كێ لە ئەژماركردنەوەی دەنگەكان سودمەند دەبێت؟
2018-07-19 08:03:51
راپۆرت: محەمەد رەئوف
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە سلێمانی لە سودی بزووتنەوەی گۆڕان و لە هەولێر لە سودی نەوەی نوێ كۆتایی هات.
پرۆسەكەی جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەپێی ویستی لایەنە ناڕازیيەكان نەبوو، بۆیە نوێنەرو بریكارەكانیان لە چاودێریكردنی پرۆسەكە كشاندەوە، ئەوان دركیان بەوە كرد، وەك چۆن پارتی و یەكێتی ساختەكاریان كردووە" بەپێی وتەی ئەوان" بە هەمان شێوە چارەسەری ژماردنەوەی دەستیشیان كردووە.
جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك كۆتایی هات، لە دهۆك و هەولێر ئەنجامی ژماردنەوەی دەستيى جیاوازی ئەو تۆی نەبوو، واتا جیاوازیيەكان زۆر كەمبوون، بەڵام جیاوازیيەكە لە سلێمانی زۆر بوو، ئەو جیاوازیيە گۆڕانكاری گەورە دروستناكات، چونكە لە كۆی 3187 سندوق، تەنها 188 سندوقی جیاكردنەوەی دەستيی بۆكراوەو ئەژماركراوەتەوە.
یەكەم/ ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكان لە سلێمانی
ئەگەرچی لایەنە ناڕازیيەكانی بریكارو چاودێرەكانیان كشاندەوە، بەڵام بەبەراورد بە ئەنجامی دەنگی ئەلكترۆنی، ئەنجامی دەنگی ئەژماركردنەوەی دەستيی جیاوازی هەبووە.
لە جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی كە 188 سندوق سكاڵایان لەسەر بوو، بەپێی زانیارییەكانی "درەو میدیا" كە لەسەرچاوەیەكی فەرمییەوە وەریگرتوون، رێژەی دەنگەكانی یەكێتی 48% بۆ 50%ی كەمیكردووە بە بەراورد بە رابردوو، لە كۆی 55 سندوق لەو 188 سندوقەی ئەژماری دەستیان بۆ كراوە نزیكەی 11 هەزار دەنگی تێدا بووە، بە وردی بەراورد كراوە بە دەنگەكانی رابردوو كە بەشێوەی ئەلیكترۆنی راگەیەنرابوو، دەركەوتووە جیاوازی زۆر هەیە، بە جۆرێك لەو 55 سندوقەی بەراوردكراوە دەنگەكان بەم شێوەیە بوون:
- دەنگەكانی یەكێتی لە 4500 دەنگەوە بەرێژەی 39% كەمیكردووە بۆ 2200 دەنگ بەرێژەی 22%، واتا 17% كەمیكردووە
- دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەو 55 سندوقەدا كە 2600 دەنگ بووە بەرێژەی 24%، ئێستا زیادیكردووە بۆ نزیكەی 4000 دەنگ بەرێژەی 31%، واتا رێژەی دەنگەكانی 7% زیادیكردووە.
بە پێی زانیارییەكانی " درەو میدیا " ئەو گۆڕانكارییەی كە لە دەنگەكاندا روویداوە بەم شێوەیە دابەش بووە لە پارێزگای سلێمانی:
پلەی یەكەم: بزوتنەوەی گۆڕان
پلەی دووەم: نەوەی نوێ
پلەی: سێیەم كۆمەڵی ئیسلامی
پلەی چوارەم: پارتی دیموكراتی كوردستان
پلەی پێنجەم: یەكگرتووی ئیسلامی
پلەی شەشەم: هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری
نمونەی زیادبوون و كەمبوونی چەند سندوقێكی پارێزگای سلێمانی:
ناوەندی پێشڕەو ژمارە 126102 وێستگەی ژمارە 1
- دەنگەكانی یەكێتی لە 99 دەنگەوە بووە بە 28، واتا 71 دەنگ بەرێژەی 71% كەمیكردووە
- دەنگەكانی گۆران لە 76 دەنگەوە بووە بە 85 دەنگ، واتا 9 دەنگ زیادیكردووە
- دەنگەكانی كۆمەڵ لە 7 دەنگەوە بووە بە 20 دەنگ، واتا 13 دەنگ زیادیكردووە
- دەنگەكانی نەوەی نوێ لە 6 دەنگەوە بووە بە 14، واتا 8 دەنگ زیادیكردووە
- دەنگەكانی یەكگرتوو لە 7 دەنگەوە بووە بە 19، واتا 12 دەنگ زیادیكردووە
- دەنگەكانی پارتی لە 11 بووە بە 21، واتا 10 دەنگ زیادیكردووە
- دەنگەكانی هاوپەیمانی لە 8 دەنگەوە بووە لە 19 دەنگ، واتا 11 دەنگ زیادیكردووە
ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی لە پەیامی ماڵئاواییدا ئاماژەی بۆكرد " پارتی لە سلێمانی هێزی سێیەمە، چونكە لە ئەژماركردنەوەی دەستيی دەنگەكاندا لەدوای بزوتنەوەی گۆڕان كە ( 6220 ) دەنگ و یەكێتی ( 5495 ) دەنگی بەدەستهێناوە، پارتی 3001 دەنگی بەدەستهێناوەو نەوەی نوێ 3000 دەنگ و كۆمەڵ 2420 دەنگ و هاوپەیمانی 1836 دەنگ و یەكگرتوو 1716 دەنگ و دەنگیان بەدەستهێناوە".
بەپێی پەیامەكەی ئەدهەم بارزانی" بزووتنەوەی گۆڕان هێزی یەكەمەو یەكێتی هێزی دووەمە، پارتی سێیەم و نەوەی نوێ چوارەمە، كۆمەڵ پێنجەم و هاوپەیمانی شەشەم و یەكگرتوو حەوتەمی سلێمانیە"، ئەمە لەكاتێكدایە بەگوێرەی ئەنجامی ئەلیكترۆنی یەكێتی هێزی یەكەم بووەو 8 كورسی هێناوەو گۆڕان هێزی دووەم و 4 كورسی هێناوەو دەنگەكانشیان بە جیاوازی زیاتر لە 100 هەزار دەنگە.
ئەدهەم بارزانی زۆر بەروونی باسلەوەدەكات" ڕووە ڕاستەقینەكەی ئەم دڵنیابوونەی ئێمە لە ڕۆژانی ( ٩ و ١٠-٧-٢٠١٨ ) لە كاتی هەژماركردنی دەنگەكان (بەدەستيی) لەم سنورە بە ڕوون و ئاشكرا دیاركەوت، كە لە نیوە زیاتری دەنگی پارتی لەم سنورە كەمكراوەتەوە لە ڕێگای ئەلیكترۆنییەوە، پارتی لە سەرووی (١٠٠٠٠٠) سەد هەزارەوە دەنگی بەدەست هێناوە".
ئەدهەم بارزانی لەو پەیامەیدا بە چەند خشتەیەك ئەنجامی دەستيی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی خستوەتەروو" لە كۆی 62 سندوقی جیاكراوە لە پارێزگای سلێمانی، پارتی بە ئەژماری دەستيی 1804 دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام بە ئەلكترۆنی 1136 دەنگی بۆ ئەژماركراوە واتا تەنها لەو 62 سندوقە 668 دەنگی پارتی كەمكراوەتەوە، ئەگەر (٣١٨٧) سندوقەكەی تر هەژمار بكرێت چی ڕوو ئەدات .؟؟"
بەپێی ئەو نمونانەی كە ئەدهەم بارزانی خستویەتیيەروو، جیاوازی زۆر لە دەنگەكاندا هەیە بۆ نمونە" لە قوتابخانەی ( سەیدسادق) لە قەزای سەیدسادق لە بنكەی ژمارە (١٢٨١٠١) لە ویستگەی ژمارە (٤)، بە ئەلیكترۆنی (٩) دەنگ بۆ پارتی هەژمار كراوە، بەڵام لە هەژماركردنەوەی دەستيی دەنگەكاندا پارتی لەو سندوقە (٧٤) دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم كەمكردنەوە عەمدیە دەربڕی ئەو غەدرەیە لە دەنگی پارتییەكان كرا لەم سنورە و دەیان وێستگەی دیكەش ئامارەكانیان لەبەردەستە كە هەمووی بە ڕێژەیەكی زۆر بەرچاو دەنگی پارتی واتە لیستی (١٨٤) ی تێدا كەمكراوەتەوە، ئەم ئەنجامە لە كۆی (٦٢) سندوقە بەدەست هاتووە و ئەگەر (٣١٨٧) سندوقەكەی تر هەژماربكرێن چی ڕوو ئەدات ؟ ".
بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە ئەنجامی دەنگی ئەلكترۆنیدا هێزی یەكەمەو بەپێی ئەنجامی دەستيی دەنگەكانیش دەبێتە هێزی دووەم ( تەنها لەو سندوقانەی ئەژماری دەستیان بۆ كراوە)، یەكێتی ئەو ئەنجامانە رەتدەكاتەوە.
د. بڕیار ڕەشید وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە ماڵپەری دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی وتووە " دەنگەكانی یەكێتی لە سلێمانی كەمیان نەكردووە، بەڵكو لایەنە دۆڕاوەكان دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن و هەوڵدراوە لەدژی یەكێتی دەستكاری دەنگەكان بكرێت".
لەبەرامبەردا جەعفەر ئیمنكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی راگەیاند: بە مەلا بەختیارم وتووە كە ئێمە لە دزینی دەنگەكانمان خۆش نابین، ئەنجامی دەنگی پارتی لە سلێمانی دوو ئەوەندە زیاتریشە"، وەك ئاماژەیەك بۆ ساختەكاری لە پارێزگای سلێمانی.
ئەگەرچی لە جیاكردنەوەی دەستيی دەنگەكانی سلێمانیدا گۆڕانكاری لە ئەنجامی ئەو سندوقانەدا رویداوە كە ئەژماركردنەوەیان بۆكراوە، بەڵام گۆڕانكاری گەورە درووست ناكات، بەو پێیەی كۆی دەنگی ئەو سندوقانەی ئەژماركردنەوەیان بۆ كراوە نزیكەی 30 هەزار دەنگە كە هەمووی بەهای كورسیيەك نیە، پێدەچێت هەریەكێك لەو هێزانەی دەرەوەی یەكێتی لە نێوان 2 بۆ 5 هەزار دەنگێكیان بۆ زیادبێت، ئەویش چاوەروان دەكرێت گۆڕانكاری لە كورسیيەك یاخود كاندیدەكان یاخود كۆتایی ژناندا دروست بكات.
دووەم/ ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان لە هەولێر
بە هەمان شێوەی پارێزگای سلێمانی لایەنە ناڕازیەكان لەو هەولێریش بریكارو چاودێرەكانیان كشاندەوە
لە كۆی( 3092 ) سندوق لە سنوری هەولێر تەنها ٢١٩ سندوق بڕیاری جیاكردنەوەیان بە دەست لێدرابوو، لەو ژمارەیەش ١٣٠ سندوقیان بە دەست جیاكرانەوە و ٣٣ سندوقیش كە دەنگی ئاوارەكانی تێدابوو هەژمارنەكران و بە سوتاو دانران و ٥٦ سندوقیش كە قردێلەی سوریان لێدرابوو گەڕێنرایەوە بۆ بەغدا.
بەپێی ئەنجامی ژماردنەوە و جیاكردنەوەی دەستیی دەنگەكانی پارێزگای هەولێر لەكۆی ٩٤ سندوقی جیاكراوە ئەنجامی بەشێك لە لیستەكان بەم شێوەیە بووە :
پارتی 9530 دەنگ
نەوەی نوێ 2644 دەنگ
یەكێتی 2611 دەنگ
گۆڕان 1468 دەنگ
هاوكات بەپێی ئەنجامە نارەسمیەكانی ئەوەی تا ئێستا بەردەستەو بڵاوكراوەتەوە لە پارێزگای هەولێر
- پارتی بەپێی ئەنجامی ئەلیكترۆنی 50% هەبووە، ئەنجامی دەستی بووە بە 42%
- نەوەی نوێ بەپێی ئەنجامی ئەلیكترۆنی 10.9% هەبووە، ئەنجامی دەستی بووە بە 14%
- یەكێتی لە ئەنجامی ئەلكترۆنیدا ١٢%ی بەدەستهێنا، لە جیاكردنەوەی دەستیدا بووە بە ١٣%.
- هاوپەیمانی لە ئەنجامی ئەلكترۆنیدا ٧%ی بەدەستهێنابوو، لە هەژماكردنەوەی دەستیدا بووە بە ٩%
- گۆڕان لە ئەنجامی ئەلكترۆنیدا ٦%ی بەدەستهێنابوو لە جیاكردنەوەی دەستیدا بووە بە 7.8%.
- كۆمەڵ لە ئەنجامی ئەلكترۆنیدا لە 5% بوو، بەڵام لە جیاكردنەوەی دەستیدا بووە بە ٧%.
لیستی نەوەی نوێ كە بریكارو چاودێریان لە جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكانی پارێزگای سلێمانی ئامادەبوو، چەند خشتەیەكیان بڵاوكردەوە بە پێی ئەو خشتەیەك كە 15 سندوقی لە خۆ گرتووە ئەنجامەكان بەم شێوەیە بووە :
پارتی 1493 دەنگ
نەوەی نوێ 439 دەنگ
یەكێتی 431 دەنگ
هاوپەیمانی 338
كۆمەڵ 316 دەنگ
گۆڕان 299 دەنگ
یەكگرتوو 159 دەنگ
خۆ ئەگەر یەك وێستگە بە نمونە وەربگیرێت ئەنجامەكە بەم شێوەیەیە:
لە وێستگەی ژمارە 1 قوتابخانەی نالی لە گەڕەكی باداوەی شاری هەولێر ژمارەی بنكە 120305 :
پارتی 54 دەنگ
نەوەی نوێ 56 دەنگ
كۆمەڵ 39 دەنگ
یەكێتی 37 دەنگ
گۆڕان 21 دەنگ
هاوپەیمانی 20
یەكگرتوو 17 دەنگ
واتا بەپێی ئەو ئەنجامە نارەسمیانەی بڵاوكراونەتەوە لە پارێزگای هەولێر پارتی پلەی یەكەمەو نەوەی نوێ دووەم و یەكێتی سێیەم و كۆمەڵ چوارەم و هاوپەیمانی پێنجەم و گۆڕان شەشەم و یەكگرتوو حەوتەمە.
لە پارێزگای دهۆكیش كە ئەژماركردنەوە بۆ 112 سندوقی دەنگدان كراوە، بەپێی ئەنجامە نارەسمیەكانی جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان 97%ی دەنگەكان هاوشێوەی ئەنجامی جیاكردنەوەی ئەلكترۆنی بووە،بۆیە گۆڕانكاری زۆر روینەداوە، بەڵام لایەنە نارازیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو سندوقانە لەژێر كۆنترۆڵی یەكیتی و پارتی خۆیاندا بوون و دەستكاریان كردوون ، بۆیە ئومێدیان بە ئەنجامی جیاكردنەوەی دەستی نەماوەو گۆرشانكاری گەورە درووست ناكات.
بەڵام لیژنەكە لە 197 سندوقی ئاوارەكانی موسڵ لە دهۆك 193 سندوقی رەتكردەوەو تەنها 3 سندوقی ئەماركردنەوەی بۆكراو، كە پێشتر ئاماژە بەوە كرابوو كە سندوقی ئاوارەكانی موسڵ زۆرترین ساختەكاری تیاكراوەو لە سندوقێكی ئاوارەكان 500 كەس مافی دەنگدانی هەبوو، 600 كەس دەنگی دابوو لەو سندوقەدا واتا بەرێژەی 120%.