پارتی بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردن بكات
2024-06-09 10:44:36
درەو:
پارتی دیموكراتی كوردستان بە رەسمی كۆمسیۆنی ئاگاداركردووەتەوە لەوەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات، لە ئێستادا كۆمسیۆن چاوەڕوانی مەرسومی نوێی سەرۆكایەتی هەرێمە بۆ دیاریكردنی رۆژێك بۆ هەڵبژاردن.
ئەمڕۆ بە نوسراوی رەسمی پارتی دیموكراتی كوردستان فەرمانگەی رێكخراوو پارتە سیاسیەكانی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاگاداركردووەتەوە كە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكات لە 2024دا.
رۆژی 10ی حوزەیران دیاریكرابوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی بڕیاریدا بەشداری نەكات، بە بیانووی ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە پێشتر دیزانی بۆ كێشراوەو پێكهاتەكان دوورخراونەتەوە.
دوای ئەوەی مەسرور بارزانی لە دادگای فیدراڵی سكاڵای تۆماركرد، دادگای رێوشوێنەكانی هەڵبژاردنی راگرت و دواتر دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان گەڕاندەوەو كورسیەكانیشی دابەشكرد بەسەر بازنەكانی هەڵبژاردندا، بۆیە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بەشداری هەڵبژاردن بكات.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردووەتەوە لە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن و پێشنیازی 5ی ئەیلولی كردووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی كۆمسیۆنی نەداوەتەوە بۆ ئەوەی وادەیەكی نوێ دیاری بكات، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆكی هەرێم وادەیەك لە نێوان (15/9 بۆ 15/10) دیاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان .
تا ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان چوار جار مەرسومی سەرۆكایەتی دەركردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.