سیناریۆكان بۆ ئاییندەی هەرێم
2024-05-24 21:24:17
درەو:
یەكێتی و پارتی بەبێ بەرچاو روونی و گرنتیكردنی پۆستە باڵاكان ئەستەمە بچنە هەڵبژاردنەوە، پارتی گرنتی دەوێت كە مەسرور بارزانی بەبێ سەرئێشە سەرۆكایەتی كابینەی دەیەم وەربگرێت، یەكێتیش دەیەوێت پۆستێكی باڵا لەبەرامبەر مەسرور بارزانی، بۆ قوباد تاڵەبانی مسۆگەربكات، رەنگە دواجار نێچیرڤان بارزانی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار، پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ قوباد تاڵەبانی جێبهێڵێت، چەند رۆژی داهاتوو وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری دەكرێت، چاوەڕوان دەكرێت لە مانگی ئەیلول یان ئۆكتۆبەری داهاتوو بێت، ململانێ و ناكۆكیەكانی نێوان ئەو دوو هێزە بۆ دیاریكردنی نەخشەی سیاسی دوای هەڵبژاردنەكانە، باس لە چەند سیناریۆیەك دەكرێت....
دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان، وێنەكە زیاتر رونبووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكات، وادەیەكی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری بكات، بڕیارە سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پاڵپشت بەو دەسەڵاتەی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، بۆ جاری پێنجەم مەرسومێك دەربكات بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن كە چاوەڕوان دەركێت لە نێوان (15/9 بۆ 15/10) دیاری بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان .
ئەم هەڵبژاردنە بۆ یەكێتی و بۆ پارتیش زۆرترین ناكۆكی و گفتوگۆی نێوانیان و ململانێ و كێبەركێی لەسەر درووست بوو، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین گفتوگۆ و كۆبوونەوەو ناكۆكی نێوانیان لەسەر یاسای هەڵبژاردن وشێوازی هەڵبژاردنەكان بوو، دواتریش هەردوولا كێشەكانیان بردە بەغداد بۆ یەكلاكردنەوە، سەرئەنجام :
• سكاڵاكەی یەكێتی لە دادگای فیدراڵی، هەرێمی كوردستانی كردە چوار بازنەی هەڵبژاردن، كۆتاكانی هەڵوەشاندەوە، كورسیەكانی پەرلەمانی بە 100 كورسی جێگیركرد، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقیشی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.
• ئەنجامی سكاڵاكەی پارتی لە رێگەی مەسرور بارزانیەوە، هەڵبژاردنی دواخست، پێنج كورسی كۆتای گەڕاندەوە، پەنجەمۆر و تۆماری دەنگدەرانی جارێكی تر نوێكردەوە.
لە دووساڵی رابردوودا یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردن نەبوو، هەموو هەوڵێكی بە ئاراستەی دواخستن و نەكردنی هەڵبژاردن بوو، لەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و هەڵبژاردنی كەركوكیشەوە، پارتی ئامادەی هەڵبژاردن نەبوو نەیویست بەم بارودۆخ و بەم شێوازەی ئێستا هەیە هەڵبژاردن بكرێت، هەموو ئەم ناكۆكیانەی نێوان ئەم دوو هێزە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە تا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان و نەخشەی دوای هەڵبژاردن رێككنەكەوتوون و هەریەكەیان دەیانەوێت ئەچێنداو پلانی خۆی بۆ دوای هەڵبژاردن مسۆگەر بكات ئینجا بچێتە هەڵبژاردنەوە.
نەخشەی دوای هەڵبژاردن
هێشتا وادەی هەڵبژاردنی نوێ دیاری نەكراوە، ئەنجامی هەڵبژاردن دیار نیە، بەڵام ئامانجی سەرەكی ململانێكانی یەكێتی و پارتی هێندەی پەیوەندی بە دوای هەڵبژاردنەوە هەیە هێندە پەیوەندی بە ئێستای پرۆسەكەوە نیە، پارتی دەیەوێت بەرچاوی روون بێت نەخشەی حوكمڕانی هەرێم لە دوای هەڵبژاردن چۆن دەبێت، یەكێتی دەیەوێت چیدیكە تەنیا جێگرایەتی دەسەڵاتی جێبەجێكردن نەبێت و یەكێك لە پۆستە باڵاكانی هەرێم لای یەكێتی بێت.
(درەو) قسەی لەگەڵ بەشێك لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی كرد بۆ سیناریۆكانی دوای هەڵبژاردن یاخود یەكێتی و پارتی دەیانەوێت نەخشەی دوای هەڵبژاردن چۆن بێت و پۆستەكان چۆن دابەشبكرێن؟.
بەرپرسانی یەكێتی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن، ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی راستكردنەوەی هاوسەنگییە لە نێوان پارتی و یەكێتی، ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن، هەر لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری هەموو بەو ئاراستەیەن كە پشكی یەكێتی هاوشێوەی پارتی بێت و سەنگی یەكێتی نزیك بكەنەوە لە پارتی، بە نمونەی ( دابەشكردنی كورسیی كۆتاكان لە نێوان زۆنی سەوز 2 كورسی و زۆنی زەرد 3 كورسی، دابەشكردنی هەرێم بۆ چوار بازنە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە كۆمسیۆنێك كە سەرۆكەكەی یەكێتیە)، هەموو ئەمانە ئاماژەن بەوەی ئەو بڕیارانە لە قازانجی یەكێتی و لە بەرژەوەندی ئەو بۆچوونەیە كە دەیەوێت هاوسەنگی درووست ببێتەوە.
بەڵام بەرپرسانی پارتی كە (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون دەڵێن، درك بەوە دەكرێت كە دیزاینێكی ئامادەكراو هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی یەكێتی بێت، بەڵام هەوڵی پارتی بەو ئاراستەیەیە نەیەڵێت ئەو نەخشەو دیزاینە ئامادەكراوە سەربگرێت، توانراویشە بەشێك لە دیزایینەكە هەڵبوەشێندرێتەوە بەتایبەت كە پارتی نەیهیشێت هەڵبژاردن لە 10ی حوزەیران بكرێت و تا سێ مانگی تریش خوا دەزانێت چی روودادەدات، بۆیە پارتی بە بێ بەرچاو روونی و بەبێ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی لێوە دیار بێت ناچێتە هەڵبژاردنەوە، ئێستا بەشێك لە داواكانی پارتی جێبەجێكراون، پارتی چاوەڕێی دیاریكردنی وادەی نوێ دەكات و بەشدار دەبێت.
سیناریۆكان
بە پێی بەدواداچوونەكانی (درەو) گفتوگۆكانی ناوخۆی یەكێتی بە ئاراستەی ئەوەیە كە نایەوێت وەك رابردوو پۆستە باڵاكانی هەرێم بۆ پارتی جێبهێڵێت، دەیەوێت پۆستێكی سیادی لە هەرێم لای یەكێتی بێت ( سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی حكومەت)، پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەیەوێت بەرچاوی روون بێت و گرنتی ئەوەی هەبێت كە مەسرور بارزانی بە بێ سەرئێشە كابینەی دەیەم وەردەگرێت.
لە ئێستادا بۆ دوای هەڵبژاردن گفتوگۆ لەسەر دوو سیناریۆ دەكرێت:
سیناریۆی یەكەم: یەكێتی و پارتی بە بێ رێككەوتنی پێشوەختە لەسەر دابەشكردنی پۆستە باڵاكان دەچنە هەڵبژاردنەوە، دواتر پارتی هاوشێوەی خولەكانی پێشوو دەستبە دانووستان دەكات بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەگەر یەكێتی بە ئاسانی هاتە ناو دانوستانی حكومەتەوە ئەوا یەكێتی و پارتی پێكەوە پۆستەكان دابەشدەكەن و حكومەت پێكدەهێنن، ئەگەر نەهات ئەوا پارتی تموحی وەزارەتی زۆر دەخاتە بەردەم چەند حزبێكی تر و شەریكیان دەكات بۆ ئەوەی (50+1) پێكبهێنێت و حكومەت پێكدەهێنێت شوێنی وەزارەت و پۆستەكان بۆ یەكێتی دیاری دەكات و دواتر یەكێتی بە ناچاری دەچێتە حكومەتەوە ( وەك ئەوەی لە خولی پێشوو روویدا، یەكێتی سەرەتا نەچووە ناو حكومەت، پارتی بە ژمارەیەك وەزیر تموحی خستە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان و پۆست و كورسیەكانی وەزارەتی بۆ یەكێتی جێهێشت، دواتر یەكێتی بە ناچاری چووە حكومەتەوە).
سیناریۆی دووەم:
پارتی و یەكێتی جۆرێك لە لێكتێگەیشتن یاخود رێككەوتنی پێشوەخت دەكەن لەسەر ئاییندەی حوكمڕانی هەرێم و دابەشكاری لە پۆستەكانی هەرێم، ئێستا یەكێتی تموحی زیاترەو دەیەوێت پۆستە باڵاكانی هەرێم لەگەڵ پارتی بەش بكات.
پۆستەكانی (سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی حكومەت، سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری).
پارتی دیموكراتی كوردستان سورە لەسەر ئەوەی مەسرور بارزانی پۆستی سەرۆكی كابینەی دەیەم وەربگرێت و خولێكی تر سەرۆكی حكومەت بێت، یەكێتی هەستی بە سوربوونی پارتی كردووەو دەیەوێت بەم بیانووە پۆستێكی باڵا لە پارتی وەربگرێت كە ئەویش پۆستی سەرۆكی هەرێمە بۆ قوباد تاڵەبانی، چونكە ئەستەمە جارێكی تر قوباد تاڵەبانی جێگری مەسرور بارزانی قبوڵ بكات، چاوەڕوان دەكرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی زیاتر یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی حكومەت بكات.
لە حاڵەتی پێدانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە قوباد تاڵەبانی، دەبێت پۆستێكی دیكە بدرێتە نێچیرڤان بارزانی، كە ئەویش یان پۆستی سەرۆككۆماری عێراقە كە بەشێك سەردان و جموجوڵەكانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتانی دەرەوە بەو نیەتە دەبیینن كە ئامادەكارییە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق بۆ داهاتوو، یاخود راییەكی تر هەیە لەناو پارتی نێچیرڤان بارزانی دەكرێتە سەرۆكی پارتی و مەسعود بارزانی دەكرێتە مەرجەعی پارتی و لە بارەگای بارزانی دەبێت.
ئەو پۆستانەی كە پارتی و یەكێتی وەك پۆستی باڵا سەیری دەكەن و لەنێوان خۆیان ئاڵوگۆڕی پێدەكەن:
• سەرۆكی هەرێم
• سەرۆكی حكومەت
• سەرۆكی پەرلەمان
• سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری
• جێگرانی سەرۆكی هەرێم
• جێگری سەرۆكی حكومەت
• جێگرو سكرتێری سەرۆكی پەرلەمان
• سەرۆككۆماری عێراق
• جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق
دابەشكاری پۆستەكان:
• سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی
• سەرۆكی هەرێم بۆ قوباد تاڵەبانی
• سەرۆككۆمار بۆ نێچیرڤان بارزانی
• سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر لای یەكێتی بێت ( شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، سالار مەحمود، لوقمان وەردی)
• جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەگەر لای یەكێتی بێت ( لوقمان وەردی، سالار مەحمود) ئەگەر سەرۆكی هەرێم بۆ قوباد تاڵەبانی بێت سەرۆكی پەرلەمان یان جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ پشكی هەولێریەكانی یەكێتی دەبێت. .
رەنگە لە ئێستادا لێكدانەوەكان و بۆچوونەكان بەو شێوەیەبن، بەڵام رەنگە گۆڕانكاری و رووداوەكانی داهاتوو بەشێك لە سیناریۆكان بگۆڕێت، چونكە تەنیا ئەنجامی هەڵبژاردن كاریگەری لەسەر دابەشكاری پۆستەكان نابێت، بەڵكو وڵاتانی هەرێمایەتی بەتایبەت ئێران و توركیا و ئەمریكاش كاریگەریان لەسەر دیاریكردن و دەستنیشانكردنی كارەكتەرەكان دەبێت بۆ پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و عێراق.