Draw Media

دەربەندیخانییەکان (16) ساڵە ئاوی پیس بەکاردەبەن

دەربەندیخانییەکان (16) ساڵە ئاوی پیس بەکاردەبەن

2024-06-04 19:47:32


درەو:
ڕاپۆرتی تۆڕی (نیریج - NIRIJ)
ئامادەکردنی؛ حەنان سالم

دەیەو نیوێک زیاترە، هەزاران دانیشتووی قەزای دەربەندیخان کە بە دەریاچە و بەنداوەکەی ناسراوە، بەدەست کێشەی پیسبوونی ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵەکانیان دەناڵینن، کە سەرچاوە فەرمی و لێکۆڵینەوە زانستییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە ئاوەکەیان بۆ بەکارهێنان ناشێت و مەترسییە بۆ سەر تەندروستیان، لەکاتێکدا دەیان بەڵێنی حکومەت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرەکان و بەهەڵمکردن شکستیان هێناوەو سێ کۆمپانیا کاریانکرد بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون، هیچ بەدیلێک لەبەردەستدا نییە بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووانی شارەکە تا دەستیان بە ئاوی پاک بگات.
 

هەموو بەیانیەک پێش ئەوەی بچێتەسەر کارەکەی وەک مامۆستای فیزیای قوتابخانەی ناوەندی، فەرهاد عەبدوڵڵای تەمەن (48 ساڵ) چەند دەبەیەکی پلاستیکی گەورەی بەتاڵ لەناو سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدا دادەنێت، بە ئۆتۆمبێلەکەی دوو کیلۆمەتر دەڕوات بۆ شوێنی بیرێکی ئیرتیوازی لە سنوری قەزای دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی، بۆ ئەوەی پڕیان بکات لە ئاو و بیهێنێتەوە بۆ خێزانەکەی.
یەکەم دەبەی لە ژێر بەلوعەی ئاوی تانکییەکی سپی گەورەدا دادەنێت کە دەکەوێتە تەنیشت بیرەکەوە، دەڵێت ئەوە کارەی دەیکات ساڵانێکە پێی ڕاهاتووە، پەنجەکانی بەرز دەکاتەوە: "چوار ساڵ تێپەڕیوەو من لەم بیرە ئاو دەهێنم، کە موحسن لەسەر حیسابی خۆی هەڵیکەندووە، پێشتر لە بیرێکی دوورتر ئاوم دەهێنا، ماوەیەکیش ئاوم لە کانییەکی باکووری قەزاکە دەهێنا".
مامۆستا فەرهاد دەڵێت: لە ساڵی (٢٠٠٨)ەوە ئەو ئاوەی لە ڕێگەی تۆڕی ئاوی گشتییەوە دەگاتە ماڵەکانمان پیس بووە و بە تەواوی ناشایستەیە بۆ خواردنی مرۆڤ، لەو کاتەوە من و زۆرێک لە دراوسێکان و خزم و ناسیاوەکانم لە شارۆچکەکە و قەزاکە بەگشتی ئاویان لە بیر و کانیاوەکانەوە هێناوە، ئەوانەشی دۆخی داراییان باش بێت ئاوی کانزایی و بوتڵ لە بازاڕە دەکڕن".
دوای دڵنیابوون لەوەی کە دەبە بیست لیترەکە پڕ دەبێت هەڵیدەگرێت، دەڵێت: “بەکارهێنانی تەواو سەلامەت نییە بۆ خواردنەوە، بەڵام زۆر باشترە لەو ئاوەی کە لە ڕێگەی بۆرییەوە دەگاتە ماڵەکەمان".

