Draw Media

هه‌نارده‌ی نه‌وت و غازی عێراق له‌ (رێگای گه‌شه‌)وه‌

هه‌نارده‌ی نه‌وت و غازی عێراق له‌ (رێگای گه‌شه‌)وه‌

2024-05-30 16:45:53


(دره‌و): 
گواستنه‌وه‌و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غاز له‌ رێگه‌ی پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌)، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی لیژنه‌ی باڵای پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌) بوو، پرۆژه‌یه‌ك كه‌ به‌ عێراقدا تێده‌په‌ڕێت و توركیاو ئه‌وروپا به‌ وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبووونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه)‌ی كرد، ئه‌مه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ كه‌ رۆژی 22ی نیسانی ئه‌مساڵ له‌ به‌غداد له‌نێوان عێراق و توركیاو ئیمارات و قه‌ته‌ردا ئیمزا كرا، پرۆژه‌یه‌ك كه‌ توركیا ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه‌. 
هێڵی گه‌شه‌ له‌ دیمه‌نه‌ گه‌وره‌كه‌یدا پرۆژه‌ی هێڵێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌ كه‌ توركیا به‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه‌و ده‌به‌ستێته‌وه‌و كه‌نداوی عه‌ره‌بیش به‌ وڵاتانی ئه‌وروپاوه‌، به‌ڵام به‌ته‌نیش شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌وه‌ هێڵی بۆری نه‌وت و غازیش دروست ده‌كرێت، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ به‌پێی دیزاینی به‌رایی به‌ناو هه‌رێمی كوردستاندا تێناپه‌ڕێت و مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌سه‌ر ده‌روازه‌ی (ئیبراهیم خه‌لیل) دروست ده‌كات كه‌ به‌ر له‌ دۆزینه‌وه‌و هه‌نارده‌ی نه‌وت شاده‌ماری گه‌وره‌ی ئابوری هه‌رێمی كوردستان بوو.
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا، وه‌زیری گواستنه‌وه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌ته‌كانی پلاندانان، نه‌وت، كاره‌باو گه‌یاندن و راوێژكاره‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌شداربوون. ئه‌و رێوشوێنانه‌ خراونه‌ته‌ڕوو كه‌ گیراونه‌ته‌ به‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌).
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی رێڕه‌وی خزمه‌تگوزارییه‌كان كراوه‌ له‌ پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌)دا، كه‌ خۆی له رێڕه‌وی هێڵه‌كانی (كێبلێ روناكی)و هێڵه‌كانی (نه‌وت و غاز)‌و (گواستنه‌وه‌ی كاره‌با)و (وزه‌ی نوێبووه‌وه‌) ده‌بینێته‌وه‌.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق فه‌رمانی به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وت كردووه‌، به‌ روانگه‌یه‌كی ستراتیژییه‌وه‌، توێژینه‌وه‌یه‌كی راوێژكاریی ئاماده‌ بكات بۆ به‌ستنه‌وه‌ی پرۆژه‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی به‌ (رێگای گه‌شه‌وه‌)، له‌بواری گواستنه‌وه‌ی نه‌وت و غازدا، ئه‌مه‌ له‌پاڵ هه‌نارده‌كردنیدا به‌گو‌ێره‌ی نه‌خشه‌ی وه‌به‌رهێنان و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و غاز.
هه‌رێمی كوردستان  
هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، سودانی رێنمایی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی كردووه‌ به‌وه‌ی بیرۆكه‌و توێژینه‌وه‌كان وه‌ربگرن، به‌ڵام به‌بێ لیژنه‌ی باڵای پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌) هیچ بڕیارێك نه‌ده‌ن. 
به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بووه‌ به‌وه‌ی پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پلاندانانه‌وه‌ بخرێته‌ ناو بودجه‌وه‌، دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ترانزێت و گومرگ باسكراوه‌، بڕیاردراوه‌ له‌ ئێستادا كۆمپانیای گشتی گواستنه‌وه‌ی وشكانی ئه‌ركی گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل له‌سه‌ر (رێگای گه‌شه‌) بگرێته‌ئه‌ستۆ. 
هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌رگای سه‌ره‌كی عێراقه‌ به‌ڕووی توركیادا، پێشتر هێڵی بۆری نه‌وتی تایبه‌ت به‌خۆی دروستكردووه‌و بۆرییه‌كه‌ی بردوه‌ته‌ سه‌ر سنوری توركیا، به‌ر له‌ راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌ 25ی ئازاری 2023دا، نه‌وتی هه‌رێم له‌م بۆرییه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌ندرایه‌ سه‌ر بۆری سه‌ره‌كی نه‌وتی عێراق- توركیا له‌ناو خاكی توركیادا، به‌ڵام به‌هۆی سكاڵای حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، دادگای ناوبژیوانی پاریس به‌كارهێنانی بۆرییه‌كه‌ی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی به‌غداد به‌ نایاسایی ناوبرد، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ توركیا ناچار بوو هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم رابگرێت كه‌نزیكه‌ی 80%ی تێكڕای داهاته‌كانی حكومه‌تی له‌ هه‌ولێر پێكده‌هێنا. 
رۆژی سێ شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بانگه‌وازی كرد وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم و كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، دوێنێ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم ئاماده‌یی خۆی بۆ گفتوگۆو رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت نیشاندا. 
وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به‌مدواییانه‌ بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهانی به‌گه‌ڕخستوه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌م بۆرییه‌وه‌ ده‌ست به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت بكاته‌وه‌، واتا ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمیش ده‌ستپێ نه‌كاته‌وه‌، بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك چیتر وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق پێویستی بۆ بۆری نه‌وتی كوردستان نییه.
باسكردنی هه‌نارده‌ی نه‌وت و غاز له‌ داهاتوودا له‌رێگه‌ی بۆری پرۆژه‌ی (رێگای گه‌شه‌)ه‌وه‌، ده‌كرێت ئاڵنگارییه‌كی تر بێت كه‌ روبه‌ڕووی ژێرخانی وزه‌ی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌وه‌. ‌
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand