Draw Media

گۆڕانی كەش و هەوا و كاریگەری راستوخۆی بایوجیوكیماییەكان

گۆڕانی كەش و هەوا و كاریگەری راستوخۆی بایوجیوكیماییەكان

2024-05-26 07:49:51



سان ساراڤان
گۆڕانی كەشوهەوا ئاماژەیە بۆ گۆڕانكاری درێژخایەن لە پلەی گەرمی و شێوازی كەشوهەوادا. دەکرێت ئەم جۆرە گۆڕانكاریانە سروشتی بن؛ بەهۆی گۆڕانكاری لە چالاكییەكانی خۆر یان تەقینەوەی گڕكانە گەورەكان. بەڵام لە دوای ساڵانی ١٨٠٠ەوە چالاكییەكانی مرۆڤ، بزوێنەری سەرەكی گۆڕانی كەشوهەوا بووە، بە پلەی یەكەم بەهۆی سووتاندنی سووتەمەنی بەردینی وەك خەڵوز و نەوت و گاز.
هەروەها "سوڕەكانی بایۆجیۆكیمیایی بە شێوەیەكی سەرەكی ئاماژەن بۆ جوڵەی ماددە خۆراكیەكان و توخمەكانی تر لە نێوان هۆكارە بایۆتیك(زیندەییەكان) و نابایۆتیكەكاندا(نازیندەەیەكاندا).“ زاراوەی بایۆجیۆكیمیایی لە “بایۆ” بە واتای بایۆسفێر كە ئەمەش بەرهەگەوا و هایدرۆسفێری زەوی دەگرێتەوە  كە زیندەوەران تیدا دەژین،  و زاراوەی “جیۆ” بە واتای پێكهاتە جیۆلۆجیەكان ، لە كۆتاییدا “كیمیایی” خولی  پێكھاتە، تایبەتمەندی، ئاوێتەبوون  و گۆڕانی توخمەكانە.
دەرئەنجامی هەموو ئەو چالاكییانەی كە مرۆڤ لە بەكارهێنان و بەگەڕخستنی ئەو ووزەو سەرچاوانەی وەك سووتەمەنی  كەپشتی پێ دەبەستێت بۆ گوزەران ئێستای  ژیانی رۆژانە  بۆتە هۆكاری دەردانی گازی گەرمەخانەیی (گرینهاوز گاز). ئەو گازانەی كە لە ئەنجامی بەكارهێنانی سوومەنی بەردین دەردەچن  سەرەكیترینیان برییتە  لە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن، میتان و ئۆكسیدی نایترۆجین.  كە ئەمانە بوونەتە هۆكاری گەرمبوونی گۆی زەوی. بەڵام جگە لە سەرچاوەكانی سووتەمەنی، چالاكی تری مرۆڤ زۆرن كە بوونەتە هۆی بەرهەمهێنانی گازە گەرمە خانەییەكان.
لەم ووتارەدا تیشك دەخەینە سەر كاریگەری چالاكیەكی تری مرۆڤ ئەویش  بەرهەمهێنانی مادە بایۆجیۆكیماییەكان، بۆ نموونو وەك پەینی نایترۆجینی.
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی، گەر بەراوردێك بكەین لە ژمارەی دانیشتوان لە سالی ١٩٠٠ دا تەنها یەك ملیار و شەش ملیۆن كەس بوونیان هەبووە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤ ئەم ژمارەیە گەشتۆتە هەشت ملیار و سەدو دە ملیۆن كەس بەواتا ئەم رێژەیە زۆر زیادی كردووە. لەبەر ئەم هۆكارەیە خواستەكان لەسەر خۆرا ك و بەرهەمهێنانی خواردن لە زیادبووندان. دەولەتە زلهێزەكانیش لە پێشبڕكێدان بۆ بەرهەمێنانی زۆرترین خۆراك لە زووترین كاتدا. بەدەسهێنانی خۆراك سەرەكیترین پێداویستی مرۆڤە کە لەڕێی  بەروبوومی كشتوكاڵیەوە دەستی دەكەوێت ،كشتوكاڵیش پێویستی بنەرەتی بە پەیین و هەموو ئەو مادە بەهێزكەرانەیە كە بەرهەمێكی بە پیت و بڕێكی زیاتر بەرهەم بهێنێت لە خێراترین كاتیشدا، بۆیە مرۆڤ هەمیشە پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی پەینەكان جا ئەگەر پەیینە  ئاژەڵییە سروشتییەكان بێت وەك  میز و پاشەڕۆی ئاژەڵ(تەپاڵە، ریقنە و پشقل) یان دروستكراوەكان بێت وەك پەیینی كیمایی ..
پەیینی نایترۆجینی یەكێكە لە باوترین پەیینەكان كە لەم سەردەمەدا بەكاردەهێنرێت، لەساڵی ١٩٠٩ -١٩١٣ لە لایەن دوو زانای ئەڵمانی دۆزرایەوە .  پێكهاتەكانی نایترۆجین ماددەیەكی خۆراكی سەرەكییە كە ڕووەكەكان پێویستیانە بۆ گەشەكردن، ئەم پەیینە  هەرزانترین و باوترینە لە هەموو جۆرەكانی تر.
نایترۆجین توخمێكی زۆرە لە بەرگەهەوای زەویدا، ئاسمان شین دەكات، بناغەی پڕۆتینەكانی ناو جەستەمان پێكدەهێنێت و  یارمەتی بەپیتكردنی خاك دەدات، ئاسایشی خۆراك پشت بە پەیینی نایترۆجین دەبەستێت. زۆرێك لە پرۆسەكانی گۆڕانكاری خۆراك لە ڕووەك و ئاژەڵەكاندا پشت بە نایترۆجین دەبەستن. ڕەنگە بەرچاوترینیان  ڕۆڵی نایترۆجین  بێت  لە دروستكردنی ترشە ئەمینییەكان، كە بنەماكانی بنیاتنانی پڕۆتین پێكدەهێنن.
پەیینی نایترۆجین: لە كالیسیۆم، سەلفات ئەمۆنیۆم، نیتراتی سۆدیۆم، یوریا و هتد پێكدێت، ئەم پەیینە نایترۆجینیە كاریگەری لەسەر گەشەی بەرهەم هەیە لە زۆر ڕووەوە. هاندەری گەشەكردنی گەڵاكانە، ڕەنگێكی سەوز بە گەڵاكان دەبەخشێت. لە بەرهەمهێنانی  دانەوێڵەشدا، هۆكاری بەرهەمهێنانی گرێیە لە تۆوەكاندا  و دەبێتە هۆی  تەڕوبڕی و  ناسكی لە ڕووەكەكاندا. بەڵام ئەگەر بە ڕێژەیەكی زۆر نایترۆجین بەكاربهێنرێت لەوانەیە زیان بە بەرهەمەكە بگەیەنئت چونكە ڕەنگە بەرگری لاواز بكات بەرامبەر بە نەخۆشیە كشتوكاڵییەكان و لە كوالیتی بەرهەمەكە دابەزێنێت.
نزیكەی دوو لەسەر سێی دەرهاویشتەكان  و كاریگەرییە نەرێنیەكانی پەیین  بۆ ژینگەو تەندروستی مرۆڤ دوای بڵاوبوونەوەی لەسەر زەوی كشتوكاڵی ڕوودەدات،  كاتێكیش نایترۆجین لە شێوە چالاكەكەیدا، وەك لە پەییندا، بەر خاك دەكەوێت، كارلێكی میكرۆبی ڕوودەدات كە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئۆكسیدی نایترۆجین، وەك ئاماژەمان پێدا گازێكی ژەهراوییە، لە ناوخاكدا كاریگەری راستەخۆ دەكاتە سەر زیندەوەرە جۆراجۆرەكان(بایۆدایڤێرستی). بە هەمان شێوە تێكەڵ بە ڕووەك و ئاو و هەوا دەبێتەوە.
چۆن پەینی نایترۆجینی گازی گەرمەخانەیاكان دەرێژێت لەسوڕێكدا؟
 

مەترسییە گەورەكە لە بڵاوبوونەوەی گازی ئۆكسیدی نایترۆجین  لە  بەرهەم‌هێنانی گازی گەرمەخانەیین كە  نزیكەی لە ٥٪ ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی پێكدەهێنێت.  

مەترسییەكانی ئۆكسیدی نایترۆجین بۆ سەر ژینگەو گۆڕانی ژینگەیی:
  - ئۆكسیدی نایترۆجین ٣٠٠ هێندەی لە  دووەم ئۆكسیدی كاربۆن بەهێزترە بۆ گەرمكردنی بەرگەهەوا.
- ⁠ئۆكسیدی ناترۆز بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لە بەرگەهەوادا بە چالاكی دەمێنێتەوە.
-  زۆرجار بەهۆی وەشاندنی پەیین كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لە  گەشە كردنی  قەوزە  لە دەریاچە و ڕێڕەوی ئاوەیەكاندا،  ئەم قەوزانەش بەبەردەوامی گازی گەرمخانەیی دەردەكەن و دەچیتە ئاو و هەواوە.
- پاشەڕۆی نایترۆجین قورسایی لەسەر ئابووری دروست دەكات. بەپێی ڕاپۆرتی  ٢٠١٨-٢٠١٩ ی بەرنامەی نەتەوە یەگرتووەكان بۆ ژینگە ساڵانە نایترۆجین لە نێوان ٣٤٠ ملیار بۆ ٣،٤  تریلیۆن دۆلاری ئەمریكی تێچووی ئابووری جیهانی دەبات كاتێك كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئیكۆسیستەمەكان ڕەچاو دەكرێت.

