هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێردرێت

Draw Media

2024-05-07 14:14:55



(دره‌و):
دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی په‌رله‌مانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ رێگری له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كات تا ئه‌وكاته‌ی سكاڵاكان له‌ دادگا یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌، پێشبینی ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت، سوننه‌كان له‌ناو خۆیاندا ناكۆكن، حه‌لبوسی هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كات، (سیاده‌و عه‌زم و حه‌سم) به‌ پشتیوانی شیعه‌كان سورن له‌سه‌ر دانانی (سالم عیساوی)، مه‌حمود مه‌شهه‌دانی به‌ پشتیوانی مالیكی ده‌یه‌وێت له‌ناو ئه‌م ناكۆكییه‌دا بازه‌كه‌ به‌سه‌ر شانییه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌.  
دادگای باڵای فیدراڵی ئه‌مڕۆ بڕیارێكی ده‌ركرد له‌باره‌ی دواخستنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق. له‌ بڕیاره‌كه‌یدا دادگای فیدراڵی بڕگه‌ی (2)ی بڕیاری په‌رله‌مانی عێراقی له‌ 27/1/2024 به‌ نادروست ناوبردووه‌، بڕیارێك كه‌ تێیدا پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دواخرا تا ئه‌وكاته‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایانه‌ ده‌درێت كه‌ دادگای فیدراڵی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ تۆماركراون. 
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت چیتر په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك ناتوانێت به‌رده‌وامی به‌ كۆبونه‌وه‌كانی بدات. 
دادگای فیداڵی رۆژی 21ی تشرینی دووه‌می 2023 له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی په‌رله‌مانتاری له‌كارلادراو (له‌یس دلێمی)و به‌تۆمه‌تی ساخته‌كاریی، كۆتایی به‌ ئه‌ندامێتیی محه‌مه‌د حه‌لبوسی له‌ په‌رله‌مانی عێراق هێنا، حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، به‌وهۆیه‌وه‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌به‌تاڵی مایه‌وه‌. 
رۆژی 13ی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ په‌رله‌مانی عێراق كۆبووه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ له‌ شوێنی حه‌لبوسی، له‌ گه‌ڕی یه‌كه‌می ده‌نگداندا شه‌علان كره‌یم كاندیدی حزبی (ته‌قه‌دوم) كه‌ حه‌لبوسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌نگی زۆرینه‌ی برد، له‌دوای ئه‌ویش (سالم عیساوی) ده‌نگی دووه‌می برد، لایه‌نه‌ شیعه‌كان رێگرییانكرد له‌ به‌ڕێوه‌چوونی گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كاندیده‌كه‌ی حه‌لبوسییان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی پشتیوانی له‌ حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه‌ ده‌كات، كه‌یسه‌كه‌یان برده‌ دادگا، به‌وهۆیه‌وه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی په‌كی كه‌وت و دواجاریش به‌مدواییه‌ شه‌علان كره‌یم له‌ كێبركێكه‌ كشایه‌وه‌. 
له‌وكاته‌وه‌ موحسین مه‌نده‌لاوی كه‌ وه‌كو سه‌ربه‌خۆ خۆی كاندید كردو سه‌ربه‌ لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی نزیك له‌ ئێرانه‌، (له‌بری سه‌رۆك) پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌ده‌بات، به‌ڵام له‌دوای بڕیاری ئه‌مڕۆی دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ئیتر مه‌نده‌لاوی كه‌ كورده‌، ده‌بێت خۆی بۆ چۆڵكردنی پۆسته‌كه‌ ئاماده‌ بكات. 
ئێستا لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌ كه‌ كوتله‌ی زۆرینه‌ی ناو په‌رله‌مانن، ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك مۆڵه‌تیان به‌‌ لایه‌نه‌ سوننه‌كان داوه‌ له‌ناو خۆیاندا له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێكبكه‌ون. 
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی عێراق به‌رنامه‌ی كاری خۆی بۆ دانیشتنی رۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌ بڵاوكرده‌وه‌، به‌رنامه‌كه‌ هیچ بڕگه‌یه‌كی تێدا نییه‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ڵام پێشبینی ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مان سه‌رۆكێكی نوێ هه‌ڵبژێرێت.  
سوننه‌كان هێشتا له‌ناو خۆیاندا ناكۆكن، حه‌لبوسی كه‌ حزبه‌كه‌ی براوه‌ی یه‌كه‌می پێكهاته‌ی سوننه‌یه‌و (43) كورسی په‌رله‌مانی هه‌یه‌، جه‌خت له‌سه‌رئه‌وه‌ ده‌كات ده‌بێت سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ربه‌ حزبی ته‌قه‌دوم بێت، ئه‌گه‌ر نا حزبه‌كه‌ی وه‌كو پێكهاته‌ی گه‌وره‌ی سوننه‌كان له‌ هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و یاسادانان واتا له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانیش ده‌كیشته‌وه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا سێ لایه‌نی تری سوننه‌كان كه‌ بریتین له‌ (سیاده‌ی خه‌میس خه‌نجه‌رو عه‌زمی موسه‌ننا سامه‌ڕایی و كوتله‌ی حه‌سمی نیشتمانی) پشتیوانی له‌ دانانی (سالم عیساوی) ده‌كه‌ن له‌ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئه‌مانه‌ وه‌كو خۆیان ده‌ڵێن نوێنه‌رایه‌تی 80%ی پێكهاته‌ی سوننه‌ ده‌كه‌ن و باسله‌وه‌ ده‌كه‌ن پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشكی پێكهاته‌ی سوننه‌یه‌ نه‌ك لایه‌نێكی دیاریكراو، له‌مه‌شدا مه‌به‌ستیان حزبی (ته‌قه‌دوم)ی محه‌مه‌د حه‌لبوسییه‌. 
لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی پشتیوانی له‌ كاندیدی ئه‌م سێ لایه‌نه‌ ده‌كه‌ن، نایانه‌وێت حه‌لبوسی له‌رێگه‌ی كاندیدێكی تره‌وه‌ جارێكی تر پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێته‌وه‌. 
له‌م نێوه‌نده‌دا مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی پێشووتری په‌رله‌مانیش قووت بووه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت له‌ناو ناكۆكی هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ی سوننه‌دا، جارێكی تر بازه‌كه‌ به‌سه‌ر شانییه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌و پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌رگرێت، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا دڵنیایه‌ له‌وه‌ی نوری مالیكی وه‌كو یه‌كێك له‌ كاره‌كته‌ره‌ به‌هێزه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌ پشتیوانی لێ ده‌كات (مه‌شهه‌دانی یه‌كه‌مین سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌ له‌ عێراقی دوای سه‌ددامدا).
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand