"ناكۆكی و دەنگەدەنگ لە نێوان نوێنەرانی پارتی و یەكێتی درووست بووە"
2024-05-29 21:15:22
درەو:
ئەمڕۆ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی كەركوك لە شاری بەغداد و بەسەر پەرشتی محەمەد شیاع سودانی كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا ناكۆكی و دەنگەدەنگ لە نێوان نوێنەرانی پارتی و یەكێتی درووست بووەو یەكێتی پێی وایە پارتی بە پاڵپشتی توركیا لەگەڵ بەرەی توركمانی و خەمیس خەنجەر رێككەوتووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی كەركوك.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیراندا لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركوك، لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان (خالید شوانی) وەزیری دادی عێراق و لە پارتی دیموكراتی كوردستان (رێبەر ئەحمەد) وەزیری ناوخۆو (شاخەوان عەبدوڵ)ا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەشداربوون. لە بەرەی توركمانی (حەسەن تۆران) سەرۆكی بەرەكەو (ئەرشەد ساڵحی) سەرۆكی كوتلەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق، لە لایەنە عەرەبییەكانیش (خەمیس خەنجەر)ی سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەو چەند كەسێكی تر بەشداربوون لە كۆبوونەوەكەدا.
سەرچاوەیەك لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە (درەو)ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا ناكۆكی و دەنگەدەنگ لە نێوان خالید شوانی نوێنەری یەكێتی و رێبەر ئەحمەد نوێنەری پارتی درووست بووە، ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، دوای ئەوەی پێشنیازێك خرایە روو بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی لە كەركوك لە نێوان كورد و توركمان و عەرەبی سونە، بە جۆرێك پێشنیازەكە بۆ پارێزگار بەم شێوەیە بووە:
• حەوت مانگی یەكەم بۆ كوردێكی بێلایەن بێت
• ساڵێك بۆ توركمان بێت
• 2 ساڵ بۆ عەرەبی سونە بێت.
كاتێك ئەم پێشنیازە خراوەتە روو لەلایەن خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە، رێبەر ئەحمەد نوێنەری پارتی لە كۆبوونەوەكە پشتیوانی لەو پێشنیازە كردووەو رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە، بەڵام خالید شوانی نوێنەری یەكێتی وتویەتی ئێمە بەو رێككەوتنە رازی نین و یەكێتی دەنگی زۆرینەیە، وتویەتی پارتی مافی ئەوەی نیە بەناوی كوردەوە مافی كورد هەرازن فرۆش بكات و ئەجێندای وڵاتێك لە كەركوك جێبەجێبكات، نوێنەرانی پارتی وتوویانە ئێمە عەرەبێكی باشمان پێ باشترە لە كوردێكی خراپ، بەم شێوەیە رێككەوتنەكە هەڵوەشاوەتەوە چونكە تەنیا (7) كورسی بووەو نەیانتوانیوە نیساب تەواو بكەن، بۆیە كۆبوونەوەكە لەسەر بەردەوامی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن رێككەوتوون.
راگەیەندراوی نوسینگەی سودانی ئاشكرایكردووە، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك، لەچوارچێوەی ئیئتیلافێكدا بەناوی (ئیئتیلافی ئیدارەی كەركوك) كۆبوونەتەوە، ئەمە هەمان ناوی ئیئتیلافی حوكمڕانی عێراقە (ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت)، تەنیا لەبری دەوڵەت، ناوی كەركوك دانراوە.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، هەوڵ و گفتوگۆكان لەبارەی ئامادەكردنی وەرەقەی سیاسی نێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكە خراوەتەڕوو، لەگەڵ میكانیزمەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، "بەگوێرەی یاساو بەبێ پەراوێزخستنی هیچ پێكهاتەیەك"، چونكە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دۆخێكی تایبەتی بە كەركوك داوەو دەڵێ لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی ئەم پارێزگایەدا دەبێت هەموو پێكهاتەكان بەشدار بن.
لە كۆبوونەوەكەدا، بنەماكانی وەرەقەی سیاسی نێوان لایەنە براوەكان پەسەندكراوە، بەڵام هەندێك تێبینی لەسەر هەبووەو پێداچوونەوەی بۆكراوە، هەروەها رێككەوتن كراوە لەسەر سازدانی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەماوەیەكدا كە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، ئەمەش لەپێناو دەستپێكردنی رێوشوێنە دەستورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و پەسەندكردنی كرۆكی وەرەقەی رێككەوتنە سیاسییەكە.