Draw Media

پسپۆڕانی سەربازی توركیا: فرۆكەكەی سەرۆك كۆماری ئێران لە ئاسمان تەقیوەتەوە

پسپۆڕانی سەربازی توركیا: فرۆكەكەی سەرۆك كۆماری ئێران لە ئاسمان تەقیوەتەوە

2024-05-21 19:05:10



درەو:
فڕۆكەوان و پسپۆڕە سەربازییەكانی توركیا, گومانیان هەیە لەوەی فرۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران, بەهۆی خراپی كەشوهەوا یاخود بەركەوتنی بە شاخ كەوتبێتە خوارەوەو, دەڵێن: بەگوێرەی ئەو پشكنیانەی بۆ وردەكاری روداوەكە ئەنجامیانداوە, دەركەوتووە, فرۆكەكەی سەرۆك لە ئاسمان تەقیوەتەوە.
🔹عەقید ئیرای قشولار, شرۆڤەكاری سەربازی توركیا, لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (TV100) توركی دەڵێت: لەگەڵ هاوڕێ پسپۆڕەكانم كە تایبەتمەندن لە بواری لێكۆڵینەوە لە روداوەكانی فرۆكە, پشكنیمان بۆ ئەو وێنانە ئەنجامدا لە روداوی كەوتنەخوارەوەی فرۆكەكە, شتی نامۆمان بەدیكرد.  
🔹فرۆكەكەی سەرۆك لە ناوەڕاستی دوو فرۆكەكەی پاسەوانیدا بووە, ماوەی یەك خولەك نێوانیان لەیەك دوور بووە, ئەگەر فرۆكەكەی سەرۆك بەهۆی بەركەوتنی بە شاخ كەوتبێتەخوارەوە, دەبوو فرۆكەكانی پاسەوانی سەرەتا بەری بكەوتنایە.
🔹دووەم پرسی سەیر ئەوەیە, سیستمی ناردنی ئاماژە لە فرۆكەكەی سەرۆك یان نەبووە یان فرۆكەوانەكە دایخستووە.
🔹زانیاری دڵنیاكەرەوەمان دەستكەوتووە لەبارەی ئەوەی, فرۆكەكەی سەرۆك لەكاتی بەرزبونەوەیەوە لە شوێنی بەنداوەكە, هیچ ئاماژەیەكی بۆ ناوەند نەناردووە.
🔹ئەوەی شۆكی كردوین و لەكاتی وردبینی لە ڤیدیۆ و وێنەی پارچەكانی فرۆكەكە پێیگەیشتووین, پارچە بچوكەكانی فرۆكەكە ئاماژە بە شوێنەواری سوتانی دەكات, دڵنیابوین لەوەی كە فرۆكەكە لە ئاسمان تەقیوەتەوەو بەر شاخ نەكەتووە, بەدڵنیای تەقینەوەكە بەهۆی بۆمبەوە نەبووە, بەڵكو پەیوەندی بە سیستمی سوتەمەنی فرۆكەكەوە هەیە.
🔹پوختەی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان گەیشتووە ئەوەیە, ئاماژەی فرۆكەكە لەناوەند بچڕاوە پێش فڕینی, وەزیری دەرەوەش بڕٍیارنەبووە لە فرۆكەكەی سەرۆكدا سەربكەوێت, لەدوا ساتەكاندا چووەتە فرۆكەكەی ئەوەوە.
🔹ناكرێت ئەو ژمارە زۆرە لە بەرپرسی باڵا لەیەك فرۆكەدا سەربكەون, ئەوەش دەمانگەیەنێتە ئەوەی یان ئاسایشیان لاوازبووە یاخود روداوەكە ئەنقەستە.
🔹گریمان دەزگایەكی هەواڵگری لەپشتی ئەو روداوەوەیە, لەمیانی ئەوەی پێیگەیشتووین, مەحاڵە ئەو كارە لە دەرەوە ئەنجامدرابێت, بەڵكو گوزارشت لەوە دەكات, كەسێكی زۆر گەورە لەپشتی روداوەكەوەیە, یان كەسێك كە پلەیەكی باڵای هەیە لە دەزگایەكی هەواڵگری لەپشتی ئەنجامدانی كارەكەوەیە, چونكە كەسێكی ئاسایی ناتوانێت ئەوە بكات.
🔹بێگومان ناتوانین هەموو زانیاریەكان ئاشكرابكەین, چونكە لە كۆتایدا ئەو پرسە پەیوەستە بە ئێران و ئەو ئاشكرایدەكات,  ئاخۆ ئەو كارە روداوێكی ئاسای بووە یان بە دەستی ئەنقەست ئەنجامدراوە.
🔹هاوكات ئەردۆغان كاراكوش, جەنەڕاڵی خانەنشین لە هێزی ئاسمانی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی (CNN turk) دەڵێت: ناكرێت فرۆكە لەكەش و هەوایەكی لەوشێوەیەدا بفڕێت, مەحاڵە گەڕان بەدوای فرۆكەدا دوو كاتژمێر زیاتر بخایەنێت.
🔹دەكرا لەڕێی سیستمی ناردنی ئاماژەوە شوێنەكەی دەستنیشان بكەن, ئەگەر لەكاریش كەوتبێت یان بەدەستی ئەنقەست لەكارخرابێت, دەتوانن شوێنەكەی بدۆزنەوە لەڕێی سندوقی رەشەوە, چونكە ئەو سندوقە تێكناشكێ و بۆ ماوەی (28) رۆژە ئاماژە دەنێرێت, تا پاتریەكەی وزەی تیادا نامێنێت.
🔹مەحاڵە فرۆكەی سەرۆكایەتی سندوقی رەشی تیادانەبێت, بابڵێین سندوقی رەشی تیادانەبووە, دەكرێت لەڕێی تەلەفونەكانی سەرۆكەوە كە بەمانگی دەستكرد كاردەكات, شوێنەكەیان بدۆزرایەتەوە.
🔹بابڵێین ئەوەش كاری نەكردووە,  دەكرێت لەڕێی بێتەلی فرۆكەكەو دواین گفتوگۆی فرۆكەوانەكەوە پێش رودانی كارەساتەكە, شوێنەكەیان دیاریبكرێت.
🔹لەمیانی وردبینیەكانمادا لە وێنەو دیمەنەكانی تێكشانی فرۆكەكە, تێبینی ئەوەمان كرد,  بەهۆی بەركەوتن بە شاخ فرۆكەكە تێكنەشكاوە, بەڵكو بەهۆی تەقینەوە لە ئاسمان بووە, رەنگە لە سیستمی سوتەمەنی فرۆكەكەدا رویدابێت, یان رەنگە لەڕێی بۆمبێكی بچوكەوە بوبێت, چونكە تێكشاندنی شوێنی فرۆكەوانەكەو پارچە بچوكەكان كە لەسەر زەوی بوون, ئاماژە بەوەدەكات كە روبەڕوی تەقینەوە بووەتەوە لە ئاسمان.
🔹ئەگەر واشی دابنێین كە روداوەكە پلانێكی هەواڵگریە, ئەوا مەحاڵە بە بۆمبێكی گەورە بیتەقێننەوە, چونكە ئەوە دەستبەجێ‌ ئاشكرادەبێت, بەڵام كاتێك بە بۆمبێكی بچوك ئەنجامدەدرێت, ئەوكات تۆ نازانی كێشەی تەكنیكیە یان تەقینەوەیە, بۆیە یەكەم ئیش كە پێویستە ئێرانیەكان ئەنجامیبدەن, لێكۆڵینەوەكردنە لەگەڵ ئەو تیمەی كە فرۆكەكە دەپشكنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand