Draw Media

تای خوێنبەربوون نەخۆشییە زۆنەتیکییە کوشندەکە

تای خوێنبەربوون نەخۆشییە زۆنەتیکییە کوشندەکە

2024-05-31 10:34:44


 


سان ساراڤان

لە ساڵی ٢٠٢٢ تا وەکو ئەمڕۆ زیاتر  لە ٤٥ کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە نەخۆشی تای خوێنبەربەربوون گیانیان لە لەدەستداوە و زیاتر لە ٣٥٠ کەسیش تووشی نەخۆشییەکە بوون. ئەم کارەساتە  هەندێکیان لە پارێزگاکانی خواروی عێراق بوون و هەرێمی کوردستانیش بێبەش نەبوو لەم پشکە ، پارێزگاکانی  زیقاربوون،  میسان موسەنا،  واسیت ، دیوانیە، بەغداد، کەرکوک ، بەسرە ، نەجەف، نەینەوا ، بابل و کەربەلا و هەولێری گرتۆتەوە. لە ئێستادا و لەم چەند رۆژەی رابردوودا  بەر هەواڵی بڵاو بوونەوەی تای خوێنبەربوون دەکەوین و دەبیستین کە چەند کەسێک  لە شاری کەرکووک بوونەتە قوربانی و ئەگەری بڵاوبوونەوەی زیاتریشی هەیە.

لێرەدا وا بەباش ئەزانم کە چەند زانیارییەک بخەمە بەر دیدی خوێنەران تا زیاتر بەرچاو ڕوونی زیاتری هەبێت لە نەخۆشییەکە و بزانێت  کە گۆڕانی ژینگەیی  چەند کاریگەری هەیە لە بڵاوبوونەوەی وەم نەخۆشیانە، هەروەها خۆپارزیش چۆن بکات.  
زۆنۆتیک ئەو زاراوەیە کە باس لەنەخۆشییەک دەکات کەدەتوانێت لە ئاژەڵ و بوونەوەرە نابڕبڕەییەکانەوە باز بدات بۆ مرۆڤ،  کە بەزۆنەتتیک یان زۆنەسیس دەناسرێت.

پاڵنەرەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ:

فراوانبوونی ژمارەی دانیشتووان و خراپتربوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا  فشاری زیاتر دەخاتەسەر زەوی، چونکە دارستانبڕین، شارنشینی، چڕبوونەوەی کشتوکاڵ و دەرهێنانی سەرچاوەکان دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنن بۆ گواستنەوەی ماددە نەخۆشخوازەکان لەئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ. نەهێشتنی دارستانەکان و  ناوچە سروشتییەکان و فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوون لەڕێی گۆڕینیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی دەستکرد، ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە ئاژەڵییەکان زیاتر دەکات.

کاتێک مرۆڤەکان دەستوەردان لەئیکۆسیستەمی جۆراوجۆردا دەکەن، ڤایرۆسە خەوتووەکان لەخانەخوێ سروشتیەکانیان لادەبەن و دەرفەتیان پێدەدەن دەست بەسەر خانەخوێیەکی نوێدا بگرن - مرۆڤ.

ئاژەڵە کێوییەکان و هەندێك لەقرتێنەوکان و جۆرێك لەشەمشەمەکوێرە میوەخۆرەکان و مێشولەکان دەبن بەهەڵگر، کاریگەری لەسەر خۆیان نابێت بەڵکو دەبنە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ.

هەندێك نموونەی نەخۆشیە زونۆتیکیەکان:

کۆڤید-١٩، تای خوێنبەربوونی قرم - کۆنگۆ ڤایرۆسی ئیبۆلا و نەخۆشی ڤایرۆسی ماربورگ، تای لاسا ڤایرۆسی، نەخۆشی هەناسەدانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MERS)، سارس ، ڤایرۆسی نیپاو نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان تای دۆڵی ریفت، زیکا.

تای خۆێنبەربوون

تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی (VHF) کۆمەڵێک نەخۆشییە کە بەهۆی چەند ئەندامێکی سەر بەیەک خێزانی ڤایرۆسەوە دروستدەبێت

زاراوەی «تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی» ئاماژەیە بۆ حاڵەتێک کە کاریگەری لەسەر زۆرێک لەسیستەمی ئەندامەکانی جەستە دەبێت و زیان بەکۆی سیستەمی دڵ و خوێنبەرەکان دەگەیەنێت و توانای کارکردنی جەستە لەسەر خۆی کەمدەکاتەوە. نیشانەکانی ئەم جۆرە حاڵەتە دەتوانن جیاواز بن بەڵام زۆرجار بریتین لەخوێنبەربوون یان خوێنتێزان.

هەندێک لە VHFەکان دەبنەهۆی نەخۆشییەکی تاڕادەیەک سووک، لەکاتێکدا هەندێکی تر دەتوانن ببنەهۆی نەخۆشییەکی توندو مەترسی لەسەر ژیان. زۆربەی VHFەکان هیچ چارەسەرو ڤاکسینێکی ناسراویان نییە.

تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی (VHF) لەڕێگەی بەرکەوتنی راستەوخۆ، خواردن، خواردنەوە، یان ژینگەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤەکان و دەتوانێت لەسروشتدا بەکتریا، ڤایرۆسی، یان مشەخۆر بێت. هەروەها  بەشێوەی ناڕاستەوخۆ ش بڵاودەبیتەوە وەك بەکار‌هێنانی کەلوپەل و کەرەسە ی بەرکەوتوانەوە.

بەهۆی بەرکەوتنی نزیکمان لگەڵ ئاژەڵان لەکشتوکاڵدا، مەترسییەکی گەورەی تەندروستی گشتییە لەسەرانسەری جیهاندا.

VHF  چەند خێزانێکی ڤایرۆسەوی هەیەو هەریەکێکیکان لەچەند ناوچەیەکی جیهاندا زیاتر کارایەو بڵاودەبێتەوە، بەپێی ئەو تایبەتمەندیانە پۆلێنکراون و ناویان لێنراوە، وەك ئەم خشتەیەی خوارەوە:

 هەرچەندە VHF بەهۆی چەند خێزانێکی ڤایرۆسەوە دروست دەبێت، بەڵام ئەم ڤایرۆسانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە:

•ئەوان ڤایرۆسی RNAن، واتە ئەو ڤایرۆسانەی کەترشی ڕیبۆنۆکلیک (RNA)یان وەک مادەی بۆماوەیی خۆیان هەیە. ئەم ڤایرۆسانە باوترین هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی نەخۆشی لەمرۆڤەکاندا چونکە ڤایرۆسەکانی RNA بەتێپەڕبوونی کات بەڕێژەیەکی بەرز دەگۆڕدرێن.

•بەچینێکی چەوری پرۆتین لەدەرەوەیدا داپۆشراون، ئەمەش وا دەکات کەئاسانتر ئەم ڤایرۆسانە بەشێوازی فیزیایی (گەرمی، تیشکی خۆر، تیشکی گاما) و کیمیایی (بلیچ، پاککەرەوە، توێنەر) لەناوببرێت..

تای خۆێنبەربوونی ڤایرۆسیی قرم -کۆنگۆ چییە ؟

ئەو جۆرەی کەزۆر کارایە لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و عێراق جۆری تای خۆێنبەربوونی ڤایرۆسیی قرم -کۆنگۆیە کە بەهۆی تووشبوون بەڤایرۆسێکی ( Nairovirusلە خێزانی Bunyaviridae) کە لەڕێی گەنەوە دروست دەبێت و بڵاو دەبێتەوە.

ئەم نەخۆشییە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٤ لەقرم  تایبەتمەند کرا و ناوی تای خوێنبەربوونی قرمی لێنرا. پاشان دواتر لەساڵی ١٩٦٩ وەک هۆکاری نەخۆشی لەکۆنگۆ ناسێندرا، بەم شێوەیە ناوی ئێستای نەخۆشییەکەی لێکەوتەوە. تای خوێنبەربوونی قرم-کۆنگۆ لەڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەتایبەتی لەیەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، لەسەرانسەری دەریای ناوەڕاست، لەباکووری رۆژئاوای چین، ناوەڕاستی ئاسیا، باشووری ئەوروپا، ئەفریقا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری هیندستان دەبینرێت.

رەگەزی ڤایرۆسی نایرۆ دوو سەرچاوەی نەخۆشین کەتووشی  مرۆڤ دەبن: گروپی تای خوێنبەربوونی قرم-کۆنگۆ (CCHFV)و ڤایرۆسی هەزارا لەخۆدەگرێت و هەروەها گروپی نەخۆشی مەڕەکانی نایرۆبی کە (NSDV) و دوگبێ ڤایرۆس (نایجیریا).

بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەرانسەری ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقاو NSDV لەبەشێک لە ەفریقادا بڵاوبووەتەوە. هەردووکیان لەلایەن ئاژەڵە ماڵییەکانەوە وەک مەڕو بزن و رەشەوڵاخ لەژینگەدا دەپارێزرێن، مرۆڤەکان یان لەڕێگەی گەستنی گەنە تووشبووەوە یان بەکوتان لەسەربڕینی ئاژەڵە تووشبووەکانەوە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن. کەواتە  لەڕێگەی پێوەدانی گەنەی جۆری هیالۆممەی تووشبووەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. ئاژەڵە ماڵیەکان لەخولی گواستنەوەدا وەک خانەخوێ یان خەزێنەی گەشەی ڤایرۆس خزمەت دەکەن.

گەنەکان ڤایرۆسەکە لەژینگەدا دەپارێزن و دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر بەتووشبووی بمێننەوەو بەگواستنەوە لەڕێگەی هێلکەدانەوە نەوەکانیان تووش بکەن.

نایرۆڤایرۆسەکان جینۆمێکی زۆر گەورەتریان هەیە لەئەندامانی رەگەزەکانی تر، بەپلەی یەکەم لەبەرئەوەی بەشی L  دوو هێندە گەورەترە لەڕەگەزەکانی تری ڤایرۆسە ئاژەڵییەکان

 

هێماو نیشانەکان

نیشانە سەرەتاییەکان، ماندووێتی، لاوازی گشتی، تا یان بەرزبوونەوەی گەرمی لەش، هێڵنج، رشانەوە، سکچوون، ئازاری جومگەو ماسولکەو ئێسك

نیشانە مەترسیدارەکان

خوێن بەربوون لەژێر پێست و لەئەندامەکانی ناوەوەو دەموچاو و گوێ.، تێکچوونی کارکردنی کۆئەندامی دەمار.، وڕێنە، کۆما. لەکارکەوتنی گورچیلە.، لەکارکەوتنی کۆئەندامی هەناسەدان.، لەکارکەوتنی جگەر.

چەندە کوشندەیە؟

لەگەڵ گەشەکردنی نەخۆشییەکە، رەنگە پەڵەی گەورەی خۆێنتێزان  و خوێنبەربوونی توندی لووت و خوێنبەربوونی کۆنترۆڵنەکراو لەشوێنی دەرزی لێدان ببینرێت، کە لەنزیکەی چوارەمین رۆژی نەخۆشییەکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت. ڕێژەی مردن لەنەخۆشی تای خوێنبەربوون بەپێی سەرچاوەی رێکخراوی تەندروستی جێهانی WHO لە ١٠٪ بۆ ٤٠٪ دایە، بەڵام رێکخراوی سی دی سی CDC دەڵێت رێژەی مردن بەم نەخۆشییە لە ٩٪ بۆ ٥٠٪یە. ئەوەی شایانی باسە ئەم نەخۆشییە ڤاکسینی نییە.

رێكارەكانی خۆپارێزی و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشی تای خوێنبەربوون:

- قه‌ده‌غه‌كردنی دیارده‌ی سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ده‌ره‌وه‌ی سەربڕخانە فه‌رمییه‌كان، سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌ڕێگاكان و كۆڵانه‌كان و مه‌یدانی ئاژه‌ڵان قه‌ده‌غه‌ بکرێت.‌ پشكنینی پێش سه‌ربڕین و پشكنینی دوای سه‌ربڕین  ئەنجامبدرێت به‌مه‌به‌ستی دڵنیایی له‌ته‌ندروستی گۆشتی ئاژه‌ڵه‌كان. -راوکردکردنی ئاژەڵی کێوی قەدەغە بکرێت چونکە ئەشێت هۆکار بن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

-هاوردەکردنی ئاژەڵان لەو شوێنانەی کە پەتاکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

-تێگەیشتن و شرۆڤەکردنی گۆرانکارییەکانی کەشوهەواو دروستکردنی ئەو هۆشیارییە لەناو خەڵکدا.

-فراوانبوونی ناوچەی نیشتەجێ بەبێ پلان لەسەر ناوچە کێویەکان و کشتوکاڵیەکان  بەووردی لێکۆڵینەوەی لەسەربکرێت چونکە دەبێتە رەوکردنی گیاندارە کێوییەکان بەرەو ناوچەی نیشتەجێ، کە بەشێکیان هەڵگری نەخۆشییەکانن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand