قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە چارەکی یەکەمی 2024
2024-05-21 08:59:29
درەو:
🔹 لە چارەکی یەکەمی (2024)دا هەشت گەورە کۆمپانیای نەوت و غازی وەک؛ (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل، شێڵ، تۆتاڵ، شیڤرۆن، بی پی، ئکوینۆر و ئینی) بڕی (33.9 ملیار) دۆلار قازانجیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی (2023)دا قازانجی ئەو کۆمپانیایانە (45.3 ملیار) دۆلار بوو، واتە بە ڕێژەی (25%) قازانجەکانیان کەمی کردووە، بەشی گەورەی هۆکارەکەی دابەزینی نرخی غاز بووە، نەک نەوت.
🔹 لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودی بە تەنها (92 ملیار) دۆلار داهاتی هەبووەو لەو بڕەش پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە (27.3 ملیار) دۆلار بووە بە ڕێژەی (30%) داهاتەکەی، ئەمە لە کاتێکدایە قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو قازانجەکەی نزیکەی (38.9 ملیار) دۆلار بوو.
🔹 لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ کۆمپانیای "تۆتاڵ"ی فەرەنسی تاکە کۆمپانیایە قازانجەکەی بە ڕێژەی (3%) زیادی کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، چونکە قازانجەکەی لە (5.55 ملیار) دۆلارەوە بۆ (5.72 ملیار) دۆلار بەرز بووەتەوە.
قازانجی گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە چارەکی یەکەمی (2023 و 2024)
لە چارەکی یەکەمی (2024)دا هەشت گەورە کۆمپانیای نەوت و غازی وەک؛ (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل، شێڵ، تۆتاڵ، شیڤرۆن، بی پی، ئکوینۆر و ئینی) بڕی (33.9 ملیار) دۆلار قازانجیان کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023)دا قازانجی ئەو کۆمپانیایانە (45.3 ملیار) دۆلار بوو، واتە بە ڕێژەی (25%) و بڕی (11 ملیار و 378 ملیۆن) دۆلار قازانجەکانیان کەمی کردووە، بەشی گەورەی هۆکارەکەی دابەزینی نرخی غاز بووە، نەک نەوت. بەجۆرێک؛
یەکەم؛ کۆمپانیای ئارامکۆ (Aramco)ی سعودی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی گەیشتووە بە (27 ملیار و 270 ملیۆن) دۆلار، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە ڕێژەی (14%) و بڕی (4 ملیار و 640 ملیۆن) دۆلار کەمیکردووە، کاتێک قازانجی پێوانەیی تۆمارکردبوو بە بڕی (31 ملیار و 880 ملیۆن) دۆلار. تایبەت بە رێڕەوە داراییەکانی کۆمپانیاکە لەماوەی چارەکی یەکەمی ساڵەکانی (2020 - 2024) بڕوانە (چارتی ژمارە (1))
دووەم؛ کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل (ExxonMobil)ی ئەمریکی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە دوای کۆمپانیای ئارامکۆی سعودییەوە زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی گەیشتووە بە (8 ملیار و 220 ملیۆن) دۆلار، بەڵام بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە ڕێژەی (28%) و بڕی (3 ملیار و 210 ملیۆن) دۆلار کەمیکردووە، چونکە قازانجەکەی گەیشتبوو بە بڕی (11 ملیار و 430 ملیۆن) دۆلار.
سێیەم؛ کۆمپانیای شێڵ (shell) کە کۆمپانیایەکی فرە ڕەگەزە، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا قازانجێکی زۆری کۆکردووەتەوە بە پلەی سێیەم دێت لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکان، بڕی قازانجەکەی (7 ملیار و 350 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 360 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (8 ملیار و 710 ملیۆن) دۆلار.
چوارەم؛ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی (TotalEnergies)ی فەرەنسی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا لەدوای کۆمپانیاکانی (ئارامکۆ، ئیکسۆن مۆبیل و شێڵ)ەوە زۆرترین قازانجی تۆمارکردووە، کە بڕەکەی (5 ملیار و 720 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (170 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (3%) زیادی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (5 ملیار و 550 ملیۆن) دۆلار، بەم پێیە لە نێو هەشت کۆمپانیا پڕ قازانجەکانی نەوت تاکە کۆمپانیایە قازانجەکەی زیادی کردووە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.
پێنجەم؛ کۆمپانیای شیڤرۆن (Chevron)ی ئەمریکی لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا لە نێو کۆمپانیا نەوتییەکانی دنیا پلەی پێنجەمی قازانجی گرتووە، بڕی قازانجەکەی (5 ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 70 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (16%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (6 ملیار و 570 ملیۆن) دۆلار.
شەشەم؛ کۆمپانیای بی پی (BP)ی بەریتانی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی شەشەم دێت لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکان، بڕی قازانجەکەی (2 ملیار و 772 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (2 ملیار و 188 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (44%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023) بریتی بووە لە (4 ملیار و 960 ملیۆن) دۆلار.
حەوتەم؛ کۆمپانیای ئکوینۆر (Equinor)ی نەرویجی، لە نێو کۆمپانیا پڕ قازانجەکانەو لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی حەوتەم دێت، بڕی قازانجەکەی (2 ملیار و 670 ملیۆن) دۆلار بووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (2 ملیار و 290 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (46%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (4 ملیار و 960 ملیۆن) دۆلار بووە.
هەشتەم؛ کۆمپانیای ئینی (Eni)ی ئیتاڵی، لە چارەکی یەکەمی ساڵی (2024)دا بە پلەی هەشتەم دێت، بڕی قازانجەکەی (ملیارێک و 710 ملیۆن) دۆلاربووە، بەم پێیەش بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی (2023) قازانجەکەی بە بڕی (ملیارێک و 430 ملیۆن) دۆلار و بە ڕێژەی (46%) کەمی کردووە، چونکە بڕی قازانجەکەی لە چارەکی یەکەمی (2023)دا (3 ملیار و 140 ملیۆن) دۆلار بووە.
بۆ بەرچاوڕونی بڕوانە خشتەوە چارتی ژمارە (2)
سەرچاوە
- وحدة أبحاث الطاقة - رجب عز الدين، أرباح شركات النفط الكبرى تهبط بشدة في الربع الأول من 2024 (إنفوغرافيك)، 7/5/2024؛
https://shorturl.at/EbgGs