راپۆرتی مافی مرۆڤ لە عێراق 2023
2024-05-22 12:13:35
درەو:
پوختەی کارگێڕیی
لە ماوەی ساڵەکەدا دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر بوو، بەهۆی زیادبوونی ئاستەنگەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئازادییە بنەڕەتییەکان و فەزای مەدەنیی. رووداوەکانی ساڵ بریتی بوون لە پەلاماری پچڕپچڕ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا و شانە پەیوەستەکانی؛ پێکدادانی لێرەولەوێ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لەدژی بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق؛ هەروەها هەبوونی میلیشیا کە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لەوانە یەکەکانی حەشدی شەعبی کە پەیوەستن بە ئێرانەوە؛ لەگەڵ روودانی تووندوتیژی بە پاڵنەری مەزهەبیی، ئیتنیکیی و دارایی.
چەندین گرفتی گەورەی مافی مرۆڤ هەبوون، وەک راپۆرتی متمانەپێکراو لەسەر: کوشتنی نایاسایی یان هەڕەمەکیی، هەروەها کوشتنی بێ دادگاییکردن؛ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ؛ ئەشکەنجە و کەیسەکانی مامەڵە یان سزای دڕندانە، نامرۆڤانە و شکۆشکێن لەلایەن کاربەدەستانی حکومەت؛ دۆخی سەخت و مەترسی لەسەر ژیان لە بەندیخانە؛ دەستگیرکردن و راگرتنی هەڕەمەکیی؛ دەستوەردانی هەڕەمەکیی یان نایاسایی لە تایبەتمەندی (خصوصیة)؛ سزادانی ئەندامانی خێزان لەسەر بانگەشەی تاوانی ئەنجامدراو لەلایەن تاکەکەس؛ پێشێلکاریی گەورە لەکاتی ناکۆکیی، وەک پەلامار کە بۆتە هۆی مردن یان برینداربوونی کەسی مەدەنیی؛ سنووردارکردنی بەرچاوی ئازادیی ڕادەربڕین و راگەیاندن، هەروەها تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان؛ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی بێبنەما لەدژی رۆژنامەنووسان، سانسۆر، هەروەها هەبوونی یاساکانی تاوانی ناوزڕاندن؛ سنووردارکردنی زۆر لەسەر ئازادیی ئەنتەرنێت؛ دەستوەردانی گەورە لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادیی رێکخراوەیی؛ بەربەستی یاسایی لەسەر ئازادیی جووڵەی ئافرەتان؛ هەروەها گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ ئەو شوێنانەی هەڕەشە لەسەر ژیان و ئازادییان هەیە؛ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتانەی رووبەڕووی ئەشکەنجە یان چەوساندنەوە دەبنەوە، لەوانە ئازاردانی گەورەی وەک هەڕەشە لەسەر ژیان یان ئازادیی یان مامەڵەی خراپی تر کە بە تەنها پێکهێنەری پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤن؛ گەندەڵیی زۆری حکومیی؛ بەربڵاوی تووندوتیژی جێندەریی، لەوانە تووندوتیژی خێزانیی و شێوەی تری ئەم جۆرە تووندوتیژییە؛ تاوانەکانی تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی لەدژی ئەندامانی گروپە کەمینەکان، ئاوارە ناوخۆییەکان و ئاوارە گەڕاوەکان؛ تاوانەکانی تووندوتیژی یان هەڕەشەی بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ؛ بازرگانیکردن بە مرۆڤ، لەوانە کاری زۆەملێ؛ سنووردارکردنی زۆر لەسەر ئازادیی رێکخراوەیی کرێکاران؛ هەروەها هەبوونی خراپترین جۆرەکانی کارکردنی منداڵ.
حکومەت هەندێک هەنگاوی ناوە بۆ دەستنیشانکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی ئەو بەرپرسانەی لەوانەیە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤیان ئەنجام دابێت.
حکومەت لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەنجامداوە لەدژی تۆمەتبارانی داعش بە تۆمەتی ئەئجامدانی تاوانەکان و پێشێلکارییەکانی تر، لە هەندێک کەیسدا، راپۆرت دراوە لەسەر حوکمدانی ئەندامانی گومانلێکراوی داعش بەپێی یاسای دژەتیرۆر.
بەشی 1. رێزگرتن لە شکۆی کەس
a. بێبەشکردنی هەڕەمەکیی لە ژیان و جۆرەکانی تری کوشتنی نایاسایی یان کوشتن بە پاڵنەری سیاسیی
چەندین راپۆرت هەبوون کە حکومەت یان کاربەدەستەکانی کوشتنی نایاسایی یان هەڕەمەکییان ئەنجامداوە، لەوانە کوشتنی بێ دادگاییکردن. بانگەشە دەکرێت، لە 25 ئەیلول، میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێران کە بەشێکن لە هێزەکانی حەشدی شەعبی وابەستە بە حکومەت، تەقەیان کردوە لەکەسایەتی هاوڕەگەخوازی ناسراوی تیکتۆک و هونەرمەندی ئارایشت (نور ئەلسەفار) و کوشویانە. پێش تەقەکردنەکە، ئەلسەفار رووبەڕووی پێشێلکاریی و گێچەڵی ئۆنلاین بۆتەوە بەهۆی شوناسی رەگەزیی و جێندەرییەوە.
حکومەت هەنگاوی زیاتری ناوە بۆ دادگاییکردنی ئەوانەی بەپرسن لە کوشتنی بێ دادگاییکردن. بۆ نموونە، لە 25 حوزەیران، دادگای تاوانی زیقار حکومی هەتاهەتایی سەپاند بەسەر مقدم عمر نزار لە یەکەی وەڵامدانەوەی بەپەلەی وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی 2019 کە بووە هۆی کوشتنی بەلای کەمەوە 25 کەس و برینداربوونی 200 کەسی تر.
کوشتنی بێ دادگاییکردن لەلایەن چەکداری نەناسراو و تووندوتیژی بە پاڵنەری سیاسیی چەندبارە روویانداوە لە سەرانسەری وڵات. لە مانگی تەموز سێ کاربەدەستی باڵا لە هەرێمی کوردستان کوژران. پۆلیس راپۆرتیدا لە کوژرانی (محمد میرزا سیندا)، کاربەدەستێکی باڵای پێشووی هەواڵگریی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلەکەی لە شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرپرسە لە کوشتنەکە؛ بەڵام نوێنەرانی یەکینەکانی پاراستنی گەل، باڵی چەکداریی پەکەکە، نکوڵیان کرد لە تێوەگلانی پەکەکە.
لە 7 تەموز، چەکداران لە سلێمانی دوو ئەندامی پارتی دیموکراتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە بنکەیان لە باکورە، کوشت و یەکێکی تریان بریندار کرد. لە مانگی مایس، کاروان گەزنەیی، سیاسەتمەداری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بانگەشەی کرد کە لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بووە.
میلیشیا ناحکومییەکان و وابەستەکانی داعش بەشداربوون لە کوشتنەکان. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە گروپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە هاوپەیمانی ئێرانن، لە سەرانسەری وڵات بەشداربوون لە کوشتن، رفاندن و بەزۆر پارەسەندن (ابتزاز)، بەتایبەتی لە پارێزگا تێکەڵەکان لەڕووی ئیتنیکیی و ئاینییەوە.
چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی ئەوانەی رەخنەیان گرتووە لە سیاسەتمەداران و میلیشیاکان، دەڵێن رووبەڕووی گێچەڵ بوونەتەوە. لە 25 مایس، لە دیالە چالاکوانی مافی مرۆڤ (عمر جلال ئەلقەسیسی) لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری بوو، پاش ئەوەی گروپێکی چەکدار بەتووندی هێرشیان کردە سەری و لێیاندا.
لە 1 کانونی دووەم، داعش دوو کەسیان کوشت کە ساڵی 2021 لە کەرکوک رفێندرابوون. لە کۆتایی ساڵەکەدا، هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە.
b. بێسەروشوێنکردن
راپۆرتی بەردەوام هەبوو لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن یان لەجیاتی دەسەڵاتەکانی حکومەت، لەناویاندا پۆلیسی فیدراڵی و یەکەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی. لەمانگەکانی نیسان و ئەیلول، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ (UN Committee on Enforced Disappearances) داوای لە حکومەت کرد پێداویستیی و مافەکانی قوربانییان دابین بکات، لەوانە ناساندنی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ وەک تاوانێکی سەربەخۆ لە یاسای نیشتیمانیدا بۆ یارمەتیدانی دادگاییکردن و داڕشتنی ستراتیژێکی هەمەلایەنی گەڕان و لێکۆڵینەوە، هەروەها دڵنیاییکردن لەوەی هەموو دەستبەسەرکراوان تۆمارکراون.
روانگەی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ د ەڵێت نزیکەی 12،000 خێزانی عێراقی راپۆرتیان پێشکەشکردوە لەسەر کەسانی بێسەروشوێن لەنێوان 2017 و 2023، هەروەها جەخت دەکاتەوە لەوەی پێدەچێت ژمارە راستەقینەکە بەرزتر بێت. لە 30 ئاب، کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) راپۆرتیدا لەسەر وەرگرتنی 994 داواکاریی گەڕان بۆ کەسانی بێسەروشوێن لە نیوەی یەکەمی ساڵەکە. چارەنووس و شوێنی 171 کەس یەکلای کرایەوە و پێنج کەس شادبوونەوە بە خێزانەکانیان لە دەرەوەی وڵات. لە مانگی حوزەیران، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) داوای لە دەسەڵاتداران کرد هەنگاوی کۆنکریتی بنێن بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی بەلای کەمەوە 643 پیاو و کور کە لە حوزەیرانی 2016 بە زۆرەملێ بێسەروشوێنکراون لەلایەن یەکەکانی حەشدی شەعبی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکانی رزگارکردنی فەلوجە لە داعش. لێبوردنی نێودەوڵەتی تێبینی کردوە کە لێپرسینەوە لە هیچ یەکەیەک نەکراوە لەسەر بێسەروشوێنەکردنەکان.
c. ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێن و پێشلێکاریی تری پەیوەندار
دەستوری فیدراڵی ئەشکەنجە و دانپیانانی زۆرملێی قەدەغە کردوە، بەڵام راپۆرتی متمانەپێکراو هەبوون لەسەر بەکارهێنانیان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتەوە. یاسا چوارچێوەی یاسایی و مەرجە رێکارییەکانی دیاری نەکردووە بۆ رێگرتن لە ئەشکەنجە. ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان، بنکەکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکان زۆرجار شاراوەن لە چاودێریی کارای یاسایی. ئەو جۆرە رەفتارانەی دەچنە خانەی ئەشکەنجە، بە یاسا پێناسە نەکراون، هەروەها یاسا دەسەڵاتی تەواوی بەخشیوە بە دادوەران، بۆ بڕیاردان لەسەر پەسەندکردنی دانپیانانی تۆمەتبار وەک بەڵگە و زۆرجار بەبێ رەچاوکرنی شێوازی وەرگرتنی دانپیانان. دادگاکان بەشێوەیەکی رۆتینی دانپیانانی زۆرەملێیان وەک بەڵگە پەسەندکردوە، کە لە زۆر کەیسی دژەتیرۆری پەیوەست بە داعش، تاکە بەڵگەی رەچاوکراو بوون. چەندین راپۆرتی رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیانداوە بەوەی کاربەدەستانی حکومەت ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێنیان بەکارهێناوە. پۆلیسی فیدراڵ، هێزەکانی حەشدی شەعبی و چەند یەکەیەکی دیاریکراوی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی ناوخۆ، بێ لێپسینەوە کاریان کردوە. بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ رێزگرتن لە سەروەریی یاسا لەناو دامەزراوەکانی ئاسایش، لەوانە پێشکەشکردنی راهێنان بە زیاتر لە 400 ئەفسەری پێشمەرگە و فەرمانبەر لەسەر بابەتەکانی مافی مرۆڤ، هەستیاری جێندەریی و پاراستنی کەسانی مەدەنیی.
راپۆرتی متمانەپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزە حکومییەکان، لەناویاندا پۆلیسی فیدراڵی، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، و هێزەکانی حەشدی شەعبی، پێشێلکاریی و ئەشکەنجەیان ئەنجامداوە لەدژی خەڵک، بەتایبەتی عەرەبی سوننە، لەکاتی دەستگیرکردن، راگرتنی پێش دادگایکردن و بەندکردنی پاش حوکمدان. بەندکراوانی پێشوو، راگیراوان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دۆکۆمێنتی کەیسەکانی ئەشکەنجە و مامەڵە یان سزای دیکەی تووند، نامرۆڤانە و شکۆشکێنیان کردوە لە دەزگاکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها، تاڕادەیەکی کەمتر، لە بەندیخانەکانی وەزارەتی بەرگری. بەپێی بەرپرسانی دادپزیشکیی، هەندێک قوربانیی نیشانەی لێدانی تووندیان هەبووە، لەگەڵ شکاویی ئێسک. رێکخراوە ناحکومەییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر کەیسەکانی مردن لە بنکەکانی راگرتنی پێش دادگاییکردن، بنکەکانی دیپۆرتکردن و بەندیخانەکان، بەهۆی بەردەوامیی ئەشکەنجەی سیستیماتیک و هەلومەرجی خراپی بنکەکانی دەستبەسەرکردن.
لە مانگی مایس، سەرۆکی پێشووی "لیژنەی 29" بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی فەریق ئەبو رەغیف دەستگیرکرا و راگیرا پاش "فەرمانێکی ڕوونی"ی وەزیری ناوخۆ لە ئەنجامی تۆمەی گەندەڵیی و کاری نامرۆڤانە.
سەرەتای ساڵی 2021، راگیراوان کاربەدەستانیان ئاگادارکردەوە لە تۆمەتی ئەشکەنجەدان لەلایەن لیژنەی 29 بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانان. لە مانگی مایس، سەرۆک وەزیران راسپاردەکانی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوەی پەسەندکرد بۆ رادەستکردنی بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوە لە لیژنەی 29 بە دەسەڵاتی دادوەریی بۆ دڵنیایی بوون لە لێپرسینەوە. قاسم حەمود مەنسور، بەرپرسێکی حکومی دەستگیرکراو لەلایەن لیژنەکە، لە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کرد؛ وێنە بینراوەکان لەلایەن رۆژنامەنووسان بەڵگەیان دەرخست لەسەر برینداربوونی سەری و کەوتنی ددانەکانی لە ئەنجامی بەکارهێنانی هێز. راپۆرتدراوە کە تۆمارە پزیشکییەکان و وێنەکان پاڵپشتی بانگەشەی برینداربووونی راگیراوانی تر دەکەن لەکاتی راگرتن. لەناو میتۆدەکانی ئەشکەنجەدان کە باسکران لەلایەن راگەیاندنەکانەوە و پشتڕاستکرانەوە لەلایەن چاودێرانی مافی مرۆڤەوە، لێدان بە تێلی ئاسن و کارەبادان لە کۆئەندامی زاوزێ هەبوون.
لە مانگی ئاب، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (Human Rights Watch) راپۆرتیدا لەسەر روودانی مردن بەشێوەی هەفتانە لەناو بەندیخانەکانی حکومەت لە ئەنجامی ئەشکەنجە، لێدان یان بەدخۆراکیی، بەتایبەتی بەندیخانەی ئەلهوت لە پارێزگای زیقار و بەندیخانەی ناوەندیی ئەلرەسافە و بەندیخانەی ئەلحیلە. هاوکات بەندیخانەکان رووداوەکانی خۆکوشتنیان تۆمارکرد، هەروەها پەرلەمانتاران هۆشدارییاندا لە "ئەشکەنجەدانی سیستماتیک" لە بەندیخانەکان. خانمە رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی (نەزیلە مەعروفیان)، بانگەشەی ئەوەی کرد لە مانگی کانونی یەکەم بۆ ماوەی 13 رۆژ لە بەندیخانەیەکی سلێمانی ئەشکەنجەدراوە.
سەرۆکی رێکخراوی ناحکومیی سەنتەری ستراتیژیی بۆ مافەکانی مرۆڤ، فازل ئەلغەراوی، ئاماژەی بەوە کرد کە لە تشرینی دووەمی 2022 ئۆفیسی سەرۆک وەزیران لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ وەرگرتنی سکاڵاکانی ئەشکەنجە لە بەندیخانەکان. لە کۆتایی ساڵدا، هیچ زانیارییەکی گشتی بەردەست نەبوو سەبارەت بە کاری لیژنەکە یان ژمارەی سکاڵا وەرگیراوەکان. لە مانگی ئاب، وەزارەتی داد لێکۆڵینەوەیەکی راگەیاند لەسەر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بەندکراوێک نیشان دەدات کە ئەشەکەنجە دەدرێت تا مردن لە بەندیخانەی ناوەندیی تاجی لە باکوری بەغداد.
دۆخی بەندیخانە و بنکەکانی دەستبەسەرکردن
دۆخی بەندیخانە و بنکەکانی دەستبەسەرکردن سەختن و زۆرجار مەترسین لەسەر ژیان، بەهۆی کەمی خۆراک، قەرەباڵغی لەڕادەبەدەر، ئازاردانی جەستەیی و دەستنەگەیشتنی گونجاو بە شوێنەکانی خاوێنی و چاودێریی تەندروستی، هەروەها هەڕەشەی نەخۆشییە گوێزراوەکان.
دۆخی ئازاردانی جەستەیی: ژمارەی تۆمەتباران بە ئەندامێتی داعش کە دەستبەسەرکراون لەلایەن حکومەتەوە بۆتە هۆی خراپتربوونی قەرەباڵغی بەسیستەمکراوی ناو بەندیخانە حکومییەکان. فەرمانگەی چاکسازیی عێراق، کە بەشێکە لە وەزارەتی داد، 29 چاکسازیی لە ناو ووڵات بەڕێوەدەبات. وەزارەتەکانی داد، بەرگری و ناوخۆ 24 بنکەی دەستبەسەرکردن بەڕێوەدەبەن. هەروەها خزمەتگوزاری دژەتیرۆر بەلای کەمەوە یەک بنکەی راگرتنی پێش دادگاییکردن بەڕێوەدەبات. لە مانگی نیسان، وەزارەتی داد پشتڕاستی کردەوە کە بەندیخانەکان گەیشتوونەتە 300 لەسەدی توانای خۆیان. وەزارەتی داد رایگەیاند کە بەڕێوەبەری بەندیخانەی رەسافە لەسەرکارلابراوە پاش دووپاتکردنەوەی ئەوەی بەندیخانەکە گەیشتۆتە 400 لەسەدی توانای خۆی.
ئەندامانی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجومەنی نوێنەران، دۆخی بەندیخانەکانی ئافرەتانیان سەرکۆنە کرد وەکو پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤیان ناساند و رایانگەیاند کە زۆرینەی بەندکراوان لەو خێزانەناوە هاتوون کە پەیوەستبوون بە داعشەوە. بەپێی وەزارەتی داد، دەسەڵاتدارەکان منداڵی تا تەمەنی 12 ساڵانیان لەگەڵ دایکیان بەندکردوە کە تۆمەتبارن بە پەیوەستبوون بە داعشەوە. لەماوەی ساڵەکەدا، بەپێی هەندێک راپۆرت، 100 منداڵ لەگەڵ دایکیان لە بەندیخانە بوون. راپۆرتەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نزیکەی 60 بەندکراوی گەورە مردوون. بەلای کەمەوە 400 ئافرەت لە بەندیخانەیەکی ئاسایش-تووند لە بەغداد دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد وەک ناڕەزایی بەرامبەر حکومدانیان وەک ئەندامی داعش و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دادگاییکردنەکانیان نادادپەروەرانە بوون، هەروەها بۆ دەرخستنی هەلومرجی خراپی بەندیخانە. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتیداوە کە دادگاکان سزای بەندکردنی درێژ و سزای مردنیان سەپاندووە بەسەر کەیسە پەیوەستەکان بە داعش "پاش حکومدان بەزۆری لەسەر بنەمای دانپیانان کە بانگەشە دەکرێت لەڕێگەی ئەشکەنجەوە وەرگیراون." بەپێی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، زۆربەی پیاوەکان لەسەر تیرۆر حوکمدراون و لەسێدارەدراون بەبێ شەفافیەت، ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و توانای پەیوەندیکردن بە خێزانەکانیان یان پارێزەرەکانیان. رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەمە داوە وەک یەکەم "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ" پاش ئەوەی بەگشتی ئەم پیادەکردنە لەلایەن حکومەتی پێشووەوە لە ساڵی 2020 راگیرا.
لە مانگی ئەیلول، موسعەب ئالوسی، هاوکار لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) راپۆرتیدا کە دەسەڵاتداران راگیراوەکانیان بۆ ماوەی درێژ هێشتۆتەوە پێش دەرکردنی سزاکانیان، هەروەها پاسەوانی بەندیخانەکان راگیراوانیان رووبەڕووی چەندین جۆر ئەشکەنجە کردۆتەوە. هەروەها گوتی میلیشیاکان، پارتە سیاسییەکان، تاقمە خێڵەکییەکان و تاقمەکانی تر دەیان "بنکەی دەستبەسەرکردنی نهێنیی" بەڕێوەدەبەن کە تێیدا ئەشکەنجەی سیستماتیک پیادەدەکەن.
لە مانگی تەموز، وەزارەتی داد دانینا بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان لە بەندیخانەکان بەهۆی قەرەباڵغیی و رایگەیاند هەماهەنگی دەکات لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی بۆ باشترکردنی هەلومەرجی تەندروستی بەندکراوان. وەزارەت روونیکردەوە "دۆخی تەندروستی لەناو بەندیخانەکان" یەکێکە لە "گەورەترین بەربەستەکان کە رووبەڕووی کاری وەزارەت دەبێتەوە"، لەبەرئەوەی "نەخۆشییەکان لەناو بەندکراوان بڵاوبوونەتەوە" لە ئەنجامی قەرەباڵغیی.
گروپە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە دەسەڵاتداران لە چەندین رووداودا ڕێگرییان کردوە لە سەردانی کەسوکار بۆ لای ڕاگیراوان و حوکمدراوان. لە چەندین کەیسدا، کەسوکاری ڕاگیراوان ناچاربوون بەرتیلی گەورە بدەن بەرامبەر سەردانی کەسی بەندکراویان لە بەندیخانە. بانگەشە دەکرێت کە پاسەوانەکان داوای بەرتیلیان کردوە یان لە بەندکراوانیان داوە کاتێک بەندکراوان داوایان کردووە پەیوەندی بکەن بە کەسوکارەکانیان یان پارێزەرەکانیان.
لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق، شەش بنکەی چاکسازیی هەیە: سێ بۆ پیاوانی بەندکراو و سێ بۆ ئافرەتان و نەوجەوانانی بەندکراو. چاکسازییە تەرخانکراوەکان بۆ ئافرەتان و نەوجەوانان بە تێکەڵیی سزادراو و راگیراوی پێش دادگاییکردنی تێدایە، لەکاتێکدا ڕاگیراوانی پیاو لە بەشەکانی ڕاگرتنی بنکەکانی پۆلیس دەهێڵرێنەوە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستانی عێراق. کۆی ژمارەی بەندکراوان زیاترە لە توانای هەر یەکێک لە چاکسازییەکان بەڕێژەی 157 لەسەد. بەپێی کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی ژمارەی بەندکراوان دەگاتە 4،922 کەس، لەناویاندا 181 نەوجەوان هەیە. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەندێک لە چاکسازییەکان و بنکەکانی ڕاگرتنی پۆلیس، نەوجەوانان لەگەڵ گەوران لەهەمان قاوش دانراون، لەبەرئەوەی لە هەرێمی کوردستان تەمەنی بەرپرسیارێتی یاسایی 11 ساڵە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، کە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆیە و بەرپرسیارە بەرامبەر پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتیداوە کە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆمەڵێک گرفتی درێژخایەنیان هەیە، وەک قەرەباڵغیی، خراپی خزمەتگوزارییەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، خاوێنی، بەکارهێنانی تووندوتیژی لەماوەی ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن و کۆنیی ژێرخانی چاکسازیی ئافرەتان و نەوجەوانان. ژمارەی سنوورداری کارمەندانی تەندروستی کە ناتوانن خزمەتگوزارییە تەندروستییە گونجاوەکان پێشکەش بە هەموو بەندکراوان بکەن .
کارگێڕیی: حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن هەنگاویان ناوە بۆ چارەسەرکردنی تۆمەتەکانی خراپ مامەڵەکردن لە بەندیخانە و بنکەکانی ڕاگرتنی حکومەت؛ بەڵام ئاستی ئەم هەنگاوانە بەتەواوی نەزانراون.
کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە کە بەندینخانەکانی هەرێمی کوردستان چاودێریی دەکرێن لەلایەن کۆمسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور (ICRC) و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و بەندکراوان دەتوانن راپۆرت بدەن لەسەر کەیسەکانی ئەشکەنجە لەڕێگەی کارگێڕیی بەندیخانە، داواکاری گشتی یان ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانییەکان، دەسەڵاتداران نیشانە جەستییەکانی ئەشکەنجەیان پشتگوێ خستووە، هەروەها ڕێکارەکانی سکاڵاکردن نادادپەروەرانەن ناکاریگەرن. زۆر لە بەندکراون بڕیاردەدەن راپۆرت نەدەن لەسەر مامەڵەی خراپ بەهۆی نەبوونی متمانە بە دەسەڵاتەکان یان ترس لە تۆڵەسەندنەوە.
چاودێریی سەربەخۆ: بەندیخانەکانی سەربە فەرمانگەی چاکسازییەکانی عێراقی فیدراڵ رێگەدەدەن بە سەردانی بەردەوامی چاودێرانی سەربەخۆی ناحکومیی. وەزارەتی داد راپۆرتیدا لەسەر 68 سەردان بۆ چاکسازییەکانی گەوران و 23 سەردان بۆ چاکسازییەکانی نەوجەوانان.
کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) ڕایگەیاند وەزارەتی داد نەک تەنها رێگری کردووە لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەردانی بەندیخانەکان بکەن، بەڵکو هاوکات رەتیکردۆتەوە هەلومەرجی بەندیخانەکان ئاشکرا بکات.
d. دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی
دەستوری فیدراڵ و یاسا، دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی قەدەغە دەکەن، هەروەها ماف دەدەن بە هەر کەسێک لە دادگا تانەبدات لە یاساییبوونی دەستگیرکردن و بەندکردنی. بەڵام سەرەڕای ئەم گەرەنتیانە، چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر دەستگیرکردن و بەندکردنی نایاسایی، بەزۆری لەدژی عەرەبی سوننە و ئاوارە ناوخۆییەکان.
ڕێکارەکانی گرتن و مامەڵەی بەندکراوان
بەپێی یاسا، گرتن و هێشتنەوەی کەسەکان قەدەغەیە بەبێ فەرمانی دادوەر یان دادگا، یان ئەگەر هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی کردەی تاواندا دەستگیربکەن. یاسا قەدەغەی کردوە، جگە لە دەسەڵاتە رێگەپێدراوەکان بە یاسا، هیچ دەسەڵاتێکی تر کەس دەستبەسەربکات. بەڵام چالاکوانانی ناوخۆیی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە یەکەکانی حەشدی
راگەیاندنە ناوخۆییەکان و گروپەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە، کە دەسەڵاتداران گومانلێکراویان دەستگیرکردوە لە هەڵمەتی پشکنیکی ئاسایشی بێ مۆڵەت، بەتایبەتی بەپێی یاسای دژەتیرۆر، هەروەها زۆرجار ئەم دەستگیرکراوانەیان بۆ ماوەی درێژ بەندکردوە بەبێ تۆمارکردن یان بردنە پێش دادگا. حکومەت هەندێک جار دەستگیرکراوانی ئازادکردوە، بەگشتی پاش ئەنجامگیری کە بەڵگەی پێویست نەبووە بۆ حوکمدانیان لە دادگاکان، بەڵام زۆری تر لە بەندیخانە ماونەتەوە لە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی تۆمەتی تر.
یاسا رێگەدەدات بە ئازادکردن بە کەفالەتی کەسیی بۆ دەستگیرکراوان لەسەر تاوان (بەڵام ئاسایش نا). دەسەڵاتداران بەدەگمەن دەستگیرکراوان بە کەفالەت ئازاد دەکەن. یاسا دەسەڵات دەدات بە دادوەر، پارێزەری بێبەرامبەر دیاریبکات بۆ نەداران. پارێزەرانی دیاریکراو لەلایەن دادگاوە زۆرجار سکاڵا دەکەن لە دەستنەگەیشتنی گونجاو بە بەندکراوان کە دەبێتە ڕێگر لە ڕاوێژکاریی نێوان پارێزەران و دەستگیرکراوان. لە زۆر کەیسدا، دەستگیرکراوان نەیانتوانیوە پارێزەرەکانیان ببینن تا رۆژی دیاریکراوی دادگاییکردن.
دەستگیرکردنی نایاسایی: چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر دەستگیرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، لەوانە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان. ئامارێکی دروست بەردەست نەبوو لەسەر ژمارەی کرداری لەم جۆرە یان ماوەی دەستبەرسەرکردنەکان. دەسەڵاتداران زۆرجار خێزانی دەستگیرکراوانیان لە گرتن و شوێنی دەستبەرسەرکردن ئاگادارنەکردۆتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی دەستبەسەرکردن بەبێ پەیوەندی، ئەگەر نەڵێین بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ. هاوکات ڕێکخراوە مرۆییەکان راپۆرتیانداوە کە لە زۆر دۆخدا، دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ، بەندکراوانیان لە هۆکاری دەستگیرکردن یان تۆمەتی ئاڕاستەکراو ئاگادارنەکردۆتەوە. زۆربەی راپۆرتەکان لەسەر دەستگیرکردن و ڕاگرتنی نایاسایی، پەیوەستن بە کەیسی گومانلێکراوان یان هەوادارانی داعش و وابەستەکانیان و ئەندامانی خێزانەکانیان.
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، چالاکوانان و رۆژنامەوانان، ڕاپۆرتی چەندبارەیان داوە کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و خۆپیشاندەرانیان دەستگیرکردوە. ئەوانەی دەستگیرکراون بانگەشەی ئەوە دەکەن زانیاریان پێنەدراوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە و دواجار بەبێ بردنە پێش دادوەر ئازادکراون، هەروەها هەندێکیان ڕاپۆرتیانداوە کە مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە. لە مانگی ئاب، کارمەندانی هەواڵگریی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ رۆژنامەنووس (ئیسماعیل کاشانی)یان دەستگیرکرد، پاش ئەوەی کاشانی رەخنەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت لەسەر ئەگەری گەندەڵیی و خراپ بەڕێوەبردنی موچەی فەرمانبەرانی گشتی. دوو رۆژ دواتر ئازادکرا، بەڵام بەپێی راپۆرتەکانی راگەیاندنە ناوخۆییەکان، دەسەڵاتداران فەرمانی دەستگیرکردنی کاشانیان نیشان نەداوە، ئەگەرچی پاش دەستگیرکردنی ماڵەکەیان پشکنیوە.
ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن: وەزارەتەکانی داد، بەرگری، ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی یاساییان پێدراوە بۆ هێشتنەوەی ڕاگیراوان پێش دادگاییکردن. هەروەها خزمەتگوزارییەکانی ئاسایش، کە راستەخۆ بەرپرسیارن بەرامبەر ئۆفیسی سەرۆک وەزیران، لە هەندێک دۆخی سنووردار و بۆ ماوەی کورت دەتوانن ڕاگیراوان پێش دادگاییکردن ڕابگرن. ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن بۆ ماوەی درێژ، کێشەیەکی سیستماتیکی بوو و زۆرجار ماوەکە یەکسان یان زیاتر بووە لە زۆرترین ماوەی سزای دیاریکراو بۆ ئەو تۆمەتانە، بەبێ پەیڕەوکردنی ڕێکاری دادوەریی یان پێداچوونەوەی دادوەریی، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە تۆمەتبار بوون بە پەیوەندی لەگەڵ داعش. لە مانگی ئەیلول کۆڕبەندی نێودەوڵەتی کەنداو (Gulf International Forum) ڕایگەیاند هەندێک ڕاگیراو بە دەستبەسەرکراوی هێڵراونەتەوە بۆ ماوەی چەندین مانگ یان ساڵ پێش حوکمدانیان، لەکاتێکدا کەسانی تر لە بەندیخانە ڕاگیراون بەبێ ئەوەی بەفەرمی تۆمەتیان ئاراستە بکرێت.
بەپێی چاودێران، دەوڵەت و تاکەکەسەکان تۆمەتی فەرمییان ئاراستەی 28،000 ڕاگیراو کردووە، لەکاتێکدا 29،000 ڕاگیراوی تر هێشتا چاوەڕوانی تۆمەتەکانیانن.
بەپێی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، زۆری ژمارەی ڕاگیراوانی پێش دادگاییکردن دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی دادبینی کەیسەکانە لە دادگاکان، سەرەڕای چەند هۆکارێکی تری وەک زۆری ژمارەی بەندکراوان، ڕاگرتنی تۆمارنەکراو، هێواشیی پرۆسەی لێکۆڵینەوەی تاوان، کەمیی ژمارەی دادوەران و کارمەندی دادوەریی ڕاهێنراو، ناکارایی یان خەمساری دەسەڵاتداران بۆ بەکارهێنانی کەفالەت یان مەرجەکانی تری ئازادکردن، نەبوونی ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەرتیل و گەندەڵیی.
ڕاگرتنی پێش دادگاییکردن بۆ ماوەی درێژ، بەتایبەتی بەربڵاوبوو لەو ناوچانەی کە لە داعش ئازادکراون، کە ژمارەیەکی زۆر دەستبەسەرکراوی پەیوەست بە داعش و بەکارهێنانی شوێنی هەموارکراو، بۆتە هۆی قەرەباڵغی زۆر و نەگونجاوی خزمەتگوزارییەکان. ڕاپۆرت هەبوو لەسەر هێشتنەوەی بەندکراوان پاش بڕیاری دادوەریی بۆ ئازادکردنیان، هەروەها ئازادکردنی نایاسایی. ڕاپۆرت هەبوو کە دەسەڵاتداران هەندێک کەسیان بەبێ دادگایکردن بۆ ماوەی چەندین مانگ یان ساڵ پاش گرتنیان هێشتا بە دەستبەرسەری هێشتۆتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی بەپێی یاسای دژەتیرۆر دەستگیرکراون. هەندێک کات دەسەڵاتداران چەندین دەستگیرکراویان بەدابڕاوی و بێ پەیوەندیی دەستبەسەردەکەن، بەبێ دەستگەیشتن بە پارێزەر یان بەبێ بردنە بەردەمی دادوەر لە ماوەی ڕێگەپێدراوی یاساییدا. دەسەڵاتەکانی بەندیخانە و بنکەکانی ڕاگرتن، هەندێک کات ئازادکردنی ڕاگیراو یان بەندکراویان دواخستوە کە بێتاوانیان سەلمێنراوە، بەهۆی نەبوونی تۆماری بەندکراو یان گرفتی تری ڕۆتین، یان بەرتیلیان سەندوە لە بەندکراوان پێش ئازادکردنیان پاش تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان.
لە مانگی ئەیلول، ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان راپۆرتیاندا لەسەر چیرۆکی شەش بەندکراوی ئازادکراو کە باسی مامەڵەی خراپ و ڕاگرتنی درێژخایەنی پێش دادگاییکردنیان کرد لەکاتی بەندکردنیان لە بەندیخانەکانی وەزارەتی داد، هەروەها ئاماژەیاندا بە هەندێک بەندکراو کە ناچاکراون بەرتیل بدەن بۆ دیاریکردنی رۆژی دادگاییکردنیان و خۆپاراستن لە ڕاگرتن بۆ سێ ساڵ پێش دادگاییکردن. ڕێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگیراوانیان هێشتۆتەوە بۆ ماوەی درێژ لە قۆناغی پێش دادگاییکردن. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی ئەوەیان کردوە کە داواکارانی گشتی و پارێزەرانی بەرگری زۆرجار رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و دادگایکردنەکان بەشێوەی ناپێویست دوادەخرێن لەبەر هۆکاری کارگێڕیی. بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان، هەندێک بەندکراو لە بنکەکانی ئاسایشی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی درێژکراوە ڕاگیراون، تەنانەت پاش دەرکردنی فەرمانەکانی دادگا بۆ ئازادکردنیان. پارێزەرانی دابینکراو لەلایەن ڕێکخراوێکی ناحکومیی نێودەوڵەتییەوە دەستگەیشتنی بەردەوامیان هەبووە و نوێنەرایەتی یاساییان پێشکەش کردوە بە تۆمەتبارانی نەوجەوانی پەیوەست بە داعش کە دادگا پارێزەری بۆ دیاری نەکردون، هەروەها بۆ هەموو نەوجەوانانی نوێنەرایەتی نەکراو لە هەرێمی کوردستان.
e. بێبەشکردن لە دادگاییکردنی دادپەروەر و کراوە
دەستوری عێراق دامەزرێنەری دادوەرییەکی سەربەخۆیە، بەڵام هەندێک ماددەی یاسایی سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەرییان سنووردار کردووە. دادگای باڵای فیدراڵی بڕیار دەدات لەو پرسانەدا کە پەیوەستن بە فیدراڵیزم و دەستورەوە، هەروەها ئەنجومەنێکی باڵای دادوەریی جیاواز بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیاری سیستمی دادگایە، لەناویاندا بابەتەکانی تەمبێکردن (ڕێککاریی).
بەپێی ڕاپۆرتەکان، گەندەڵیی و تەنگپێهەڵچنین کاریگەرییان هەیە لەسەر هەندێک دادوەر لە کەیسەکانی تاوان لە ئاستی دادگاییکردن و لە ئاستی تێهەڵچوونەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوە. چەندین هەڕەشە و کوشتن لەلایەن پێکهاتەی مەزهەبیی، خێڵەکیی، توندڕەوی تووندوتیژ و تاوانکار، بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە سەربەخۆیی دادوەریی و زۆرجار دادوەران، پارێزەران و ئەندامانی خێزانەکانیان رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن و پەلامار دەبنەوە. بۆ نموونە لە مانگی نیسان، سەندیکای پارێزەران راپۆرتیدا کە پارێزەرێک هەڕەشەی لێکراوە و پەلاماردراوە لەلایەن داواکارانەوە لە دۆسییەکی دادگادا کە پارێزەرەکە پێشکەشی کردبوو. سەندیکا ڕایگەیاند کە پەلامارەکە بەشێکە لە دیاردەی زیادبوونی پەلامارەکان لەدژی پارێزەران، کە ژمارەکە لەنێوان پێنج تا دە پەلامارە لە مانگێکدا لە سەرانسەری وڵات.
ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان لەڕووی یاسایی، دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆیە لە وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان، سەرکردە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەیسە هەستیارەکان لەڕووی سیاسییەوە. هەروەها راپۆرت هەبوو کە بەهێزترین حیزبەکانی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، کاریگەرییان هەیە لەسەر دامەزراندنی دادوەران و بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ دووپاتیان کردەوە کە زۆرجار دادوەران لێکۆڵینەوەیان نەکردووە لە بانگەشەی متمانەپێکراو کە هێزەکانی ئاسایش ئەشکەنجەیان بەکارهێناوە لەدژی گۆمانلێکراوانی تیرۆریزم و زۆرجار تۆمەتبارانیان حوکمداوە تەنها لەسەر بنەمای دانپیانانی زۆرەملێ.
Both local and international human rights organizations asserted judges frequently failed to investigate credible allegations that security forces tortured terrorism suspects and often convicted defendants based solely on coerced confessions.
ڕێکارەکانی دادگاییکردن
دەستور و یاسا مافی دادگاییکردنی ڕەوا و کراوەی داوە بە هەموو هاووڵاتیان، بەڵام دەسەڵاتی دادوەریی ئەم مافەی بۆ هەموو تۆمەتباران جێبەجێ نەکردووە. هەندێک بەرپرسی حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) راپۆرتیانداوە کە ڕێکارەکانی دادگاییکردن لە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نەبوون.
بەپێی یاسا کەسی تۆمەتبار مافی هەیە وەک بێتاوان مەزەندە بکرێت تا تاوانەکەی دەسەلمێنرێت. ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەیانداوە بەوەی دادوەران لە کەیسەکانی پەیوەست بە داعش، هەندێک جار تاوانباریی تۆمەتبارییان سەلماندوە تەنها لەڕێگەی ئامادەبوونی کەسەکە لە شوێنێکی جوگرافیی نزیک لە چالاکییەکانی گروپە تیرۆریستیەکە، یان بەهۆی پەیوەندیی هاوسەریی یان خزمایەتیی لەگەڵ تۆمەتبارێکی تر. بەپێی یاسا، پێویستە ڕاگیراوان بەخێرایی ئاگاداربکرێنەوە لە وردەکارییەکانی تۆمەتی ئاراستەکراو و مافیان بۆ دادگایکردنێکی ڕەوا و کراوە و خێرا. بەڵام، بەشێوەیەکی ڕۆتینیی بەرپرسان سەرکەوتوو نەبوون لە ئاگەدارکردنەوەی خێرای ڕاگیراوان یان لە پێشکەشکردنی وردەکاری تۆمەتەکانیان کە ئاڕاستەیان کراوە. دادگاییکردنەکان کراوە بوون، تەنها لە هەندێک کەیسی ئاسایشی نیشتیمانیی نەبێت. چەندین تۆمەتبار ڕووبەڕووی دواکەوتنی ناپێویستی دادگاییکردن بوونەتەوە.
مافەکانی تۆمەتبار بەپێی یاسا بریتین لە مافی ئامادەبوون لەکاتی دادگاییکردن و مافی دیاریکردنی پارێزەری تایبەت یان دیاریکراو لەلایەن دادگاوە لەسەر تێچووی گشتی ئەگەر پێویستی کرد. تۆمەتباران زۆرجار کات و ڕێوشوینی گونجاویان نەبووە بۆ ئامادەکردنی پەراوی بەرگریی. دەستنەگەیشتنی گونجاوی تۆمەتباران بە پارێزەری بەرگری کەموکوڕییەکی بەرچاو بووە لە ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و تێهەڵچوونەوە. ئەمە بەتایبەتی باو بووە لە دادگاکانی دژەتیرۆر، کە کارمەندانی دادوەریی هەوڵیانداوە بەخێرایی حوکم و سزای هەزاران گومانلێکراوی داعش بدەن، هەندێک جار لەڕێگەی دادگاییکردنی بەکۆمەڵ.
هاوکات بەپێی یاسا تۆمەتباران مافیان هەیە وەرگێڕی بێبەرامبەر بەکاربهێنن، ئەگەر پێویستی کرد. تواناکانی وەرگێڕەکان جیاوازی زۆری هەبووە. هەندێک کات شاندە دیپلۆماسیە بیانییەکان خۆیان وەرگێڕیان دابین کردوە، کاتێک هاووڵاتی خۆیان دادگاییکراون. کاتێک وەرگێڕ بەردەست نەبووە، دادوەرەکان دانیشتنی دادگایان دواخستوە و تۆمەتبارانی بیانییان گەڕاندۆتەوە بۆ زیندان.
دادوەرانی لێکۆڵینەوە بەڵگەکان کۆدەکەنەوە و بڕیاردەدەن پرسەکە ڕەوانەی دەستەی دادگا بکرێت. دەستەی دادگا لە دۆسیەی لێکۆڵینەوە دەڕوانێت، دانیشتنی دادگا ئەنجام دەدات و دادبینیی دەکات لەسەر تاوانباری یان بێتاوانیی.
تۆمەتباران، بەپێی یاسا، نابێت ناچاربکرێن وتە یان دانپیانان پێشکەش بکەن. بەڵام هەمیشە تۆمەتباران و پارێزەرەکانیان مافی دەستگەیشتنیان پێنەدراوە بە بەڵگەکان، یان بەرپرسانی حکومەت داوای بەرتیلیان کردوە بەرامبەر دەستگەیشتن بە پەراوەکانی کەیسەکە. لە چەندین کەیسدا، دادوەران پشتیان بەستوە بە دانپیانانی زۆرەملێ یان ناچارەکیی، وەک بەڵگەی سەرەکیی یان تاکە بەڵگە بۆ سزادان، بەبێ پشتڕاستکردنەوە بە بەڵگەی پزیشکی دادوەریی یان وتەی شاهیدی سەربەخۆ. یاسا حوکمی داناوە بۆ دووبارە دادگاییکردنەوەی ئەو بەندکراوانەی حوکمدراون لە ئەنجامی دانپیانانی زۆرەملێ یان ناچارەکیی یان بەڵگەی دابینکراو لەلایەن هەواڵدەری نهێنییەوە، بەڵام رێکخراوە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە کە ئەم یاسایە بەشێوەیەکی هەڵبژێردراو جێبەجێ دەکرێت.
تا مانگی ئادار، شێروان شێروانی و گوهدار زێباری هێشتا لە زیندان بوون، دوو لە بەندکراوانی "بادینان"، کە ئاماژەیە بۆ ئەو ناوچەیەی پارێزگای دهۆک کە ئەفسەرانی هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری پارتی دیموکراتی کوردستان (پاراستن) دەیان چالاکوان، ڕۆژنامەوان و خۆپیشاندەریان لە ساڵی 2020 دەستگیرکرد. بڕیاربوو شێروانی و زێباری لەماوەی ساڵەکەدا ئازادبکرێن، بەڵام سزاکەیان درێژکرایەوە پاش ئاراستەکردنی تۆمەتی نوێ، ڕاستەوخۆ پێش ڕێکەوتی دیاریکراو بۆ ئازادکردنیان. لە مانگی تەموز، هێزەکانی ئاسایشی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دهۆک رۆژنامەنووس (ئومێد بەڕۆشک)یان دەستگیرکرد، پاش ئەوەی بەڕۆشکی لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رەخنەی گرت لە درێژکردنەوەی ماوەی سزای شێروانی و داوایکرد لەدژی بڕیارەکە خۆپیشاندان بکرێت.
زیندانیی و ڕاگیراوی سیاسی
ڕاپۆرت هەبوو لەسەر هەبوونی زیندانیی و ڕاگیراوی سیاسیی. بەڵام سەخت بوو هەڵسەنگاندن بکرێت بۆ ئەم بانگەشانە، بەهۆی نەبوونی شەفافیەتی حکومەت، بەربڵاوی گەندەڵی لە رێکارەکانی دەستگیرکردن، هێواشی بەڕێکردنی کەیس و دەستگەیشتنی زۆر سنووردار بە بەندکراوان، بەتایبەتی ئەوانەی لە زیندانەکانی دژەتیرۆر، هەواڵگری و شوێنە سەربازییەکاندا دەستبەسەرن. حکومەت هیچ بەندکراوێک وەک زیندانیی یان ڕاگیراوی سیاسیی نابینێت و بانگەشە دەکات کە هەموو دەستبەسەرکراوان یاساکانی تاوانیان پێشێلکردوە. بەڵام نەیارانی سیاسیی حکومەت بانگەشە دەکەن حکومەت خەڵکی زیندانیی کردوە، بەهۆی چالاکیی یان بڕوای سیاسیی، لەژێر پەردەی تۆمەتی تاوانەکانی وەک گەندەڵیی تا تیرۆریزم و کوشتن. ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیانداوە کە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسیی ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و گێچەڵ بوونەتەوە بەدرێژایی ساڵ بەهۆی وتەی ڕەخنەیی لەدژی حکومەت، ئێران و میلیشیاکان.
f. ساڕێژکردنەوە (قەرەبووکردنەوە)ی قۆناغی ڕاگوزەر
چەند چالاکوانێکی بزووتنەوەی تشرینی 2019 کە لە تاراوگە لە وڵاتانی بیانیی دەژین، ڕاپۆرتیانداوە کە هەڕەشەی چەندبارە لە سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان کراوە، لەوانە هۆشداری لەوەی ئازاریان پێدەگات ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق. هەندێک لە چالاکوانەکان چوونە دەرەوەی وڵات بەهۆی کردنەوەی دۆسیەی تاوان لەدژیان، کە لەو بڕوایەدان بە ئامانجی رێگرتنە لە پیادەکردنی مافی ئازادیی رادەبڕین و تۆڵەسەندنەوەیە بەرامبەر سەرکردایەتیکردنی خۆپیشاندانەکان لەدژی حکومەت.
g. دەستبەسەراگرتن و گەڕاندنەوەی موڵک
دەستوری فیدراڵ و یاسا دەستبەسەرداگرتنی موڵک قەدەغە دەکەن، تەنها بۆ سوودی گشتی نەبێت، ئەویش بەرامبەر قەرەبووی دادوەرانە. دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک لە ساڵی ڕابوردودا بەردەوام بوو لە کەمبوونەوە، بەتایبەتی موڵکی دەستبەسەراگیراوی پێکهاتە ئاینیی و ئیتنیکییەکان یان گومانلێکراوان بە ئەندامێتی داعش.
لە مانگی مایس، دەزگا هەواڵییە هەرێمایەتییەکان ڕاپۆرتیاندا لەسەر دەستبەسەراگرتنی بەربڵاوی موڵک لە ناوەڕاستی بەغداد لەلایەن میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران عەسائیبی ئەهلی حەق، کەتائیبی حیزبوڵا و ڕێکخراوی بەدر، بە هەڕەشە و تەنگپێهەڵچنین لەدژی خاوەن موڵکەکان و لەڕێگەی یەکەکانی حەشدی شەعبی پەیوەست بە خۆیان. لە مانگی ئاب، سەرۆک وەزیران، وەزیری ناوخۆی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەیەک بکاتەوە لەم ڕاپۆرتانەی دەستبەسەراگرتنی نایاسایی موڵک.
h. دەستوەردانی هەڕەمەکیی یان نایاسایی لە تایبەتمەندیی، خێزان، ماڵ یان پەیوەندییەکان
دەستوری فیدراڵ و یاسا، کرداری لەم جۆرە قەدەغە دەکات، بەڵام چەندین ڕاپۆرت هەبوون کە حکومەت رێزی لەم قەدەغەکردنانە نەگرتووە. هێزە حکومییەکان زۆرجار چوونەتە ماڵان، بەبێ مۆڵەتی دادوەری یان ڕێگەپێدانی گونجاو.
راپۆرت هەبوو کە دەسەڵاتداران هاوسەر یان ئەندامانی تری خێزانی کەسانی هەڵهاتویان دەستگیر کردوە – بەتایبەتی عەرەبی سوننە کە داواکراون بە تۆمەتی تیرۆریزم – ئەمەش بۆ ناچارکردنی هەڵهاتوان بۆ خۆبەدەستەوەدان.
i. پێشێلکارییە پەیوەستەکان بە ناکۆکیی
پێشێلکارییە پەیوەستەکان بە ناکۆکیی سەرچاوەیان گرتووە لە پەلامارە پچڕپچڕەکانی داعش و شانە پەیوەستەکانی؛ پێکدادانی لێرەولەوێ لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی عێراق و داعش لە ناوچە دوورەدەستەکان؛ هەبوونی میلیشیاکان کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا نین، لەوانە یەکەکانی حەشدی شەعبی کە پەیوەستن بە ئێران؛ ناکۆکیی چەکداریی بەردەوامی نێوان تورکیا و پەکەکە؛ هەروەها تووندوتیژی بە پاڵنەری مەزهەبیی، ئیتنیکیی و دارایی. داعش پەلاماری هەڕەمەکیی ئەنجامداوە لەدژی خەڵکی مەدەنیی، زۆرجار لەناو کۆمەڵگە شیعییەکان. حکومەت چەند سکاڵایەکی فەرمیی دەرکردوە سەبارەت بە پەلامارەکانی تورکیا لەناو خاکی سەروەری عێراق.
کوشتن: ڕێکخراوی ناحکومیی سەربەخۆ (ژماردنی تەرم لە عێراق - Iraq Body Count) کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە وڵات تۆماردەکات، راپۆرتیداوە کە تا مانگی ئاب 398 کەسی مەدەنی بەهۆی پێکدادانی ناوخۆیی کوژراون.
راپۆرت هەبوو لەسەر کوژرانی مەدەنیی بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی سوپای تورکیا لە باکوری وڵات. لە مانگی نیسان، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە دوو کەسی مەدەنیی کورد لە دهۆک کوژراون لە ئەنجامی پەلاماری ئاسمانی تورکیا. لە مانگی ئاب، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە یەک کەسی مەدەنیی کوژراوە و یەک کەسی تر بریندار بووە لە ئەنجامی پەلاماری درۆن لە دهۆک، هەروەها چوار کەسی مەدەنیی کوژراون و یەکێکی تر بریندار بووە لە ئەنجامی پەلاماری ئاسمانی تورکیا لە سلێمانی. لە مانگی ئەیلول، ڕاگەیاندنەکان ڕاپۆرتیاندا کە هێزەکانی ئاسایش کوژرانی کەسێک و برینداربوونی کەسێکی تریان پشتڕاست کردۆتەوە لە ئەنجامی پەلاماری درۆنی تورکیا لەدژی ئامانجێک کە بانگەشە دەکرێت پەکەکە بێت لە ناحیەی سەنگەسەر لە پارێزگای سلێمانی.
سەرەڕای شکستی مەیدانیی، داعش هێشتا ئەنجامدەرێکی سەرەکیی پێشێلکاریی و تاوان بوو. پاشماوەی چەکدارانی داعش، بەشێوەی شانەی نوستوو و تیمی پەلاماردەر هەستاون بە پەلاماری نیشانشکێن، بۆسە، ڕفاندن و کوشتن لەدژی هێزەکانی ئاسایش و سەرکردە جڤاکییەکان. ئەم پێشێلکارییانە بەتایبەتی بەدیدەکران لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و کەرکوک. لە 26 ئادار، داعش بەرپرسیارێتی ڕاگەیاند لە کوشتنی سەربازێک و بریندارکردنی یەکێکی تر لەمیانەی پەلامارێک لە ئەنبار لە رۆژئاوای وڵات. لە 11 حوزەیران، وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاند لە ئەنجامی پەلامارێکی داعش لە کەرکوک دوو ئەفسەر کوژراون و سێ سەرباز برینداربوون. رۆژی 8 ئەیلول، داعش پەلاماری خاڵێکی پشکنینی سوپایدا لە باکوری رۆژهەڵاتی وڵات و سەربازێک برینداربوو. رۆژی 30 تشرینی دووەم، داعش بۆمبێکی چێنراوی تەقاندەوە هاوکات لەگەڵ پەلامارێکی چەکداریی کە بووە هۆی کوژرانی 11 کەسی مەدەنیی و برینداربوونی فریاگوزاران و کەسانی ئاسایی لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە.
ڕفاندن: راپۆرتی بەردەوام هەبوون لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن یان بەناوی هێزە حکومییەکان، لەوانە هێزەکانی ئاسایشی عێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەروەها لەلایەن میلیشیاکانی دەرەوەی حەشدی شەعبی و باندە تاوانکارییەکان. ڕۆژی 3 ئاب، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند 2.644 (1.244 ئافرەت و 1.402 پیاو) لە کۆی 6.417 ئێزیدی رفێنراو لەلایەن داعش لە ساڵی 2014 هێشتا بێسەروشوێنن. ئەندامانی پێکهاتەکانی تر قوربانیی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ بوون کە هێزەکانی داعش ئەنجامیاندان.
ڕۆژی 21 ئادار، رۆژنامەنووس، توێژەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ ئیلیزابێس تسێرکۆڤ (Elizabeth Tsurkov)، هەڵگری جووت رەگەزنامەی رووسیی-ئیسرائیلی، دیارنەما پاش دەرچوون لە شوقەکەی بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە بۆ تێزەکەی. لە کۆتایی ساڵدا، هیچ کەس هەواڵی نازانێت لە پاش بێسەروشوێن بوونییەوە، بەڵام ڤیدیۆیەک لە وەتسئاپ بڵاوکرایەوە کە تسێرکۆڤ "داندەنێت" بە هاندانی ناکۆکیی شیعە-شیعە و بزووتنەوەی تشرین بە هەماهەنگی لەگەڵ "مۆساد و سی ئای ئەی". چەند سەرچاوەیەکی جیاواز، لەوانە ڕاگەیاندنێکی رۆژنامەوانیی ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کەتائیبی حیزبوڵایان تۆمەتبارکرد بە ڕفاندنەکە.
پێشێلکاریی تری پەیوەست بە ناکۆکیی: لەمیانەی ساڵەکەدا، ناکۆکیی بۆتە هۆی پچڕانی ژیانی سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری ووڵات، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی بەغداد، ئەنبار، دیالە، سەلاحەدین و نەینەوا.
هێزە حکومییەکان، لەناویاندا هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، خاڵی پشکنینیان لەسەر رێگەکان دانابوو کە بوونە هۆی ئاستەنگکردنی هاتوچۆی هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی کە پێویستیان بوو، بەتایبەتی لە ناوچەکانی وەک دەشتی نەینەوا و شەنگال لە پارێزگای نەینەوا، کە ناکۆکیی هەیە لەنێوان حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێم لەسەر سنوورە کارگێڕییەکان. لە مانگی ئەیلول، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەک ساڵ درێژکردنەوەی پەسەندکرد بۆ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاندانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (UNITAD)، کە سەرەتا لە ساڵی 2017 پێکهێنرا بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە ناوخۆییەکانی لێپرسینەوە لە داعش لەسەر ئەو کردارانەی لەوانەیە بچنە چوارچێوەی تاوانی جەنگ،. تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید، لەڕێگەی کۆکردنەوە، هەڵگرتن و پاراستنی بەڵگەکان.
ناکۆکییە خێڵەکییەکان بەردەوامبوون و چەکی بێ مۆڵەتیان تێدا بەکارهاتووە، ئەگەرچی دەسەڵاتەکانی ئاسایش دەستیانگرتوە بەسەر ئەم جۆرە چەکانەدا. وەزارەتی ناوخۆ، لەڕێگەی فەرمانگەی کاروباری هۆزەکان، زیاتر لە 2.400 ناکۆکیی خێڵەکیی چارەسەرکردوە و دەستیگرتووە بەسەر زیاتر لە 45.000 پارچە چەکی بێ مۆڵەت، پاش زیادکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی پەرەسەندوو. ڕاپۆرتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی منداڵان و ناکۆکیی چەکداریی، کە رۆژی 5 تەموز بڵاوکرایەوە، پشتڕاستی کردۆتەوە لە ساڵی 2022 نزیکەی 202 پێشێلکاریی گەورە ئەنجامدراون لەدژی 173 منداڵ (125 کوڕ، 48 کچ)، لەناویاندا هەشت منداڵ کە قوربانیی چەند پێشێلکارییەک بوون. لە کۆتایی کانونی یەکەم 2022، "936 منداڵ (927 کوڕ و 9 کچ) هێشتا ڕاگیراون بە تۆمەتی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتیمانیی، لەوانە لەسەر بانگەشەی وابەستەبوون یان وابەستەبوونی ڕاستەقینەیان بە گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی داعش."
بەشی 2. ڕێزگرتن لە ئازادییە مەدەنییەکان
a. ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی کارمەندانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر
دەستوری فیدراڵ مافی ئازادیی ڕادەربڕینی زامن کردوە، لەگەڵ ئازادیی کارمەندانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر، ئەگەرچی ئەمە مەرجدارە بە پێشێل نەکردنی نیزام و ئادابی گشتی و دەرنەبڕینی پاڵپشتیی بۆ حیزبی بەعسی قەدەغەکراو. سەرەڕای ئەمە، چالاکوانانی میدیا و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی رووبەڕووی چەندین جۆری فشار و گێچەڵ بوونەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، لەئەنجامدا ئاستەنگی سەرەکیی بۆ پیادەکردنی ئازادیی رادەربڕین، بریتی بوو لە خود-سانسۆرکردن بەهۆی ترسی ڕاستەقینە لە تۆڵەسەندنەوە لەلایەن حکومەت، حیزبە سیاسییەکان، هێزە ئیتنی و مەزهەبییەکان، میلیشیاکان، گروپە تیرۆریستی و توندڕەوەکان یان باندە تاوانکارەکان. داکۆکیکارانی ئازادیی ڕادەربڕین دەڵێن لەبەرئەوەی یاسا بەدیاریکراوی پێناسەی ئەو کردانەی نەکردووە کە دەچنە چوارچێوەی پێشێلکردنی نیزام و ئادابی گشتی، دەسەڵاتداران دەتوانن ناڕۆشنیی یاساکە بەکاربهێنن بۆ کپکردنی ئازادی ڕادەربڕین.
ئازادیی ڕادەربڕین: تاکەکەسەکان نەیانتوانیوە بەئاشکرا یان بەڕێگەی تایبەت ڕەخنە لە حکومەت بگرن بەبێ ترسی تۆڵەسەندنەوە. میلیشیا چەکدارەکان گێچەڵیان بە چالاکوانان و بزووتنەوە سیاسییە نوێیە ریفۆرمخوازەکان کردوە، بەشێوەی ئۆلاین یان ڕووبەڕوو، لەڕێگەی وەک بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختەی ئۆنلاین، هاککردن و هەڕەشەی تر یان بەکارهێنانی تووندوتیژی جەستەیی بۆ بێدەنگکردنیان و ڕاگرتنی چالاکییەکانیان.
لە مانگی ئاب، ڤۆڵکەر تورک، کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ، لەمیانەی سەردانێکی فەرمیی بۆ عێراق، نیگەرانیی دەربڕی لە ژمارەیەک کرداری ئەنجامدراو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە – بۆ نموونە، کردنەوەی دۆسیەی ناوزڕاندن لەدژی رۆژنامەوانان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنیی – کە "کاریگەری سەختی" هەبووە لەسەر ئازادیی رادەربڕین، بەتایبەتی بۆ داکۆکیکارانی ژینگەیی.
گێچەڵی یاسایی لەلایەن حیزبە ئیسلامییە رادیکاڵەکان و گروپە میلیشیاکانی هاوپەیمانی ئێران بە بەکارهێنانی دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو لەدژی چالاکوانان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان، بۆتە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین و بەشداریکردنی مەدەنیی. رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی ڕاپۆرتیانداوە لەسەر ئاستی بێوێنەی گێچەڵی یاسایی، بەتایبەتی لەڕێگەی تۆمەتبارکردنی هەڵبەستراوی بەشداریکردن لە چالاکیی تاوانکاریی و سزادانی تەمومژاوی لەسەر "ناڕەزایی" یان "ناوزڕاندن" پاش بڵاوکردنەوەی سەرنج و رەخنە دژی کاربەدەستانی حکومەت. هەندێک جار ناودەبرێن بە دۆسیەی یاسایی هەڵبەستراو، ساختە یان وەڕسکار، ئەم دۆسیە یاساییانە ماددەی یاسایی تەمومژاوی بەکاردەهێنن و پشتدەبەستن بە شرۆڤەی زۆر کراوەی یاسا. زۆر کەیسی دۆسیەی هەڵبەستراو ناگات بە ڕای گشتی بەهۆی ترسی قوربانییەکان لە زیانپێگەیاندنی زیاتر.
حکومەت زیاتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کردوە بە ئامانج. لە مانگی کانونی دووەم، وەزارەتی ناوخۆ رێنمایی نوێی دەرکرد بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەکۆیەکی دانا کە هاووڵاتیان دەتوانن راپۆرت بدەن لەسەر هەر ناوەڕۆکێک "کە پێشێلی ئادابی گشتی بکات، پەیامی نەرێنیی و نەشیاوی تێدابێت و زیان بگەنێت بە سەقامگیریی کۆمەڵایەتی." بەپێی ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، لەنێوان مانگەکانی کانوونی دووەم و حوزەیران، دەسەڵاتداران بەلای کەمەوە 20 کەسیان دادگاییکردووە پەیوەست بە ئازادیی رادەبڕینەوە.
هێزەکانی ئاسایش، بەگشتی ئەوانەی لەژێر فەرماندەیی وەزارەتی ناوخۆ، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی یان هێزەکانی حەشدی شەعبین، هەروەها هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بەتایبەتی ئاسایش) ئەو خۆپیشاندەر و چالاکوانانەیان دەستگیر و بەنکردوە کە رەخنەگری دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی و حکومەتی هەرێمی کوردستانن، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسانی حکومەت، نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و راپۆرتەکانی ڕاگەیاندنەکان. لە 13 شوبات، ڕوانگەی مافی مرۆڤی عێراقی ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارەکان بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بە هەڕەمەکیی دەستگیرکردوە لەسەر بڵاوکردنەوەی "ناوەڕۆکی کواڵیتی نزم." بەپێی راپۆرتەکان، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەک مامەڵەیان لەگەڵ ئەم دەستگیرکراوانە کردووە وەک ئەوەی لە کردەکانی "تیرۆریزم" تێوەگلابن و زیانیان گەیاندبێت بە دامەزراوە گشتییەکان یان زیانیان گەیاندبێت بە سامانی گشتی.
پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەولەویەتی دەستگەیشتن دەدەن بەو دەزگایانەی خۆیان یان ئەندامەکانیان خاوەندارێتی یان کۆنترۆڵیان دەکەن. دەزگا میدیایایەکانی هەرێمی کوردستان کە پاڵپشتی سیاسیی و دارایی بەهێزیان نییە، ئاماژەیان بە سەختی دەستگەیشتن بە زانیاری یان شوێنەکانی ڕاپۆرت داوە.
تووندویژی و گێچەڵ: رۆژنامەنووسان بەردەوامبوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە، ترساندن و پەلامار لەلایەن میلیشیاکان یان هێزەکانی ئاسایش. کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە ئازادیی ڕاگەیاندن (Press Freedom Advocacy Association) تا کۆتایی مانگی مایس، 345 کەیسی پێشێلکاریی دژی ڕۆژنامەوانان لەسەر ئاستی نیشتیمانیی تۆمارکردووە، کە زۆرینەی کەیسەکان لە بەغداد و هەولێر بوون. هێزەکانی حکومەت چەندبارە ڕێگریان کردوە لە راپۆرتدانی رۆژنامەوانان بە بیانوی هۆکاری ئاسایش. هەندێک ڕێکخراوی میدیایی راپۆرتیانداوە لەسەر دەستگیرکردن و گێچەڵکردن بە رۆژنامەوانان، هەروەها هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێگرتن لە ڕووماڵکردنی پرسە سیاسییە هەستیارەکان، لەوانە پرسەکانی ئاسایش، گەندەڵیی و شکستخواردنی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری گونجاو.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور (Reporters Without Borders (RSF)) نزیکەی 20 دەستگیرکردنی رۆژنامەوانیان تۆمارکردوە لە هەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵەکەدا. ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ مافەکان و پەرەپێدان (Organization of Reporters for Rights and Development) کە بنکەی لە هەولێرە، راپۆرتیداوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا، 49 پێشێلکاریی ئەنجامدراون لەدژی 99 ڕۆژنامەوان و بلۆگەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان. پەیامنێرانی بێسنوور (RSF) تیشکی خستەسەر زیادبوونی پێشێلکارییەکان لەدژی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان، چەند ڕۆژنامەوانێک بەشێوەیەکی نایاسایی دەستگیرکراون و لە رۆژی ئازادکردنیان تۆمەتی نوێیان ڕووبەڕوو کراوەتەوە ئەمەش بۆتە هۆی درێژکردنەوەی ماوەی ڕاگرتنیان.
لە سەرانسەری ووڵات ڕاپۆرت هەبوو لەسەر لێدان، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەی کوشتن لەدژی کارمەندانی میدیا، بەتایبەتی لەدژی ئەو رۆژنامەوانانەی بۆ دەزگاکانی ئۆپۆزسیۆن و دەزگا ناحیزبییەکان کاردەکەن. لە مانگی ئاب، ڕۆژنامەوانێک لە هەڵەبجە راپۆرتیدا کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە لەلایەن کەسانێکەوە کە لەو بڕوایەدایە سەربە هەواڵگری ئێرانین، بەهۆی ڕووماڵکردنی دەستوەردانی ئێران لە سیاسەتی هەرێم. لە مانگی ئەیلول، ڕۆژنامەوانێکی دهۆک راپۆرتیدا کە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بەهۆی رووماڵکردنی گەندەڵیی حکومەت لە شارەکە.
سانسۆر یان سنووردارکردنی ناوەڕۆک بۆ ئەندامانی ڕاگەیاندن و میدیاکانی تر، لەناونیاندا میدیای ئەلەکترۆنی: یاسا، بەرهەمهێنان، هاوردەکردن، بڵاوکردنەوە یان هەڵگرتنی بابەتی نووسراو، کێشراو، فۆتۆگراف یان فیلم قەدەغە دەکات کە پێشێلی ئاکار یان ئادابی گشتی بکات. سزاکان بۆ حوکمدان بریتین لە پێبژاردن و بەندکردن. ترس لە تۆڵەسەندنەوەی توندوتیژ، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان یان بۆچوونی رەخنەیی لە لایەنە سیاسییەکان، ڕێگربووە لە دەربڕینی ئازاد.
چاودێریی و سانسۆری حکومەتی فیدراڵ، و تاڕادەیەکی کەمتر حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەندێک کات دەستوەردان دەکەن لە کارەکانی میدیا، هەندێک کات ئەمە دەبێتە هۆی داخستنی دەزگا میدیاییەکان، بەربەستکردنی رووماڵ، بێبەشکردن لە دەستگەیشتن بە زانیاری گشتی و دەستوەران لە خزمەتگوزاری ئەنتەرنێت. هەندێک دادگای هەرێمی کوردستان لە کەیسەکانی ڕۆژنامەوانان، یاسای سزادانی عێراقی بەکاردەهێنن کە زۆر تووندترە، لەجیاتی یاسای ڕۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان، کە پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ ئازادیی رادەربڕین و دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوان قەدەغە دەکات.
لە کۆتایی ساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری جێبەجێ نەکردوە کە لە ساڵی 2013 دەرچووە. ڕۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتی دادوەریی بێلایەن نەبووە لە کەیسەکانی ئازادیی ڕۆژنامەگەریی یان لە داوا یاساییەکان لەدژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی شکستخواردن لە دابینکردنی زانیاری. لە مانگی کانونی دووەم، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر داوایەکی یاسایی ڕەتکردەوە کە دەزگای هەواڵی پەرەگراف بەرزی کردبووەوە لەدژی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕەتکردنەوەیان بۆ دابینکردنی زانیاری لەسەر بودجەی گشتی.
لە 22 مایس، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکی بڵاوکردەوە بۆ رێکخستنی دامەزراوە میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ڕێنماییەکە ڕێکارەکانی مۆڵەتپێدانی تووندتر کردوە بۆ دامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان، رسومی مۆڵەتی زیادکردوە و دەسەڵاتی بەخشیوە بە وەزارەت بۆ چاودێرییکردنی ناوەڕۆکە بڵاوکراوەکان و سنووردارکردنی ئەو بابەتانەی دامەزراوەکان دەتوانن پەخشیان بکەن. ئەمە جاری یەکەم بوو وەزارەت کۆنترۆڵی خۆی بسەپێنێت بەسەر ئەو شتانەی تاکەکەسان دەتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیڵێن.
میدیا ناوخۆییەکان چالاک بوون و بۆچوونی هەمەجۆریان دەربڕی، کە بەگشتی ڕەنگدانەوەی بۆچووونە سیاسییەکانی خاوەن دامەزراوەکانن. هاوکات میدیاکان خود-سانسۆریان پەیڕەوکردوە بەمەبەستی پابەندبوون بە بەربەستەکانی حکومەت لەسەر "پێشێلکردنی ئادابی گشتی" هەروەها لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی کەسایەتییە سیاسییەکان، حیزبەکان، میلیشیاکان، گروپە تیرۆریستییەکان، باندە تاوانکارییەکان، بەرپرسانی حکومەت و کەسە تایبەتەکان. حیزبە سیاسییەکان کاریگەریی بەهێز یان کۆنترۆڵی تەواویان هەیە لەسەر زۆرینەی چەند سەد بڵاوکراوەی چاپکراوی رۆژانە و هەفتانە، لەگەڵ دەیان وێستگەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کاریگەرەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
یاساکانی ناوزڕاندنی نووسراو/زارەکیی: یاسا ناوزڕاندنی نووسراو و زارەکیی، سوکایەتی بە پیرۆزییەکان، تۆمەتدانەپاڵ و سووکایەتیکردن بە سەرکردەکانی حکومەتی وەک تاوان هەژمارکردوە. بەرپرسانی دادوەریی، میلیشیاکان و حکومەت، لە کەیسەکانی ناوزڕاندن، فەرمانی دەستگیکردنیان بەکارهێناوە، بۆ ترساندن، بێدەنگکردن و لەهەندێک دۆخدا بۆ "ناچارکردن"ی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان بە ئاشکراکردنی شوێنی خۆحەشاردانیان. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ راسپاردەیان کرد حکومەت یاساکە هەمواربکات، وەک دەڵێن بەکاردەهێنرێت بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایی و داواکارییەکان بۆ چاکسازیی. لە 25 ئادار، محمد نعمان دەستگیرا و پاشان ئازادکرا لە کەیسێکی ناوزڕاندنی تۆمارکراو لە تشرینی یەکەمی 2022 لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە. لە کۆتایی ساڵدا نعمان هێشتا چاوەڕوانی دادگاییکردن بوو. لە 30 مایس، دادگای کەتن لە موسڵ بڕیاری بێتاوانی دەرکرد بۆ داکۆیکاری مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوان یاسر ئەلحەمدانی لە تۆمەتەکانی ناوزڕاندن و سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی حکومەت لەمیانەی کارەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
ڕۆژنامەوانانی هەرێمی کوردستانی عێراق راپۆرتیانداوە لەوەی ترسیان هەیە دەستگربکرێن یان ڕابگیرێن لەسەر ناوزڕاندن ئەگەر ڕووماڵی رەخنەیی بکەرە دەسەڵاتدارەکان بکەن. لە مانگی ئەیلول، دامەزراوە میدیاییەکان راپۆرتیاندا دادگایەکی هەڵەبجە، سەرۆکی ڕێکخراوی هەڵوێست، کە رێکخراوی ناحکومییە و چاودێریی و هەڵسەنگاندن دەکات بۆ کاری دامەزراوە گشتییەکان، بە شەش مانگ بەندکردن سزادا لەسەر ناوزڕاندن، پاش ئەوەی رێکخراوەکە ڕاپۆرتیدابوو لەسەر گەندەڵیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە.
ئاسایشی نیشتیمانیی: میلیشیاچەکدارەکانی حەشدی شەعبی چەندبارە هەڕەشەیان کردوە لە جڤاتی سوننە و کەمینەکانی تر بە تۆمەتی تیرۆریزم و بەمەبەستی بێدەنگکردنی ناڕەزایی، بەتایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاکان دەستیانگرتوە بەسەر زەوی و چالاکییە ئابورییەکانی ناوچەکە و ڕێگرییان کردوە لە گەڕانەوەی ئاوارە سوننەکان.
کاریگەری ئەکتەرە ناحکومییەکان: ئەکتەرە ناحکومییەکان و نمیچە حکومییەکان، لەناویاندا گروپە میلیشیاییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، گروپە تیرۆریستەکان و باندەکانی تاوان، هەڕەشەی تووندوتیژییان لە ڕۆژنامەنووسان کردووە بەهۆی رۆماڵکردنی بابەتە هەستیارەکان.
ئازادیی ئەنتەرنێت
حکومەت دەستگەیشتن بە ئەنتەرنێتی سنووردار کردوە یان پچڕاندوە و سانسۆری خستۆتە سەر بابەتەکانی سەر ئەنتەرنێت، هەروەها ڕاپۆرتی جێگەی متمانە هەبوون لەسەر ئەوەی حکومەت چاودێریی پەیوەندییە تایبەتەکانی سەر ئەنتەرنێت دەکات، بەبێ دەسەڵاتی یاسایی گونجاو. بەربەستەکانی حکومەت لەسەر دەستگەیشتن بە ئەنتەرنێت بە نهێنی ئەنجام دەدران، و حکومەت ڕایگەیاند دەسەڵاتی یاسایی تەواوی هەیە بۆ چاودێرییکردنی پەیوەندییە تایبەتەکان لەسەر ئەنتەرنێت. سەرەڕای بەربەستەکان، کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانان ئەنتەرنێتیان بەکارهێنا بۆ ڕەخنەگرتن لە سیاسییەکان، بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان، هەروەها بانگەشەکردن بۆ کاندیدەکان لەڕێگەی سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە. میلیشیاکان هاککردن (بۆت) و هەڵمەتی زانیاری چەواشەیان بەکارهێنا بۆ پەلاماردان و ناوزڕاندنی چالاکوانان، بەربژێرە سەربەخۆکانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
بەپێی خانەی ئازادیی (Freedom House)، دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستگەیشتن بە ئەنتەرنێتیان پچڕاندووە لەکاتی خۆپیشاندانەکان و یاسای لاستیکییان بەکارهێناوە بۆ بەتاوانکردنی هەندێک چالاکیی ئۆنلاین. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی ڕاپۆرتیانداوە حکومەت و هێزە میلیشیاکان چاودێریی پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکوانانیان کردووە و چالاکوانان ڕووبەڕووی گێچەڵ یان دۆسیەی تاوان بوونەتەوە لەسەر بنەمای چالاکیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان.
لە هەرێمی کوردستان، هەندێک ڕۆژنامەوانی سەربەخۆ وتیان ئەو گروپانەی سەربە حیزبە سیاسییە سەرەکییەکانن چەواشەکارانە ڕاپۆرتی پۆستەکانیان کردوون لای کارگێڕیی فەیسبووک وەک پێشێلکاریی مافی کۆپیکردن، ئەمەش وەک هەوڵدان بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکەن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری. هەندێک دامەزراوی میدیایی ڕاپۆرتیانداوە کە رووبەڕووی پەلاماری ئەلەکترۆنی بوونەتەوە، لەوانە پێچەوانەکردنەوەی ترافیکی ئۆنلاین (DDoS)، پاش بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیان لەسەر گەندەڵیی حکومەت، کە بانگەشە دەکەن ئەم پەلامارانە بە پاڵپشتی دەوڵەت کراون بە ڕەچاوکردنی کات و پێشکەوتوویی پەلامارەکان.
b. ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە و پێکهێنانی ڕێکخراو
حکومەت چەندبارە ئازادییەکانی گردبوونەوەی ئاشتییانە و پێکهێنانی ڕێکخراوی سنووردار کردوە.
ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانە
دەستوری فیدراڵ ئازادیی دابین کردوە بۆ گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە کە "بە یاسا ڕێکخراوە" و حکومەت بەگشتی رێزی لەم مافە گرتوە. ڕێنماییەکان مەرجیان داناوە بۆ ڕێکخەرانی ناڕەزایی، حەوت رۆژ پێش خۆپیشاندان، داوای مۆڵەت بکەن و زانیاری ورد پێشکەش بکەن لەسەر داواکاران، هۆکاری خۆپیشاندانەکە و بەشداران. ڕێنماییەکان هەموو جۆرە "دروشم، ئاماژە و بابەتێکی چاپکراو و وێنە و نیگار" قەدەغە دەکات کە "تایەفەگەریی، ڕەگەزپەرستیی یان جیاکاریی" تێدا بێت لەدژی هاووڵاتیان. هاوکات ڕێنماییەکان هەر شتێک قەدەغە دەکات کە دژی دەستور یان یاسا بێت، هاندەر بێت بۆ تووندوتیژی، کینە یان کوشتن، یان سوکایەتی بێت بە ئیسلام، "ئەخلاق، ئاداب، ئایین، گروپە پیرۆزەکان، یان پێکهاتەکانی عێراق بەگشتی." دەسەڵاتەکان بەگشتی بەپێی ڕێنماییەکان مۆڵەت دەدەن. لە هەرێمی کوردستانی عێراق هیچ نموونەیەک نەبوو لەسەر تووندوتیژی لەدژی خۆپیشاندەران.
چەندین خۆپیشاندان، لەوانە خۆپیشاندانی خۆڕسک، ئەنجامدراون تەنانەت کاتێک دەسەڵاتەکان مۆڵەتیان نەداوە، لەکاتێکدا کە خۆپیشاندەران پێداگری دەکەن دەستور تەنها داوایان لێدەکات حکومەت ئاگاداربکەنەوە، نەک داوای مۆڵەت بکەن. لەبەرئەوەی دەسەڵاتەکان بەگشتی تەنها وەڵامی زارەکەیی دەدەنەوە بۆ داواکارییەکانی خۆپیشاندان، سەخت بوو تۆماری حکومەت دۆکیومێنت بکرێت سەبارەت بە بەخشین یان ڕەتکردنەوەی مۆڵەتەکانی خۆپیشاندان.
لە 2 ئەیول، هێزەکانی ئاسایشی عێراق تەقەمەنی زیندوویان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی ئاپۆڕایەکی خۆپیشاندەرانی کورد کە داوایان دەکرد ئەو ڕێگە خێرایە بکرێتەوە کە ئەندامانی حەشدی شەعبی دایانخاستبوو بۆ ڕێگرتن لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بنکەکانیان لە کەرکوک. هێزەکانی ئاسایشی عێراق چوار خۆپیشاندەری کوردیان کوشت و دەیانی تریان بریندارکرد و 30 کەسیان دەستگیرکرد، کە دواتر ئازادکران پاش لۆبیکردنی حیزبە کوردییەکان بۆ ئازادکردنیان. سەرۆک وەزیران بەڵێنیدا لێپرسینەوە لەوانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە تووندوتیژییەکە و سەرکۆنەی پێکدادانی تووندوتیژی کرد. لە کۆتایی ساڵدا، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکەی حکومەت هێشتا بڵاونەکراوەتەوە و هیچ یەکێک لەوانەی تێوەگلاون بەفەرمیی تۆمەتبار نەکراون.
ئازادیی پێکهێنانی ڕێکخراو
دەستوری فیدراڵ مافی داوە بۆ پێکهێنان و پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوەکان و حیزبە سیاسییەکان، لەگەڵ چەند ئاوارتەیەکی یاسایی، وەک قەدەغەکردنی دەربڕینی پاڵپشتیی بۆ حیزبی بەعس یان "پرنسیپەکانی زایۆنیزم" یان ئیسرائیل. لە چوارچێوەی ئەم پێوەرانە، حکومەت بەگشتی رێزی لەم مافە گرتوە.
ڕێکخراوە ناحکومییە تۆمارکراوەکان لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە بەغداد، پێویستە لە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دووبارە خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە هەرێمی کوردستان کاربکەن، هەروەها ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق تۆمارکراون، پێویستە لای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی فیدراڵ خۆیان تۆماربکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاربکەن.
لە مانگی ئاب، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردوە لە ڕێکارەکانی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت، پاش ئەوەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان سکاڵایان کردووە کە ڕێکارەکان زۆر بارگرانن. بەڵام ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕاپۆرتیاندا کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدینەهاتووە پاش ئەو ڕاگەیاندنە.
بەپێی راپۆرتەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان، دەسەڵاتەکان دەتوانن بڕیاربدەن لە پەیکەری ناوخۆیی رێکخراوە ناحکومییەکان و هەندێک کات تەنانەت لە هەڵبژاردنی ناوی رێکخراو. نوێنەری یەکێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیداوە کە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە بەغداد شەش مانگی پێچوو بۆ بەڕێکردنی کارەکانی تۆمارکردن و پەسەندکردنی ناوی رێکخراوەکەیان. بەرپرسانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بە رێکخراوە ناحکومییەکەیان راگەیاندوە کە وڵات "بەهرەمەندە بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ" و پرسیاریان کردووە لە "پێداویستی و سوودی" تۆمارکردنی رێکخراوێک کە بایەخ بەم پرسانە دەدات. رێکخراوی تری ناحکومیی راپۆرتیانداوە دەربارەی ئاستەنگی هاوشێوە، بەتایبەتی ئەگەر ناوی رێکخراوەکە ئاماژە بێت بۆ مافەکانی مرۆڤ یان دیموکراسی، هەروەها هەندێک تۆمارکردن زیاتر لە یەک ساڵ دەخایەنێت.
c. ئازادیی ئایین
بڕوانە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی) لەم لینکە:
https://www.state.gov/religiousfreedomreport/.
d. ئازادیی جووڵە
d. Freedom of Movement
دەستوری فیدراڵ و یاسا، دان دەنێن بە مافی هاووڵاتیان بۆ ئازادیی جووڵەی ناوخۆیی، گەشتی دەرەوە، کۆچکردن و گەڕانەوە. بەڵام حکومەت بەشێوەیەکی ناتەبا ئەم مافانە جێبەجێ دەکات. یاسا و نەریت بەگشتی رێز لە ئازادیی جووڵەی ئافرەت ناگرن. هاوکات، دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی رۆتینیی ئاستەنگیان دروستکردوە بۆ جووڵەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە سەرانسەری وڵات.
جووڵەی ناو وڵات: یاسا رێگەدەدات بە هێزەکانی ئاسایش جووڵەی ناو وڵات سنووردار بکەن، هەروەها رێوشوێنی تری ئاسایشیی و سەربازیی پەیڕەو بکەن وەک کاردانەوە بەرامبەر هەڕەشە و پەلاماری ئاسایشیی. چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر هێزەکانی حکومەت، لەناویاندا هێزەکانی ئاسایشی عێراق و هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە گوڵبژێرانە رێنماییەکانیان جێبەجێکردوە، لەوانە بە پاڵنەری ئیتنیکیی و مەزهەبی، و بۆ مەبەستی پارە بەزۆرسەندنی تاوانکارانە (أبتزاز)، هەروەها داواکردنی مۆڵەتی نیشتەجێبون بۆ سنووردارکردنی هاتنی خەڵک بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان.
چەندین رێکخراوی ناحکومیی نێودەوڵەتی راپۆرتیانداوە کە یەکەکانی حەشدی شەعبی رێگریان کردوە لە کەسانی مەدەنیی، لەوانە عەرەبی سوننە و ئەندامانی پێکهاتە ئیتنیکیی و ئاینییەکان، لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان پاش سەرکەوتنی هێزەکانی حکومەت بەسەر داعشدا.
لە مانگی ئەیلول، هێزەکانی حەشدی شەعبی چەندین بەربەستیان دانا لەسەر رێگەی نێوان کەرکوک و هەولێر بۆ رێگرتن لە کردنەوەی بنکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک و رێگرتن لە جووڵەی ئازادی هاووڵاتیان لە ناوچەکەدا. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جووڵەیان سنووردارکرد لە هەندیک ناوچەی دیاریکراو بۆ ئەو کەسانەی نیشتەجێی ئەو ناوچانە نین. پێویستە کەسانی نیشتەجێ و نانیشتەجێ لە بنکەی ئاسایشی خۆجێی خۆیان تۆماربکەن. هاووڵاتیانی هەموو پێشینە ئیتنیکیی و ئاینییەکان، لەناویاندا کورد، کاتێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە دەچنە هەرێمی کوردستان، دەبێت بە خاڵەکانی پشکنیندا تێپەڕن و پشکنیی بۆ خۆیان و ئۆتۆمبیلەکانیان بکرێت. حکومەتی فیدراڵ ئاستەنگی هاوشێوەی سەپاندوە بەسەر ئاوارە ناوخۆییەکانی خەڵکی پارێزگای نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان. لە مانگی ئاب، لە ڕاپرسییەکی درەو میدیا لەگەڵ 910 عەرەبی عێراقی، 83 لەسەد راپۆرتیاندا کە ئەزموونی "خراپ" یان "زۆر خراپ"یان هەبووە لە خاڵەکانی پشکنینی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق.
یاسا و نەریت بەگشتی نەیانتوانیوە ڕێزبگرن لە ئازادیی جووڵەی ئافرەتان. دەشێت ئافرەت مافی نەفەقەی هاوسەریی لەدەستبدات ئەگەر "ناڕەوا" داواکاری مێردەکەی رەتکردەوە بۆ گواستنەوە بۆ ناو ماڵەکەی، یان جێهێشتنی ماڵ بەبێ مۆڵەت، و "بەبێ هۆکارێکی مەشروع"، یان رازینەبوون بە گەشتکردن لەگەڵ مێردەکەی "بەبێ پاساوێکی مەشروع". یاسای هەرێـمی کوردستانی عێراق دەقی کردوە کە پیاو لێپرسینەوەی لێکدەێت ئەگەر بەرپرسیارێتییەکانی هاوسەریی لەئەستۆنەگرت، وەک جێهێشتنی ماڵی هاوسەریی. هاوکات ئافرەت پێویستی بە مۆڵەتی کەسێکی نزیکی نێرینە هەیە بۆ دەرهێنانی بەڵگەنامەکانی باری شارستانیی، کە پێویستن بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان، بەشەخۆراک، چاودێریی تەندروستی، کار، پەروەردە و خانووبەرە.
دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی رۆتینیی جووڵەی ئاوارە ناوخۆییەکانیان سنووردار کردوە لە سەرانسەری وڵات. ئەو خێزانە عەرەبە سوننانەی لە ساڵی 2017 ئاوارەبوون بۆ کەمپەکانی رۆژئاوای موسڵ، رێگریان لێکراوە لە گەڕانەوە بۆ ناوچە رەسەنەکانی خۆیان بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمیی؛ ناکارایی هەماهەنگیی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بۆ لابردنی بەربەستە یاساییەکان و بونیاتنانەوەی خانووە وێرانبووەکان؛ هەروەها ڕەتکردنەوە لەلایەن کۆمەڵگە خۆجێیەکانەوە. هاوکات، چەندین ناوچەی وڵات کە لە کۆنترۆڵی داعش ئازادکران، لەوانە موسڵ و ناوچەی شەنگال، هێشتا ئەزموونی سنووردارکردنی جووڵە دەکەن بەهۆی ژمارەی لەڕادەبەدەری خاڵەکانی پشکنینی هێزەکانی حەشدی شەعبی، ترساندنەکانی هێزەکانی ئاسایشی عێراق و کردارەکانی هێزەکانی تری حکومەت و میلیشیا چەکدارەکان پەیوەست بە قاچاجچێتی. بەهۆی نەبوونی هەماهەنگیی نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵ، زۆرجار دەسەڵاتە خۆجێیەکان داننانێن بە مۆڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پابەندنابن بە فەرمانەکانی حکومەتی ناوەندیی بۆ ڕێخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانە.
گەشتی دەرەوە: حکومەت داوای مۆڵەتی دەرچوون دەکات لەو هاووڵاتیانەی تەمەنیان لەخوار 18 ساڵانە و وڵات بەجێدەهێڵن، بەڵام ئەم مەرجە بەردەوام پەیڕەو ناکرێت.
e. پاراستنی پەنابەران
کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) مەزەندەی کردووە زیاتر لە 297.000 پەنابەر لە عێراق دەژین، لەناویاندا زیاتر لە 268.000 پەنابەری سوری. عێراق دەوڵەتی لایەن نییە لە پەیماننامەی پەنابەرانی 1951 یان پرۆتۆکۆلی 1967 پەیوەست بە باری پەنابەران. باری پەنابەران و مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران بەڕێوەدەبرێت بەپێی یاسای پەنابەری سیاسیی ژمارە (51)ی ساڵی 1971، کە تەنها داندەنێت بە پەنابەرانی سیاسیی و ئەوەی ناودەبرێت بە پەنابەری سەربازیی، هەروەها یاساکە نەیتوانیوە پاراستنی کاریگەر دابین بکات و مافەکانی هەموو پەنابەران (refugees) و پەناخوازان (asylum seekers) زامن بکات. حکومەتی فیدراڵ مۆڵەتی نشینگە نادات بە پەناخوازان. لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق، پەنابەران و پەناخوازان دەتوانن مۆڵەتی نشینگە بەدەستبهێنن، ئەگەرچی رێکارەکان جیاوازن بەپێی پارێزگاکان. حکومەتی فیدراڵ دانیپێدانا کە نەبوونی پاراستن و هاوکاریی بۆ پەنابەران، گەڕاوەکان و پەناخوازان، هەروەها کەسانی تری جێگەی بایەخ، مایەی نیگەرانییە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ باشترکردنی دۆخەکە.
دەستگەیشتن بە مافی پەنابەریی: ئەگەرچی یاسا دانیناوە بە پەنابەری سیاسیی و ئەوەی ناودەبرێت بە پەنابەری سەربازیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ ئەم بارەی نەبەخشیوە بە پەنابەران و پەناخوازانی سوری. لەجیاتی ئەوە پەنابەرە سورییەکانی پێناسەکردوە وەک "ئاوارەی ناوچە سنوورییەکانی سوریا کە لەبەر هۆکاری مرۆیی وەرگیراون." بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دانیناوە بە باری سورییەکان وەک پەناخواز، هەروەها نزیکەی 99 لەسەدی پەنابەرە سورییەکان لە هەرێمی کوردستانن. نزیکەی 64 لەسەدی سورییەکان لە ناو شارەکان دەژین و ئەوانی تر لە 10 کەمپی پەنابەرانن.
پرۆسەی داواکردنی مافی پەنابەریی گەرەنتیی رێکاریی نییە و مافی کارا نییە بۆ تێهەڵچوونەوە، دەستگەیشتن بەگشتی لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونە، لەگەڵ هەبوونی کەموکوڕی بۆ گروپە زۆر دۆخناسکەکان، لەوانە ئەندامانی کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) و ئەندامانی گروپی کەمایەتی و نەتەوەی دیاریکراو. بۆ نموونە، هەرێمی کوردستانی عێراق رێگەینەدا بە هاووڵاتیانی ئەفغانی پەنابەر خۆیان وەک پەناخواز تۆماربکەن، بە بیانوی ئەوەی هەنگاوی لەم جۆرە دەبێتە هۆی هاتنی لێشاوی پەنابەخوازانی ئەفغانی.
گەڕاندنەوەی زۆرەملێ: لە 16 تەموز، حکومەت سێ کوردی سوری دیپۆرت کردەوە پاش دەستگیرکردنیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێنماییەکانی نشینگە. لەو کاتەدا، میدیاکان راپۆرتیاندا لەسەر هەبوونی 33 پەنابەری تری سوری لە بەغداد کە دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی پێشێلکردنی رێنماییەکانی نیشینگە و لەژێر مەترسی دیپۆرت کردنەوەدان.
پێشێلکاریی بەرامبەر پەنابەران و پەناخوازان: پەنابەران ئاماژەیانداوە بە چەندبارەبوونەوەی گێچەڵی سێکسیی، لەناو کەمپ و لە شارەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر کەیسەکان کە کارمەندانی کارگێڕیی کەمپ، پەنابەرانیان رووبەڕووی چەندین جۆر پێشێلکاریی و ترساندن کردۆتەوە.
ئازادیی جووڵە: پەنابەرە سورییەکان بەردەوام رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە سەبارەت بە نشینگە و جووڵە لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرنجیانداوە، ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران ئازادیی جووڵەی ناوخۆییان هەیە لەناو هەرێمی کوردستانی عێراق. نەریتێکی جێگیر هەیە بۆ سەردانی کورتی خێزان لە سوریا، لەبەر چەند هۆکارێکی سنووردار و پاش رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
کار: حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی ئاستەنگیان دانەناوە لەسەر کارکردنی پەنابەران و پەناخوازان لە کەرتی تایبەت، ئەگەر باری پەنابەریی فەرمییان هەبێت. لەسەر بنەمای کۆمەڵێک بڕیار و نەریت، فەلەستینەییەکان بەگشتی مامەڵەی هاووڵاتیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام نەبوونی رێککەوتن لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر باری پەنابەران، هۆکارە بۆ سەختبوونی دەستگەیشتنیان بە کار یان هاتوچۆ لەنێوان هەردوو ناوچەکە. پەنابەرانی فەلەستینی تۆمارکراو لە لیژنەی هەمیشەیی بۆ کاروباری پەنابەران لە وەزارەتی ناوخۆ، کارتێکی وەزارەتی ناوخۆیان بۆ دەرکراوە کە رێگەیان پێدەدات دەستیانبگات بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی و بەشەخۆراک لەڕێگەی سیستمی دابەشکردنی گشتی عێراق. کارابوونی کارتی پەنابەری فەلەستینی دەوەستێتە سەر ئەوەی کەی هاتووە بۆ عێراق؛ ئەوانەی لە ساڵی 1948 هاتن کارتێکی پێنج ساڵیان وەرگرت و ئەوانەی لە ساڵی 1967 یان دواتر هاتن کارتی سێ ساڵیان وەرگرتووە.
لە هەرێمی کوردستان پانابەرە فەلەستینیەکان رێگەیان پێدەدرێت لە کەرتی تایبەت کاربکەن و مۆڵەتی نشینگەی مرۆیی نوێ بکەنەوە. پەنابەرە سورییەکان توانیویانە مۆڵەتی نیشنگە و کارکردنی دەرچوو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەستبهێنن و نوێ بکەنەوە لەناوەوە و لە دەرەوەی کەمپەکانی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ داوا لە پەنابەران دەکەن لە لیژنەی هەمیشەیی وەزارەتی ناوخۆ خۆیان تۆماربکەن. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) بەردەوام پەنابەران ئاگاداردەکاتەوە لە مەترسییەکانی دەستگیرکردن، ڕاگرتن یان دیپۆرت کردنەوە لەکاتی گەشتکردن بۆ ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق کاتێک هەڵگری مۆڵەتی دەرچووی هەرێمی کوردستانن، یان کاتێک بە مۆڵەتی لیژنەی هەمیشەیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دێنە هەرێمی کوردستان.
f. دۆخ و مامەڵەی ئاوارە ناوخۆییەکان
دەستوری فیدراڵی و سیاسەتی نیشتیمانی لەسەر ئاوارەبوون باس لە مافەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان دەکات، بەڵام تەنها چەند یاسایەک بەدیاریکراوی ئەمە دەکات. بەپێی نەخشەی دیاریکردنی ئاوارەیی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM Migration Displacement Tracking Matrix)، تا 31 ئاب، نزیکەی 1.14 ملیۆن کەس ئاوارەی ناوخۆیین؛ لەمانە 166.360 کەس لە 25 کەمپی ئاوارەکان نیشتەجێن. حکومەت و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەناویاندا ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پاراستن و کۆمەکی تر بۆ ئاوارەکان دابین دەکەن. وەک بەشێک لە گۆڕانکاری لە وەڵامدانەوەی مرۆیی بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیکرد بە ڕادەستکردنی هەماهەنگیی و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دانیشتوانی ئاوارە بە دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەڵام راپۆررتەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی ناچالاک کردنی سیستمی هێشوویی فریاگوزاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 31 کانونی یەکەم 2022، بۆتە هۆی دروستبوونی کەموکوڕی بەرچاو لە خزمەتگوزارییە گرنگەکان بۆ دانیشتوانی ئاوارەی ناوخۆیی، لەبەرئەوەی بەرپرسانی حکومەت ئامادەنین یان ناتوانن ئەم ئەرکانە لەئەستۆبگرن. حکومەتی فیدراڵ بەپەلە کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکانی داخست و کۆمەڵگە نافەرمییەکانی چۆڵکرد، ئەمەش بووە هۆی دووبارە ئاوارەبوون و زیادبوونی دۆخناسکیی دانیشتوانی پێشوو.
لە هەندێک ناوچە، تووندوتیژی و نائارامیی، لەگەڵ گرژییە درێژخایەنە سیاسیی، خێڵەکیی، ئیتنیکی و مەزهەبییەکان، رێگربوون لە بەرەوپێشچوونی ئاشتەوایی نیشتیمانی و چاکسازیی سیاسی، ئەمەش ژینگەی پاراستنی ئاوارە ناوخۆییەکانی ئاڵۆزتر کردووە. هەزاران خێزان ئەزموونی دووبارە ئاوارەبوونیان کردووە، بەهۆی کێشەی ئابووری و ئاسایش. ئاوارەکردنی بەزۆر، بارگرانیە لەسەر توانای دەسەڵاتە خۆجێیەکان لەو ناوچانەی رێژەی ئاوارەکان زۆرن. هاوکات ئاوارەبوون بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری هەبووە لەسەر ناوچەکانی گەڕانەوە لە سەرانسەری وڵات.
ئەو خێزانانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان رووبەڕووی کێشەی وێرانبوونی ماڵەکانیان، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییکان و سنوورداری دەرفەتەکانی کار دەبنەوە. زۆربەی گەڕاوەکان نیگەرانن لە باڵادەستیی گروپەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی یان پاشماوەکانی داعش، هەروەها ئەو میلیشیانەی پەیوەستن بە پەکەکە لە شەنگال. خێزانە ئاوارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی بە پەیوەندیدار بە داعش سەیردەکرێن، لەناویاندا قوربانییەکان و رزگاربووانی تاوانەکانی داعش، زۆرجار نەیانتوانیوە بەڵگەنامەی مەدەنیی گرنگ وەربگرن یان نوێبکەنەوە، کە بەبێ ئەمەش نەیانتوانیوە کار بدۆزنەوە، بچن بۆ قوتابخانە یان ئازادانە هاتوچۆ بکەن. لە هەندێک دۆخدا، ئەمە بۆتە هۆی دووبارە ئاوارەبوونەوە یان گەڕانەوە بۆ کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان.
هاوکاریەکانی حکومەت چڕبۆتەوە لە کۆمەکی دارایی بۆ گەڕاوەکان، بەڵام پارەدانەکان پچڕپچڕ بوون و ژمارەیەکی زۆر داواکاریی ئاوارەکان کەڵەکەبوون. دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەردەوام بوون لە جێبەجێکردنی یاساکانی قەرەبووکردنەوەی حکومەت بەشێوەیەکی جیاکارانە و ئەو خێزانانەیان بێبەش کردوە کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت. زۆر خێزان، بەتایبەتی لە نەینەوا، داواکاریان پێشکەش کردوە، بەڵام هێشتا قەرەبووی داراییان وەرنەگرتووە کە مافی شایستەی خۆیانە بەپێی یاسا، لەبەرئەوەی تا مانگی حوزەیران ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی فیدراڵی پەسەند نەکردبوو. دەسەڵاتەکان رێگریان کردوە لە پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ قەرەبووکردنەوەی دارایی لەلایەن هەندێک خێزان کە گومانی پەیوەندییان لەگەڵ داعش لێدەکرێت، لەئەنجامدا، چەندین ئاوارەی ناوخۆیی سەرچاوەیان نییە بۆ بونیاتنانەوەی ژیانیان.
هەموو هاوڵاتیان مافی وەرگرتنی خۆراکیان هەیە بەپێی سیستمی دابەشکردنی گشتی (بەشەخۆراک)؛ بەڵام دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکیی و ناڕێک دابەشکردنی خۆراک ئەنجام دەدەن، لەگەڵ دەستگەیشتنی سنووردار لەو ناوچانەی دوا شوێنی ئازادکراوو بوون. دەسەڵاتەکان هەموو مانگێک هەموو بڕگە خۆراکییەکانیان دابەش نەکردوە، هەروەها هەموو ئاوارەکان دەستیان نەگەیشتوە بە دابەشکردنی خۆراک لەهەر پارێزگایەک. بەپێی راپۆرتەکان، هەندێک ئاوارە مافی دەستگەیشتنیان بە بەشە خۆراک و خزمەتگواری تر لەدەستداوە، چونکە هاوڵاتیان دەتوانن تەنها لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بەشە خۆراک وەربگرن لەو پارێزگایەی لێی تۆمارکراون. بەپێی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، حکومەت لە ناوەڕاستی ساڵ بڕیاریدا رێگەبدات بەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین خۆیان تۆماربکەن بۆ پرۆگرامی کەمکردنەوەی هەژاریی لەچوارچێوەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
دەسەڵاتە خۆجێیەکان هەندێک کات بڕیاریانداوە لەسەر دەستگەیشتنی ئاوارەکان بە خزمەتگوزارییە خۆجێیەکان. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکەنەوە کە هەموو ئاوارەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان سوودمەندن لە دەستگەیشتن بە هەموو خزمەتگوزاری و ژێرخانە گشتییەکان (وەک ئاوی خواردنەوە، کارەبا، پەروەردە، چاودێریی تەندروستی، ڕێگەوبان و سیستمی ئاودێری) ئەمەش لەسەر بنەمای یەکسانیی لەگەڵ دانیشتوانی خۆجێی، بەوتەی خۆیان ئەمە بەرجەستەی رژدبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و شکۆی مرۆڤ لە دۆخە سەختەکاندا.
نزیکەی ملیۆنێک لە ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەرانی وڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێن، بەپێی سەنتەری هاوبەشی هەماهەنگی قەیران، نزیکەی 30 لەسەدیان لە کەمپەکان و 70 لەسەد لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین. بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندن بە دانەخستنی کەمپەکان تا ئاوارەکان خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان. بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چل لەسەدی ئاوارە ناوخۆییەکان عەرەبی سوننەن، 30 لەسەد ئێزیدین، 13 لەسەد کوردن (سەر بە ئاینی جیاواز) و 7 لەسەد مەسیحین، ئەوانی تر ئەندامی گروپەکانی تری پێکهاتە ئاینییەکانن.
ئەو ئاوارە مەسیحیانەی دەگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەی تلکێف، ئاماژەیانداوە بە ترس لە لیوای 50ی حەشدی شەعبی کە ئەو ناوچەیەی داگیرکردوە، هەروەها هەبوونی بنکەی ڕاگرتن و گواستنەوە و داداگا، کە بەپێی راپۆرتی لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی (ICRC) لەوانەیە ئافرەت و منداڵی گومانلێکراو بە ئەندامێتی خێزانی داعش لەوێ ڕاگیرابن. تەنها ژمارەیەکی کەمی دانیشتوانی ئێزدیی عێراق کە لەنێوان 400.000 تا 500.000 کەس بوون، گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، رێژەی گەڕانەوە بۆ شەنگال بۆ ئێزیدییەکان و ئەوانی تر بە تەنها 35 لەسەد مەزەندە دەکرێت. زۆربەیان بڕیاریانداوە لە کەمپەکان بمێننەوە و دەڵێن کە نەبوونی پلانی بونیاتنانەوە و خزمەتگوزاری گشتی و ئاسایش، رێگرن لە گەڕانەوەیان بۆ ماڵەکانیان. بەرەوپێشچوونێکی کەم هەبوو لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی هەمەلایەنی شەنگال لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە داوای فراوانکردنی هەوڵەکانی بونیاتنانەوە دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئێزیدییەکان کە هێشتا ئاوارەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان لە دەرەوە. هەندێک لە کۆمەڵگەکانی شەنگال، لەناویاندا ئێزیدییەکانی شەنگال، پاڵپشتیی رێککەوتنەکە ناکەن، چونکە دەسەڵاتدارەکان بەشدارییان پێنەکردوون لە دانوستانەکاندا.
بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئاوارە ناوخۆییەکان لە عێراق، تکایە بڕوانە بابەتەکانی سەنتەری چاودێریی ئاوارەبوونی ناوخۆیی لەم لینکە: https://www.internaldisplacement.org
g. کەسانی بێدەوڵەت
عێراق بەشداری کردووە لە زیادبوونی کەسانی بێدەوڵەت، لەوانە لەڕێگەی جیاکاریی لەدژی ئافرەتان لە یاسای رەگەزنامە. کەسانی بێدەوڵەت رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە بۆ دەستگەیشتن بە مافە بنەڕەتییەکانیان، لەوانە دەستگەیشتن بە پەروەردە، هەلی کار و چاودێریی تەندروستی. کەسانی تر هێشتا لەژێر مەترسیی بێدەوڵەوت بووندان بەهۆی بەربەستە کارگێڕیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دەستگەیشتن بە یان تۆمارکردن بۆ بەڵگەنامە مەدەنییەکانی وەک بڕوانامەی لەدایکبوون، هاوسەرگیریی و مردن. کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) و ڕێکخراوە ناحکومییەکان داکۆکیکردن، هۆشیاری یاسایی و پاڵپشتی بەدەستهێنانی بەڵگەنامە مەدەنییەکان پێشکەش دەکەن بەو کەسانەی لەژێر مەترسیی بێدەوڵەت بووندان.
منداڵی ئاوارە کە بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە رووبەڕووی ڕەتکردنەوە دەبنەوە لەلایەن کۆمەڵگەی خۆجێییەوە، لەگەڵ بێبەشکردن لە چوونە قوتابخانە و دەستگەیشتن بە چاودێریی تەندروستی و بێبەشکردن لە مافە بنەڕەتییەکان. زۆربەی ئەم منداڵانە لەژێر حوکمڕانی داعشدا لەدایکبوون و بڕوانامەی لەدایکبوونیان پێدراوە کە بە نادروست هەژماردەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە. ئەمانە رووبەڕووی گرفتی زۆر دەبنەوە لە بەدەستهێنانی بەڵگەنامە مەدەنییەکان، بەهۆی گومانی وابەستییان بە داعشەوە. ئەمە سەختترە بۆ ئەو ئافرەتانەی سەرۆک خێزانن و ناتوانن بڕوانامەی لەدایکبوون بۆ منداڵەکانیان وەربگرن بەبێ ئامادەبوونی هاوسەر یان بڕوانامەی مردنی هاوسەر.
ئەم ئافرەت و منداڵانە رووبەڕووی لەکەدارکردن دەبنەوە بەهۆی پەیوەستکردنیان بە داعش، ئەمەش دەیانخاتە بەردەم مەترسی زۆری خۆکوشتن، تۆڵەسەندنەوە و ئیستغلالی سێکسیی. ئەگەرچی هەندێک لە کۆمەڵگەکان فەرمانیان دەرکردوە و هەنگاویان ناوە بۆ بێبەریکردنی ئافرەتان لە گوناهبارکردنی پەیوەست بە ئیستغلالی سێکسییان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، بەڵام هێشتا کوشتن لەسەر "شەرەف" مەترسییە. بەگشتی کۆمەڵگەکان ئەو منداڵانەیان پەسەند نەکرد کە باوکیان چەکداری داعش بوون. نەبوونی پلانێکی نیشتیمانیی یەکگرتوو بۆ تۆمارکردنی ئەو منداڵانەی دایکیان عێراقییە و باوکیان ئەندامی داعش بووە، ئەم منداڵانە رووبەڕووی مەترسی بێدەوڵەتبوون دەکاتەوە.
جڤاتی ئێزیدی بەئامادەباشییەوە پێشوازی کرد لە گەڕانەوەی ئافرەتە ئێزیدییەکان کە لە کۆیلایەتی داعش رزگاریان بوو، بەڵام پێشوازیان لەو منداڵانە نەکرد کە لە ئەنجامی لاقەکردن لەلایەن داعشەوە لەدایکبوون. جڤاتی ئێزیدی زۆرجار ئافرەتەکانی ناچارکردوە، هەندێک جار لەژێر هەڕەشەی دەرکردن لە کۆمەڵگە، دەستبەرداری منداڵی لەم جۆرە بن و بیدەن بە خانەی بێسەرپەرشتان، ئەگەرچی سیستمێکی لەخۆگرتن (تبني)ی یاسایی نییە. ئەو ئافرەتانەی بڕیاردەدەن منداڵەکانیان بهێڵنەوە، ڕووبەڕووی وەدەرنان لە کۆمەڵگە و کوشتن لەسەر "شەرەف" دەبنەوە. ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان، پەناگە و ڕەوانەکردن پێشەکەش دەکەن بە ئافرەتانی ئێزیدی و لە هەندێک کەیسدا یارمەتی دایکانیان داوە خێزان بۆ ئەو منداڵانە بدۆزنەوە کە ناچارکراون دەستبەرداریان بن. ئەو منداڵانەی هاوکاری نەکراون، بێ دایک و باوکن، بێ بەڵگەنامەن، ڕوون نییە لەدایکبووی کام وڵاتن و ڕەگەزنامەیان دیار نییە. یاسای رزگاربووانی ئێزیدی لە جینۆسایدی داعش، حوکمی دیاریکراوی تێدا نییە لەسەر بار یان سوودەکان بۆ منداڵانی داعش و دایکیان، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی تووندوتیژی سێکسیی لەدایکبوون.
بەشی 3. ئازادیی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی
دەستوری فیدراڵ و یاسا هاووڵاتیانیان توانادار کردوە بۆ هەڵبژاردنی حکومەتەکەیان لە هەڵبژاردنی خولیی (دوري) ئازاد و رەوا، کە لەڕێگەی دەنگدانی نهێنییەوە ئەنجام دەدرێت لەسەر بنەمای مافی دەنگدانی گشتی و یەکسان.
هەڵبژاردنەکان و بەشداری سیاسیی
پێشێلکارییەکان و سەرپێچییەکان لەدوا هەڵبژاردنەکان: لە کانونی یەکەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، لە 15 پارێزگای ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئەنجامدا. هاووڵاتیان رەوایەتیی ئەنجامەکانیان پەسەندکرد سەرەڕای راپۆرتەکان لەسەر بانگەشەی گەندەڵیی، لەوانە کڕینی دەنگ، ترساندن و پێشێلکردنی رێکارەکانی هەڵبژاردن.
حیزبە سیاسییەکان و بەشداری سیاسیی: حیزبە سیاسییەکان و هاوپەیمانێتیەکان رێکخراون لەسەر هێڵی ئایینی یان ئیتنیکیی، ئەگەرچی هەندێک حیزب هێڵە تائیفیەکانیان تێپەڕاندووە. ئەندامێتی لە هەندێک لە حیزبە سیاسیەکان، دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی هەندێک جیاوگ و سوودی تایبەت لە بوارەکانی کار و پەروەردە.
چاودێرانی هەڵبژاردن ئاماژەیاندا بە گەندەڵیی وەک بەربەستی سەرەکیی بۆ دامەزراندنی حیزبی سیاسیی و هێمایان کرد بۆ ئەوەی زۆر کەس ناچارکراون بەرتیل بدەن بە کاربەدەستانی هەڵبژرادن بۆ دڵنیابوون لەوەی داواکارییەکانیان پەسەند دەکرێت. رسومی دیاریکراو بۆ دامەزراندن و تۆمارکردنی حیزبی سیاسیی 30.000 دۆلاری ئەمریکییە، بەڵام چاودێرانی هەڵبژاردن راپۆرتیانداوە کە پاش بەرتیلدانی پێویست، تێچووی راستەقینە دەگاتە دوو هێندەی ئەو بڕە. پرۆسەکە تا ماوەی یەک ساڵ دەخایەنێت، بەپێی ئەوەی چەند بەرتیل دراوە و تاچەند کەسایەتییە سیاسییە ناسراوەکان پاڵپشتیی ئەو حیزبە دەکەن.
چاودێرانی تر راپۆرتیانداوە لەسەر گرفتەکانی تۆمارکردنی حیزبەکان، بەتایبەتی ئەوانەی هەوڵ دەدەن حیزبی سەربەخۆ، مەدەنیی و عەلمانی تۆماربکەن. هەندێک باس لە رووبەڕووبوونەوەی چەندین ئاستەنگ دەکەن بۆ تۆمارکردنی حیزبەکانیان، کە پێدەچێت ئەو ئاستەنگانە نوێ بن بەمەبەستی رێگرتن لە تۆمارکردنی ئەم حیزبانە.
بەشداری ئافرەتان و ئەندامانی گروپە پەراوێزخراو یان دۆخناسکەکان: هیچ یاسایەک بەشداری ئافرەتان یان ئەندامانی کەمایەتییەکانی لە پرۆسەی سیاسیی سنووردار نەکردوە، هەروەها ئەم گروپانە بەشدارییان کردوە. دەستوری فیدراڵ فەرمان دەدات کە ئافرەتان دەبێت 25 لەسەدی ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکان پێکبهێنن. کاندیدی ئافرەت 29 لەسەدی کۆی کاندیدەکانیان پێکدەهێنا و ئافرەتان 97 کورسی پەرلەمانیان بردەوە، لەناویاندا 54 ئافرەت کە پشتیان نەبەست بە پرۆسەی کۆتا. سەرەڕای ئەمە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە زۆرجار گفتوگۆ سیاسییەکان ئەندام پەرلەمانە ئافرەتەکان پەراوێز دەخەن. تۆڕی ئافرەتانی عێراق پشتڕاستی کردەوە کە چەندین دابونەریت هاوشان لەگەڵ بەربەستە یاساییەکان، رێگرن لە بەشداری چالاکانەی ئافرەتان لە ژیانی گشتی، بەتایبەتی لە سیاسەت. بەپێی ئەزموونی خۆیان، سیاسەتمەداران، چاودێران و نوێنەرانی کۆمەلی مەدەنیی، راپۆرتیانداوە کە هەندێک ئافرەتی ئەندام پەرلەمان هیچ سەربەخۆییەکیان نییە کاتێک دێتە سەر قسەکردن یان دەربڕینی بۆچوونی گشتی و کاتێک پێویستیان بە وەرگرتنی رێنمایی یان رەزامەندیی سەرکردە پیاوەکانی حیزبەکانیان هەیە. لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنها دوو قەوارەی سیاسیی لەلایەن ئافرەتانەوە سەرکردایەتی دەکرێن. لە هەندێک ناوچەی گوندنشین، ئافرەتان پێویستە لەگەڵ پیاو بچن بۆ دەنگدان لە وێستگەی دەنگدان.
لە 329 کورسی پەرلەمان، یاسا نۆ کورسی داناوە بۆ ئەندامانی گروپەکانی کەمایەتییەکان: پێنج بۆ کاندیدە مەسیحییەکانی پارێزگاکانی بەغداد، نەینەوا، کەرکوک، هەولێر و دهۆک؛ یەک بۆ ئێزیدی؛ یەک بۆ سابیئەی مەندائی؛ یەک بۆ شەبەک و یەک بۆ کوردی فەیلی لە پارێزگای واست. پێنج کاندیدی گروپە کەمایەتییەکان کورسی زیاتریان بردەوە لە کۆتای دیاریکراو، لەوانە سێ ئێزیدی و دوو کاکەیی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمی کۆتا پەیڕەودەکات بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و ئەندامانی گروپی کەمایەتییە ئیتنیی و ئاینییەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان رێژەی 30 لەسەدی تەرخانکردوە بۆ ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق و ئەنجومەنە جۆخێیەکان. یاسا 11 کورسی تەرخانکردوە بۆ کەمایەتییەکان لەسەر هێڵی ئیتنیکی نەک ئاینیی: پێنج بۆ کاندیدە کلدو-ئاشوریەکان، پێنج بۆ کاندیدە تورکمانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان. هیچ کورسیەک تەرخان نەکراوە بۆ گروپەکانی تر کە خۆیان جیادەکەنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووی ئینتیکییەوە وەک کورد یان عەرەب هەژماریان دەکات: وەک ئێزیدی، شەبەک، سابیئەی-مەندائی، کاکەیی و کوردی فەیلی.
حیزبە سیاسییە گەورەکان هاوپەیمانی دەکەن لەگەڵ حیزبی کەمایەتییەکان، یان لە هەندێک دۆخدا حیزبی سیاسی کەمایەتییەکان دروست دەکەن، بۆ مەبەستی هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها هانی عێراقیەکانی تر دەدەن دەنگ بدەن بە کاندیدی کەمایەتیەکانی هاوپەیمانی خۆیان بۆ کورسیەکانی کۆتا. سەرکردە ئاینییەکان و چالاکوانانی کەمایەتییەکان، سکاڵا دەکەن لەوەی ئەم پرۆسەیە بێبەشیان دەکات لە مافی دەنگدان و داوای چاکسازیی دەکەن لە پرۆسەی دەنگدان بۆ سنووردارکردنی دەنگی کەمایەتییەکان تەنها بۆ کورسی کۆتای تەرخانکراو بۆ کەمایەتی پەیوەندار، هەروەها داوای کورسی کۆتای زیاتر دەکەن لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی کوردستانی عێراق.
بەشی 4. گەندەڵیی لە حکومەت
یاسا سزای تاوانی داناوە بۆ حکومدان لەسەر گەندەڵیی لەلایەن بەرپرسانەوە، بەڵام حکومەت بەشێوەیەکی کاریگەر یاساکە جێبەجێ ناکات. چەندین راپۆرت هەبوون لەسەر گەندەڵیی حکومەت. یاسا رێگەدەدات بە هەندێک کەسی حوکمدراو لەسەر گەندەڵیی لێبوردن بیانگرێتەوە پاش گەڕاندنەوەی ئەو پارەیەی لەڕێگەی گەندەڵییەوە دەستیان کەوتبوو، کاریگەری ئەمەش رێگەدانیان بوو بە هەڵگرتنی ئەو دەستکەوتەی بەدەستیان هێناوە لە پارە دزراوەکەوە.
گەندەڵیی: گەندەڵیی هێشتا گەورەترین ئاستەنگە بۆ حوکمڕانی کارا لەسەر هەموو ئاستە دامەزراوەییەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەرتیل، سپیکردنەوەی پارە، خزمایەتیی و دەستبەسەراگرتنی سامانی گشتی بەربڵاون لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکومەت. رەچاوکردنی خێزان، خێڵ، ئیتینک و مەزهەب کاریگەریی گەورەیان هەیە لەسەر بڕیارەکانی حکومەت لەسەر هەموو ئاستەکان و لە هەموو دەسەڵاتەکانی حکومەت. زۆرجار بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ترسی لێپرسینەوە لە گەندەڵیی تێوەگلاون. لە مانگی ئادار، نوێنەری تایبەتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) لە وتەیەکدا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاند کە گەندەڵیی خەسڵەتی بنەڕەتییە لە ئابووری سیاسیی و هەوڵەکانی چاکسازیی چالاکانە ئاستەنگ دەکرێن و شکستیان پێدەهێنرێت. هەروەها گوتی کە بیست ساڵی رابوردو "رێگەیەکی زۆر سەخت بووە" بەڵام حکومەتی نوێ پێداگریی نیشانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەندین پرسی بەپەلە. هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئاستەنگکراون بەهۆی نەبوونی رێککەوتن لەسەر ئەرکە دامەزراوەییەکان، ئیرادەی سیاسیی، فشاری سیاسیی، نەبوونی شەفافیەت، نارۆشنیی یاساکانی بەڕێوەبردن و رێکارە کارگێڕییەکان. هەبوونی میلیشیای چەکدار، کە راستەوخۆ بەشدارن لە گەندەڵیی و دابینکردنی پاراستن بۆ بەرپرسە گەندەڵەکان، بۆتە هۆی سەختکردنی جێبەجێکردنی هەوڵە رژد و بەردەوامەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی.
ئەگەرچی دامەزراوەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی هاوکاریی زیاتر دەکەن لەگەڵ گروپەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، بەڵام ئەنجامەکان سنووردار بوون. راگەیاندنەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان هەوڵیاندا سەربەخۆ گەندەڵیی ئاشکرا بکەن، بەڵام توانایان سنووردار بوو. کاربەدەستانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی، جێبەجێکردنی یاسا و دادوەریی، هەروەها ئەندامانی کۆمەڵی مەدەنیی و راگەیاندنەکان، رووبەڕووی هەڕەشە، ترساندن و پێشێلکاریی دەبنەوە لەکاتی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاری.
حکومەت دۆسیەی گەندەڵیی بۆ 14 کەس کردوە، لەوانە بەرپرسانی باڵای ئاسایش لە هەڵمەتێکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی لە ساڵی 2020، بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەشکەنجەدانی راگیراوان.
لە مانگی ئاب، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ وەزیری پێشووی دارایی عەلی عەلاوی و سێ هاوکاریی نزیکی سەرۆک وەزیرانی پێشوو موستەفا ئەلکازمی بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە فێل و ساختەکاری باج کە ناسراوە بە "دزیی سەدە" و بڕی 2.5 ملیار دۆلار دزرا لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە دەستەی باج. رۆژی 6 ئاب، سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی دادوەر حەیدەر حەنون، داوای بانگەوازی سووری ئینەرپۆڵی کرد بۆ دەستنیشانکردن و دەستبەسەرکردنی کاتیی ئەوانەی تێوەگلاون و پاشان رادەستکردنەوەیان لە چەند وڵاتێکەوە، لەوانە تورکیا، ئوردون و سعودیە.
هەرێمی کوردستان دەستەی دەسپاکیی خۆی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵیی و راپۆرتیداوە کە 799 سکاڵای گەندەڵیی بەرپرسانی تۆمارکردوە لەنێوان کانونی دووەم و تەموزدا. لەم ماوەیەدا، دەستە 143 کەیسی رەوانەی دادگاکان کردوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و دادگاییکردن.
بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی گەندەڵیی لە عێراق، تکایە بڕوانە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بەناونیشانی "ژینگەی وەبەرهێنان لە وڵات"، هەروەها راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە بەناونیشانی راپۆرتی ستراتیژی نێودەوڵەتی بۆ کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان، کە زانیاری تێدایە دەربارەی تاوانە داراییەکان.
بەشی 5. هەڵوێستی حکومیی لەسەر چاودێریی و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی و ناحکومیی بۆ بانگەشەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ناحکومییەکان نیگەرانییان دەربڕیوە لە زیادبوونی هەوڵەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بۆ داخستنی رێکخراوە ناحکومییەکان لەڕێگەی نوێنەکردنەوە و نەبەخشینی مۆڵەتی کارکردن، زیادکردنی کاتی چاوەڕوانیی بۆ رێکارەکانی تۆمارکردن، هەروەها داواکردنی گۆڕانکاریی هەڕەمەکیی و نایاسایی وەک گۆڕینی پەیڕەوی ناوخۆ یان ناوی رێکخراو. هاوکات رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە کە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان نووسراوی ئاگادارکردنەوەی ناردوە و بانگەشەی ئەوەی کردوە کە رێکخراوە ناحکومییەکە ئادابی گشتی و شەریعەتی ئیسلامی پێشێلکردوە و داوایان لێکردوون یان رێکخراوەکەیان دابخەن یان بەڵیننامە واژۆبکەن کە پابەند دەبن بە ئادابی گشتییەوە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ناحکومییەکان زیاتر رووبەڕوووی هەڕەشە و گێچەڵی نافەرمیی دەبنەوە. بەرپرسانی حکومەت تاڕادەیەک هاوکاربوون بۆ کارەکانیان بۆ چاودێرییکردن و لێکۆڵینەوە لە دۆخی مافی مرۆڤ و کەیسەکانی مافی مرۆڤ، بەڵام زۆر بەردەست نەبوون بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. چەندین راپۆرت هەبوون کە دەسەڵاتەکان گێچەڵ، هەڕەشە و دەستگیرکردن بەکاردەهێنن لەدژی کارمەندانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی رێکخراوە مرۆییەکان لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراوی تیرۆر.
رێکخراوە ناحکومییەکان رووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەست بە توانای مرۆیی بوونەتەوە، دەستگەیشتنی بەردەوامیان نەبووە بە بەرپرسانی حکومەت و لەئەنجامدا نەیانتوانیوە پاراستنی بەرچاو دابین بکەن لەدژی شکستی حوکمڕانی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. نەبوونی سەرچاوەی دارایی بەردەوام بۆ رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان، رێگرە لە گەشەی درێژخایەنی ئەم کەرتە. لەکاتێکدا کە یاسا قەدەغەی کردوە رێکخراوە ناحکومییەکان بەشداری بکەن لە چالاکی سیاسیی، حیزبە سیاسییەکان یان گروپە مەزهەبییەکان رێکخراوی ناحکومییان پێکهێناوە، دارایی کردوە یان کاریگەریی گەورەیان هەبووە لەسەر زۆر رێکخراوی ناحکومیی ناوخۆیی. فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بوو لە داواکردن لە رێکخراوی ناحکومیی رەزامەندی پێشوەخت وەربگرن پێش ئەنجامدانی هەر رووپێو یان راپرسییەک لە وڵات.
رێکخراوە ناحکومییەکان رێگریان لێکراوە بۆ کارکردن لە هەندێک کەرت. ئەو رێکخراوە ناحکومیانەی لە هەولێر تۆمارکراون، ناتوانن لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاربکەن، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی سەرباری بەغداد (بڕوانە بەشی 2.b.). بەپێی یاسا پێویستە هەموو رێکخراوە ناحکومییەکان تۆماربکرێن لەلای فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان و لە هەندێک باردا رەزامەندی سەرباری ئەنجوومەنە خۆجێیەکان پێویستە بۆ ئەوەی رێکخراوە ناحکومییەکان بتوانن چالاکییەکانیان جێبەجێ بکەن. سەرەڕای ئەوە، ئەو رێکخراوە ناحکومییانەی لە حکومەتی فیدراڵ تۆمارکراون، رێگەیان پێنادرێت لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاربکەن، بەبێ تۆمارکردن و مۆڵەتی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستانی عێراق کۆمەڵگەیەکی چالاکی رێکخراوی ناحکومیی هەیە کە زۆرینەیان کوردین، زۆربەیان پەیوەندی نزیکیان هەیە و کۆمەک وەردەگرن لە حیزبە سیاسییەکان. لە مانگی ئاب، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردوە لە رێکارەکانی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی مۆڵەت، پاش ئەوەی رێکخراوە ناحکومییەکان سکاڵایان کردووە کە رێکارەکان زۆر بارگرانن. بەڵام ژمارەیەک رێکخراوی ناحکومیی راپۆرتیاندا کە هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بەدینەهاتووە پاش ئەو راگەیاندنە.
لە مانگی ئاب، رێکخراوێکی ناحکومیی ناسراو راپۆرتیدا کە نادادپەروەرانە سکاڵای لەدژ کراوە لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاش کۆتایهێنان بە کارکردن لەگەڵ پارێزەرە کوردەکەی، کە بە بڕوای رێکخراوەکە تێوەگلابوو لە گەندەڵیی و پەیوەست بوو بە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان.
تۆڵەسەندنەوە لە داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ: لە مانگی شوبات، روانگەی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ (IOHR) رایگەیاند کە چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ترسیان هەیە لەوەی پەلامارەکانی حکومەت و دەستگیرکردنەکان بەشێک بن لە هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ بەئامانجکردنی ناڕەزایی لە دەسەڵاتداران. لە مانگی ئاب، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بە نوێنەرانی کۆمیسۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ (United Nations Commission on Human Rights) لە عێراق راگەیاند کە "نابێت ئاڵوگۆڕکردنی داتا و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی لەسەر مافەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیدار بێت." رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ (HRW) رایگەیاند داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ رووبەڕوون لەگەڵ هەڕەشە، گێچەڵ و راگرتنی هەڕەمەکیی لەلایەن بەرپرسانی حکومەت و گروپە چەکدارەکانەوە. چەند چالاکوانێک تووشی پەلاماری جەستەیی بوون کە هەڕەشە بوون لەسەر ژیانیان. لە 16 شوبات، جاسم ئەلئەسعەدی، پارێزەرێکی بەناوبانگ و ناسراو بۆ دانانی هۆڕەکانی باشوری عێراق لە لیستی شوێنەواری یونسکۆ (UNESCO)، ئازادکرا پاش رفاندنی لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە، کە بۆ زیاتر لە دوو هەفتە دەستبەسەربوو و سزادرابوو لەسەر ئەوەی گوتبووی تورکیا و ئێران ئاوی پێویست بەرنادەنەوە بۆ زیندووهێشتنەوەی هۆڕەکان. بەپێی راپۆرتەکان، دامەزراوەکانی حکومەت چالاکوانی تری ژینگەییان دەستگیر و دادگایی کردوە بەمەبەستی بێدەنگکردن و هەڕەشەکردن.
نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانی تر: هەندێک کات حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگریان کردوە لە دەستگەیشتنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر بە شوێنە هەستیارەکان، وەک بنکەکانی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ناوخۆ کە گومانلێکراوانی تیرۆریزم لەوێ بەندکراون.
دامەزراوە حکومییەکانی مافی مرۆڤ: یاسا سەربەخۆیی کارگێڕی و دارایی داوە بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی عێراق، هەروەها دەسەڵاتی فراوانی پێداوە، لەوانە مافی وەرگرتن و لێکۆڵینەوە لە سکاڵای پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، دەستپێکردنی داوای یاسایی پەیوەست بە پێشێلکاریی یاسای مافی مرۆڤ و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندن بۆ بەندیخانە و بنەکانی دەستبەسەرکردن. هەندێک چاودێر راپۆرتیانداوە کە ئەجێندای تاکەکەسیی و حیزبیی کۆمیسیاران تاڕادەیەکی زۆر بۆتە هۆی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ و لە ئەنجامدا سنووردارکردنی سەربەخۆیی و کارایی کۆمیسیۆنەکە.
بەشی 6. جیاکاریی و پێشێلکاریی کۆمەڵایەتی
ئافرەتان
لاقەکردن و تووندوتیژی خێزانیی: یاسای فیدراڵ لاقەکردن و دەستدرێژی سێکسیی لەدژی ئافرەت، پیاو و منداڵ وەک تاوان هەژماردەکات، بەڵام بەدیاریکراوی ئاماژە نادات بە لاقەکردنی هاوسەریی. یاساکە سزای بەندکردنی داناوە کە زیاتر نەبێت لە 15 ساڵ، بەڵام سزای هەتاهەتایی دەسەپێنرێت ئەگەر قوربانیی لاقەکردن لە ئەنجامی پەلامارەکە بمرێت. بڕگەکانی یاسا لەسەر لاقەکردن چەمکی "رەزامەندیی" پێناسە نەکردوە و بەجێیهێشتوە بۆ شرۆڤەی دادوەریی. یاسا رێگەدەدات بە دەسەڵاتەکان کەیسی لاقەکردن دابخەن ئەگەر پێشێلکار هاوسەرگیریی لەگەڵ قوربانیی کرد، لەگەڵ بڕگەیەک بۆ پاراستنی قوربانیی لە تەڵاقدان بۆ ماوەی سێ ساڵ. پیاو دەتوانێت هاوسەر و منداڵ "تەمبێ بکات لە چوارچێوەی هەندێک سنووردا کە یاسا یان عورف دیاریکردوون"، هەروەها سزای کەمکراوە پەیڕەودەکرێت بۆ تووندوتیژی یان کوشتن، ئەگەر تۆمەتبار "پاڵنەری شەرەف"ی هەبوو یان ئەگەر تۆمەتبار ژنەکەی یان مێینەیەکی خزمی لەکاتی ئەنجامدانی زینا بگرێت.
وەزارەتی ناوخۆ 16 یەکەی پاراستنی خێزانی هەیە، لەژێر فەرماندەیی پۆلیس و لە بینای جیاواز لەناو بنکەکانی پۆلیس لە سەرانسەری وڵات، کە پێکهێنراون بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە خێزانییەکان و دابینکردنی پەناگەیەکی پارێزراو بۆ قوربانییانی تووندوتیژی سێکسیی و جێندەریی. ئەم یەکانە هەوڵ دەدەن ئەولەویەت بدەن بە ئاشتەوایی خێزان زیاتر لە پاراستنی قوربانیی و توانایان نییە بۆ هاوکاریکردنی رزگاربووان. رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێن کە قوربانییەکان دەترسن بچنە یەکەکانی پاراستنی خێزان، چونکە گومان دەکەن کە پۆلیس دەستبەجێ خێزانەکانیان ئاگاداربکەنەوە لە وتەکانیان. هەندێک سەرۆک خێڵ لە باشوری وڵات رێگری لە ئەندامانی خێڵەکانیان دەکەن هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەن لەڕێگەی یەکەکانی پاراستنی خێزان، بە بیانوی ئەوەی کە تووندوتیژی خێزانیی پرسی خێزانە. یەکەکانی پاراستنی خێزان لە زۆربەی شوێنەکان پەناگەیان نییە. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە ئافرەتانی رزگاربووی تووندوتیژی خێزانیی سڵ دەکەنەوە لە راپۆرتدان لەسەر تاوان بە ئەفسەرانی پۆلیسی یەکەکانی پاراستنی خێزان کە زۆرینەیان پیاون.
گێچەڵکردن بە کارمەندانی یاسایی کە هەوڵ دەدەن بەدواداچوون بکەن بۆ کەیسەکانی تووندوتیژی خێزانیی بەپێی ئەو یاسایانەی پەلاماردان وەک تاوان دەناسێنن، هەروەها نەبوونی پۆلیس و کارمەندی دادوەریی راهێنراو، ئاستەنگی زیاتریان دروستکردوە بۆ هەوڵەکانی دادگاییکردنی پێشێلکاران. رووپێوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامگیری کردوە کە نزیکەی 75 لەسەدی ئافرەتان راپۆرت نادەن لەسەر تووندوتیژی خێزانیی وەک تاوان، بەهۆی ترس لە تۆڵەسەندنەوە و کولتوری ئاساییکردنەوەی تووندوتیژی خێزانیی.
بەهۆی نەبوونی یاسای فیدراڵی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانیی، هەر وەزارەتێکی حکومەتی ناوەند رێگەی تایبەت بەخۆی داهێناوە بۆ کاردانەوەی کاتیی بەرامبەر تووندوتیژی خێزانیی. یاسای هەرێمی کوردستان تووندوتیژی خێزانیی بە تاوان هەژماردەکات، لەناویاندا پێشێلکاریی جەستەیی و دەروونیی، هەڕەشەی تووندوتیژی و لاقەکردنی هاوسەریی. حکومەتی هەرێمی کوردستان حوکمەکانی یاساکەی جێبەجێ کردوە، هێزێکی پۆلیسی تایبەتی پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکانی تووندوتیژی جێندەریی و پێکهێنانی لیژنەی ئاشتەوایی خێزانیی لەناو سیستمی دادوەریی، بەڵام رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە کە ئەم پرۆگرامانە کاریگەر نەبوون.
دوو پەناگەی بەڕێوەبراوی تایبەت و چوار پەناگەی بەڕێوەبراو لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک پاراستن و هاوکاری دابین دەکەن بۆ قوربانییانی مێینەی تووندوتیژی جێندەریی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. شوێن سنووردارە و رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا، خزمەتگوزاریی و چارەسەرە دەروونییەکان لاوازن. رێکخراوە ناحکومییەکان رۆڵێکی سەرەکیی دەگێڕن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەناویاندا پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی بە قوربانییانی تووندوتیژی خێزانیی، کە زۆرجار هیچ هاوکارییەک لە حکومەت بەدەستناهێنن. لەجیاتی بەکارهێنانی چارەسەرە یاساییەکان، زۆرجار دەسەڵاتەکان ناوبژیان کردوە لەنێوان ئافرەتان و خێزانەکانیان تا ئافرەتەکان بتوانن بگەڕێنەوە ماڵەوە. جگە لە هاوسەرگیریی یان گەڕانەوە بۆ ناو خێزان، کە زۆرجار بۆتە هۆی زیاتر بەقوربانیکردنیان لەلایەن خێزان یان کۆمەڵگەوە، بژاردەی کەم هەیە بۆ ئافرەتانی نیشتەجێی پەناگەکان. هاوکات حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە مامەڵەبکەن لەگەڵ زەبری جەستەیی و دەروونیی کە تووشی ئەو ئەو ئافرەتانە بۆتەوە کە لەژێر حوکمی داعشدا ژیاون.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەنتەری جینۆساید لە دهۆک بەڕێوەدەبات بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر و هاوکاریی و شیاندنەوە بە ئافرەتانی رزگابوو لە ژێردەستەیی داعش، لەگەڵ لێکۆڵینەوە و دۆکۆمێنتکردنی تاوانەکانی لاقەکردن؛ دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی و دەروونیی لەناو کەمپەکان.
خەتەنەکردنی مێینە: یاسای عێراقی فیدراڵ و یاسای هەرێمی کوردستان خەتەنەکردنی مێینەیان قەدەغە کردووە. رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندوە کە پیادەکردنی خەتەنەکردنی مێینە بەردەوامە لە دابەزین لە هەرێمی کوردستانی عێراق. رێکخراوەکان ئەمە دەگەڕێننەوە بۆ بەتاوانکردنی ئەم دیاردەیە و چالاکییە بەردەوامەکانی هۆشیارکردنەوە لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی. خەتەنکردنی مێینە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق دیاردەیەکی بەربڵاو نییە.
جۆرەکانی تری تووندوتیژیی جێندەریی و گێچەڵ: یاسای فیدراڵ "شەرەف"ی وەک بەرگرییەکی یاسایی قبوڵکردوە بۆ تووندوتیژی دژی ئافرەتان، بەڵام یاسای هەرێمی کوردستان قەدەغەی کردوە "شەرەف" وەک "دۆخی سوککەری سزا" بەکاربهێنرێت. کوشتن لەسەر شەرەف هێشتا کێشەیەکی گەورەیە لەسەرانسەری وڵات. بڕگەیەکی یاسا، سزای کوشتنی سنووردار کردوە بۆ سێ ساڵ زیندانییکردن ئەگەر پیاوی دادگاییکراو هاوسەرەکەی یان وابەستەیەکی مێینەی کوشت بەهۆی گومانی ئەوەی قوربانیی خیانەتی هاوسەریی یان کردەی سێکسی لەدەرەوەی هاوسەرگیریی ئەنجامداوە. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) راپۆرتیداوە کە ساڵانە چەند سەد ئافرەتێک دەبنە قوربانیی کوشتنی شەرەف. هەندێک خێزان کوشتنی شەرەف بەشێوەیەک ئەنجام دەدەن کە وەک خۆکوشتن دەربکەوێت. ئاماری دروست سەبارەت بە کوشتنی شەرەف بەردەست نەبوو.
لە مانگی کانونی دووەم و شوبات، خۆپیشاندانی بەربڵاو روویدا لە پارێزگای دیوانییە وەک کاردانەوە بەرامبەر سەپاندنی سزای سووک لە کەیسی کوشتنی "شەرەف"ی تیبە ئەلعەلی، کە باوکی حوکمدرا لەسەر خنکاندنی. گروپەکانی مافی ئافرەتان داوای دادپەروەریی و یاسای تووندتریان کرد بۆ پاراستنی ئافرەتان و کچان لە تووندوتیژی جێندەریی. نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (UNAMI) و رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) سەرکۆنەی کوشتنە "دڕندانەکەیان" کرد و رایەنگەیاند "یاسای سزادانی عێراقی هێشتا بە نەرمیی مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەوەی ناودەبرێت بە 'تاوانی شەرەف' کە بریتییە لە کرداری تووندوتیژی وەک لێدان و تەنانەت کوشتن."
لەماوەی ساڵەکەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە وەزارەتی ناوخۆ، 30 کەیسی کوشتنی شەرەفی لە هەرێمی کوردستانی عێراق پشتڕاست کردەوە. بەپێی راپۆرتەکان، ژنان و کچان هەندێک کات رووبەڕووی ئیستیغلالی سێکسی بوونەتەوە لەڕێگەی ئەوەی ناسراوە بە هاوسەرگیریی کاتیی یان هاوسەرگیریی چێژ، کە بەپێی ئەوە پیاو پارەی مارەیی دەدات بە خێزانی کچەکە یان ژنەکە لەبەرامبەر رەزامەندی لەسەر "هاوسەرگیریی" بۆ ماوەیەکی دیاریکراو. ئافرەتی گەنج، بێوەژن یان بێسەرپەرشت لەئەنجامی پەلامارەکانی داعش، بەتایبەتی دۆخناسکن بەرامبەر ئەم جۆرە ئیسیغلالە. لە کەیسی هاوشێوەدا، رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە هەندێک لەو خێزانانەی کچە منداڵەکانیان داوە بەرامبەر پارەی مارەیی، لەو بڕوایەدان کە هاوسەرگیرییەکە راستەقینەیە، بەڵام تەنها پاش چەند مانگێك کچەکانیان بۆ دەنێرنەوە، هەندێک جار بە دووگیانیی.
بەرپرسانی حکومەت و رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان راپۆرتیانداوە کە نەریتی "بەستنەوە" (نهوة)، واتا کاتێک ئامۆزا، مام یان خزمێکی تری نێرینەی ئافرەت رێگری دەکات لە هاوسەرگیریی یان هاوسەرگیرییەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە لەگەڵ کەسێکی دەرەوەی خێزان، هێشتا کێشەیە بەتایبەتی لە پارێزگاکانی باشور.
جیاکاریی: ئەگەرچی دەستوری فیدراڵ زامنی یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت دەکات، یاسا هەمان پێگەی یاسایی نەداوە بە ئافرەتان کە دەیدات بە پیاوان، هەروەها ئافرەتان رووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە لە کار و پیشەدا. یاساکانی تاوان، خێزان، باری کەسیی، کار و میرات، جیاکاریی دەکەن لەدژی ئافرەتان. ئافرەتان ئەزموونی جیاکاریی دەکەن لە بوارەکانی هاوسەرگیریی، جیابوونەوە، لەخۆگرتن (حضانة)ی منداڵ، کار، موچە، خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی بزنس یان موڵک، پەروەردە، پرۆسەی دادوەریی و نیشتەجێبوون.
بۆ نموونە، لە دادگا گەواهیدانی ئافرەت نیو بەهای گەواهیدانی پیاوی هەیە لە هەندێک کەیسدا، بەڵام لە هەندێک کەیسی تردا یەکسانن. یاسا بەگشتی رێگەدەدات بە ئافرەتان رێکاری یاسایی تەڵاق بگرنەبەر لەدژی هاوسەرەکانیان، بەڵام یاسا مافی نەفەقە نادات بە ئافرەت جگە لە خەرجی منداڵ، یان لە هەندێک کەیسدا نەفەقەی دارایی بۆ ماوەی دوو ساڵ، لە هەندێک کەیسی تردا، پێویستە ئافرەت هەموو یان بەشێکی مارەییەکەی بگەڕێنێتەوە یان بەپێچەوانەوەوە بڕێک پارە بدات بە هاوسەرەکەی. بەپێی یاسا باوک سەرپەرشتیاری منداڵە، بەڵام دەکرێت دایکی تەڵاقدراو ئامێزگە (حەزانە)ی منداڵ وەربگرێت تا تەمەنی 10 ساڵان، ئەمەش بە بڕیاری دادگا درێژ دەکرێتەوە تا تەمەنی 15 ساڵان، پاش ئەوە منداڵ دەتوانێت بڕیار بدات لەگەڵ دایک یان باوک بژی.
هەر 18 گروپە ئاینییە دانپێدانراوەکان دادگای باری کەسیی خۆیان هەیە، کە بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی هاوسەرگیریی، تەڵاق و پرسەکانی میرات. جیاکاریی لەدژی ئافرەتان لە بوارەکانی باری کەسیی، بەپێی گروپە ئاینیەکە دەگۆڕێت. شرۆڤەی حکومەت بۆ شەریعە بنەمایە بۆ یاسای میرات بۆ هەموو هاووڵاتیان، جگە لە گروپە کەمایەتییە ئاینییە دانپێدانراوەکان. لە هەموو کۆمەڵگەکان، پێویستە نێرینەی جێنشین پاڵپشتی دارایی ئەندامانی مێینە بکات، کە میراتی کەمتریان بەردەکەوێت. ئەگەرنا، ئافرەت مافی هەیە سکاڵا تۆماربکات. یاسا مافی یەکسان دەدات بە پیاوان و ئافرەتان بۆ خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی زەوی یان موڵکی تر، بەڵام نەریتە کولتوری و ئاینییەکان بەربەستن لەبەردەم مافەکانی موڵکداری ئافرەتان، بەتایبەتی لە ناوچە گوندییەکان.
یاسا و دابونەریت بەگشتی رێز لە ئازادیی جوڵەی ئافرەتان ناگرن. بۆ نموونە، یاسا رێگرە لە ئافرەت داوای پاسپۆرت بکات بەبێ رەزامەندی وەلی ئەمری نێرینە یان نوێنەری یاسایی. ئافرەتان، بەبێ رەزامەندی کەسێکی نزیکی نێرینە، ناتوان بەڵگەنامەی باری شارستانی بەدەستبهێنن، کە پێویستە بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، بەشەخۆراک، چاودێریی تەندروستی، پەروەردە، و خانووبەرە.
رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە لەسەر ئەو کەیسانەی کە تێیدا دادگا تۆماری ئافرەتی ئێزیدیان گۆڕیوە بۆ موسوڵمان، بەپێچەوانەی خواستی خۆیان، لەبەرئەوەی بەزۆر هاوسەرگیرییان لەگەڵ جەنگاوەرانی داعش پێکراوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەندێک پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ ئافرەتان، ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و دەستەی چاودێریی مافی ئافرەتان پێکهێنراون بۆ جێبەجێکردنی یاساکان، رێگرتن و کاردانەوە بەرامبەر جیاکارییەکان، بەڵام ئەم پاراستنانە بەشێوەیەکی ناتەبا پەیڕەودەکرێن. یاساکانی تری هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی یاسای خێزانی عێراقی فیدراڵن، هەروەها ئافرەتان رووبەڕووی جیاکاریی دەبنەوە. یاسای هەرێمی کوردستان رێگەدەدات بە ئافرەتان مەرجی پێش هاوسەرگیریی دابنێن بۆ کاتی جیابوونەوە لە هاوسەر، لە چەندین دۆخی زیاتر لەوەی یاسای عێراق رێگەی پێدەدات، هەروەها هاوکاری دارایی بۆ ئافرەتی جیابوەوە دابین دەکات، بۆ ماوەی پێنج ساڵ پاش چاودێریی منداڵ.
یاسا قەدەغەی دانەناوە بۆ جیاکاریی لەسەر بنەمای تەمەن، ئاراستەی سێکسیی یان ناسنامەی جێندەریی. یاسا رێگەدەدات بە خاوەنکاران گرێبەستی کرێکاران هەڵبوەشێننەوە کاتێک دەگەنە تەمەنی خانەنشینی، کە بۆ ئافرەت پێنج ساڵ کەمترە.
مافی وەچەخستنەوە: هیچ راپۆرتێک نەبوو لەسەر بەزۆر لەباربردنی منداڵ یان خەساندنی ناخۆبەخشانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتەوە.
چەندین رێبازی رێگرتن لە دووگیانیی بەشێوەیەکی بەربڵاو بەردەستن، لە عێراق و هەرێمی کوردستان؛ بەڵام ئافرەتان لە شارەکان بەگشتی دەستگەیشتنی باشتریان هەیە لەوانەی لە ناوچە گوندییەکان دەژین. ژنی مێرددار ناتوانێت وەسفی پزیشک وەربگرێت یان دەرمانی رێگرتن لە دووگیانیی بەکاربهێنێت، بەبێ رەزامەندی هاوسەرەکەی. ئافرەتی سەڵت کە هاوسەرگیریی نەکردوە ناتوانێت دەرمانی رێگرتن لە دووگیانیی بەکاربهێنێت. ئافرەتی جیابووەوە یان بێوەژن هەمان ئاستەنگیان نییە.
چالاکوانان بەتایبەت باسیان لەوە کرد کە مافەکانی وەچەستنەوە پرسێکی هەستیاری ئاینییە. هەڕەشەی تووندوتیژی لەلایەن گروپە ئاینییە تووندڕەوەکان رێگربوون لە هەموو دەستپێشخەرییەکانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی لە بواری مافەکانی وەچەخستنەوە.
بەهۆی ناسەقامگیری گشتی لە وڵات و گرفتەکانی بەشداریی ئابووری، چەندین ئافرەت چاودێریی تەندروستی نەگونجاو وەردەگرن.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راپۆرتیدا لەسەر پێشکەشکردنی چارەسەر بە رزگاربووانی تووندوتیژی سێکسیی لە فەرمانگە خۆجییەکانی تەندروستی و بەشەکانی ئیمێرجنسی. بەڵام دادوەران بەدەگمەن رەچاوی بەڵگە کۆکراوەکانی پزیشیکی دادوەریی دەکەن. حکومەت دەڵێت خزمەتگوزاری تەواو پێشکەش دەکات بە رزگاربووانی تووندوتیژی سێکسیی و لاقەکردن لە هەموو پارێزگاکان، چونکە بەپێی یاسا پێویستە هەموو رزگاربووان چاودێریی و چارەسەری تەندروستی تەواو وەربگرن. بەڵام رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیانداوە ئەم خزمەتگوزارییانە لاوازن و تەنها بەردەستن لە هەندێک لە ناوچە شارستانییەکان. رێگرتن لە دووگیانی بەپەلە بەردەست بوو وەک بەشێک لە بەڕێوەبردنی چەرپایی (قەرەوێڵەیی) قوربانیی لاقەکردن لە بنکە تەندروستییە حکومیی و تایبەتەکان، ئەگەرچی ئەو داکۆکیکارانەی کار لەگەڵ رزگاربووان دەکەن راپۆرتیانداوە لەسەر هەبوونی چەندین ئاستەنگ بۆ دەستگەیشتی ئافرەتان بە رێگرەکان لە دووگیانی، وەک رۆتین، داواکردنی بەڵگەنامە، لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی، سەرەڕای هەبوونی چەندین کەلێن لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکە.
تووندوتیژی و جیاکاریی سیستماتیک لەسەر بنەمای ئیتنیک یان رەگەز
دەستوری فیدراڵ یەکسانیی دەدات بە هەموو هاووڵاتیان لەپێش یاسا و بەبێ جیاکاریی لەسەر بنەمای رەگەز، ئیتنیک، نەتەوە یان رەچەڵەک. دەستور قەدەغەی دەکات هەر قەوارە یان بەرنامەیەک هەستێت بە پەیڕەوکردن، هاندان، رێخۆشکردن، پیرۆزکردن، رەواجپێبدان یان شەرعیەتدان بە رەگەزپەرستی و سڕینەوەی ئیتنیکیی. یاسای هەرێمی کوردستانی عێراق قەدەغەی داناوە بۆ "وتاری ئاینیی، سیاسیی، راگەیاندن، بەشێوەی تاکەکەس یان کۆمەڵ، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستکردنی کینە و تووندوتیژی، تیرۆر، بێبەشکردن و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتنیک یان بانگەشەی ئاینیی یان زمانەوانی."
هێزە حکومییەکان، لەناویاندا هەندێک گروپی دیاریکراوی حەشدی شەعبی، ئەندامانی گروپەکانی کەمینە ئاینیی و ئیتنیکییەکانیان کردۆتە ئامانج، هەروەها چەکدارە چالاکەکانی داعش هەمان کاریان کردوە. هەندێک هێزی حکومیی، لەناویاندا یەکەکانی حەشدی شەعبی، بەزۆر ئە کەسانەیان ئاوارە کردوە کە گومانی وابەستبەبوون بە داعشیان لێ دەکرێت یان لەبەر هۆکاری ئیتنیکیی و مەزهەبی.
زۆرینەی کەسە بەڕەچەڵەک ئەفریکیەکان، کە هەندێکیان بێدەوڵەتن، لە هەژاریی سەختدا دەژین و رێژەی نەخوێندەواریی و بێکاریی لەناویاندا بەرزە. لە سیاسەتدا نوێنەرایەتی نەکراون و دەڵێن کە جیاکاریی لەدژیان بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانن کاری حکومیی بەدەستبهێنن. ئەندامانی ئەم کۆمەڵگەیە کێشەی بەدەستهێنانی قەرەبوویان هەیە بەرامبەر بە زەوییە دەستبەسەراگیراوەکانیان لەکاتی جەنگی عێراق-ئێران.
یاسا هەمان پێگەی هاووڵاتی دەدات بە کرێکاری کۆچبەری عەرەب، بەڵام هەمان ئەو مافانە نادات بە کرێکاری کۆچبەری ناعەرەب، کە رووبەڕووی رێوشوینی توندتری نشینگە و ڤیزەی کارکردن دەبنەوە. بەپێی راپۆرتەکان نزیکەی 80 لەسەدی کەسانی بەڕەچەڵەک ئەفریکی بێکارن. لە سیاسەتدا نوێنەرایەتی نەکراون و هیچ پۆستێکی باڵای حکومییان نییە، هەروەها دەڵێن کە جیاکاریی لەدژیان بۆتە هۆی ئەوەی نەتوانن کاری حکومیی بەدەستبهێنن. چەندین راپۆرت هەبوون سەبارەت بە کرێکاری بیانیی خەڵکی وڵاتانی ئەفریکا و ئاسیا، کە رووبەڕووی تووندوتیژی سەخت، کاری زۆرەملێی وەک لەشفرۆشی و ئیستیغلال و تووندوتیژی سێکسیی بوونەتەوە. زۆرجار ئەو کرێکارانەی ئاشکرابوون بە نایاسایی نیشتەجێن و کاردەکەن، دیپۆرت کراونەتەوە.
کەسانی بێدەوڵەت رووبەڕووی جیاکاریی بوونەوە لە دەستگەیشتن بە کار و دەستەبەری کاریان نییە. زۆربەی کەسە بێدەوڵەتەکان نەیاتوانیوە ناسنامەی باری کەسیی بەدەستبهێنن، ئەمەش بۆتە رێگر بۆ و دەستگەیشتن بە کار لە کەرتی گشتی.
منداڵ
تۆمارکردنی لەدایکبوون: شکستخواردن لە تۆمارکردنی لەدایکبوون بۆتە هۆی بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک پەروەردە، خۆراک، و چاودێریی تەندروستی. ئافرەتانی سەڵت و بێوەژن زۆرجار کێشەیان هەبوە لە تۆمارکردنی منداڵەکانیان، ئەگەرچی لە زۆربەی کەیسەکاندا دەسەڵاتەکان بڕوانامەی لەدایکبوونیان بەخشیوە پاش تۆمارکردنی لەدایکبوونەکە لەڕێگەی وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ، بەڵام وەک دەگوترێت ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەن و هەندێک جار ئاڵۆز بووە. رێکخراوە مرۆییەکان راپۆرتیانداوە، کێشەی بەربڵاو هەیە بۆ ئەو منداڵانەی لە باوانی داعش یان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەدایکبوون، بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی لەدایکبوونی حکومیی. لە ئەنجامدا نزیکەی 12.000 منداڵی ئاوارە بەڵگەنامەی مەدەنییان نییە، لەناویاندا بڕوانامەی لەدایکبوون،
پەروەردە: پەروەردەی سەرەتایی ناچارەکییە بۆ منداڵانی هاووڵاتی بۆ شەش ساڵی یەکەمی قوتابخانە و تا تەمەنی 15 ساڵی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. پەروەردەی گشتی دەوڵەتیی بێبەرامبەر دابین دەکرێت بۆ هاوڵاتیان، بەڵام دەستگەیشتنی یەکسان بە پەروەردە بۆ کچان هێشتا گرفتە، بەتایبەتی لە ناوچە گوندییەکان و ناوچە نائارامەکان.
پێشێلکاری بەرامبەر منداڵ: ئەگەرچی دەستوری فیدراڵ "هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی و پێشێلکاری ناو خێزان" قەدەغەدە دەکات، بەڵام یاسا بەڕوونی تووندوتیژی خێزانیی قەدەغە نەکردوە، بەڵکو رێگەدەدات بە پیاو، هاوسەر و منداڵەکانی تەمبێ بکات "لە چوارچێوەی هەندێک سنووردا کە یاسا یان عورف دیاریکردوون." یاسا پاراستن دابین دەکات بۆ ئەو منداڵانەی دەبنە قوربانیی تووندوتیژی خێزانی یان لە پەناگەکان، خانەکانی دەوڵەت و خانەکانی بێسەرپەرشتان دەژین، لەگەڵ دابینکردنی چاودێریی تەندروستی و پەروەردە. بەپێی راپۆرتەکان هێشتا تووندوتیژی دژی منداڵان کێشەیەکی گەورەیە، بەڵام هیچ ئامارێکی پێشپێبەرستراو، دروست و نوێ بەردەست نییە لەسەر ئاستی کێشەکە. حکومەت بەشێوەیەکی کارا یاساکەی جێبەجێ نەکردوە.
یاسای هەرێمی کوردستان تووندوتیژی خێزانیی بە تاوان هەژماردەکات، لەناویاندا پێشێلکاریی جەستەیی و دەروونیی، هەڕەشەی تووندوتیژی. حکومەت حوکمەکانی یاساکەی جێبەجێ کردوە، بەڵام رێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان راپۆرتیانداوە، ئەم پرۆگرامانە کاریگەر نەبوون لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی منداڵان. وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەروەردە و رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی بێبەرامبەریان هەیە بۆ راپۆرتدان لەسەر پێشێلکارییەکان لەدژی مافەکانی منداڵان، یان بۆ وەرگرتنی راوێژ لەم بارەیەوە. چەندین راپۆرت هەبوون سەبارەت بە پێشێلکاریی بەرامبەر منداڵ لەماوەی ساڵەکەدا. چالاکوانان راپۆرتیانداوە لەسەر بەربڵاوی پێشێلکاریی و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کەسی نزیک و هەندێک لە قوربانییەکان راپۆرتیان لەسەر تاوانەکە نەداوە لەترسی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئەندامانی خێزانەوە.
هاوسەرگیریی منداڵ، هاوسەرگیریی زوو و هاوسەرگیریی بەزۆر: کەمترین تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیریی 18 ساڵە، بەڵام یاسا رێگەدەدات بە دادوەران منداڵی تەمەن 15 ساڵان هاوسەرگیریی پێبکەن، ئەگەر لەڕووی جەستەیی و عەقڵییەوە گونجاو بوو و سەرپەرشتیارەکەی هیچ ناڕەزاییەکی گونجاوی نەبوو. یاسا هاوسەرگیریی بەزۆر بە تاوان هەژمارکردوە، بەڵام ئۆتۆماتیکی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو هەڵناوەشێنێتەوە. بەپێی راپۆرتەکان حکومەت هەوڵی کەمی داوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە. هاوسەرگیریی زوو و هاوسەرگیریی بەزۆری کچان، لەوانە هاوسەرگیریی کاتیی، لەسەرانسەری وڵات روودەدەن. کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) راپۆرتیداوە لەسەر بەردەوامیی و بەربڵاویی هاوسەرگیریی منداڵ بەهۆی ناکۆکییەکان و ناسەقامگیری ئابووری، لەبەرئەوەی زۆر خێزان هاوسەرگیریی پێشوەختیان رێکخستوە بۆ کچەکانیان لەگەڵ ئامۆزای خۆیان یان سەربەهەوێ. هەندێکی تر کچەکانیان وەک منداڵی بووک داوە بە گروپە چەکدارەکان بۆ زامنکردنی سەلامەتی خۆیان، دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ناوچە داگیرکراوەکان یان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی گوزەران بۆ کۆی خێزانەکە. لە مانگی ئەیلول، دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵ راپۆرتیدا کە مانگانە تێکڕای 6.973 کەیسی جیابوونەوە هەبووە، بەتایبەتی لە ئەنجامی هاوسەرگیریی زوو.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق، تەمەنی هاوسەرگیریی یاسایی 18 ساڵانە، بەڵام یاسای هەرێمی کوردستان رێگەدەدات بە دادوەر مۆڵەتی هاوسەرگیریی بدات بە منداڵی تەمەن 16 ساڵان، ئەگەر بە رەزامەندی خۆیان هاوسەگیریی بکەن و رێگەپێدانیان وەرگرتبێت لە وەلی ئەمری یاساییان. یاسای هەرێمی کوردستان هاوسەرگیریی بەزۆر بە تاوان هەژماردەکات و رایدەگرێت، بەڵام بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هاوسەرگیریی ئەنجامدراو هەڵناوەشێنێتەوە. بەپێی ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، ئاوارە ناوخۆییەکان و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هاوسەرگیریی منداڵ و فرەژنی، بەڕێژەیەکی زیاتر لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەنجام دەدەن. هەندێک پیاوی کورد دەچنە ناوچەکانی تر عێراقی فیدراڵ بۆ هاوسەرگیریی لەگەڵ منداڵ، لەبەرئەوەی یاسا فیدراڵییەکان وەک یاساکانی هەرێم تووندنین.
ئیستغلالی سێکسی منداڵ: یاسا ئیستغلالی منداڵانی بۆ مەبەستی بازرگانیی، فرۆشتن و هەموو جۆرەکانی پۆڕنۆگرافی منداڵ (وێنە و فیلمی سێکسیی منداڵ)ی قەدەغە کردوە. بازرگانیکردنی سێکس بە منداڵان یەکێک بوو لە کێشەکان، هاوشێوەی هاوسەرگیریی کاتیی، بەتایبەتی لەناو ئاوارەکان. تەمەنی سێکسی ئارەزوومەندانە 18 ساڵە. لەبەرئەوەی تەمەنی بەرپرسیارێتی یاسایی تاوان نۆ ساڵە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەند و 11 ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەسەڵاتەکان زۆرجار منداڵی ئیسیغلالکراو وەک تاوانبار مامەڵە دەکەن نەک وەک قوربانیی. هیچ زانیارییەک بەردەست نەبوو لەسەر کاریگەریی جێبەجێکردنی یاساکان لەلایەن حکومەتەوە.
دژەسامی
ژمارەیەکی زۆر کەم هاووڵاتی جوو لە بەغداد دەژین.
یاسا قەدەغەی داناوە لەسەر هەر چالاکییەکی هاندەر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمە پەیڕەودەکرێت لەسەر هەموو هاووڵاتیان، بەرپرسان و کۆمپانیاکان و بیانییەکان. یاسا قەدەغەی کردووە جووەکان بچنە ریزەکانی سوپا یان لە کەرتی گشتی دابمەزرێن.
دروشمەکانی دژەسامیی زیادبوون لەکاتی شەڕی غەزە، کە لە 7 تشرینی یەکەم دەستیپێکرد پاش پەلاماری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل. گێچەڵکردن بە جووەکان لەلایەن گروپە میلیشیاکانەوە روویداوە.
لە مانگی تەموز، یەکێتی شمشێربازیی عێراق هەندێک لە یاریزانەکانی کێشایەوە لە پاڵەوانێتی شمشێربازیی جیهانیی پاش ئەوەی لە گروپێکدا دانرابوون لەگەڵ رکابەری ئیسرائیلی. ئامانجی کشانەوەکە بریتی بوو لە نیشاندانی هاوسۆزیی بۆ فەلەستینییەکان و رەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل. لە مانگی ئەیلول، لیژنەی ئۆڵیمپی عێراق رەخنەی گرت لە بەرزکەرەوەی قورسایی حەیدەر حوسەین عەلی لەسەر بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی جیهان لەگەڵ رکابەرێکی ئیسرائیلی.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی 2003ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێوان 100 تا 250 تاکەکەسی جوو لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسا دژەسامییەکانی حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ ناکات و پشت دەبەستێت بە یاسا جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، کە گەرەنتی پاراستنی مافەکانی ئەندامانی گروپەکانی کەمینە ئاینییەکان دەکات، لەناویاندا جووەکان. جڤاتی جووەکان بەئاشکرا پەرستشی خۆیان ناکەن، لەترسی تۆڵە، جیاکاریی، یان تووندوتیژی لەلایەن بکەرە تووندڕەوەکانەوە. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە حەوت بەڕێوەبەرایەتییەکەی تەرخان کردوە بۆ کاروباری جووەکان.
.
بازرگانیکردن بە مرۆڤ
بڕوانە راپۆرتی بازرگانیکردن بە مرۆڤی وەزارەتی دەرەوە لەم لینکە: https://www.state.gov/trafficking-in-persons-report/.
دەرهێنانی ئەندامی جەستە
حکومەت هەنگاوی ناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی نایاسایی بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بۆ نموونە لە مانگی ئادار، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵ راپۆرتیدا لەسەر دەستگیرکردنی چوار کەس بە گومانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ لە پارێزگای سەلاحەدین. راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژەیاندا بەوەی گورچیلە ئەو ئەندامەیە کە زۆرترین بازرگانی پێدەکرێت لە عێراق، هەندیک کەس خۆبەخشانە گورچیلەیان دەفرۆشن بەرامبەر 10.000 دۆلاری ئەمریکی. ئەگەرچی فرۆشتنی ئەندامانی جەستە نایاساییە، "بەخشەران"ی ئەندامی جەستە بە "دیاری" قەرەوبوو دەکرێنەوە لەلایەن وەرگری ئەندامەکەوە.
کرداری تووندوتیژی، بەتاوانکردن و پێشێلکاریی تر لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسیی، ناسنامە یان دەربڕینی جێندەریی یان خەسڵەتە سێکسییەکان
بەتاوانکردن: یاسای سزادان پەیوەندییەکانی دەرەوەی هاوسەرگیریی بەتاوانکردوە و رێگەنادات بە هاوسەرگیریی هاوڕەگەزان، لە ئەنجامدا هەموو جۆرە پەیوەندییەکی هاوڕەگەزیی قەدەغەکردوە. کەسی گەورە کە حوکم دەدرێت بە پەیوەندیی سکێسیی رەزامەندانەی دەرەوەی هاوسەریی، هەروەها نێربازیی (کە یاساکە پێناسەی کردوە وەک سێکس لەڕێگەی کۆم لەنێوان دووپیاو)، لەگەڵ گەورەیەکی تر، لەوانەیە سزابدرێت بە بەندکردن تا حەوت ساڵ، بەڵام حوکمدان دەگمەنە بەهۆی سەختیی پێورەکانی بەڵگەسازی (سەلماندن) (واتا دەبێت لەکاتی کردارەکە بگیرێن)، هەروەها بەهۆی دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکانی بێدەنگبوون لەسەر ئەم پرسانە. هەروەها یاساکە هەر "کردارێکی نەشیاو"ی لە شوێنی گشتی قەدەغەکردوە و سزای بەندکردنی تا شەش مانگی داناوە بۆ "هەر کەسێک هەڕەشە لە کەسانی تر بکات بە ئەنجامدانی ئەو شتانەی زیان دەگەیەنن بە ئاکاری گشتی." رێکخراوە ناحکومییەکانی (IraQueer) و (Outright) راپۆرتیاندا کە دەکرێت ئەم یاسایە بەکاربهێنرێت لەدژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) یان دەکرێت لەلایەن خەڵکەوە وەک بەتاوانکردنی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) شرۆڤە بکرێت، لەبەرئەوەی واتای "کرداری نەشیاو" و "ئاکاری گشتی" روون نییە. هیچ کەیسێک نەبوو بۆ بەکارهێنانی "کرداری نەشیاو" لەدژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+).
لە مانگی ئاب، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ و رێکخراوە ناحکومییەکانی تر رەخنەیان گرت لە رەشنووسی یاسایەکی ئامادەکراو لەلایەن ئەندامە سەربەخۆکانی پەرلەمان بۆ هەموارکردنی یاساکە و بەتاوانکردنی پەیوەندییە هاوڕەگەزییەکان و هەر دەربڕینێکی ناسنامەی رەگەزتێکەڵیی، هەروەها سەپاندنی سزای مردن بۆ کرداری هاوڕەگەزیی و بەندکردن بۆ رەگەزتێکەڵیی. رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ ئاماژەیدا بە رەشنووسی یاساکە وەک بەشێک لە هەڵمەتی "چەکدارکردنی دروشمەکانی دژە (LGBTQ) و دەرکردنی یاسا بۆ جووڵاندنی جەماوەری زانیاری پێنەدراو لەدژی گروپێکی پەراوێزخراو" وەک ستراتیژێکی دەوڵەت.
لەنێوان کانونی دووەم و حوزەیران، وەزارەتی ناوخۆ سەرکردایەتی هەڵمەتێکی کرد بۆ لێدان لە "ناوەڕۆکی نەشیاو" لە ئۆنلاین، بەلای کەمەوە 20 کەس دران بە دادگا، لەوانە یوتیوبەر و تیکتۆچی. لە مانگی تەموز، سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڕیاری 31 مایسی دادگای بەرایی سلێمانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی راسان بەهۆی "چالاکییەکانی لە بواری هاوڕەزخوازیی." راسان تاکە رێکخراوی مافی مرۆڤ بوو کە راشکاوانە بەشداربوو لە پاڵپشتیکردنی مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لە هەرێمی کوردستانی عێراق. لە مانگی ئەیلول، ئۆفیسی داواکاری گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد بۆ دوو هونەرمەندی ئارایشتی رەگەزگۆڕاو لە هەولێر پاش بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆیان لە ئینستاگرام بە پۆشاکی ئافرەتان و جوانکارییەوە. پاش راگرتنیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئازادکران و فەرمانیان پێکرا پشکنینی پزیشکی ئەنجام بدەن بۆ یەکلاکردنەوەی جێندەریان.
رۆژی 8 ئاب، کۆمسیۆنی پەیوەندییەکان و میدیا قەدەغەکردنی زاراوەکانی "جێندەر" و "هاوڕەگەزخوازی" راگەیاند بۆ کۆمپانیاکانی میدیا نەریتییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە عێراق کاردەکەن، هەروەها لەسەر ئەو ئەپلیکەیشنانەی مۆبایل کە کۆمیسیۆن مۆڵەتی پێداون. کۆمیسیۆن ئامۆژگاری کۆمپانیاکانی میدیا و پەیوەندییەکانی کرد زاراوەی "هاوڕەگەزخوازی" بگۆڕن بە "لادانی سێکسیی" (الأنحراف الجنسي).
تووندویژی و گێچەڵ: سەرەڕای هەڕەشەی دووبارە و تووندوتیژی دژی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+)، حکومەت شکستیخوارد لە دەستنیشانکردن، گرتن و دادگاییکردنی پەلاماردەران یان پاراستنی کەسانی بەئامانجکراو. هەندێک حیزبی سیاسیی هەوڵیاندا پۆزش بۆ ئەم پەلامارانە بهێننەوە و لێکۆڵەران رەتیانکردوە رێکاری گونجاوی لێکۆڵینەوە پەیڕەوبکەن، یان هەر لێکۆڵینەوە بکەن. هاوکات کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) رووبەڕووی ترساندن، هەڕەشە، تووندوتیژی و جیاکاری دەبنەوە و ئەم کەسانە راپۆرتیانداوە کە ناتوانن بە ئاشکرا و بەبێ ترس بژین لە تووندوتیژی لەسەر دەستی ئەندامانی خێزان و کەسانی ناسیاو و نەناسیاو. رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرنجیداوە حیزبە سیاسییەکان تادێت زیاتر مافەکانی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) دەخەنە ژێر پرسیارەوە و زۆرجار ئاڵای پەلکەزێڕینە دەسوتێنن و بانگەشە هەڵدەبەستن بۆ لۆمەکردنی هاوڕەگەزخوازی وەک هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی.
لە مانگی شوبات، رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ، راپۆرتیدا لەسەر بەکارهێنانی سەکۆکانی ئۆنلاینی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپلیکەشنەکانی یەکترناسین بۆ دەستنیشانکردن کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) و بەئامانجکردنی ئەم جۆرە کەسانە لە ئۆنلاین و لە ژیانی ئاسایی. گروپە چەکدارەکان سەرانەیان سەندووە لە کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەپلیکەیشنەکانی یەکترناسین، لەژێر پەردەی هەژماری ساختەی (LGBTQI+) و هەڕەشەیان لێکردوون کە راپۆرت دەدەن بە دەسەڵاتەکان یان لە ئۆنلاین ناویان بڵاودەکەنەوە ئەگەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو نەدەن. بەپێی رێکخراوە ناحکومییەکان، کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) کە بەئامانجکراون لە ترسی بەردەوامدا دەژین لە گێچەڵ یان کوشتن لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە و راپۆرتیانداوە کە ناچارکراون شوێنی نیشتەجێبوونیان بگۆڕن، هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان دابخەن، و ژمارە تەلەفۆنەکانیان بگۆڕن. راپۆرتەکە تێبینی کردوە کە هێزەکانی ئاسایش زیاتر تاکتیکەکانی بەئامانجکردنی ئەلەکترۆنی بەکاردەهێنن بۆ بەئامانجکردنی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+) لەسەر بنەمای چالاکییەکانیان لە ئۆنلاین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ ئەوەی بتوانن دەستگیریان بکەن و بیاندەن بە دادگا. پاش دەستگیرکردن، ئەم کەسانە زۆرجار ئەشکەنجە دەدرێن و مامەڵەی تری خراپیان لەگەڵ دەکرێت، لەوانە گیچەڵی سێکسیی.
جیاکاریی: بەپێی رێکخراوە ناحکومییەکان، ئەو عێراقیانەی ئەزموونی جیاکاریی تووند، ئەشکەنجە، برینداریی جەستەیی و هەڕەشەی کوشتن بوونەتەوە لەسەر بنەمای ئاراستەی سێکسیی راستەقینە یان گومانلێکراو، شوناس و دەربڕینی جێندەریی و خەسڵەتە سێکسییەکان، هیچ رێگەیەکیان نەبووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کردارانە لەڕێگەی دادگاکان یان دامەزراوەکانی حکومەت. رێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە لەسەر فشار لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە لەکاتی نوێکردنەوەی مۆڵەت بۆ بەڵێندان بەوەی کار لەسەر پرسەکانی (LGBTQI+) ناکەن. پاراستنی یاسایی نەبوو بۆ ئاراستەی سێکسیی یان ناسنامە یان دەربڕینی جێندەریی. لە مانگی ئەیلول، پسپۆڕانی رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتیاندا لەسەر دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لەدژی کارمەندانی رێکخراوی ئازادیی ئافرەتان لە عێراق لەسەر پەنادانی کەسانێک کە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە لەلایەن خێزانەکانیانەوە، هەروەها فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان رێکخراوەکەی بەئامانجکرد لەڕێگەی بەرزکردنەوەی داوایەک لەدژیان.
بەردەستبوونی دانپیانانی یاسایی بۆ جێندەر: رێکخراوی (IraQueer) راپۆرتیداوە کە ئەستەمە کەسانی رەگەزگۆڕاو بتوانن پشتڕاستکردنەوەی جێندەریی بۆ نەشتەرگەری یان چارەسەری گۆڕینی هۆرمۆن وەربگرن. کەسانی رەگەزگۆڕاو، لەناویاندا ئەوانەی دەستیاندەگات بە نەشتەرگەری یان چارەسەری هۆرمۆنیی لە دەرەوەی وڵات، رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی یاسایی کە بەرجەستەی ناسنامەی جێندەرییان بکات.
چارەسەری پزیشکیی یان دەروونیی ناخۆبەخشانە یان زۆرەملێ: هیچ راپۆرتیک نەبوو دەربارەی چارەسەری بەزۆر یان ناخۆبەخشانە کە ناودەبرێت بە چارەسەری راستکردنەوە یان نەشتەرگەری "ئاساییکردنەوە" کە لەڕووی پزیشکییەوە پێویست نییە و ئەگەری پێچەوانەبوونەوەی هەیە و زیاتر بۆ منداڵ یان گەورەی رەزامەندی نەدەری رەگەزتێکەڵ دەکرێت.
بەربەستەکانی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی رێکخراو و ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتیانە: رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ هەڵسەنگاندنی کردوە بۆ چەند ماددەیەکی یاسایی کە دەکرێت بەکاربهێنرێن بۆ بەربەستکردنی ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی پێکهێنانی رێکخراو و ئازادیی گردبوونەوەی ئاشتییانەی کەسانی هاوڕەگەزخواز، جووتڕەگەزخواز، رەگەزگۆڕاو و رەگەزتێکەڵ (LGBTQI+). بۆ نموونە، یاسا سزای بەندکردنی تا حەوت ساڵی داناوە بۆ رەواجدان بەهەر "بزوتنەوەیەک" کە هەوڵیداوە "پرنسیپە بنەڕەتییەکانی دەستوەر و یاسا بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە بگۆڕێت." رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ راپۆرتیداوە کە قەدەغەکردنی یاساکە بۆ بڵاوکردنەوەی هەر زانیاری یان بیرۆکە یان شتێکی تر کە "ببێتە هۆی شێواندنی نیزامی گشتی" دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ بەئامانجکردنی چالاکوانانی (LGBTQI+) یان هەر کەسیک خۆپیشاندانی کردبێت بۆ پاڵپشتی (LGBTQI+) یان بە ئاشکرا دروشمەکانی (LGBTQI+) بەکارهێنابێت. یاسا سزای بەندکردنی تا دوو ساڵی داناوە بۆ بەرهەمهێنان، دابەشکردن، هاوردەکردن، بڵاوکردنەوە، نمایشکردن، بەدەسهێنان یان وەرگێڕانی کتێب، بابەتی تری نووسراو یان بابەتی میدیایی کە پێشێلی ئادابی گشتی بکات. چڕین یان پەخشکردنی گۆرانی یان وتەی نەشیاو لە شوێنی گشتی سزا دەدرێت بە بەندکردن تا یەک ساڵ.
کەسانی خاوەن کەمئەندامیی
کەسانی خاوەن کەمئەندامیی دەستگەیشتنی سنوورداریان هەیە بە پەروەردە، کار، خزمەتگوزاری تەندروستی، زانیاری، گەیاندن، بیناکان، گواستنەوە و سیستمی دادوەریی و خزمەتگوزارییەکانی تری دەوڵەت. حکومەت زانیاری و گەیاندنی بەشێوەیەکی ئاسان بۆ دەستگەیشتن دابین نەکردوە. حکومەت بەتەواویی ئەو یاسایەی جێبەجێ نەکردوە کە مەرجی داناوە بۆ ئاسانکردنی دەستگەیشتنی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بە بیناکان و شوێنەکانی پەروەردە و کار. لیژنەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیداوە کە بێباکییەکی بەمەبەست هەیە لەلایەن حکومەتەوە سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پێداویستییەکانی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی.
کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گرفتی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، پەروەردە و کار. چالاکوانانی مافەکانی کەمئەندامان تێبینیان کردوە کە ژمارەی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە بەرزبوونەوەدایە بەهۆی سیاسەتە چەوتەکان، جەنگ، کردە تیرۆریستییەکان، ناکارایی یاساکانی هاتوچۆ، مینی زەمینیی و لاوازییی چاودێریی تەندروستی. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەرکردایەتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی چاودێریی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی دەکات، کە هەڵسەنگاندن دەکات بۆ هەر داوایەکی وەرگرتنی خزمەتگوزارییە حکومییە پەیوەستەکان بە کەمئەندامیی. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێک دامەزراوە بەڕێوەدەبات بۆ منداڵان و لاوانی خاوەن کەمئەندامیی. وەزارەت پرۆگرامی قەرزی درێژخایەن بەڕێوەدەبات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بۆ مەبەستی راهێنانی پیشەیی.
بەپێی دەستوری فیدراڵ، پێویستە حکومەت زامنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و تەندروستی کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بکات، وەک پاراستن لە جیاکاریی و دابینکردنی پرۆگرامی نیشتەجێکردن و پرۆگرامی تایبەتی چاودێریی و شیاندنەوە. بەڵام یاسا جیاکاریی لەدژی ئەو کەسانە قەدەغە ناکات کە کەمئەندامیی جەستەیی، هەستەکیی، ژیریی یان مێشکییان هەیە. کۆتای 5 لەسەدی کاری کەرتی گشتی هەیە بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، بەڵام جیاکاریی کار درێژەی هەیە. هاوکاریی تەندروستی مێشکیی (دەروونیی) بۆ بەندکراوانی خاوەن کەمئەندامیی بوونی نییە.
وەزارەتی تەندروستی چاودێریی تەندروستی، کۆمەک و شیاندنەوە، ئەگەر بەردەست بن، دابین دەکات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، کە هاوکات دەتوانن کۆمەک لە فەرمانگەکانی تر وەربگرن، لەناویاندا نووسینگەی سەرۆک وەزیران.
بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەکات، کە پاراستنی کەسانی خاوەن کەمئەندامییش دەگرێتەوە. یاسای هەرێمی کوردستان پاراستنی زیاتر دابین دەکات بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی، وەک مەرجی دامەزراندنی 5 لەسەد لە کەسانی کەمئەندام لە دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و 3 لەسەد لە کەرتی تایبەت. حکومەتی هەرێمی کوردستان 100.000 دیناری عێراقی (69 دۆلاری ئەمریکی)ی مانگانە وەک دەرماڵەی کەمئەندامیی دەدات بە فەرمانبەران و 150.000 دینار کۆمەکی کەمئەندامیی دەدات بە کەسانی خاوەن کەمئەندامیی بێکار. نەبوونی بودجە بۆتە هۆی جێبەجێکردنی ناتەواوی ئەم یاسایە.
داکۆیکارانی مافەکانی کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستان راپۆرتیانداوە، پاراستنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ کەمئەندامان جێبەجێ ناکرێن، لەوانە مەرجی 5 لەسەد دامەزراندن. نەبوونی دەستگەیشتن هێشتا گرفتە بۆ زیاتر لە 98 لەسەدی باڵەخانە گشتییەکان، پارکەکان، هەروەها هۆیەکانی گواستنەوە رێوشوێنی هاوکاریکردنیان نییە بۆ کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێم. داکۆکیکارانی مافەکانی کەمئەندامان راپۆرتیانداوە، رێژەی کارکردن لەناو کەمئەندامان نزمە و زۆر گەنجی خاوەن کەمئەندامیی جەستەیی و مێشکیی دەستگەیشتنیان نییە بە دەرفەتەکانی خوێندن.
کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق چەندین خۆپیشاندان و مانگرتنیان ئەنجامداوە بۆ داواکردن لە حکومەت دۆخی دارایی و ژیانیان باشتر بکات. کۆمەڵەکانی کەمئەندامان دەڵێن جیاکارییان لەدژ دەکرێت سەبارەت بە کارکردن و ئەو کۆمەکانەی پاراستنی کۆمەڵایەتی کە لە حکومەت وەریدەگرن گونجاو نین، بەتایبەتی کە زۆربەیان خەرجیی تەندروستیان هەیە. کەسانی خاوەن کەمئەندامیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق راپۆرتیانداوە لەسەر جیاکاریی کۆمەڵایەتی، تەنگپێهەڵچنین، گێچەڵی سێکسیی، هەندێک جار لەلایەن مامۆستایانەوە.
تووندوتیژی و جیاکاریی تری کۆمەڵایەتی
دانیشتوانی وڵات پێکهاتووە لە عەرەب، کورد، تورکمان و شەبەک، هەروەها کەمایەتیە ئیتنیکیی و ئاینییەکانی وەک کلدان، ئاشوری، ئەرمەنی، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی، بەهایی، کاکەیی، و ژمارەیەکی کەم جوو. هاوکات لە وڵات کۆمەڵگەی بچووکی دۆم (رۆمانی) هەیە، لەگەڵ نزیکەی 1.5 تا 2 ملیۆن هاوڵاتی بەڕەچەڵەک ئەفریکی، کە زیاتر لە بەسرە و پارێزگاکانی دەوروبەری دەژین. لەبەرئەوەی ئایین، سیاسەت و ئیتنیک زۆرجار پێکەوەبەستراون، سەخت بوو پۆڵێنی رووداوەکان بکەین تەنها لەسەر بنەمای شوناسی ئیتنیکی یان ئاینیی.
یاسا رێگەی بە هەندێک گروپی ئاینیی نەداوە، وەک بەهایی، زەردەشتی و کاکەیی، خۆیان وەک ئایینی دانپیانراو تۆماربکەن، ئەگەرچی ئەمانە لە هەرێمی کوردستان دانپیانراون، بەڵام هێشتا لە عێراق دانپیانراو نین و نایاسایین. یاسا رێگەنادات بە موسوڵمان بچێتە سەر ئاینێکی تر. لە هەرێمی کوردستانی عێراق ئەم یاسایە بەدەگمەن جێبەجێ دەکرێت و تاکەکەسەکان بەگشتی ئازادن لە گۆڕینی ئایین بەبێ دەستوەردان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. بە وتەی سەرکردە ئاینییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی، لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاستەنگەکانی ئازادیی ئایین و تووندوتیژی و گێچەڵ لەدژی ئەندامانی گروپە کەمینەکان، کە هێزەکانی ئاسایشی عێراق ئەنجامیان دەدەن، هێشتا بەربڵاون.
بڕوانە راپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی) لەم لینکە: www.state.gov/religiousfreedomreport/
بەشی 7. مافەکانی کرێکاران
a. ئازادیی پێکهێنانی رێکخراو و مافی دانوستانی بەکۆمەڵ
دەستوری فیدراڵ دەڵێت کە هەموو هاووڵاتیان مافی پێکهێنان و پەیوەندیکردنیان هەیە بە سەندیکا و رێکخراوی پیشەییەوە. بەڵام، یاسا قەدەغەی دەکات لەدەرەوەی فیدراسیۆنی گشتی کرێکارانی عێراق، کە لەلایەن حکومەتەوە کۆنترۆڵکراوە، سەندیکای سەربەخۆ لە شوێنی کار پێکبهێنرێت، هەروەها لەلایەن کەمتر لە 50 کرێکارەوە. یاسای کار لەسەر فەرمانبەرانی کەرتی گشتی جێبەجێ ناکرێت. هاوکات یاساکە ئەو کەسانەی کار بۆ کۆمپانیا دەوڵەتییەکان دەکەن وەک فەرمانبەری کەرتی گشتی هەژماردەکات (کە پێکهێنەری 10 لەسەدی هێزی کارن). کرێکارانی کەرتی تایبەت لەو شوێنانەی کار کە زیاتر لە 50 کرێکاریان هەیە دەتوانن لیژنەی کرێکاران پێکبهێنن، کە لقی سەندیکان و مافی سنوورداریان هەیە، بەڵام زۆربەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کەمتر لە 50 کرێکاریان هەیە. یاسای کار جیاکاریی دژەسەندیکایی قەدەغە ناکات و ئەو کرێکارانە ناگەڕێنێتەوە سەر کار کە بەهۆی چالاکی سەندیکاییەوە دەرکراون. یاسای کار بەڕوونی دەستوەردان لە کاروباری سەندیکا قەدەغەناکات. یاساکە رێگە بە کرێکاران دەدات نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ دانوستانی بەکۆمەڵ، تەنانەت ئەگەر ئەندامی سەندیکاش نەبن، هەروەها ماف دەدات بە کرێکاران زیاتر لە یەک سەندیکایان هەبێت لە شوێنی کار.
یاساکە بەڕوونی گەرەنتی مافی بەشداریکردن لە دانوستانی بەکۆمەڵ یان مافی مانگرتن ناکات لە کەرتی تایبەت، بەڵام رێنمایی دەرکردوە بۆ بەڕێوەبردنی پیادەکردنی ئەم مافانە. قەدەغەیە فەرمانبەرانی مەدەنیی و کرێکارانی خزمەتگوزارییە گرنگەکان بەشداری بکەن لە مانگرتن. گفتوگۆکانی دانوستانی بەکۆمەڵ پێویستی بە وادەیەکی دیاریکراوی 30 رۆژی هەیە، پاش ئەوە حکومەت دەسەڵاتی هەیە دەستوەردان بکات بۆ سەپاندنی رێگەچارەیەک. رێککەوتنەکانی دانوستانی بەکۆمەڵ مەرج نییە هەموو کرێکارانی یەکەی دانوستانکار بگرێتەوە. بەپێی یاساکە پێویستە کرێکارانی مانگرتوو ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە پێشکەش بکەن، بۆ دەستپێکردن، پێویستە رازیکردنی ناچارەکیی، نیوەندگیریی پابەندکار یان هەردووکیان پێشکەش بکەن بەو دادگایانەی لەلایەن وەزاتەتی کارەوە دیاریکراون. یاساکە کرێکاران ناپارێزێت لە دەرکردن یان تۆڵەسەندنەوە لەسەر بەشداریکردن لە مانگرتنەکان. حکومەت هەندێک کات مافەکانی دانوستانی بەکۆمەڵی کرێکارانی کەرتی تایبەتی پێشێلکردوە. هەندێک لە سەندیکاکان نەیانتوانیوە رۆڵی پاڵپشت بگێڕن لە ناکۆکییەکانی کار. سەندیکاکان مافیان هەیە پێداگری بکەن لەسەر ناوبژیوانیی لەلایەن حکومەتەوە.
دادگاکانی کار دەسەڵاتیان هەیە بۆ تاوتوێکردنی پێشێلکارییەکانی یاسای کار و ناکۆکییەکان، بەڵام هیچ زانیارییەک بەردەست نەبوو لەسەر جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان، لەناویاندا ئایا رێکارەکان خێرا و کاران یان ئایا سزاکان گونجاون لەگەڵ یاساکانی تری پەیوەست بە بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، وەک جیاکاریی. مانگران و رابەرانی سەندیکا پێشتر راپۆرتیانداوە کە بەرپرسانی حکومەت هەڕەشەیان لێدەکەن و گێچەڵیان پێدەکەن. لە مانگی ئاب، یاسای نوێی دەستبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت کۆمەڵێک چاکسازیی کرد لە سیستمی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت. یاساکە رووماڵی یاسایی سیستمی دەستبەری کۆمەڵایەتی فراوانتر کرد، بۆ لەخۆگرتنی هەموو کرێکاران، بە کرێکارانی نافەرمیی، خودکار و بەشدار لە کاری خێزان. هاوکات یاساکە مەودای جیاوگەکانی فراوانتر کرد بۆ لەخۆگرتنی دەرماڵەکانی دایکایەتی و بێکاریی بۆ جاری یەکەم. یاساکە بیمەی تەندروستی دابین دەکات، کە وەردەگیرێت لە دابینکارانی گشتی، هەرەوەزیی و تایبەت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەرانە یاساکانی جێبەجێکردوە بۆ پاراستنی ئازادیی پێکهێنانی رێکخراو، دانوستانی بەکۆمەڵ و مافی مانگرتنی کرێکاران. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات لەسەر مافەکانی کرێکاران. یاسای کاری هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای یاسای فیدراڵییە.
لە هەرێمی کوردستانی عێراق 15 سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتی هەبوون. سەرۆکی هەموو یەکێتی و سەندیکاکان پیاون، بەڵام ئافرەت لەناو دەستەی کارگێڕییان هەیە. هەر یەکێک لە سەندیکاکان لیژنەیەکی جیاوازی ئافرەتانی هەیە بۆ کاروباری کریکاری ئافرەت. بەپێی راپۆرتەکان رێکخراوە ناحکومییەکان پاڵپشتی لیژنەکەی کرد، ئەمەش بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی یەکسانیی جێندەریی و زیادکردنی سەرکردایەتی ئافرەتان لە سەندیکاکانی هەرێمی کورستانی عێراق. کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی کوردستان رێکخراوی چەترە بۆ هەماهەنگیکردن لەنێوان ئەم گروپانەدا. قەدەغەکردنی کاری زۆرەملێ یان ناچارەکیی
b. Prohibition of Forced or Compulsory Labor
بڕوانە راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوە لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەم لینکە: https://www.state.gov/trafficking-in-persons-report/.
b. قەدەغەکردنی کارکردنی منداڵ و کەمترین تەمەنی کارکردن
c. بڕوانە ئەنجامگیرییەکانی وەزارەتی کار لەسەر خراپترین جۆرەکانی کارکردنی منداڵ لەم لینکە:
https://www.dol.gov/agencies/ilab/resources/reports/child-labor/findings/.
d. جیاکاریی (بڕوانە بەشی 6)
e. دۆخی پەسەندکراوی کار
یاساکانی موچە و کاتژمێرەکانی کارکردن: بەپێی یاسای کاری فیدراڵی، کەمترین موچەی نیشتیمانیی، لەسەروو هێڵی هەژارییەوە دانراوە. زۆرینەی کارمەندان کار بۆ حکومەت دەکەن. یاسا کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردنی رۆژانەی سنووردار کردوە بۆ هەشت کاتژمێر، لەگەڵ یەک یان زیاتر لە پشوویەک کە بگاتە 30 خولەک تا یەک کاتژمێر، هەروەها کاتژمێرە ستانداردەکانی کارکردن لە هەفتەدا 48 کاتژمێرە. یاسا رێگەدەدات بە کارکردنی زێدەکیی تا چوار کاتژمێر لە رۆژێکدا و مەرجی پارەدانی بەرزی داناوە بۆ کاری زێدەکیی. لە کاری پیشەسازیدا، کاری زێدەکیی نابێت زیاتر بێت لە یەک کاتژمێری کار لە رۆژێکدا. پێشێلکارییەکانی یاساکە باون لە کەرتەکانی خۆشنوودی، بیناسازی و پیشەسازیی.
سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی: حکومەت ستانداردەکانی تەندروستی و سەلامەتی پیشەیی دادەنێت. ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی گونجاون بۆ پیشەسازییە سەرەکییەکان. یاساکە دەڵێت کە بۆ کاری مەترسیدار و تواناپڕوکێن، پێویستە خاوەنکار کاتژمێرەکانی کارکردنی رۆژانە کەمبکاتەوە. یاساکە مافی داوە بە کرێکاران بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخێک کە مەترسی لەسەر تەندروسی و سەلامەتیان هەبێت، بەبێ زیان گەیاندن بە کارەکەیان بەڵام ئەم مافە نادات بە فەرمانبەرانی مەدەنی یان کرێکارانی بیانیی، کە پێکەوە زۆرینەی هێزی کاری وڵات پێکدەهێنن.
چوارچێوەی یاسایی و رێکخستن، هاوشان لەگەڵ ئاستی بەرزی تووندوتیژی و نەبوونی ئاسایش لە وڵات، بەرزیی رێژەی بێکاریی، کەرتی نافەرمیی گەورە و نەبوونی ستانداردی راستەقینەی کار، بوونەتە هۆی دروستبوونی دۆخی خراپ بۆ زۆربەی کرێکاران. برینداربوون لە شوێنی کار زۆر روودەدات، بەتایبەتی لەناو کرێکارانی دەستیی؛ بەڵام هیچ داتایەک بەردەست نییە لەسەر ژمارەی دیاریکراوی رووداوە پیشەسازییەکان کە بوونەتە هۆی مردن یان برینداربوونی سەخت.
لە مانگی ئەیلول، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپۆرتیدا لەسەر تۆمارکردنی 7.000 پێشێلکاریی مەرجەکانی سەلامەتی لەلایەن خاوەنکارەکانی وەک چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و هۆڵەکانی ئاهەنگ. هەڵمەتەکە دەستیپێکرد پاش رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگ لە قەرەقوش لە نەینەوا، کە نزیکەی 119 کەس مردن و زیاتر لە 90 کەس برینداربوون لە هۆڵێکی ئاهەنگ کە رێوشوێنەکانی سەلامەتی تێدانەبوو. دواترین زانیاری دەربارەی برینداربوون لەسەر کار نیشانی دەدات کە لە ساڵی 2022 نزیکەی 522 کرێکار برینداربوون لە کەرتی حکومیی، و 4.011 کرێکار برینداربوون لە کەرتی تایبەت، بەزۆری لە کەرتەکانی خزمەتگوزارییەکان و بیناسازی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە مەرجەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی دیاریکراو لە یاسای فیدراڵی. دادگاکانی کار لە هەرێمی کوردستان ناکۆکییەکان یەکلایی دەکەنەوە لەنێوان خاوەنکار و کرێکار، بەوانەشەوە کە یاسای کار رووماڵی نەکردوون.
جێبەجێکردنی مەرجەکانی موچە، کاتژمێری کارکردن و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی: حکومەت بەشێوەیەکی کارا یاساکانی کەمترین موچە، کاتی زێدەکیی یان یاساکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی جێبەجێ نەکردوە و سزای نەسەپاندوە لەسەر پێشێلکارییەکان. وەزارەتی کار دەسەڵاتی هەیە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە موچە، کاتژمێری کارکردن و سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی. حکومەت بەشێوەیەکی کارا رێنماییەکانی جێبەجێ نەکردوە کە پرسەکانی موچە و مەرجەکانی کارکردن بەڕێوەدەبەن. کارمەندانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی وەزارەت لە سەرانسەری وڵات کاردەکەن. بەڵام روون نییە بەرپرسیارێتی یاسایی بۆ دەستنیشانکردنی دۆخە ناسەلامەتەکان دەکەوێتە ئەستۆی پسپۆڕانی ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی یان کرێکاران. سزاکانی پێشیلکردنی ستانداردەکانی سەلامەتی و تەندروستی پیشەیی هاوشێوە نین لەگەڵ سزاکان بۆ تاوانی هاوشێوە، وەک ساختەکاری و پشتگوێخستن (أهمال - negligence).
لە تەموزی 2022 رووپێوی هێزی کاری نیشتیمانیی بە هاوکاریی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ئەنجامدرا، کە ئەمە یەکەم رووپێوی لەم جۆرە بوو لە دەیەی رابوردودا، بەپێی ئەنجامەکانی رووپێوەکە نزیکەی 55 لەسەدی کۆی کارەکان لە کەرتی نافەرمیی بوون و ژمارەی ئەو کەسانەی کاریان هەیە لە کەرتی نافەرمیی بریتییە لە 67 لەسەد لە کۆی کارەکان. رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی مەزەندەی کردوە کە زۆرینەی کرێکاران لە کەرتی تایبەت، کە پێکهێنەری 40 تا 50 لەسەدی کۆی هێزی کارە، کاردەکەن بۆ پێکهاتەکانی کەرتی نافەرمیی. (ILO) تێبینی کردوە کە کرێکارانی کەرتی تایبەت، کە زۆرینەیان نافەرمیین، پاراستنەکان و سوودەکانی شوێنی کاریان نییە و زۆرجار موچەی کەمتریان پیدەدرێت لە تێکڕای موچە لە هاوتاکانیان لە کەرتی گشتی. (ILO) ئاماژەیکرد بەوەی پەنابەران و پەناخوازان بەگشتی لە کەرتی نافەرمیی کاردەکەن، کە لەو کەرتە رووبەڕووون لەگەڵ مەرجی خراپی کارکردن، لەبەرئەوەی رووبەرووی ئاستەنگی سیستماتیک دەبنەوە بۆ کارکردن کەرتی فەرمیی.
رۆتین و مەرجە فەرمییەکان لە پارێزگایەکەوە بۆ یەکێتی تر جیاوازن و هەندێک کات بەپێی کەیسە دیاریکراوەکان بریاردەدرێت، ئەمەش سەختی کردوە بۆ زۆربەی پەنابەران بتوانن مەرجە یاساییەکان بەدیبهێنن بۆ دەستکەوتنی کاری فەرمیی. نەبوونی سەرپەرشتیی و چاودێریی گرێبەستەکانی کار بۆتە هۆی لاوازبوونی کرێکاری بیانی بەرامبەر دۆخی خراپی کارکردن و مامەڵەی بەدکارانە.