 
دەستکی دەبەکە دەگرێت و هێواش هێواش دەیباتە سەر سندوقی ئۆتۆمبێلەکەی لە نیوەی ڕێگاکەدا دەوستێت و بە وریاییەوە دەیخاتە سەر زەوی، و دوای بەرزکردنەوەی قۆڵەکانی دەڵێت: "لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بەشداری زۆرێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانم کردووە لە شاری دەربەندیخان، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر پیسبوونی ئاو، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشە درێژخایەنەکەمان".
دەستەکانی دادەگرێت و بە دەنگێکی نزمەوە دەپرسێت و لە هەمان کاتدا سەری بادەدات: "پێشبینی بکە چی ڕوویدا؟ چاوەڕێی وەڵام ناکاتەوە جارێکی دیکە دەبە ئاوەکە هەڵدەگرێت و دەچێتە لای ئۆتۆمبێلەکە لە کاتێکدا دەنگی بەرز دەبێتەوە لە وەڵامدا: "هیچ، هیچ، بێگومان هەر جارێک بەڵێنمان پێدەدەن ئەنجامەکەی سفرە".
دەیان ساڵە دانیشتووانی قەزای دەربەندیخان کە ژمارەیان زیاتر لە 100 هەزار کەسە، پشتیان بە ئاوی دەریاچەیەک بەستووە کە هەمان ناوی قەزاکەی هەڵگرتووە و دەکەوێتە دیوی ڕۆژهەڵاتییەوە، بەستراوە بە دوو ڕووباری: سیروان، کە لە ئێرانەوە دادەبەزێت، و ڕووبارێکی ناوخۆیی بە ناوی تانجەرۆ. بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لەگەڵ کەمی ئاوی دەریاچەکە لە ئەنجامی ئەو وشکەساڵیەی ڕووبەڕووی ناوچەکە بووەتەوە، هەروەها لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی ئێران و هەندێکجاریش بڕینی ئاوی ڕووباری سیروان.
سلێمان محەمەد قائمقامی قەزاکە دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاوی باران لەم وەرزەی دواییدا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی دەریاچەکە و زیادبوونی چڕیی پیسکەرەکانی ناوی، و بەمجۆرە " وێستگەی چارەسەرکردنەکە توانای پاککردنەوەی ئاوی نەماوە بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بیگەیەنێتە ماڵ و شوێنی کارکردنی هاوڵاتیان بۆ خواردنەوە”.
ئاماژە بەوەش دەکات، هەمان شت لەگەڵ ئەو دوو ڕووبارەدا ڕوویدا کە ئاو بۆ دەریاچەکە دابین دەکەن؛ "ئاوی سیروان کەم دەبێتەوە تا دەگات بە دەریاچەکە دوای تێکەڵبوون لەگەڵ ئاوە پیسەکەی تانگرۆ بەهۆی چالاکیی مرۆیی و کارگەکانی سلێمانی کە پاشماوەکانیان فڕێدەدەنە ناو ڕووبارەکەوە بەبێ هیچ چارەسەرێکی ژینگەیی، بەمەش دۆخەکە لە دەریاچەکەدا خراپتر دەبێت".
قائیمقامی شارەکە ئاماژە بەوە دەکات کە (20%)ی دانیشتوانی قەزاکە پشت بەو ئاوە دەبەستن کە دەگاتە دەستیان، بۆ بەکارهێنانی ڕۆژانە ئەوان ناچارن ئاوی پیس بەکاربهێنن، ئەوان ئەمە دەزانن ، بەڵام بژاردەی تریان نییە: "هەموو کەس ناتوانێت ئاو لە بیرەوە بگوازێتەوە بۆ ماڵەکانیان یان ئاو لە بازاڕ بکڕێ".
بەپێی بۆچوونی پسپۆڕانی ئاو کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ نووسەری ئەم بەدواداچوونەدا کردووە، هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نادرێت، بە تایبەت دوای ئەو شەپۆلەی ئاوی بارانبارینی زۆر ناوازە کە لەم وەرزەدا باریوە، بەهۆیەوە دەریاچەی بەنداوی دەربەندیخان پڕ بووە، هەروەها بەپێی خەمڵاندنە فەرمییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە چوار ملیار سێجا مەتر لە مانگی ئازاری ساڵی 2024، بەو پێیەی پێشبینی دەکەن بە خێرایی کەم ببێتەوە، وەک لە وەرزەکانی دوای ساڵی 2019 ڕوویدا، لە ئەنجامی زیادبوونی ئاوی دەردانی بەنداوەکە و لاوازی ئەو بڕە کە لە ڕووباری سیروانەوە دێت.
هاوکات هاوڕان لەسەر ئەوەی سەرەڕای بڕێکی زۆری ئاوی گلدراوە، بەڵام چڕیی پیسکەرەکانی ناو بەنداوەکە، هێشتا زۆرە، ئاماژەش بەوە دەکەن، کە ڕووباری تانجەڕۆ دەڕژێتە ناو دەریاچەکە بە تەواوی پیسە بەهۆی ئەو پاشەڕۆیەی فڕێدراونەتە سەر کەناراوەکانی، وەک پیسکەرەکانی ڕۆن و چەورییەکانی وەرشەی پیشەسازی، پاشماوەی پاڵاوگە سەرەتاییەکانی سووتەمەنی، و پیسکەرەکانی کارگە و شارەوانییەکان، هەروەها ئاوی پیس. وادەکەن ئاوی دەریاچەک بە پیسی بمێنێتەوە.

کێشەیەکی کۆن
دوابەدوای زیادبوونی گوشاری جەماوەری بۆ سەر حکومەتی خۆجێی سلێمانی لە دوای ساڵی (٢٠٠٨)، وەزارەتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ئاوی دەربەندیخان بە هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە سەرچاوەکانی پیسبوون، بەڵام "نەیتوانی هیچ شتێک بکەن، لیژنەکانی دواتریش کە پێکهێنران هەمان دەرئەنجامی کاری لیژنەی پێشتریان هەبوو، بەجۆرێک پیسبوونەکە هەر ماوە، لەگەڵ ئەو هەموو مەترسییەی کە لەسەر ژیانی دانیشتوانی شارەکە دروستی دەکات" بە گوتەی هاوکار قادر، چالاکوانی ژینگە.
تەنها شتێک کە دەسەڵاتداران دەیتوانی بیکەن هۆشداری بدەن لە بەکارهێنانی ئەو ئاوە. فەرمانگەی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی (8ی تشرینی یەکەمی 2008)، داوای لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیان کرد، هاووڵاتییانی دەربەندیخان ئاگادار بکاتەوە لە بەکارهێنانی ئەو ئاوەی پێیان دەگات بۆ خواردنەوە ناشێت بەهۆی پیسبوونییەوە.
ئەو نوسراوانەی کە لە هەمان ئەو ساڵەدا لەنێو ئۆرگانە فەرمییە پەیوەندیدارەکاندا بڵاوکراونەتەوە، داوایان کردووە کە ئامۆژگاری دانیشتووانی قەزاکە بکرێت کە پەنا بۆ سەرچاوەی ئاوی بەدیل ببەن، وەک بیرە ئیرتیوازییەکان و ئاوی کانیاو، یان ئاوی دەریاچەکە گەرم بکەن تا پلەی کوڵان، تا کێشەی پیسبوون چارەسەر دەکرێت، ئاماژەش بەوە دەکەن کە حکومەت بەدوای جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکدایە بۆ دەستەبەرکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتوانی ناوچەکە.

 
 

ئەو کێشەیە بە درێژایی مانگەکانی ساڵی دواتر بەردەوام بوو، بەپێی ئەوەی لە نوسراوێکی فەرمیدا کە لە وەزارەتی کاروباری تەندروستییەوە بۆ فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی لە مانگی ئابی 2009 دا نێردراوە، کە تیایدا ئاگاداری کردۆتەوە لە ئەنجامی "باش نەبوون"ی پشکنینی (مایکرۆبایۆلۆجی) کە لە مانگەکانی حوزەیران و تەمموزدا ئەنجامدرا لەسەر ئەو ئاوەی کە بڕیار بوو بۆ چارەسەرکردنی دەریاچەی دەربەندیخان ڕێگەی وێستگەی پاککەرەوەی کارپێکردنی کۆنەوە ئەنجامدرابێت.
لە نوسراوەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە کە ئاوەکە شیاو نییە بۆ خواردنەوە، هەروەها داوای سەپاندنی چاودێری زیاتر و ئەنجامدانی پشکنینی ڕۆژانە، و پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لەگەڵ شارەوانییەکان بۆ ئەنجامدانی سەردان بۆ ئەو شوێنانەی کە کلۆریان بۆ ئاوەکە زیاد دەکرێت، لە نزیکەوە پێداچونەوەی خۆیان بکەن، و هەر کەموکوڕییەک کە ڕوویدا ڕاستی بکەنەوە.
شکستی کارەکانی پاککردنەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاوی گونجاو بۆ بەکارهێنان، پێویستی بەپەلەی بۆ پڕۆژەیەکی نوێ بە تەکنەلۆجیای مۆدێرن ئاشکرا کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە مانگی تشرینی یەکەمی 2009 نیازی خۆی ڕاگەیاند بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی پێشکەوتووی پاککردنەوەی ئاو کە لەلایەن کۆمپانیای (Ukfilter)ی بەریتانی جێبەجێ دەکرێت بە تێچووی سێ ملیۆن دۆلار، کە ئاوەکە لە دەریاچەی دەربەندیخان وەردەگرێت.

بڕیار بوو کۆمپانیاکە تەنها لە ماوەی هەشت مانگدا کارەکانی تەواو بکات، بۆ ئەوەی دانیشتووانی قەزاکە تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٠ ئاوی پاکیان پێبگات. بەڵام ئەمە هەرگیز بەدی نەهات بەهۆی دواکەوتنی پڕۆژەکەوە.
بە گوتەی یەکێک لە کارمەندانی پڕۆژەکە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، ناکۆکی لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت و کۆمپانیای جێبەجێکار ڕوویداوە، ئەمەش ڕێگر بووە لە تەواوبوونی پرۆژەکە، لەگەڵ ئەوەی کێشەکە زیاتر بووە بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی ئاو و زیادبوونی ڕێژەی ئاستی پیسکەرەکانی ناوی.
ئەو کارمەندە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ساڵی 2010 بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی ئەنجامی نوێی شیکاری ئاوەکانی ئاشکرا کرد کە جیاواز بوو لە پێشوو، بەو پێیەی دەریخست ئەو ئاوەی لە ڕێگەی تۆڕی ئاوی گشتییەوە دەگەیەنرێتە هاووڵاتیان سەلامەتە بۆ خواردنەوە. "ڕەنگە بەم درۆیە هەوڵیان دابێت توڕەیی هاووڵاتیان هەڵبمژن".
ئەو فەرمانبەرە ئاماژە بەوە دەکات، نوسینگەی ڕاوێژکاری زانستی لە زانکۆی سلێمانی بۆچوونێکی جیاوازی هەبووە لە ئەنجامی شیکارییەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاو لەو ماوەیەدا، بەو پێیەی ئەنجامی شیکارییەکی بۆ پارێزگای سلێمانی ناردووە کە لەلایەن کارمەندانی نوسینگەی ڕاوێژکارییەوە لەسەر ئەو ئاوە ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە "مس، کرۆم و کادمیۆم"ی تێدایە، کە لە پاشماوەی کارگە پیشەسازییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە.
نوسینگەی ڕاوێژکاری زانستی ڕایگەیاند، جگە لەوەی ئەم ئاوە نەگونجاوە بۆ خواردنی مرۆڤ، دەبێتە هۆی مردنی بەشێک لە زیندەوەرانی نێو ئاوەکەش، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە کوالێتی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ڕوویداوە.
نوسینگەکە پێشنیاری بۆ ئیدارەی پارێزگای سلێمانی کردووە کە وێستگەیەکی پاککردنەوەی ئاوی هاوشێوەی ئەو وێستگەیەی کە لە پارێزگاکانی باشووردا کاری پێدەکرێت، "کە تەنها لە ماوەی شەش مانگدا دەتوانرێت دابمەزرێت و کاریپێبکرێت، و ڕێگری لە دزەکردنی پیسکەرەکان لە ئاوی تانجەڕۆ و سیروان بکرێت کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی دەریاچەی دەربەندیخانن" بە وتەی ئەو کارمەندە.
 
