Draw Media

عەبدوللاهیان: دیپلۆماسیەت تەنها لە زمانی هێز تێدەگات

عەبدوللاهیان:  دیپلۆماسیەت تەنها لە زمانی هێز تێدەگات

2024-05-20 09:34:02



درەو:
دیمەنەكانی كۆتایی ژیانی حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان, وەزیری دەرەوەی ئێران, كارەستاوی بوو, كە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی, سەرۆك كۆماری ئێران لەو فرۆكەیەدا بوو, لەوناچەیەكی شاخاوی خۆرهەڵاتی وڵاتەكەی كەوتەخوارەوە.
كاتێك عەبدوللاهیان دیارترین كاندیدبوو بۆ جێگرتنەوەی محەمەد جەواد زەریف, لە وەزارەتی دەرەوە, نامۆ نەبوو بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی, بەتایبەت ئەو كە چەندین پۆستی هەبووە پێشتر لەو وەزارەتە, پەیوەیست بە كاروباری نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی.
عەبدوللاهیان تەمەن (60)ساڵ, سەربە رەوتی موحافزكارەكانی ئێران بوو, ئەوەش وایكرد متمانەی عەلی خامنەیی, رابەڕی باڵای ئێران و سوپای پاسدران بەدەستبهێت لەو بەرپرسیارێتیانەی پێی سپێردراوە.
لە ساتەوەختی بەشداریكردنی لە جەنگی ئێران عێراق, دواتریش چوونە ناوەوەی بواری دیپلۆماسی, عەبدوللاهیان بەوە ناسرابوو كە رێبازی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی, كاریگەرییەكی زۆری هەبووە لەسەری و, بەردەوام پشتیوانی رەهای "بەرەی بەرهەڵستكاران"ی كردووە, كە خۆیان لەو گروپە چەكدارانە دەبیننەوە هاوپەیمانی ئێرانن لە ناوچەكە, بەجۆرێك هەندێك بە "سولەیمانی دیپلۆماسیەت" ناویان هێناوە, وەك ئاماژە بە رۆیشتنی بەشوێنپێی ئەودا.
حسێن ئەمیر عەبدوللاهیان, لە ساڵی (1964) لە خانەوادەیەكی هەژار لە شاری دامگهان, كە (340) كلم لە خۆرهەڵاتی تارانی پایتەختەوە دووورە, لە دایك بووە, تەمەنی شەش ساڵان بووە كە باوكی كۆچی دوایی كردووە, خانەوادەكەی لەپێناو گەڕان بەدوای ژیانێكی باشتردا هاتوونەتە تاران, لە یەكێك لە هەژارترین گەڕەكانی شارەكە لە باشوری فرۆكەخانەی میهرئابادی نێودەوڵەتی, نیشتەجێبوون.
لەباسی ئاستی هەژاری و ئەو نەهامەتیەی كە بەمنداڵی تیایدا ژیاوە, عەبدوللاهیان وتویەتی:"لەباشور بووم" ئەوە دەستەواژەیەكی تایبەتە بۆ ئەو خێزانانەی لە دەوروبەری ناوچەی هەژارنشینەكانی باشوری تاران بەكاردەهێنرێت, كە وەك لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا باسیكردووە, لەناوچەكەیان هیچ نەخۆشخانەیەك تەنانەت نۆرینگەیەكی بچوكیشی لێنەبووە.
عەبدوللاهیان, لە جەنگی ئێران عێراق لەنێوان ساڵانی (1980_1988) وەك خۆبەخش چووەتە ریزەكانی سوپای وڵاتەكەی.
لەساڵی (1991), بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەدەستهێناوە, دواتر ماستەرو دكتۆرای لە هەمان پسپۆڕی لە زانكۆی تاران بەدەستهێناوە, دواتر چووتە بواری دیپلۆماسی و, لەساڵی (1997)دا, بە بریكاری باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لە عێراق دامەزرێنراوە.
بەگوێرەی راپۆرتێكی "فۆرین پۆڵەسی" ئەمریكی, دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئێران لە ساڵی (2021) یەكێك لە پەرلەمانتارەكانی ئێران, عەبدوللاهیانی بە "قاسم سولەیمانیەكی تری بواری دیپلۆماسیەت"ناوبردووە, ئەوەش بەهۆی پشتیوانی توندی لە بەرەی بەرهەڵستكاران لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست, كە كۆمەڵێك گروپی چەكداری ئاینی لە خۆدەگرێت, لە نمونەی, حزبوڵای لوبنان و حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسیەكانی یەمەن و بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی و كۆمەڵێگ گروپی تر.
بەگوێرەی گۆڤاری ئەمریكیەكە, عەبدوللاهیان بەجۆرێك كاریگەر بوووە بە سولیمانی, جارێكیان خۆی بە "سەربازی سولەیمانی" وەسفكردووە, وتویەتی: ئەو هەركات بچێتە هەر دەوڵەتێك وەك نێردەی دیپلۆماسی و دانوستكار, سەرەتا راوێژ بە قاسم سولەیمانی دەكات بۆ بەدەستهێنانی رێنمایی پێویست, ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو لەسەرەتای ژیانیەوە, بەشێوەیەكی توندوتۆڵ كاری لەگەڵ سولەیمانی كردووە, لە دانوستانە راستەوخۆكانی ساڵی (2007)یشدا لەگەڵ ئەمریكیەكان, یەكێك بووە لە تیمەكەی ئێران, كە لەژێر سەرپەرشتی سولەیمانیدا دانوستانیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری و وەزارەتی بەرگری ئەمریكادا كردووە.
لەدوای وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئێران, عەبدوللاهیان بەڕوونی رایگەیاندووە, دەیەوێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەستكەوتەكانی بەرەی بەرهەڵستكاران برەو پێبدات و شانازی دەكات بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانیان.
عەبدوللاهیان پێیوابوو, هەڵسوكەوتەكانی قاسم سولەیمانی, لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاسایشی بۆ ئێران و ناوچەكە فەراهەمكردووە, هەمیشە وتویەتی: رەزامەندی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە دانوستانكردن لەگەڵ ئێران, بەشێوەیەكی بنەڕەتی پەیوەندی هەبووە بە تواناكانی ئێران و هەژموونی لەناوچەكە.
گۆڤارە ئەمریكیەكە, لەبارەی هەڵوێستی عەبدوللاهیان سەبارەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەڵێت: ئەو بڕوای وابوو"دیپلۆماسیەت تەنها لە زمانی هێز تێدەگات".
بۆ ئەوەی ئەمریكا سزاكان لەسەر ئێران هەڵبگرێت, پێویستە تاران هەژموونی خۆی بەهێزبكات لەڕێی پێشخستنی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی, هاوكات پشتیوانی ئەو یاسایەشی كردووە كە بەشێوەیەكی دیار پابەندبوونە ئەتۆمیەكانی ئێرانی كەمكردەوە, گەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیشی بۆ دامەزراوەكانی, كۆت و بەندكرد.

سەرچاوە: پێگەی الشرق

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand