سێیه‌م كۆبونه‌وه‌ی سودانی و لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك
2024-05-29 14:16:46
(دره‌و):
بۆ جاری سێیه‌م، سودانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك كۆده‌بێته‌وه، زیاتر له پێنج مانگه هه‌ڵبژاردن كراوه‌و حكومه‌تی خۆجێی دروست نه‌كراوه، پارتی و یه‌كێتیی ناكۆكن، به‌گشتیش پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان له‌گه‌ڵ كورد له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان ناكۆكن.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی كه‌ركوك كۆبووه‌وه. ئه‌مه سێیه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بوو له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كان.
له یه‌كێتیی خالید شوانی وه‌زیری دادی عێراق و له پارتی رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ‌و شاخه‌وان عه‌بدوڵا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌شداربوون. له به‌ره‌ی توركمانی حه‌سه‌ن تۆران سه‌رۆكی به‌ره‌كه‌و ئه‌رشه‌د ساڵحی سه‌رۆكی كوتله‌ی توركمانی له په‌رله‌مانی عێراق، له لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌كانیش خه‌میس خه‌نجه‌ری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی سیاده‌و چه‌ند كه‌سێكی تر به‌شداربوون له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا.
پێنج مانگ زیاتره هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له عێراق به‌ڕێوه‌چووه، كه‌ركوك تاكه پارێزگایه كه هێشتا حكومه‌تی خۆجێی دروست نه‌كردووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه براوه‌كان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان.
به‌هۆی ئه‌م ناكۆكییانه‌وه، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستوه‌ردانی كرد‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی كردووه بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان.
كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می سودانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك، له رۆژی 24ی شوباتی ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌چوو، له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیئتیلافێك له لایه‌نه براوه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركوك دروست بكرێت و سودانی سه‌رۆكایه‌تیی ئیئتیلافه‌كه بكات تا ئه‌وكاته‌ی پۆسته‌كان دابه‌ش ده‌كرێن و حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك دروست ده‌كرێت. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سودانی ماوه‌ی 7 رۆژ مۆڵه‌تی خسته به‌رده‌م لایه‌نه براوه‌كانی كه‌ركوك بۆ ئه‌وه‌ی پێشنیازی خۆیان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانی ئیداره‌ی خۆجێی كه‌ركوك گه‌ڵاڵه بكه‌ن.
كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌می سودانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان رۆژی 3ی ئازاری ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌چوو، هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بوو، لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن.
تاوه‌كو دوای كۆبوونه‌وه‌ی دووه‌میش، بۆچوونی لایه‌نه‌كان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێی كه‌ركوك به‌مشێوه‌یه بوو:
• پێكهاته‌ی توركمان، كه (به‌ره‌ی توركمانی)ی به (2) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، داوا ده‌كات پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ چوار ساڵی داهاتوو (به‌نۆره) به‌ده‌ست سێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌وه بێت، واتا (16) مانگ لای كورد‌و (16) مانگ بۆ توركمان و (16) مانگ لای عه‌ره‌ب.
• پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب به (6) كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه هه‌مان پێشنیازی به‌ره‌ی توركمانی هه‌یه، به‌ڵام به هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه، عه‌ره‌ب داوا ده‌كه‌ن پۆستی پارێزگا به (نۆره) بێت، دوو ساڵ لای كورد به‌دیاریكراوی لای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بێت كه براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه له كه‌ركوك، دوو ساڵه‌كه‌ی تر پۆسته‌كه به‌ده‌ست پێكهاته‌ی عه‌ره‌به‌وه بێت، پۆستی جێگرانی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش له‌نێوان توركمان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ش بكرێت.
• پێشنیازی كورد (به‌دیاریكراوی یه‌كێتیی) ئه‌وه‌یه پۆستی پارێزگار بۆ یه‌كێتیی بێت، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب بێت، پۆستی جێگرانی پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاش بدرێت به پارتی و پێكهاته‌ی توركمان، پارتی و یه‌كێتیی وه‌كو دوو لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته رێككه‌وتن، پارتی به فه‌رمی به یه‌كێتیی راگه‌یاندووه، ده‌بێت پارێزگار له پشكی كورد بێت، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كاندیدی پۆسته‌كه كه‌سێكی بێلایه‌ن بێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكدێت، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 18ی كانونی یه‌كه‌می 2023ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، به‌مشێوه‌یه كورسییه‌كانی كه‌ركوكی دابه‌شكرد:
• یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان: 5 كورسی (براوه‌ی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه، ئه‌م حزبه كه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه پۆستی پارێزگاری له‌ده‌ستداوه، زیاد له جارێك هه‌وڵه‌كانی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار شكستی هێناوه‌و ئه‌مجاره‌ش گره‌وێكی گه‌وره‌تری له‌به‌رده‌مدایه)
• هاوپەیمانی عەرەبی: 3 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه (راكان جبوری) پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، هەریەكە لە پرۆژەی عەرەبی خەمیس خەنجەرو كەرامە‌و یەكێتی هێزە نیشتمانییەكان لەخۆدەگرێت)
• بەرەی توركمانی: 2 كورسی
• پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 كورسی
• هاوپه‌یمانی قیادە: 2 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه محەمەد تەمیم سەرۆكایەتی دەكات‌و هەریەكە لە حزبی (تەقەدوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسی و (سیادە)ی خه‌میس خه‌نجه‌ر لەخۆدەگرێت)
• هاوپه‌یمانی عروبە: 1 كورسی (ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه وه‌سفی عاسی سه‌رۆك هۆزی عوبێد سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات و هاوپه‌یمانی عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕائی و به‌ره‌ی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی له‌خۆده‌گرێت)
• بابلیۆن: 1 كوسی "كۆتا"ی مه‌سیحی (ره‌یان كلدانی له‌چوارچێوه‌ی ریككه‌وتنێكداو به پشتیوانی یه‌كێتیی ئه‌م كورسییه‌ی برده‌وه)