لە بەرهەمهێنانی پەیینی نایترۆجینیشدا وولاتەكانی وەك ڕوسیا، چین، ئەمەریكا،  هندستان، كەنەدا ، میسر، توركیا، سعودییە، قەتەر، پاكستان و ئێران لە پێشەوەی دروستكردنی ئەم بەرهەمهێنانەن.                                                                              بەهەمان شێوە، لە بەكارهێنانی پەینی  ئاژەڵیدا  پرسێكی دیكە  ڕووبەڕومان دەبتەوە ئەویش كە بڵاوبوونەوەی ئەمۆنیای كشتوكاڵییە. هەرچەندە خۆی  ئامۆنیا گازێكی گەرمخانەیی نییە، بەڵام كاتێك دەچێتە هەوا، وەك بنەمایەك كاردەكات بۆ دەردانی ئۆكسیدی نایترۆجین كە گازێكی گەرمخانەیی بەهێزە. بەڵام ئەم ڕێژەیە زۆر كەمترە بەبەراورد بە پەینی نایترۆجینی.
نایترۆجین پڕۆتینەكانی ناو جەستەمان پێكدەهێنێت و  یارمەتی بەپیتكردنی خاك دەدات:
جگە لەوەی نایترۆجین و کارلێکەکانی دەبنە هۆکاری دەردانی گازی گەرمەخانەیی بەڵام  نایترۆجین  بناغەی پڕۆتینەكانی ناو جەستەمان پێكدەهێنێت و  یارمەتی بەپیتكردنی خاك دەدات، هەروەها ئاسایشی خۆراك پشت بە پەینی نایترۆجین دەبەستێت. سەلامەتی خۆراك تەنها دابینکردن و پڕکردنەوەی کەلێنی خۆراك نییە بەڵکو دابین کردنی خۆراکە لە روی کواڵێتی و پێداویستی و نرخیشەوە.
پرسیارگەلی دانیشتوانی ناوچەکەمان هەمیشە ئەوەیە ئەم هەموو نەخۆشی و پەتایانە بۆتەشەنەی کردووە بەم ڕێژە گەورەیە؟ وەلامەکەی دەکرێت راستەخۆ پەیوەندی هەبێت بە ئاسایشی خۆراك و رێژەی ئەو هەموو نایترۆجین و کارلێکەکانی بێت لە و خۆراکانەی کە لەبەردەستن. ئەمە جگە لە گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا ودەردانی گازە گەرمەخانەییەکان بەهۆی سووتەمەنییە بەردیینیەکانەوە(گاز، نەوت و خەلووز).
زیانە ڕاستەخۆکانی نایترۆجین و زێدەڕۆییکردنی لە بەکارهێنانی  بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ:
ڕۆژانە مرۆڤ پێویستی بە ڕیژەی  ٤٠ بۆ ٧٠ گرام لە  پرۆتین هەیە، ( ناتیرۆجین پكهاتەی سەرەكی پرۆتینە)، ئەم بڕەش  بەپێی ڕەگەز و تەمەن و قەبارە دەگۆڕیت. لە زیانەکانی نایترۆجین جگە لەردانی گازی نایترۆجین و كاریگەری بۆ كەش و هەوا دەردانی گازی گەرمەخانەیی، زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی نایترۆجین لە خۆراكدا و لەو خۆراکانای كە ڕێژەیەكی زۆر نیترەیتی تیدایە ( ١ نایترۆجین +٣ ئۆكسجین NO3)   دەببێتە هۆی كێشە تەندرەوستییەكانی مرۆڤ  وەك  كێشەی غودەی دەرەقی، جۆری جیاوازی شێرپەنجە ، كێشەی دەماریی (لە كاتی گەشەكردنی كۆرپەلە) و نەخۆشی شەكرە. هەروەها یوریمیا دروست دەكات، كە بریتییە لە بەرزبوونەوەی ئاستی یوریا و پاشماوە نایترۆجینییەكانی تر لە خوێندا كە دەبێتە هۆكاری  ژەهراویبوونی جەستە.
پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە ئایا ئێمە لە هەرێمی كوردستان و عێراق چۆن راستەوخۆ بەر كارییگەریەكانی بەكارهێنانی پەینی نایترۆجینی ئەكەوین؟
لە ئامارێکدا کە لە ساڵی ٢٠١٢ کراوە زەوییە کشتوکاڵیەکانی عێراق تەنها ٩٤.٢٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی پێکدەهێنا کە ئەمەش  نزیکەی٢١.٧ ٪ ی کۆی ڕووبەری زەوی عێراقە.  ئەم ڕێژەیە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لەم چەند ساڵەی دووایدا بێگومان کەمیکردووە،  بە هۆی گۆڕان و خراپی کەش و هەواو و کەمئاوی و کۆچکردن و جەنگەکان و بە بیابانبوون و فراوانبونی شوێنی نیشتەجێبوون لە زۆرینەوەی ناوچەکانی عێراقدا.  لە بەر بەزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانیش لە عێراقدا و ئاستی پێداویستیەکانیش زیادی کرددوە، بۆیە هەمیشە خواست لەسەر بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی خۆراك بە ڕادەیەک زۆر بووە کە بەهیچ کام لە بەرهەم هێنان و هاوردەکردن سارێژی خواستەکان ناکات، گەر رۆژێك مەرزە سنووریوکان دابخرێت یەکسەر کاریگەری گەورە و کەلێن دروست دەکات. وەك لە بەشی سەرەوە ئاماژەم پێدا پەنا بردنە بەر پەیینی نایترۆجینی بۆ زیادکردنی بەرهەم ڕێگەیەکی خێراو چارسەرێکی هەنووکەییە بۆ جوتیاران.
بۆ بەرهەممهێنانی  کشتوکاڵیش، ڕێژەی بەکارهێنانی پەیینی نایترۆجینی پێویست لە بەرهەمێکەوە بۆ بەرهەمێکی تر دەگۆڕێت بەتایبەت بۆ كشتوکاڵ، بۆ نموونە ، سەوزەکان هەر مەتر دووجایەك لە(٢٠ -١٠٠) گرام پێویستی بە پەینی نایترۆجینی هەبێت و هەندێک داری گەورەش پێویستی بە ١ کیلۆ گرام پەیین هەبێت بۆ هەر مەتر دووجایەك. وەك ووتمان لەبەر خێرای گەشە و هەرزانی نرخی پەیینی نایترۆجینی جووتیاران پشت بە پەیینی نایترۆجینی دەبەستن.
لە عیراقیشدا دوو کارگەی بەرهەم هێنانی پەیینی نایترۆجینیمان هەیە لە بێجی و لە بەسرە کە سەر بە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانن،  رۆژانە ١٧٥٠ تەن لە بێجی و ٢٢٥٠ تەن لە بەسرە پەیینی نایترۆجینی بەرهەم دەهینرێت.  رێژەی بەرهەمهێنانی پەینی نایترۆجینی بەبەردەوامی لە زیاد بووندایە لە عێراقدا کە تەنها بۆ ناوچەی خوارووی عێراقە بەکار دە‌هێنرێت.  هەرچی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان  پڕکراوان لە پەیینی نایترۆجینی(پاودەر و شل)ی ئێرانی و ئوردنی، سعودیی و ئەڵمانی.
گەر بەرداوردێك بکەین لە نێوان بەرهەمێنان و هاوردەکردنی پەینی نایترۆجینی و پێوانەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆمان دەردەکەێت کە زێدەڕۆیی زۆر هەیە لە بەکارهێنانی پەینی نایترۆجینی لە ناوچەکەدا بە هۆی نائاگایی و کەم هۆشیاری بەکاربەرانی پەینی نایترۆجینی و زۆرجاریش خواستی دەستکەوتنی سەرمایە بەشێوەیەکی زۆر و خێراوە و نەبوونی سیاستەتێکی ڕوونی ئاسایشی خۆراک لەلایەن بڕیاربەدەستانەوە.
سەرەڕای ئەو ڕیژەیەی لە بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی پەیینی نایترۆجینی بازاڕەكانی ئێمە پڕن لە خۆراكی جۆراوجۆری ئەو وڵاتەنەی کە پێشەنگن لە بەرهەمهێنان و بەکارهێنان و زیادەڕۆیکردنی پەیینی نایترۆجینی  وەك  خۆراکی بەرهەمهێنراوی ئێرانی و تووركی و میسری و هندستانی و پاكستانی و گەلێک شوێنی تر، کە لەبەر کوالیتی خۆراکەکان نرخەکانیشیان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تردا هەرزانترە.  

گرفتەکە  لە کوێدایە؟
١- ئەو پەیین و مادە بەپیتکەرانەی کە لە سنوورەکانەوە دێن پشکنینی جۆرییان بۆ ناکرێت. نازانرێیت رێژە کیمیاییەکانی چەندن و پێکهاتەکانی چۆن و بە چ رێژەیەک ئاوێتە کراون.
٢- لە بەرهەمهێنانی کشتوکاڵدا پشکنینی جۆریی بۆ ناکڕیت زۆر کات جوتیارەکان راستەوخۆ دەینرێنە خوارووی عێراق،  ئەگەر چی هۆبەی کۆنترۆڵی جۆری هەیە لە کاتی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکان لە سەنتەرەکانی فرۆشتنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکاندا(عەلوە)، کاربەدەستانی ئەم هۆبەیە دەڵێن "ڕێکارەکانمان بە ووردی دەگرینە بەر"  بەڵام دوا بەدوای بەدواداچوونم و چاوپێکەوتن لە گەڵ  بریکارەکانی ئەم سەنتەرانە دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە" پشکنینەکان لە ڕووی  فیزیکی و کیمیایی ومایکرۆبایلۆجییەوە ناگیرێتە بەر ، تەنها ڕۆتینە ".
٣- لە دەروازە و مەرزە سنوورییەکانیش کاتێك کە خواردن هاوردە دەکریت ئەگەر چی هۆبەی پشکنین هەیە و ئامێرەکانیش هەن بەڵام لە ئێستادا ئەو مادانەی کە پشکنینیان بپێدەکرێت فەراهەم نییە بۆیە ئەو خۆراکانەی کە دێن تەنها لە ڕووی فیزیکی و شێوەوە پشکنینی بۆ دەکرێت و لایەنی کیمیایی و مایکرۆبایلۆجی فەرامۆشە لە م پرۆسەیەیە.

بە گشتی زانیاری و هۆشیاری لەسەر بەکار‌‌هێنانی  پەینی نایترۆجینی و دەرئەنجامە تەندروستی و ژینەگەییەکانی کەمە لە نێوان خەڵک وجوتیاران و بڕیار بەدەستاندا.  میدیاش کەلێنکی گەورەی تێدایە لە شرۆڤە کردن و شیکارکردنی گۆڕانە ژینگەییەکان و خستنەرووی بابەتاکان بە شێوەیەکی زانستی.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand