Draw Media

"پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی رێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئێران"

"پابه‌ندین به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی رێككه‌وتنی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئێران"

2024-05-06 11:00:00


(دره‌و): 
له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئێران، نێچیرڤان بارزانی ئیسرائیلی وه‌كو رژێمێك ناو هێناوه‌ كه‌ ئێستا له‌ خراپترین دۆخی خۆیدایه‌، دڵنیایی داوه‌ له‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان پابه‌نده‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ته‌واوه‌تی رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان عێراق و ئێران سه‌باره‌ت به‌ حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان‌. 
ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی ئێران ئه‌مرۆ له‌ تاران به‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بینی، پێی وت‌:" رێگری بكه‌ن  له‌وه‌ی زایۆنییه‌كان و نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی (به‌ دژه‌ شۆڕشه‌كان ناوی هێناون) هه‌رێمی كوردستان دژ به‌ ئێران به‌كاربهێنن. 
به‌پێی هه‌واڵی میدیاكانی ئێران، له‌م دیداره‌دا، سه‌رۆكی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، هیچ كۆسپێك له‌به‌رده‌م فراوانكردنی هاوكاری ئابوری و بازرگانی له‌نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان نییه‌و سنوره‌ دورودرێژه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات وه‌كو ده‌رفه‌تێكی گرنگ ته‌ماشا ده‌كه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌ڵام ئاسایش بنه‌مای پێویستی هه‌رجۆره‌ هاوكاریی و په‌ره‌پێدانی مامه‌ڵه‌كردنه‌. 
"ئێمه‌ له‌ نیازپاكی و دۆستایه‌تی برایانی عێراقی و كوردی خۆمان دڵنیاین، به‌ڵام به‌ له‌به‌رچاوگرتنی رق و كینه‌ی دوژمنان له‌وانه‌ رژێمی زایۆنی دژ به‌ گه‌لی ئێران، چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ ره‌هایی رێگری له‌ هه‌ر جۆره‌ خراپ به‌كارهێنانێكی خاكه‌كه‌یان بكه‌ن له‌لایه‌ن دوژمنی زایۆنی و ئه‌ندامانی دژه‌ شۆڕش" ئیبراهیم ره‌ئیسی وا ده‌ڵێ. 
نێچیرڤان بارزانی له‌ وه‌ڵامی سه‌رۆك كۆماری ئێراندا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ مه‌رزه‌كانی نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می كۆرۆناشدا دانه‌خراون و ئه‌وان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان له‌ ئێران هه‌یه‌ پاڵپشتیان بكات له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق و بنیادنانی وڵاتێكی ئاوه‌دان و پێشكه‌وتوو. 
نێچیرڤان بارزانی وتویه‌تی" په‌یوه‌ندییه‌كانی رابردوومان جێگای شانازین و هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش و باشتر دروست بكه‌ین". 
سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كانی ئێران له‌ بوونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیسرائیل، به‌پێی قسه‌ی میدیاكانی ئێران نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاندووه‌" هیچ عه‌قڵێكی ساغ رێگه‌ به‌وه‌ نادات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ وڵاتێكی به‌هێزو دۆست به‌ باشتر بزانین له‌ هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ رژێمێك كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ خراپترین دۆخی خۆیدایه‌".
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌  دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆماری ئێران پابه‌ندی خۆی نیشانداوه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی ئه‌منیی نێوان ئێران و عێراقه‌وه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ پارتی و یه‌كێتیی له‌ سنوره‌كانی خۆیان بنكه‌ی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیان داخست، به‌ڵام ئێرانییه‌كان هێشتا پێیانوایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی جێبه‌جێ نه‌كراوه‌و له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌دا ده‌بێت ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندام و به‌رپرسانی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستگیربكه‌ن و راده‌ستی ئێرانیان بكه‌نه‌وه‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand