Draw Media

تارماییەكانی داعش 

تارماییەكانی داعش 

2018-07-17 09:44:08



 راپۆرتی شیكاری / محەمەد رەئوف 
" لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە 15/7/2018 لە چیای قەرەچووغی سنووری مەخموور شەش پێشمەرگە شەهیدبوون" ئەمە دوایین قوربانی هێزەكانی پێشمەرگەیە لە شەڕی دژ بە داعش كە لە نێوان 10ی حزەیرانی 2014 تا 16ی ئۆكتۆبەری 2018 هێزی پێشمەرگەی كوردستان ( 1824 شەهید و زیاتر لە 10 هەزار بریندارو 62 ون بووی هەیە).
لە ئێستادا جموجوڵی داعش لە ناوچە جێناكۆكەكان بەتەواوی هەستی پێدەكرێت و رۆژ لەدوای رۆژیش هێرش و پەلامارەكانیان لە باشوری كەركوك و مەخمور و دوزخورماتوو ناوچەكانی دیالە زیاتر دەبێت.كە رەنگە دەرئەنجامەكانی ئەو سەرهەڵدانەوەیەی داعش، بەپرسانی بەغداد ناچار بكات بە گەڕاندنەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە. 


دەركەوتن و هەستانەوەی داعش لەو ناوچانە بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە:.
یەكەم/ پاكنەكردنەوەی تەواوەتی ئەو ناوچە لە چەكدارانی داعش لە ساتی ئازادكردنی حەوجەو ناوچە دوورە دەستەكانی دەرەوەی شارەكان و بەشێكی زۆری چەكدارانی داعش چونە ناوچە چۆڵەكان
دووەم/ نەبوونی خزمەتگوزاریەكان سەرهەڵدانی ناڕەزاییەتیەكان لە حكومەت و  بەتایبەتیش لەدوای رزگاركردنی ئەو ناوچانە تا ئەمرۆِش بە وێرانی ماونەتەوە.
سێیەم/ ناكۆكی لە بەرێوەبەردنی ئەو ناوچانەو نەبوونی هەماهەنگی و ناكۆكی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق.
چوارەم/ بوونی حەشدی شەعبی و هێزە شیعیەكان لەو ناوچانە، ناكۆكی تائیفی بەتایبەت ئەو ناوچانە زۆرینەی سونە مەزهەبن و هەست بە چەوسانەوە دەكەن بەدەستی هێزو گروپە شیعیەكان.
پێنجەم/ سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی باشورو كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەو ناوچانە بۆ باشور.
بۆیە ئەگەرەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەكە زۆرە، ئەم بارودۆخەی عێراق لە رووی نەبوونی خزمەتگوزاری و قەیرانی سیاسی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار، ژینگەیەكی لەباری بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش درووستكردووە، كە رۆژێ لە نزیك خانەقین و رۆژێك لە جەبارەو قەرەتەپەو رۆژێك لە خواروی دووزخورماتوو رۆژێك لە حەویجەو باشوری كەركوك و رۆژێكیش لە چیاكانی مەخمور سەردەردەهێنن.
داعش پێشمەرگە بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان كێش دەكات
لەدوای ریفراندۆم و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هێزی پێشمەرگە لە ناوچە جێناكۆكەكان نەمان و لەجێی ئەوان سوپای عێراق و گروپە شیعەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا بڵاوكرانەوە، كە لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا ئەو هێزانە نەیانتوانیوە ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بپارێزن، سەرەرای ئەوەی لەرووی خزمەتگوزاریشەوە لەو پەری خراپیدابوون، هەوڵی زۆردرا بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنرێنەوە، بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسیەوە ئەو هەنگاوە نەنرا.
لە ماوەی نێوان 2014 بۆ 2017 هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە زیاتر لە 1800 شەهید و 10 هەزار برینداری دا، بەڵام رێگەیان پێنەدرا بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە لە "دەستوری عێراقدا بە ناوچەی جێناكۆك ناودەبرێن و چارەسەرەكەشی لە مادەی 140 ی دەستوردا هاتووە" 
بەڵام لە ئێستاداو بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی باشوری عێراق و قەیرانی سیاسی لە عێراق بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوەو خراپی دۆخی ئەمنی و گوزەرانی ئەو ناوچانە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش زۆرە، بۆیە چاوەڕەوان دەكرێت بەهۆی فشاری بەردەوامی هاوپەیمانانیشەوە، حكومەتی عێراق ناچار بێت، بۆ پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە پەنا بۆ هێزی پێشمەرگە بەرێت و هێزی پێشمەرگە بگەرێتەوە ئەو ناوچانە، كە پێشتر بە درێژایی هەزارو 50 كیلۆمەتر ئەو ناوچانە لەژێر كۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بووە. 
 
یەكەم/ داعش چۆن دامەزرا
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، كەلە ساڵی 2013 دامەزراوە، رەگو رێشەی لە چەند رێكخراوێكی توندرەوەوە سەرچاوەی گرتووەو لەدوای روخانی رژێمی بەعس لە نیسانی 2003 و هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق، گروپە توندڕەوەكان سودیان لەو بۆشاییە ئەمنیە و رووبەرووبونەوەی ئەمریكا وەك داگیركەر بینی، لە سەرەتای ساڵی 2004 رێكخراوێك بەناوی تەوحید و جیهات لە عێراق دامەزراوە و چەندین كردەوەی توندووتیژی ئەنجامدا، بەڵام ئەم رێكخراوە لە ئۆكتۆبەری 2004 ناوی خۆی بۆ‌ "تەنزیمی قیادەی جیهاد لە بیلادی ڕافیدەین" گۆڕی كە بە باڵی عیراقی ئەلقاعیدە ناسرا. دواتر ئەم رێكخراوە لە 15‪/‬10‪/‬2006  خۆی بە ناوی (دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی) ناساند، لە كۆمەڵێك رێكخراو پێكهاتووە. دیارترینیان(رێكخراوی قاعیدە لە وڵاتی رافیدەین)، كە ئەبو موسعەب زەرقاوی رابەرایەتیی دەكرد، هەروەها (ئەنجومەنی شوورای موجاهیدین لە عێراق) و (جوند ئەلسەحابە)، كە ئەم رێكخراوە بەعقوبەی بۆ خۆی كردووەتە پایتەختی دەوڵەتی عێراق و ئەبو عومەری بەغدادیی كردووەتە ئەمیری خۆی،  بەڵام ئەبو موسعەب زەرقاوی لە 7ی تەمموزی 2006، لە دووری هەشت كیلۆمەتر لە باكووری شاری بەعقوبە بە دەستی سوپای ئەمریكا ‌كوژرا، سەرۆكایەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق لەلایەن ئەبو عومەر بەغدادی و ئەبو حەمزە موهاجر (ئەبو ئەیوب میسری)ەوە بەڕێوە دەبرا. ئەبو عومەر و ئەبو حەمزە لە ساڵی 2010 و لە هێرشێكی هاوبەشی سوپای عیراق و هێزەكانی ئەمریكا لە بەغداد ‌كوژران، دوای كوژرانی ئەوان ئەبوبەكر بەغدادی بە ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق هەڵبژێردرا, (ئەبو بەكری بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم بەدریەو خەڵكی شاری سامەڕای سەربە پارێزگای سەلاحەدینە، ئەبو بەكری بەغدادی ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام هەڵگری بروانامەی بەكالۆریۆس وماستەرو دكتۆرایە لە زانكۆی ئیسلامی بەغداد و دكتۆراكەی لە یاسای ئیسلامی هێناوە پێش پەیوەندی كردنی بە قاعیدەوە ئیمامی مزگەوتی ئیمام ئەحمەدی كوڕی حەنبەل بوە لە سامەڕاو بە دكتۆر ئەبو دوعا ناسراو بوە، پێش پەیوەندی كردنی بە قاعیدەوە ئەمیری شەرعی سوپای ئەهلی سوننە وجەماعە بوە كە لەناوچەكانی سامەراو دیالەو سەلاحەدین بەربڵاوبون وپاشتر پەیوەندی كردوە بە مەجلیسی شورای موجاهیدین. لە 2010 دا و ولەدوای كوژرانی ئەبو عومەری بەغدادی وئەبو ئەیوبی میسری وەك ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق دیاری كراو لە ساڵی 2013دا  ناوی دەوڵەتەكەی لە دەوڵەتی ئیسلامی عێراقەوە گۆری بۆ دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق وشام و لە 29/6/2014 بووە خەلیفەی موسلمانان ) 

لە دوای خۆپیشاندان و شۆرشی هاولاتیان دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە 2011دا، ئەو وڵاتە بووە گۆڕەپانی گروپ و رێكخراوە توندرەوەكان دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراقیش بە وردی بەدواداچوونی بۆ رووداوەكانی ناوخۆی سوریا دەكرد. لە دیارترین گروپە توندرەوەكانی سورای كەلە كۆتاییەكانی 2011 دا ( بەرەی نوسرە) لە گۆرەپانەكەدا بوو، بەرەی نوسرە زادەی بیركردنەوە و هەنگاوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراقە، ئەبو موحەمەد جەولانی وەك ئەمیری بەرەی نوسرە دەستنیشاكرا. گروپێكی چەكداریی بچوكی ئیسلامی لە سوریا و لوبنان بوون و دەوڵەتی ئیسلامییان لە عیراق پێكهێنا. ناوبانگ و گەشەی خێرای بەرەی نوسرە سەركردایەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق نیگەران كرد، هەربۆیە پێشنیازی یەكگرتن كرا بەڵام ئەمیری بەرەی نوسرە رەتی كردەوە، دواتر بەشێكی بەرچاو لە بەرەی نوسرە لایەنگری لە داواكەی ئەمیری دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق دەكەن، دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)ی لێدەكەوێتەوە، لە نیسانی 2013دا داعش بە شێوەی فەرمی دادەمەزرێت، لەژێر سەركردایەتی ئەوببەكر بەغدادی هاوكات ئەبوبەكر عومەر قەحتانی وەك ئەمیری داعش لە شام دەستنیشانكرا.
سەرەتای كانونی یەكەمی یەكەمی  2014 توندتربوونەوەی ناكۆكییەكانی نێوان سوننەكانی عیراق و حكومەتی مالكی، دەرفەتێكی باشی بۆ داعش رەخساند، دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام كۆنتڕۆڵی فەلوجە و بەشێك لە رومادی كرد و هێزەكانی سوپای عیراقی ناچار بە پاشەكشە كرد.
دواتریش سنوری كارە خۆكوژی و تەقینەوەكانی فراونتركردو لە دیارترین كارە تیرۆریستیەكانیشی ( تەقینەوەكانی بەردەم ئاساییشی هەولێر، كوشتنی اەبو خالیدی سوری نوێنەری قاعیدە لە سوریا، تەقینەوەی باڵیۆزی ئێران لە بەیروت، تەقینەوەی بەردەم وەزارەتی دادی عێراق، شكاندنی زیندانی ئەبوغرێب، كوشتن و گوللەبارانكردنی بە سەدان هاوڵاتی مەدەنی ) 

دووەم/ ئامانجەكانی داعش
درووست بوونی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بۆ بەدیهێنانی چەندین ئامانجە وەك ئەوەی خۆیان ئاماژەی پێدەكەن:
1-    بونیادنانەوەی خەلافەتی ئیسلامی
2-    بەجێگەیاندنی جیهاد لە جیهاندا پێشیان وایە تەنها بە جیهادكردن بەسەر كافراندا سەردەكەون.
3-    رێگری كردن لە درووستكردنی كەنیسەی مەسیحیەكان و روخاندنیان .
4-    درووستكردنی دەوڵەتی ئیسلامی لەسەر هەرزەویەك كە دەستی بەسەردا دەگرن.
5-    جیهادكردن لەگەڵ نزیكترین دوژمن نەك لەگەڵ دوژمنە دورەكاندا پێیان وایە دەسەڵاتدارە موسڵمانەكان دوژمنی نزیكن و سوڤیەت و ئەمریكا لە دوژمنە دورەكانن.
6-     حەلالكردنی دەسەلاتدارە موسڵمانەكان لەگەل هەموو ئەوانەی كە دژایەتی داعش دەكەن.
7-    سەندنی جزیەو لە هەموو ئەو كەمەنەتەوەییە ناموسلمانەكان.
 لە گرنگترین فەرمانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام كە خۆیان بەرەسمی رایان گەیاندووە :
1-    لەگەڵ بیستنی بانگ دەبێت دەرگای دوكان و كۆگاكان دابخرین و بچن بۆ نوێژی مزگەوت.
2-    70 جەڵد لەو كەسە دەدرێت كە وشەی ( داعش ) بەكار بێنێ، دەبێت بڵێت دەوڵەتی ئیسلامی.
3-    هەموو رازانەوەو جوانكاریەكی ژنان قەدەغەیەو دەبێت جل و بەرگی ئیسلامی بپۆشن كە نیقابە.
4-    نابێت هیچ جلو بەرگێكی ژنان لە دوكان و كۆگاكان دابنرێت. 
5-    هەموو دوكانێكی دروونی جلو بەرگی ژنان دادەخرێت ئەگەر پیاو بیبات بەرێوە.
6-    ژنان قەدەغەیە سەردانی پزیشكی پیاو بكەن دەبێت تەنها سەردانی پزیشكی ژنان بكەن.
7-    قەدەغەكردنی لە كێشانی جگەرەو نێرگەلە.
8-    داخستنی سەرتاشخانەكان و قەدەغەكردنی كورتكردنەوەی قژی پیاوان.
9-    قەدەغەكردنی داهێنانی قژی كوران و هەر جۆرە مادەیەك بۆ قژی پیاوان.
10-    رێگریكردن لە هەر میكیاجكردنێكی ژنان ئەگەر لەژێ نیقابیشەوە بێت.  

سێیەم/ ژمارەی چەكدارانی داعش
لە پێش كەوتنی موسڵ و رەقەو لە دوای فراوانبوونی دەسەلاتی داعش لە عێراق و سوریا ژمارەی چەكدارانی داعش رووی لە زیادبوون كرد، بەپێی ئاماری تەلەفزیۆنی فەرەنسی لە 2015 دا داعش لە عێراق ( 10 هەزار ) چەكدارو لە سوریاش ( 7 هەزار) چەكداری هەبووە واتا كۆی  گشتی ( 17000 ) چەكداری هەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئەو ژمارەیە زۆر كەمبۆتەوە.

چوارەم/ سنوری دەسەڵاتی داعش
ئەگەرچی لە ئێستادا لە عێراق سنوری دیاریكراوی نیە و لە سوریا هەندێك ناوچەی بەدەستەوە ماوە بەڵام پێشتر لە 2017 تا 2017 داعش دەستی گرتبوو بەسەر بەشێك لە خاكی سوریا و عێراق و لە هەوڵیشدابوو بۆ دەستگرتن بەسەر بەشێك لە خاكی وڵاتی لوبناندا.


یەكەم/ عێراق
لە 10/6/2014 داعش لە هێرشێكدا توانی شاری موسڵ كونترۆڵبكات و هێدی هێدی دەسەڵاتەكانی فراوانكردو دواتر پارێزگای سەلاحەدین و بەشێك لە پارێزگای دیالەو ئەنباری كەوتە ژێر دەست، لە دوای رووداوەكانی شەنگالیش تەواوی پارێزگای نەینەوای كەوتە ژێر دەستی داعش.
پارێزگای نەینەوا كە رووبەرەكەی ( 32هەزارو 308 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو نزیكەی ( 30 هەزار ) كیلۆمەتری لەژێ دەسەڵاتی داعشدابوو ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی ( 3 ملیۆن و 500 هەزار ) كەسە.
پارێزگای سەڵاحەدین كە رووبەرەكەی ( 24363 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەوە هەیە جگە لە شاری سامەرا ( 4504 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەو لەدەستی سوپای عێراقدایەو  قەزای دوزخورماتوو كە ( 4019)كیلۆمەتر چوارگۆشەیە لەدەستی هێزی پێشمەرگەدابوو، بەو پێیەش نزیكەی ( 15 هەزار ) كیلۆمەتر دوجا لەو پارێزگایە لەژێر دەسەلاتی داعش بوو. كە ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەلاتی داعش زیاتر لە ( 700 هەزار ) كەس بوو. 
 سەبارەت بە پارێزگای دیالەش كە روبەرەكەی ( 17685 ) كم2 بەشێك لە ناحێكانی سەعدیەو جەلەولا و عوزیمی ئەو پارێزگایەی لەژێر دەست بوو كە نزیكەی ( 4 هەزار ) كیلۆمەترە و ژمارەی دانیشتوانیشی بە نزیكەی ( 200 هەزار ) كەس ئەژمار دەكرێت . 
لە پارێزگای ئەنباریش كە رووبەرەكەی ( 138 هەزارو 500 ) كیلۆمەتر دوجایە  زیاتر لەژێر دەسەلاتی هۆزەكاندایە بەڵام بەشێكی لەژێر كۆنترۆلی داعشدابوو بە نزیكەی ( 20 هەزار كیلۆمەتر)، ژمارەی دانیشتوانی بە نزیكەی ( 150 هەزار ) كەس مەزندە دەكرێت، دواتر تەواوی ئەو پارێزگایەی كەوتە ژێر دەستی داعش.
لە پارێزگای كەركوكیش كە ( 9 هەزار و 659) كیلۆمەتر دوجایە  قەزای حەویجەو ناحێكانی رەشاد و ریاز و زابی لەژێر دەستدای داعشدا بوو رووبەرەكەی زیاتر لە ( 4 هەزار ) كیلۆمەترەو ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەش بە ( 400 هەزار ) كەس دادەنرێت .
بەو پێیەش كۆی ئەو خاكەی كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بوو لە عێراق زیاتر لە ( 73 هەزار ) كیلۆمەتر دوجا كە دەكاتە ( 16.7% ) كۆی خاكی عێراق، كە نزیكەی دوو ئەوەندەی خاكی هەرێمی كوردستانە كە ( 41هەزارو 939 ) كیلۆمەترەو ( 9.7%)ی كۆی خاكی عێراقە. 
هاوكات ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەلاتی داعشدا بوون لە عێراق بە نزیكەی ( 4 ملیۆن و 950 هەزار) كەس مەزەندە دەكرا، كە هێندەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەبوو.

دووەم/ سوریا 
داعش لە پێش  هاتنیان بۆ عێراق دەستیان بەسەر بەشێكی زۆری خاكی سوریای نزیك سنوری عێراق گرتبوو، بەپێی وتەی بەرێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ داعش لە ( 35% )ی خاكی سوریای لەژێر دەستدابوو، بەو پێیەش كە روبەری گشتی سوریا ( 185 هەزارو 475 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بۆیە دەبێت داعش ( 64 هەزار و 916 ) كیلۆمەتر خاكی سوریای لەژێر دەستدا بووبێت. 
سنوری دەسەڵاتی داعش لە كە لە باكوری سوریایە لە رۆژ ئاوای سنوری عێراقەوە دەستی پێدەكردو درێژ دەبوەوە بۆ پارێزگای رەقەو دێرزور و بۆ جەرابلوس لە باكوری حەلەب درێژ دەبێتەوە بۆ باكوری ئەدلیب لە سنوری توركیا .
 پارێزگای رەقە كە روبەرەكەی ( 19 هەزارو 616 ) كیلۆمەتر چوار گۆشەیەو ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ( یەك ملیۆن) كەسەو لەژێر دەستی داعدا بووە .
پارێزگای دێرزور كە روبەرەكەی ( 33 هەزارو 60 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ( 18% ) ی كۆی رووبەرەی سوریایە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە ( یەك ملیۆن و 500 هەزار ) كەسە. 
بەشێكی زۆری پارێزگای حەلەبیش لەژێر دەستی داعشدا بوو كە رووبەركەی ( 18 هەزارو 482 ) كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو كە نزیكەی ( 10 هەزار ) كیلۆمەتری لەژێر كۆنترۆلی داعشدا بوو . ژمارەی دانیشتوانیشی نزیكەی ( 6 ملیۆن كەس دەبێت و نزیكەی ( 2 ملیۆن) ی لەژێر دەستی داعشدابووە.
ئەمە سەرەرای چەند ناوچەیەكی دیكە لە شارو پارێزگاكانی دیكەی سوریا لەژێر كۆنترۆلی داعشدابوو، بەو پێیەش رووبەری ژێر كۆنترۆڵی داعش لە سوریا نزیكەی ( 64 هەزار ) كیلۆمەتر چواركۆشەیەو ژمارەی دانیشتوانی ژێر دەسەڵاتی داعش بە ( 5 ملیۆن ) كەس مەزەندە دەكرا.


پێنجەم/ سنوری خەلافەتەكەی داعش
سنوری دەسەڵاتی داعش لە ناوەراست و باكوری رۆژئاوای عێراقەوە درێژ دەبووە تا رۆژهەڵات و باكوری رۆژئاوای سوریا، كە كۆی روبەری سنوری دەسەڵاتی داعش لە عێراق ( 73 هەزار ) كم2 و لە سوریا ( 64 هەزار ) كم2 دەكاتە ( 137 هەزار ) كیلۆمەتر دوجا، هاوكات ژمارەی دانیشتوانی سنوری دەسەڵاتی داعش لە عێراق ( 4 ملیۆن و 500 هەزار ) كەس و لە سوریا ( 5 ملیۆن ) كەسە دەكاتە ( 9 ملیۆن و 500 هەزار ) كەس دەبوو .
واتا سنوری دەسەڵاتی داعش لە رووی روبەرو ژمارەی دانیشتوانەوە چەندی جار زیاتر بوو  لە كوەیت كە روبەرەكەی ( 17 هەزارو 820 ) كم2 و دانیشتوانەكە ( 3 ملیۆن و 719 هەزار ) كەسە ، وڵاتی قەتەر روبەرەكەی ( 11 هەزارو 437 ) كم2 و دانیشتوانەكەی ( 1 ملیۆن و 853 هەزار ) كەسە، لوبنان روبەرەكەی ( 10 هەزارو 452 ) كم2 و دانیشتوانەكەی نزیكەی ( 5 ملیۆن ) كەسە .
بەو پێیەش رووبەری دەسەڵاتی داعش كە  ( 137 هەزار ) كیلۆمەتر دوجا، زیاتر لە ( 12 ) جار لە رووبەری قەتەر زیاتر بووەو ژمارەی دانیشتوانی دەسەڵاتی داعش كە ( 9 ملیۆن و 950 هەزار ) كەسە و ( 5 ) ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی قەتەرە كە ( 1 ملیۆن و 853 ) كەسە.بەڵام لە ئێستادا  داعش هەموو ئەو روبەرو دەسەڵاتەی لە دەستداوە و دەیەوێت بە سود وەرگرتن لە بارودۆخی خراپی ناوچەكە بەدەستی بهێنێتەوە 


  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand