Draw Media

كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی مه‌رسومی پێنجه‌مدا

كوردستان له‌چاوه‌ڕوانی مه‌رسومی پێنجه‌مدا

2024-05-21 15:41:43


راپۆرت: دره‌و
دادگای فیدراڵی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و سوده‌ی بۆ پارتی هه‌بوو هه‌ڵبژاردنی دواخست و كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن سه‌رله‌نوێ په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران وه‌رده‌گرێته‌وه‌، ئێستا له‌ كۆی 11 كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان 5 كورسی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌، یه‌كێتیش ئه‌مجاره‌ سودێك له‌ كورسی "كۆتا" ئه‌بینێت، له‌ سلێمانی په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحی ده‌بێت، له‌ كفری په‌رله‌مانتارێكی توركمان. بڕیاره‌ سبه‌ینێ بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر له‌ په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ ته‌مه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان درێژبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم ناچار ده‌كات له‌مساڵدا واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن دیاری بكات. دوای ساڵ و نیوێك دواكه‌وتن له‌ واده‌ی خۆی، كوردستان بۆ جاری پێنجه‌م ده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سازدانی هه‌ڵبژاردن. ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا. 

سكاڵاكه‌ی ره‌تكرده‌وه‌، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی دواخست
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئه‌و سكاڵایه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی سیسته‌می په‌سه‌ندكردنی كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تۆماریكردبوو. 
به‌رله‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی ده‌ربكات، دوێنێ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ ده‌سته‌یه‌كی سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی عێراقه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌ك كه‌ (یوسف یه‌عقوب مه‌تا) سه‌رۆكی پارتی (یه‌كێتی به‌یت نه‌هره‌ینی نیشتمانی) تۆماریكردبوو، بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی (5) كورسی بۆ "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له‌ كۆی (100)ی په‌رله‌مانی كوردستان. 
ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌ بڕیاره‌كانی بنبڕن بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی (یوسف یه‌عقوب مه‌تا) بڕیاریدا (5) كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش ببێت به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا: 
•    1 كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای دهۆك
•    2  كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای هه‌ولێر
•    2 كورسی "كۆتا" بۆ پارێزگای سلێمانی
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بڕیاره‌ "بنبڕ‌"ه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق كه‌ سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، بڕیاریدا كورسی "كۆتا"كان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌ش بكات: 
•    پارێزگای دهۆك: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ (مه‌سیحی ئه‌رمه‌نی)
•    پارێزگای هه‌ولێر: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ توركمان و یه‌ك كورسی بۆ مه‌سیحی
•    پارێزگای سلێمانی: یه‌ك كورسی "كۆتا" بۆ توركمان و یه‌ك كورسی بۆ مه‌سیحی
رۆژی 7ی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای مه‌سرور بارزانی، دادگای فیدراڵی فه‌رمانێكی سالاریی (امر ولائی) ده‌ركردو كاركردنی به‌ بڕگه‌ی (دووه‌م) له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024 راگرت، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ ده‌ركرابوو، له‌كارخستنی ئه‌م بڕگه‌یه‌ وایكرد كۆمسیۆن هه‌نگاوه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن رابگرێت. 
فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی تا ئه‌وكاته‌ بوو كه‌ سكاڵای مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، دادگای ئه‌مڕۆ سكاڵاكه‌ی به‌ (ره‌تكردنه‌وه)‌ یه‌كلاكرده‌وه‌، هاوكات فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی خۆشی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و بڕگه‌ی (دووه‌م)ی له‌ مادده‌ی (2)ی سیسته‌می تۆماری كاندیده‌كان كاراكرده‌وه‌، به‌شێكی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر ئه‌م بڕگه‌یه‌ تایبه‌ت بوو به‌ كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، به‌وپێیه‌ی دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاری 21ی شوباتی ئه‌مساڵی خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ سكاڵای یه‌كێتیی نیشتمانی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی كوردستان، (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی هه‌ڵوه‌شاندبووه‌وه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی دادگا بڕیاری خۆی ده‌ربكات، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای سه‌رۆكی پارتی به‌یت نه‌هره‌ین له‌ كۆی (100) كورسی په‌رله‌مان (5) كورسی "كۆتا"ی بۆ پێكهاته‌كان گه‌ڕانده‌وه‌. 
سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌تاوه‌ وا ده‌رده‌كه‌وت ناكۆكی له‌نێوان دادگای فیدراڵی و ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی دروستبووه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ كاتێك دادگای فیدراڵی سكاڵاكه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی ره‌تكرده‌وه‌، له‌ ره‌تكردنه‌وه‌كه‌دا بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی له‌باره‌ی كورسی "كۆتا"كان وه‌كو چاره‌سه‌رێك له‌به‌رچاوگرتوو و كردی به‌ به‌هانه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی. 
له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی یه‌كێتیی دژ به‌ بڕیاری راگرتنی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌، رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕیاره‌كه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، پابه‌ندی كرد به‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی له‌به‌رامبه‌ر دادگای فیدراڵیدا توند بوو، كۆمسیۆنی (پابه‌ند) كرد به‌وه‌ی (پابه‌ند نه‌بێت) به‌ فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه‌، له‌مه‌ش زیاتر رایگه‌یاند، تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی پسپۆڕی دادگای فیدراڵییه‌، چونكه‌ مادده‌ی (23)ی یه‌یڕه‌وی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ده‌ڵێت:" به‌ر له‌  كه‌متر له‌ شه‌ش مانگ له‌ واده‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، هیچ تانه‌یه‌ك له‌ ده‌ستوریبوونی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ده‌قانه‌ی كه‌ له‌ یاساكه‌دا هاتوون وه‌رناگیریت)، له‌مه‌شدا ده‌سته‌ی دادوه‌ریی به‌ر له‌ ده‌رچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی، سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌ڕووی یاساییه‌وه له‌به‌رده‌م دادگاكه‌دا‌ بێ به‌ها كرد.
ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن، وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه، وتی:‌ تانه‌دان له‌ سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له‌به‌رده‌م دادگای فیدراڵی تێپه‌ڕاندنی تایبه‌تمه‌ندی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، بۆیه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی ده‌رچووه‌ هیچ پابه‌ندییه‌كی یاسایی له‌سه‌ر دروست ناكرێت، به‌مه‌ش بڕیاره‌ سالارییه‌كه‌ی دادگای فیدراڵی خسته‌ ناو گێژاوی گومانه‌وه‌. 

پارتی چی ده‌ستكه‌وت؟
به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ ئایا پارتی له‌م پرۆسه‌یه‌دا چی ده‌ستكه‌وتووه‌، ده‌بێت وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌ ئایا پارتی چی ده‌ویست؟  
6ی ئه‌م مانگه‌، مه‌سرور بارزانی له‌رێگه‌ی پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ (ئه‌یاد كاكه‌یی) له‌به‌رده‌م دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵایه‌كی له‌دژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تۆماریكرد.
‌له‌م سكاڵایه‌دا مه‌سرور بارزانی داوای له‌ دادگای فیدراڵی كرد فه‌رمانێكی سالاری (امر ولائی) ده‌ربكات بۆ راگرتن و هه‌ڵپه‌ساردنی رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌سرور بارزانی و پارتی له‌م خاڵه‌دا براوه‌ بوون و دادگای فیدراڵی فه‌رمانه‌ سالارییه‌كه‌ی ده‌ركرد، فه‌رمانه‌كه‌‌ش له‌كاتێكدا بوو، ده‌بوو رۆژی 10ی ئه‌م مانگه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستپێبكات و رۆژی 10ی حوزه‌یران هه‌ڵبژاردنی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، به‌وهۆیه‌وه‌ بانگه‌شه‌ ده‌ستی پێ نه‌كردو هه‌ڵبژاردن دواكه‌وت، ئه‌مه گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی پارتی و مه‌سرور بارزانی بوو. 
مه‌سرور بارزانی سكاڵای له‌سه‌ر (سیسته‌می تۆماری لیستی كاندیده‌كان و په‌سه‌ندكردنی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ 7ی ساڵی 2024) كردبوو، كه‌ له‌لایه‌ن  كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌.
به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ سكاڵاكه‌یدا هاتبوو‌، مه‌سرور بارزانی له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیاری رۆژی 21ی شوباتی ئه‌مساڵی دادگای فیدراڵی، تانه‌ی له‌ كاره‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان دابوو‌، جگه‌ له‌ كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كان، خاڵی سه‌ره‌كی تانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بریتی بوو له‌وه‌ی:
•    كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ دابه‌شكردنی (100) كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردندا، سه‌رپێچی بڕیاری دادگای فیدراڵی كردووه‌، كورسییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی ده‌نگده‌ران به‌سه‌ر بازنه‌كاندا دابه‌شكردووه،‌ نه‌ك ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێم، پشتبه‌ستن به‌م پێوه‌ره‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی كردووه‌ به‌ بنه‌ما نه‌ك ژماره‌ی ده‌نگده‌ران، داوا له‌ دادگای ده‌كات ئه‌م بڕیاره‌ی كۆمسیۆن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه. 
دادگای فیدراڵی به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی، ئه‌م داواكارییه‌ی ره‌تكرده‌وه‌و دابه‌شبوونی كورسییه‌كان وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو پارتی له‌رێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی ئه‌م بڕگه‌یه‌وه‌ ده‌یوست قورسایی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان بخاته‌ ناو ئه‌و بازنانه‌وه‌ كه‌ خۆی ده‌نگی زیاتری تێیاندا هه‌یه‌‌، به‌دیاریكراویش ره‌خنه‌ی له‌ژماره‌ی كورسییه‌كانی بازنه‌ی چوار (واتا بازنه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌) هه‌بوو.
به‌گشتی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی پارتی له‌م پرۆسه‌ یاساییه‌دا، ته‌نیا دواخستنی هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌م دواخستنه‌دا ده‌ستكه‌وتێكی تریشی هه‌بوو، كه‌ ئه‌ویش كردنه‌وه‌ی ده‌رگای تۆماركردنی ده‌نگده‌رانه‌ كه‌ پارتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ناڕازایه‌تی هه‌بوو له‌سه‌ری، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌وترا په‌نجه‌مۆره‌كانیان ناخوێندرێته‌وه‌، رۆژی 13ی ئازاری ئه‌مساڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتیشه‌، نامه‌یه‌كی بۆ كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نارد، نامه‌كه‌ گوزارشت بوو له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی پارتی له‌باره‌ی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌دیاریكراویش باسی له‌وه‌ كردبوو" هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی هه‌یه‌و په‌نجه‌مۆری هه‌زاران ده‌نگده‌ر ناخوێندرێته‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی داتای كۆمسیۆن خۆی رێژه‌ی 20%ه‌".
گه‌ڕاندنه‌وه‌ی 5 كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كه‌ی بۆ سه‌رۆكی پارتی (به‌یت نه‌هره‌ین) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵاكه‌ی ئه‌و بڕیاره‌كه‌ی ده‌ركردووه‌، به‌ر له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، كاتێك له‌ مانگه‌كانی ئازاری و نیسانی 2023دا دانوستان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیی چڕبووه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن، كرۆكی ناكۆكییه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ كورسی "كۆتا" پێكهاته‌كانه‌وه‌ هه‌بوو، له‌كۆی (11) كورسی، یه‌كێتیی داوای ده‌كرد 3 بۆ 4 كورسی به‌ سنوری ناوچه‌ی سه‌وز بدرێت، پارتی ته‌نیا به‌ 2 كورسی قایل بوو، ئه‌مه‌ وایكرد نه‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن، په‌رله‌مان نه‌ماو یه‌كێتیی بۆ هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن په‌نای بۆ دادگای فیدراڵی عێراق برد، دادگا هه‌ر 11 كورسییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، ئێستا كه‌ ته‌نیا 5 كورسی بۆ كۆتاكان دانراوه‌و 2 كورسی ده‌كه‌وێته‌ سنوری ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتییه‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت پارتی زیانی كردووه‌و 3 كورسی ناتوانێت زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی بۆ دروست بكات هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر 11 كورسییه‌كه‌ی بۆی ده‌كرد.  
سه‌رباری ئه‌مه‌، ته‌نیا له‌پێناو دواخستنی هه‌ڵبژاردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ كورسی پێكهاته‌كان و دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌نجه‌مۆری ده‌نگده‌ران، پارتی و به‌دیاریكراویش مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ناچاربوون په‌نا بۆ دادگای فیدراڵی ببه‌ن، ئه‌و دادگایه‌ی كه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ وه‌كو دادگایه‌كی ناده‌ستوری ناوی ده‌به‌ن و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دادوه‌ره‌كه‌ی سنوری هه‌ولێرو دهۆك له‌ دادگاكه‌ كشایه‌وه‌، تۆماركردنی سكاڵا داننان بوو به‌ دادگای فیدراڵیدا، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌ زیانه‌كانی پارتی بوو كه‌ ره‌نگه‌ دواتر لێكه‌وته‌كانی زیاتر ده‌ربكه‌وێت.  
 
دۆخی پێكهاته‌كان له‌ هاوكێشه‌ی نوێی "كۆتا"دا
مه‌سرور بارزانی له‌ سكاڵاكه‌یدا باسی له‌وه‌ كردبوو، له‌ دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بنه‌مایه‌كی ده‌ستوری پێشێلكردووه‌ كه‌ له‌ مادده‌ی (49/ یه‌كه‌م)ی ده‌ستوردا هاتووه‌، داوای له‌دادگا كردبوو بڕیار بدات به‌ له‌به‌رچاوگرتنی نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاساداناندا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو" له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی نه‌بوونی ده‌قێكی یاسایی، دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاری 21ی شوباتی 2024ی خۆیدا بابه‌تی نه‌خشه‌ی  ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن و دابه‌شكردنی كورسییه‌كانی داوه‌ به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دادپه‌روه‌ریی و یه‌كسانیی، بۆیه‌ ده‌بێت كۆمسیۆن پابه‌ند بێت به‌ بنه‌مای ده‌ستوریی تایبه‌ت به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌دیاریكراویش توركمان و مه‌سیحییه‌كان"، واتا مه‌سرور بارزانی له‌م ده‌رگایه‌وه‌ ده‌یویست كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه‌، چونكه‌ مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوو‌ راسته‌وخۆ تانه‌ له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی بدات سه‌باره‌ت به‌‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، بۆیه‌ داوای كرد له‌چوارچێوه‌ی (100) كورسییه‌كه‌دا، كورسی بۆ پێكهاته‌كان ته‌رخان بكرێت، له‌م بابه‌ته‌شدا پارتی براوه‌ بوو، دادگای فیدراڵی په‌نای بۆ بڕیاری ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بردو (5) كورسی بۆ "كۆتا"ی پێكهاته‌كان گه‌ڕانده‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی هێشتا دۆخه‌كه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می (11) كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"، كه‌ زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی بوو، به‌ڵام له‌م (5) كورسییه‌شدا پارتی هێشتا دۆخی له‌ یه‌كێتیی باشتره، یه‌كێتیش كه‌ تامه‌زرۆی كورسی "كۆتا" بوو، ئه‌مجاره ئه‌ویش‌ 2 كورسی ده‌ستكه‌وت (له‌ یه‌كه‌م خولی په‌رله‌مانی كوردستاندا ته‌نیا 5 كورسی كۆتا هه‌بوو بۆ مه‌سیحییه‌كان، له‌ خولی دووه‌مدا ژماره‌ی كورسی كۆتا بۆ 11 كورسی زیادكراو توركمانیش كۆتای بۆ دانرا). 
دوای بڕیاره‌كه‌ی ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئێستا ئیتر كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان به‌مشێوه‌یه‌ بەسەر زۆنی زەردو سەوزدا دابه‌شبووه:‌
* زۆنی زەرد (60%)ی كورسی "كۆتا"كان، واتا لەكۆی (5) كورسی (3) كورسی 
* زۆنی سەوز (40)ی كورسی "كۆتا"كان، واتا لە كۆی (5) كورسی (2) كورسی 
به‌ به‌راورد به‌ خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان كه‌ (11) كورسییان هه‌بوو، پێكهاته‌كان (45%)ی كورسییەكانی "كۆتا"یان بۆ گەڕایەوەو (55%)ی كورسییەكانیان لەدەستدا، واتا لە (11) كورسی تەنیا (5) كورسییان بۆ گەڕایەوە، له‌مه‌شدا:
* توركمان (40%)ی كورسییەكانیان بۆ گەڕایەوە، واتا لەكۆی (5) كورسی (2) كورسیان بۆ گەڕایەوە
* مەسیحی (40%)ی كورسییەكانیان بۆ گەڕایەوە، واتا لەكۆی (5) كورسی (2) كورسی
* ئەرمەن یەك كورسیان هەبوو، هەر ئەو كورسیەیان بۆ گەڕایەوە.
له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌كان تۆماریی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به‌خۆیان نییه‌و ژماره‌یان به‌دیاریكراوی نازانرێت، كۆتایی ئه‌مساڵ بڕیاره‌ سه‌رژمێریی گشیی له‌ عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ ده‌توانێت تۆماری تایبه‌ت به‌ خۆیان جیابكاته‌وه‌. 
لەسەر ئاستی عێراق توركمانەكان وەكو پێكهاتەی سێیەم لەدوای (عەرەب‌و كورد) ئەژماركراون‌و كورسی "كۆتا"یان لە پەرلەمان بۆ تەرخان نەكراوە، به‌ڵام لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان وەكو پێكهاتەی دووەم ئەژماركراون. بەپێی قسەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم  پێكهاتەیە، ژمارەی توركمانەكان لە هەرێمی كوردستان (350 بۆ 400 هەزار) كەسە، لەسەر ئاستی عێراقیش ژمارەیان دەگاتە (3 ملیۆن) كەس.
به‌مدواییانه له‌ لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)،‌ ئایدن مه‌عروف ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ره‌ی توركمانی كه‌ هاوكات وه‌زیری كاروباری پێكهاته‌كانه‌ له‌ كوردستان وتی: ته‌نیا له‌ ناوه‌ندی شاری هه‌ولێر 400 هه‌زار توركمان هه‌یه‌. 
ئه‌گه‌ر ژماره‌كه‌ی ئایدن مه‌عروف پشتڕاستكراوه‌ بێت، ره‌نگه‌ توركمانه‌كان زیانێكی گه‌وره‌یان كردبێت كاتێك به‌ كورسی "كۆتا" قایل بوون و ئێستاش (1) كورسییان له‌هه‌ولێر بۆ ته‌رخانكراوه.
له‌ ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی یه‌كێتیی-ش دۆخه‌كه‌ هه‌مان شته‌، توركمانه‌كان ته‌نیا له‌ قه‌زای (كفری)دا هه‌ن، بەپێی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە (58 هەزار) كەس لەم قه‌زایه‌دا نیشتەجێن، هیچ ئامارێكی فەرمی لەبەردەستدا نییە ژمارەی توركمانەكان لە كفری دەستنیشان بكات، بەڵام بەپێی ئامارێكی بەرەی توركمانی (800) خێزانی توركمان لە كفری هەن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ لەدواین هەڵبژاردندا (هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021) كاندیدی توركمانەكان لەم قەزایە كە خاتونێك بوو بەناوی (بسن جیهاد محەمەد) لە بەرەی توركمانیی، تەنیا (334) دەنگی بەدەستهێناوه‌. 
سەرباری ئەمەش، بەپێی هەندێك ئاماری نافەرمی تر كە (درەو) بەدواداچوونی بۆ كردووە، ئێستا ژمارەی توركمانەكان لە قەزای كفری نزیكەی (2 هەزار) كەس دەبێت، كە دابەشبوون بەسەر نزیكەی (450) خێزاندا. 
سه‌باره‌ت به‌ مه‌سیحییه‌كان + ئه‌رمه‌ن، كه‌ ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردن له‌كۆی (100) كورسی په‌رله‌مان (3) كورسی "كۆتا"ی بۆ ته‌رخانكردوون، ئاماری فه‌رمی له‌باره‌ی ژماره‌یان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌. بەگوێرەی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئێستا لە عێراق كەمتر لە (250 هەزار) مەسیحیی هەن، نزیكەی (200 هەزار) كەسیان لەناوچەكانی دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستاندا دەژین.
تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو، (جینان جەبار بۆیا) كە ئەندامی فراكسیۆنی (هاوپەیمانی یەكێتیی نەتەوەیی) بوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركیا كرد، ئه‌م پیاوه‌ وتبووی:" لە سلێمانی 120 خێزانی مەسیحی هەیە، رەنگە لەو ژمارەیە 60 خێزان مافی دەنگدانییان هەبێت ئەوانی دیكە ئاوارەن، بەڵام لە عەنكاوە (هەولێر) چوار هەزار خێزانی كلدانی هەیە".
به‌گشتی به‌هۆی ئه‌وه‌ی پێكهاته‌كان لیستی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت به‌خۆیان نییه‌، هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌دیاریكراوی پارتی و یه‌كێتیی له‌رێگه‌ی ئاڕاسته‌كردنی ده‌نگده‌رانی خۆیانه‌وه‌، كاندیدی "كۆتا"ی توركمان و مه‌سیحی بۆ په‌رله‌مان سه‌رده‌خه‌ن، ئه‌مه‌ واده‌كات ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ له‌ بابه‌ته‌  هه‌ستیاره‌كاندا له‌بری ئه‌وه‌ی گوزارشت له‌ پێكهاته‌كانی خۆیان بكه‌ن، به‌ڵام حزبه‌ باڵاده‌سته‌كاندا بشكێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كێشمه‌كێشی پارتی و یه‌كێتییه‌ له‌سه‌ر "كۆتا"كان، به‌ڵام به‌به‌های به‌رگری له‌ مافی ئه‌و كه‌مینانه‌وه‌. 

كوردستان له‌ چاوه‌ڕوانی مه‌رسومی پێنجه‌مدا

ئێستا كه‌ ئیتر دادگای فیدراڵی چاره‌نوسی سكاڵاكه‌ی مه‌سرور بارزانی یه‌كلاكرده‌وه‌و پارتی به‌رچاو روون بووه‌، ده‌بێت نێچیرڤان بارزانی مه‌رسومی پێنجه‌م بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، ئه‌و پێشتر چوار مه‌رسومی ده‌ركردوه‌و هه‌ڵبژاردن نه‌كراوه‌. 
بۆ ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی واده‌ی نوێی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، ده‌بێت كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نوسراوێكی بۆ بكات و داوای دیاریكردنی واده‌یه‌كی نوێ بكات، ده‌سته‌ی دادوه‌ریی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو هه‌مان داواكاری له‌ كۆمسیۆن كردبوو، واتا داواكردنی واده‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌ڵبژاردن، كۆمسیۆن خۆی رۆژی 7ی ته‌موز واده‌ یاساییه‌كه‌ی كۆتایی دێت، بریاره‌ سبه‌ینێ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگ بدات له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی كۆمسیۆن بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگی تر، ئه‌مه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كوردستان بتوانێت له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن بكات، بۆیه‌ هه‌موو پێشبینییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن نێچیرڤان بارزانی له‌نێوان مانگی 9 بۆ 10ی ئه‌مساڵ رۆژێك بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكات، هه‌ڵبژاردنێك كه‌ ده‌بوو له‌ رۆژی 1ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكی پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان، ساڵێك و شه‌ش مانگ له‌واده‌ی دیاریكراوی خۆی دواكه‌وتووه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand