حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نیشاندا؛ غازی كۆرمۆر ره‌وانه‌ی كه‌ركوك ده‌كرێت
2024-05-22 08:41:33
راپۆرت: دره‌و
حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نیشاندا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌با گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی بكات بۆ كڕینی غازی كێڵگه‌ی (كۆرمۆر)و گواستنه‌وه‌ی بۆ وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركوك، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی، بێده‌نگه له‌م گرێبه‌سته، دیار نییه ئایا ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال) چاره‌سه‌ر كردووه یاخود نا، دوای راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وت، كۆرمۆر كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی غازی كوردستانه له واشنتۆن و ئه‌نكه‌ره‌و تارانه‌وه چاوی له‌سه‌ره، ئه‌مریكاو توركیا ده‌یانه‌وێت غازه‌كه هه‌نارده بكرێت، ئێران به‌بێ ده‌نگیی دژی هه‌نارده‌كردنه، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.
غازی كۆرمۆر بۆ عێراق
له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌كانی وزه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق (راسپارده‌ی ئه‌نجومه‌نی وزاری بۆ وزه)ی په‌سه‌ندكرد سه‌باره‌ت به هاورده‌كردنی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر بۆ وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركوك.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه راگه‌یاند كه لیژنه‌ی تایبه‌تی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی كردویه‌تی سه‌باره‌ت به نرخی ئه‌و غازه وشكه‌ی كه بڕیاره كۆمپانیاكه بیدات به‌وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركوك.
حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی نیشانداوه له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌كه، وه‌زاره‌تی كاره‌با هه‌نگاو هه‌ڵگرێت بۆ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال)، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی بۆچونی فه‌رمانگه‌ی یاسایی له ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وه‌ربگیرێت و وه‌زاره‌تی كاره‌با به‌گوێره‌ی یاسا‌و سیسته‌م و رێنماییه‌كان، به‌رپرسیارێتیی سه‌لامه‌تی و وردی له گرێبه‌سته‌كه‌دا هه‌ڵگرێت.
مانگی نیسانی رابردوو، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی ئه‌مریكای كرد، وه‌زیری نه‌وتیشی له‌گه‌ڵ خۆی بردبوو.
سه‌باره‌ت به پشتبه‌ستن به غازی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن عێراقه‌وه، حه‌یان عه‌بدولغه‌نی له واشنتۆن گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (الحره)دا كرد، له‌م گفتوگۆیه‌دا وتی: ئه‌و غازه‌ی كه له هه‌رێم به‌رهه‌مده‌هێنرێت له كێڵگه‌ی نه‌وتی (كۆرمۆر)ه، گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كۆمپانیای كاركه‌ر له‌و كێڵگه‌یه كراوه كه كۆمپانیای (كریسێنت)ه بۆ هێنانی (100 ملیۆن) پێ سێجا غاز، به‌ڵام ناكۆكی هه‌یه له‌نێوان كۆمپانیاكه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌سه‌ر راده‌ستكردنی ئه‌و بڕه له غاز، خاڵه‌كانی به‌ستنه‌وه‌ی بۆری جێبه‌جێ كراوه‌و ته‌نیا چاوه‌ڕێی هێنانی ئه‌و غازه‌ین، ته‌نانه‌ت رێككه‌وتن له‌سه‌ر تێچووی غازه‌كه‌ش كراوه، تێچووه‌كه‌ی به‌رێژه‌ی 30% كه‌متره له غازی ئێران.
له‌باره‌ی فرۆشتنی غازی كۆرمۆره‌وه
رۆژی 6ی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ ئاشكرایكرد، بۆری گواستنەوەی غازی كێڵگەی "كۆرمۆر"ی بۆ وێستگەی كارەبای كەركوك تەواو كردووە. ئەم هەواڵە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان پێشبینیكراو نەبوو، وەزارەت هەر زوو بێئاگایی خۆی لەم مامەڵەیە راگەیاند، هاوكات بەرپرسانی باڵای یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیش وەكو دەسەڵاتدار بەسەر كێڵگەی "كۆرمۆر"، بێئاگایی خۆیان نیشاندا.
ئه‌و رۆژه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ته‌واوكردنی بۆری گواستنه‌وه‌ی غازی كۆرمۆری بۆ وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركوك راگه‌یاند، پارتی و یه‌كێتیی كۆبونه‌وه‌یان هه‌بوو له‌سه‌ر ئاستی مه‌كته‌بی سیاسی، ئه‌م بابه‌ته هه‌ندێك مشتومڕی دروستكرد، به‌تایبه‌تیش له‌وه‌دا پارتی گومانی هه‌بوو یه‌كێتیی به‌بێ ئاگاداری وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان مامه‌ڵه‌ی به تاكه سه‌رچاوه‌ی غازی هه‌رێمی كوردستانه‌وه كردبێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراقدا.
بەڵام دواتر دەركەوت، وەزارەتی نەوتی عێراق بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە ژمارە (23392)ی ساڵی 2023، ڕێگه‌ی پێدراوه غازی "كۆرمۆر" له كۆمپانیای (هیلالی) ئیماراتی بكڕێت، كە لە كێڵگەكەدا كاردەكات.
عودەی عەواد ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێشتر لەسەر ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران سكاڵای تۆماركردبوو، وادەی بەڕێوەچوونی یەكەمین دانیشتنی دادبینی لەسەر ئەم كەیسە لە دادگای فیدراڵی لە رۆژ 15ی ئۆكتۆبەری 2023دا بوو.
عودەی سكاڵاكەی لەسەر هەریەكە لە سەرۆك وەزیرانی عێراق‌و وەزیرانی نەوت و دارایی فیدراڵ تۆماركردبوو، داوای لە دادگا كردبوو حوكم بدات بەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ كڕینی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، رێوشوێنێكی نادروستە، ئەمەش لەبەر رۆشنایی ئامرازەكانی گرێبەستكردن كە لە ماددەی (3)ی رێنماییەكانی جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكان ژمارە (2)ی ساڵی 2014دا هاتووە.
رۆژی 4ی كانونی یه‌كه‌می 2023 دادگای فیدراڵی ئه‌و سكاڵایه‌ی ره‌تكرده‌وه كه عوده‌ی عه‌واد تۆماریكردبوو، ئه‌مه به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی سكاڵاكار هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی له‌و بابه‌ته‌دا نییه كه سكاڵاكه‌ی له‌سه‌ر تۆماركردووه.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌ره‌نج بوو، پارێزه‌ری یاسایی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا دوو وه‌ڵامنامه‌ی له دانیشتنی دادبینی ئه‌م كه‌یسه‌دا پێشكه‌شكردبوو، وه‌ڵامی یه‌كه‌م له رۆژی 13ی ئه‌یلولی 2023 و ئه‌وی تر له 12ی تشرینی یه‌كه‌می هه‌مان ساڵدا بوو.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له وه‌ڵامی پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا هاتبوو، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدراڵ پشتبه‌ست به ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی كه له مادده‌ی (80)ی ده‌ستوردا هاتووه، فه‌رمانی بۆ وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌ركردووه بۆ ئه‌وه‌ی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر له كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی بكڕێت، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی سه‌رچاوه‌ی تری وزه بۆ وێستگه‌كانی كاره‌با، به‌له‌به‌رچاوگرتنی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رماو كه‌مبوونه‌وه‌ی كاته‌كانی پێدانی كاره‌با به هاوڵاتیان.
له به‌شێكی تری وه‌ڵامنامه‌كه‌یدا، پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق باسی له‌وه‌كردووه، گفتوگۆ‌و دانوستان له‌گه‌ڵ كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی كه له كێڵگه‌ی كۆرمۆر كارده‌كات، له‌ساڵی 2020وه ده‌ستیپێكردووه‌و پرۆسه‌ی كڕینی غازی كۆرمۆر له‌و كۆمپانیایه كاتێك ده‌ستپێده‌كات كه سه‌رجه‌م بابه‌ته یاساییه‌كان چاره‌سه‌رده‌كرێن، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیدا هاتوون.
پارێزه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌به‌رده‌م دادگادا بۆ به‌رگریكردن له بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت ده‌ڵێ" بڕیاری حكومه‌ت بۆ كڕینی غازی كۆرمۆر هیچ ئاماژه‌یه‌كی تێدا نییه بۆ دووباره كاركردنه‌وه‌ی به‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردویه‌تی، ئه‌م گرێبه‌ستانه به‌ر له ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لێكه‌وتی لاوه‌كیان به‌جێهێشتووه، له‌وانه غازی به‌رهه‌مهێنراو كه بووه به به‌رهه‌مێك بۆ فرۆشتن و ناتوانرێت جارێكی تر بگه‌ڕێندرێته‌وه بۆ كێڵگه‌كه، هه‌روه‌ك كڕینی ئه‌م به‌رهه‌مه به‌واتای نیشاندانی ره‌زامه‌ندی نییه له‌سه‌ر گرێبه‌ستی ئیمزاكراو له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیای وه‌به‌رهێن (مه‌به‌ستی كۆمپانیای هیلالی ئیماراتییه)، سه‌رباری ئه‌مه بڕیاری دادگای فیدراڵ (ژماره 59ی 2012 و كۆكراوه‌كه‌ی ژماره 110ی 2019) باسی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه یان به‌رده‌وامبوونی ئه‌و گرێبه‌ستانه نه‌كردووه كه به‌پێی یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان كراون (ئه‌م یاسایه به‌بڕیاری دادگای فیدراڵی هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه)".
وه‌زاره‌تی نه‌وت چی وتبوو ؟
به‌هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار عوده‌ی عه‌واد سكاڵای له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی نه‌وتیش كردووه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، پارێزه‌ری وه‌زاره‌تی نه‌وتیش له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵیدا له رۆژی 15ی تشرینی یه‌كه‌می 2023 لائیحه‌یه‌كی پێشكه‌شكردووه‌و ئاماژه‌ی به هه‌مان هۆكاره‌كانی پارێزه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران كردووه له‌باره‌ی بابه‌تی كڕینی غازی كێڵگه‌ی كۆرمۆر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێك پاڵنه‌ری تریشی بۆ هۆكاری ده‌ركردنی بڕیاره‌كه باسكردووه، له‌وانه:
• خه‌رجی كڕینی غازی كۆرمۆر كه‌متره له كڕینی غازی ئێران و زۆرتره له خه‌رجی كڕینی غازی به‌سره.
• تائێستا هیچ گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای هیلالی ئیماراتیدا نه‌كراوه بۆ كڕینی غازی كۆرمۆر.
• رۆڵی وه‌زاره‌تی نه‌وت ته‌نیا له بابه‌تی لۆجستی تایبه‌ت به كاروباری گواستنه‌وه‌و نۆژه‌نكردنه‌وه‌دا كورتده‌بێته‌وه، چونكه لایه‌نی تایبه‌تمه‌نده له‌م بابه‌ته‌دا هاوشێوه‌ی هاورده‌كردنی غازی ئێران و، لایه‌نی سودمه‌ند له گرێبه‌ستی پلانبۆدانراو له‌گه‌ڵ كۆمپانیای هیلال، وه‌زاره‌تی كاره‌بایه.
• وه‌زاره‌تی نه‌وت هێشتا ده‌یه‌وێت رێوشوێنی یاسایی پێویست بگرێته‌به‌ر بۆ زامنكردنی یاسایبوونی گرێبه‌سته‌كه، به‌جۆرێك پێچه‌وانه نه‌بێت له‌گه‌ڵ یاسای به‌ركارو ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له‌لایه‌ن دادگاوه ده‌رچوون.
وه‌زاره‌تی دارایی چی وت؟
به‌هۆی ئه‌وه‌ی له سكاڵاكه‌ی په‌رله‌مانتار عوده‌ی عه‌واددا وه‌كو سكاڵا له‌سه‌ر كرا‌و ناوی هێنراوه، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵیش پارێزه‌ری خۆی نارد بۆ دادگای فیدراڵی و له لائیحه‌ی خۆیدا باسی له‌وه‌كردووه، هیچ بڕه پاره‌یه‌كی له به‌رژه‌وه‌ندی وه‌زاره‌تی نه‌وت پێنه‌دراوه بۆ ئه‌وه‌ی غازی به‌رهه‌مهێنراوی كێڵگه‌ی كۆرمۆری پێ بكڕێت (له كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی له‌چوارچێوه‌ی گروپی كۆمپانیای پێرڵ پترلیۆم كه ئێستا له كێڵگه‌ی كۆرمۆر له هه‌رێمی كوردستان وه‌به‌رهێنان ده‌كات).
پارێزه‌ره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، وه‌زاره‌تی دارایی هیچ داواكارییه‌كی ئاڕاسته نه‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بڕه پاره‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌دا دابنێت بۆ كڕینی غاز له كێڵگه‌ی كۆرمۆر.
غاز‌و ناكۆكیی !
غازی كۆرمۆر یەكێك لەو بابەتانەیە كە لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا كێشەی لەسەرە، سەرەتای ساڵی 2022 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو ئەردۆغانی سەرۆكی توركیای بینی، ئەردۆغان داوای لێ‌كرد هاوشێوەی نەوت، غازی هەرێم هەناردەی توركیا بكات، نێچیرڤان بارزانی وتی بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دەكات، لەدوای ئەم سەردانە بوو كە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی له 15ی شوباتی 2022دا بڕیاری كۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەركردو یاسای نەوت‌و غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو كوردستانی پابەندكرد بەوەی نەوت‌و غازەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات.
لەوكاتەوە ئیتر ستراتیژی پارتی بۆ هەناردەكردنی غازی هەرێم بۆ توركیا دەركەوت، لەبەرامبەر ئەمەدا یەكێتیش ستراتیژێكی پێچەوانەی پەیڕەو كرد كە رادەستكردنی غازەكە بوو بە حكومەتی عێراق.
به‌مدواییه ئه‌ردۆغان سه‌ردانی به‌غدادو هه‌ولێری كرد، سه‌رله‌نوێ جه‌ختی له هه‌نارده‌كردنی غاز كرده‌وه، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی كه پێشتر رێگربوو له‌به‌رده‌م هه‌نارده‌ی غازی كۆرمۆر بۆ توركیا، ئه‌ویش به‌م دواییه له‌واشنتۆن بوو، باسی هه‌نارده‌كردنی غازی له‌گه‌ڵدا كرا، به‌ڵام ئێران به‌بێ ئه‌وه‌ی به فه‌رمی قسه بكات، دژی هه‌نارده‌ی غازی كۆرمۆره، ئێران خۆی غاز به عێراق و توركیا ده‌فرۆشێت، نایه‌وێت جێگره‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا بۆ په‌یدا ببێت، بۆیه هه‌ركاتێك باسی هه‌نارده‌ی غازی كۆرمۆر ده‌كرێت، كێڵگه‌كه ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رسوڕمانه هیچ لایه‌ن و گروپێكیش به‌رپرسیارێتی خۆیان له‌و هێرشانه راناگه‌یه‌نن، بۆیه دیاره په‌یامی سیاسی له پشته‌وه‌یه.
غازی سروشتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی كوردستان كێڵگە سەرەكییەكەی لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدایە كە كێڵگەی (كۆرمۆر)ە.
ئەم كێڵگەیە پێداویستی رۆژانەی غازی ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبای هەرێمی كوردستان دابین دەكات، لەپاڵ ئەمەدا نەوتی كۆندێنسەیت لەم كێڵگەیەدا بەرهەم دەهێنرێت كە پێداویستی سەرەكی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانە‌و ئەم نەوتە كاتێك تێكەڵ بە نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت كوالیتییەكەی بەرزدەكاتەوە.
ڕووبەری ئەم بلۆكە 135 كیلۆمەتری دووجایە، دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادركەرەم) لە قەزای چەمچەماڵ، تا ساڵی 1976 قادركەرەم سەربە قەزای (خورماتوو) بوو لە پارێزگای كەركوك، لەو ساڵەدا قەزای خورماتوو خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 ناحیەی (قادر كەرەم) خرایە سەر قەزای چەمچەماڵ‌و ئێستادا كێڵگەكە لە سنوری ئیداری چەمچەماڵدایە، ئەم كێلگەیە تاوەكو ساڵی 2003و رووخانی رژێمی سەددام لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدا بوو.
سەرەتای دۆزینەوەی ئەم كێڵگەیە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1928، ئەوكات كۆمپانیای نەوتی ئینگلیز گەڕانێكی سەرەتایی تێدا كردووە‌و بیرێكی لێداوە، بەڵام نەوتی دەرنەهێناوە، ئیتر كاركردن لەم كێڵگەیە راوەستاوە تاوەكو ساڵی 1953 دەست بەكاركردن كراوەتەوە، ئەوكات پشكنەرەكان زیاتر بەدوای نەوتدا گەڕاون، بەڵام بۆیان دەركەوتووە (1.8 ترلیۆن) پێ سێجا گاز لە كێڵگەكەدا هەیە.
لە كۆتای شەڕی ئێران- عێراقدا، دوای چۆڵكردنی ناحیەی قادركەرەم‌و شاڵاوی ئەنفال، حكومەتی عێراق جارێكی تر لەڕێگەی هەردوو كۆمپانیای نەوت‌و غازی باكورەوە دەستیكردوەتەوە بە كاركردن لە كێڵگەی كۆرمۆردا‌و چەند بیرێكی نوێی لێداوە.
لە ساڵی 1990 بەهۆی شەڕی كوەیت‌و گەمارۆی ئابوری سەر عێراقەوە، رژێمی پێشوو كارەكانی خۆی لە كۆرمۆر راگرت. لەدوای رووخانی رژێمی سەددام لە ساڵی 2003دا كێلگەكە كەوتە دەست حكومەتی هەرێمی كوردستان، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوت‌و گاز لە هەردوو بلۆكی كۆرمۆرو چەمچەمال بەخشی بەو دوو كۆمپانیایە.
دوای 15 مانگ كاركردن لە ئۆكتۆبەری 2008دا غاز لە كۆرمۆر بەرهەم هێنرا، لەڕێگای بۆرییەكی 24 ئینجی‌و بەدرێژایی 174 كیلۆمەتر غاز گەیەندرایە وێستگەی كارەبای چەمچەماڵ‌و وێستگەی كارەبای هەولێر.
لە ساڵی 2009وە هەندێك گۆڕانكاری لە پشكەكانی ئەو كۆمپانیایانەدا روویاندا كە گرێبەستی كۆرمۆریان وەرگرتبوو، بەڵام دواجار كارەكە لای كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی مایەوە. (دانە غاز) خۆی وەكو گەورەترین كۆمپانیای ناوچەیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی غازی سروشی لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەناسێنێت، ئەم كۆمپانیایە لە دێسەمبەری 2005 دامەزراوە‌و لە بازاڕی دراوی ئەبوزەبی تۆماركراوە، جگە لە هەرێمی كوردستان، لە میسر‌و ئیماراتی عەرەبیش كاردەكات.
كێلگەی كۆرمۆر سێ جۆر بەرهەمی هەیە كە بریتین لە:
- (غازی سروشتی) كە بە بۆری رەوانەی وێستگەكانی كارەبا دەكرێت لە چەمچەماڵ‌و هەولێر، بەپێی دواین راپۆرتی دانەغاز، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر گەیشتوەتە (500) پێ سێجای رۆژانە، ئەمەش بەهۆی پرۆژەیەكی پەرەپێدانەوە كە بەمدواییە كۆمپانیاكە لە كێڵگەكەدا جێبەجێی كردووە.
- (كۆندێنسەیت) كە تێكەڵی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی، بەپێی دواین راپۆرتی داناغاز، بەرهەمی كۆندێنسەیت لە كۆرمۆر ئێستا رۆژانە بۆ (34 هەزارو 300) بەرمیل بەرزبوەتەوە
- غازی شلی ماڵان (LPG) كە پێداویستی غازی ماڵان‌و كارگەكان دابین دەكات، كۆمپانیای دانەغاز ئەم غازە دەفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، ئێستا كۆمپانیای (ساوس كوردستان) گرێبەستی كڕین‌و گواستەوەی ئەم غازەی بەدەستەوەیە، رۆژانە لە كێڵگەكەدا زیاتر لە (هەزار) تەن غازی شل بەرهەم دەهێنرێت، كۆمپانیای ساوس كوردستان بە تانكەر غازەكە دابەش دەكات بەسەر شارەكانی هەرێمدا بەمجۆرە:
- 12 تانكەر غاز بۆ هەولێر
- 11 تانكەر بۆ سلێمانی
- 7 تانكەر بۆ دهۆك
ساڵی 2022 بەهۆی ناكۆكییەكانییەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی چۆنیەتی حوكمڕانی، یەكێتیی جارێكی تر پرسی جیاكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی لە هەولێر هێناوەتە پێشەوە، ئەگەر ئەمە رووبدات‌و كێڵگەی كۆرمۆر هەناردەی خۆی بۆ سنوری دەسەڵاتی پارتی رابگرێت، سنوری پارتی روبەڕووی قەیرانی غازی ماڵان (LPG) دەبێتەوە، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێمیش بەبێ (كۆندێنسەیت)ەكەی كۆرمۆر، كوالیتی دادەبەزێت‌و توشی قەیران دەبێت، هه‌رچه‌نده هه‌نارده‌ی نه‌وت له 25ی ئازاری 2023وه راوه‌ستاوه.
كۆرمۆر كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە بۆ فشار لەسەر پارتی، ساڵی 2022 بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی ئاماژە بەم كارتە كرد‌و وتی: كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات.
بەپێچەوانەی نەوتەوە بەگشتی داتاكانی كەرتی غاز لە بەرژەوەندی پارتیدا نین وەكو حزبی حوكمڕانی سەرەكی هەرێمی كوردستان، چونكە:
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی یەكێتیدا بە (18 ترلیۆن‌و 300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
- یەدەگی غازی سروشتی لە سنوری قەڵەمڕەوی پارتیدا كەمترەو بە (300 ملیار) پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.
ئەم ژمارانە نیشانی دەدەن، لە حاڵەتی دوو ئیدارەیدا غاز كارتی بەهێزی دەستی یەكێتییە، هەروەك چۆن ژمارەكان نیشاندەری ئەوەن نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە، چونكە زۆرینەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسنوری پارتی بەرهەم دەهێنرێت‌و كۆنترۆڵی بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانیش بۆ توركیا هەر لەژێر كۆنترۆڵی پارتیدایە.
پارتی‌و یەكێتی لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی كەرتی غازەوە بەدیاریكراویش كێڵگەی غازی كۆرمۆر ناكۆك بوو، پارتی خەونی ئەوەبوو هاوشێوەی نەوت، غازەكەش رەوانەی توركیا‌و دەرەوە بكات، یەكێتیی پرۆژەیەكی تری بۆ غازی كۆرمۆر هەبوو، دەیویست كۆمپانیایەك دروست بكات‌و لەرێگەی ئەو كۆمپانیایەوە غازەكە بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان، لەرێگەی ئەم كۆمپانیایەوە ئابوری خۆی بەهێز بكات، یەكێتیی بژاردەیەكی تریشی بۆ غازەكە لەبەردەستدابوو كە رادەستكردنیەتی بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەی حكومەتی عێراق دور لە دەستی پارتی، موچە‌و بودجەی سلێمانی دابین بكات، ره‌نگه ئه‌م سیناریۆیه بۆ ئێستا به‌هێزتر بێت، به‌تایبه‌تیش كه یه‌كێتیی زیاتر روو له به‌غداده.