شەش پێشمەرگەكە لە نزیك كارگەی چیمەنتۆكەی سیروان بارزانی شەهید بوون
2018-07-18 09:58:46
درەو میدیا:
" ئەو ئۆپەراسیۆنەی كە دژی چەكدارانی داعش لە چیای قەرەچوغی مەخمور ئەنجامماندا، زۆر نزیك بوو لە گارگەی چیمەنتۆكەی سیروان بارزانی و ئەو چەكدارانە مەترسیان بۆسەر ئەو كارگەیە درووست كردبوو، بۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنەمان ئەنجامداو تیایدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون" ئەمە وتەی پێشمەرەگەیەكی بەشداربووی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە كە رۆژی یەكشەممە 15/7/2018 لە چیای قەرەچۆغ دژ بە چەكدارانی داعش ئەنجامدراو تیایدا 14 چەكداری داعش كوژران و شەش پێشمەرگەش شەهید بوون.
بەپێی بەدواداچوونەكانی درەو میدیا ئەو ناوچەیەی ئۆپەراسیۆنەكەی تیادا ئەنجامدراوە بە نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە كارگەی چیمەنتۆكەی سیروان بارزانیەوە دوورە كە دەكەوێتە گوندی دارخورمای چیای قەرەچوغ، ئەو چەكدارانەی داعش كەلەو ناوچەیە خۆیان حەشاردابوو مەترسیان لەسەر ئەو كارگەیە درووست كردووەو رێگریان لە كاركردنی كردووە.
ئەگەرچی لە كاتی ئۆپەراسیۆنەكەدا سیروان بارزانی فەرماندەی میحوەری گوێر - مەخموری هێزی پێشمەرگەی كوردستان خاوەنی كارگەی چیمەنتۆكەو بەرپرسی كۆرەك تیلیكۆم رایگەیاند: ئەو شوێنانەی كە چەكدارانی داعش نزیكن لە سنورەكانی هەرێمەوە بۆیان دەچین و ئۆپەراسیۆنیان لە دژ دەكەین، رێگە نادەین ئەوان لە نزیكەوە دابمەزرێن و هێرش بكەن و مەترسی درووست بكەن.
بەڵام بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا، ئەگەر ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە لەناوبردنی چەكدارانی داعش بووبێت، ئەوا بەشێك لە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە دوورخستنەوەی مەترسی داعش بووە لەو كارگە چیمەنتۆیە، بەڵام شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەكیش برینداربوون.
پێشتر رەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە مەخمور رایگەیاندبوو لە هێرشی 1ی تەموزی رابردووی هێزەكانی ئەمریكا كە پێنج چەكداری داعش لە چیای قەرەچوغ كوژران، ئەو هێرشە لە نزیك كارگەی چیمەنتۆكە بووە كە نزیكە لە گوندی دارخورما لە چیای قەرەچوغ، ئەو چەكدارانە لە یاسا هەڵهاتوون و خۆیان حەشاردابوو بەڵام هیچ جموجوڵێكی سەربازیان نەبووە.
گوندی دارخورما گوندێكی كوردی سەربە ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخموری پارێزگای هەولێرە، لە چیای قەرەچوغەو كارگەی چیمەنتۆی لە نزیك درووستكراوەو دەوترێت خاوەنەكەی سیروان بارزانیە.