 

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "بەم ئەنجامانە و لەژێر فشاری ناڕەزایەتی جەماوەر و سکاڵا دووبارەبووەکاندا، ئیدارەی پارێزگای سلێمانی ناچار بوون لیژنەیەک بۆ خێراکردنی تەواوکردنی وێستگەی پاککردنەوە پێکبهێنێت ئەمە لە ساڵی ٢٠١٠ بوو، بەڵام لەسەر زەمین هیچ شتێک بەدەست نەهات بەهۆی نەبوونی بودجە".
دەشڵێت: "گرفتەکە بەردەوام بوو، تا پێش دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە هەولێر، گواستنەوەی پرۆژەکە بۆ کۆمپانیای (ئۆهیتان)ی تورکی". کە کۆمپانیایە کە بەشداربوو لە تەواوکردنی زۆرێک لە پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسان بەڵێنیان دا کە پڕۆژەکە بە زووترین کات تەواو دەبێت، بەمەش دەیان هەزار دانیشتوو لە مەترسی تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی مەترسیدار ڕزگاریان دەبێت لە گەڕانی ڕۆژانە بۆ ئاوی گونجاو تا بەکاریبهێنن.
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2013، لەژێر فشاری ناڕەزایەتیییەکی نوێدا، پارێزگاری سلێمانی بڕیار درا ئاوی خواردنەوەی سەلامەت بۆ هاوڵاتیانی دەربەندیخان بە بەکارهێنانی 30 تانکەر کە ڕۆژانە دەیگوازنەوە بۆ قەزاکە تا تەواوبوونی پرۆژەی وێستگەی نوێی پاککردنەوە، بەڵام ئەم هەوڵەش درێژەی نەکێشا. بە وتەی هاوکار قادری چالاکوان.
زیاتر لەوەش دەڵێت: لە سەرەتای ساڵی 2014دا پێش سەرهەڵدانی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی نەینەوا و سەڵاحەدین و بەشێکی کەرکوک، چالاکی گروپە تیرۆریستییەکان زیادی کرد و هەمووان سەرقاڵی ئەو مەترسیانە بوون کە لەسەر ناوچەکە دروستی کردبوو، بۆیە هەموو شتێک وەستا!".

هاکار دووپاتی دەکاتەوە کە کۆمپانیا تورکییەکە لەو کاتەدا بەردەوام بوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و زیادبوونی مەترسییەکان نەیتوانی کارەکانی تەواو بکات پێش ئەوەی ڕێژەی تەواوکردنی بگاتە 50% دەستی لە کارەکانی هەڵگرت... ئێستاش دوای 10 ساڵ ئەوەی لەو پڕۆژەیە دروستبووکرابوو لەناوچوو، دەبێت هەموو شتێک دەستپێبکاتەوە، ڕەنگە لە سفرەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی باشووری کوردستان و بەشێک لە کەرکوک و دیالە لەلایەن داعشەوەو شەڕی ڕزگارکردنیان لێی، تەنیا هۆکار نەبوون بۆ پەکخستنی جێبەجێکردنی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان، بەڵکو قەیرانی ئابووریش بوو کە هەرێم دوای ساڵی ٢٠١٤ لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر بازاڕی جیهانی و بڕینی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی کاریگەری ناکۆکی لەسەر فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت لە کێڵگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێکی دیکەی هۆکارەکان بوون.
دواین بەڵێن درابێت لە مانگی ئازاری ساڵی 2023 بوو، کاتێک حکومەتی خۆجێی لە سلێمانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی پاککردنەوەی ئاوی دەربەندیخان دەگوازرێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی نوێ، کە ئەمە سێیەم کۆمپانیابوو لە ماوەی 12 ساڵدا پرۆژەکەی پێبدرێت، ئەمجارە ڕاستەوخۆ لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، (قوباد تاڵەبانی)ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بە گوژەمی (10 ملیۆن) دۆلار کە پارەکەی لە "لە فرۆشتنی خانووبەرەی میرییەوە بەدەست هێنراوە"، بە وتەی هاکار قادر، دەڵێت: "بەڵێنەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا".
 

 


ماددە شێرپەنجەییەکان
ڕێبواران لە دەریاچەی دەربەندیخان دەتوانن بۆنێکی ناخۆش هەست پێ بکەن، هەمان شت بۆ دەریاچەی دیوانەش دەگونجێت کە بۆ ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی قەزای دەربەندیخان بەکاردەهێنرێت، بەو پێیەی دەرچەی ئاوەڕۆی تێکەڵ دەبێت.
بەگوێرەی دوو لێکۆڵینەوە کە لە ساڵی 2022 لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامدراون، ئاوی دەریاچەی بەنداوی دەربەندیخان مادەی شێرپەنجەیی تێدایە، هەروەها ئاستی ترش لە ئاوی بەنداوەکەدا زۆرە، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەی تاڵبوون زۆر زیاترە لەو ئاستەی کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیارییکردووە ڕێکخراو. ئاستی ئەلەمنیۆم وا دەکات ئاوەکە نەگونجێت بۆ خواردنەوە یان ئاودێریکردنی بەروبوومەکان.
ئەو دوو توێژینەوەیە هۆکاری پیسبوونەکە دەگەڕێننەوە بۆ پاشماوەی ناوچە پیشەسازییەکانی نزیک قەزاکە، گەیشتوون ئەو ئەنجامەی کە ئاوی بەنداوی دەربەندیخان تەنها بۆ ئاودێریکردنی جۆرە تایبەتەکانی ڕووەک گونجاوە، هەروەها بۆ مەبەستی پیشەسازیی تایبەت، لە کاتێکدا بۆ خواردنەوە گونجاو نییە بەبێ پرۆسەی پرۆسێسکردنی بەرز.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەریاچەکە "پێویستی بە جێبەجێکردنی پلانێکی ستراتیژی هەیە، لەگەڵ بەڕێوەبردنی درێژخایەن لەپێناو پاراستنی کوالێتی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، بەو پێیەی یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییە ناوخۆییەکان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە".
حەمزە ڕەمەزان شارەزای ستراتیژی ئاو، دەرەنجامەکانی ئەو دوو توێژینەوەیە پشتڕاست دەکاتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاو بە دیزاینی کۆن و تەنانەت هەندێکیان کە بڕیارە جێبەجێ بکرێن، تواناییان ڕێژەیی دەبێت لەگەڵ قەبارەی پیسبوونی ئاو لە بەنداو و دەریاچەکانی عێراق بەهۆی کەمیی ئاوەوە لە ساڵانی ڕابردوودا.
ئەو دەڵێت: "پاککردنەوەی کلاسیکی کوالیتی ئاو وەک پێویست ناگۆڕێت، دەبێت ڕوو لە پرۆژەی پاککردنەوەی سیرامیک یان شێوازی مۆدێرنتر بکەین کە ڕێگری لە دزەکردنی کانزا قورسە شێرپەنجەییەکانی وەک کرۆمیۆم و کادمیۆم بۆ ناو ئاوی ماڵان بکەن".


تێبینی؛
ئەم لێکۆڵینەوەیە بە سەرپەرشتی تۆڕی "NERIJ" لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕۆژنامەگەریی ژینگەیی کە لەلایەن ڕێکخراوی ئینتەرنیوزەوە بەڕێوەدەبرێت، ئەنجامدراوە، لەم لینکەوە تەواوی لێکۆلێنەوەکە بەزمانی عەرەبی بەردەستە؛
https://shorturl.at/onbE0

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand