای سەربازی بۆ ڕێگرتن لە پێشڕەوییەکانی تورکیا.
ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا سەربگرێت، ئەوا بە دەیان گوندو شارەدێ ڕووبەڕوی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاوڵاتی مەدەنی ئاوارەدەبن. بەشێکی گرنگی خاکی هەرێمی کوردستان دەچێتە دەستی سوپای تورکیاوەو ئاستەم دەبێت جارێکی تر ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر ڕکێفی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand