سۆران عومەر: سودانی بەبێ "داهاتی ناوخۆ و تەوتین" موچە نانێرێت
2024-05-05 19:42:44
درەو:
سۆران عومەر پەرلەمانتاری بەشدار لە كۆبوونەوەكەی محەمەد شیاع سودانی بە (درەو)ی راگەیاند: محەمەد شیاع سودانی بەروونی پێی وتین "بەبێ رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و تەوتین"موچەی موچەخۆرانی هەرێم نانێرم، وتی حكومەتی هەرێم بەنوسراوی رەسمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر هەردووكیان، رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و تەوتین لەرێگەی بانكی (TBI).
ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانیەكان كۆبووەوە، سۆران عومەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق و بەشدار لە كۆبوونەوەكە قسەی سودانی لەبارەی تەوتین و موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ (درەو) باسكرد:
محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە "هەژماری من" وتی ناچارین ئەوەی تا ئێستا "هەژماری من" كراوە لە هەرێم قبوڵی دەكەین بەڵام لەدەرەوەی ئەوەی كراوە لە رێگەی بانكی بازرگانی عێراق (TBI) ەوە دەستدەكەین بە "تەوتین"ی موچەی موچەخۆرانی هەرێم، بۆ ئەوەی "تەوتین" دوانەكەوێت.
سۆران عومەر وتی: وەك دەبینین حكومەتی هەرێم فشاری دەكرد كە موچەخۆران پڕی بكەنەوە بۆ ئەوەی زۆرترینی لەوێ بێت لە "هەژماری من" تا ئێستا (300 بۆ 310) هەزار كەس هەژماری منیان كردووە ئەوەی تری بە تەوتین دەكرێت، پێم وانیە حكومەتی هەرێم "هەژماری من" رابگرێت بۆ ئەوەی ژمارەی هەژماری من زیاتر بێت، بەڵام خەڵكی ئازادە بچێتە سەر (TBI).
موچەی مانگی نیسان
محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم وتی: من موچەی دوومانگم نارد بەسەر یەكەوە لەبەر جەژن و رەمەزان و وەزعی خراپی موچەخۆران موچەم ناردووە، ئەگەرنا حكومەتی هەرێمی كوردستان داهاتی ناوخۆ نەنێرێت و ئامادە نەبێت "تەوتین" بكات و بیشیەوێت هەموو مانگێگ (969) ملیار دینار بنێرم بەراستی ناتوانم ، چونكە دادگای فیدراڵی هەموو رۆژێك دەڵێت كوا "تەوتین" كوا جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا.
وتی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەتایبەت دووخاڵ بۆ ئێستا سەرەكیە:
- رادەستكردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم
- "تەوتین"ی موچەی موچەخۆران
محەمەد شیاع سودانی وتی لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرەسمی رەزامەندییان داوە لەسەر رادەستكردنی داهاتی ناوخۆ و تەوتین لە رێگای بانكی بازرگانی عێراقەوە (TBI)، من لەگەڵ (TBI) كۆبوومەتەوە ئەوان رایانگەیاندووە لەماوەی (2) مانگدا "تەووتین"ی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەین و لە ئێستادا تێمێكی (TBI) لە هەرێم.
سۆران عومەر بەروونی ئەوەی بە (درەو) وت: بە بێ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی موچە لە بەغدادەوە نایات، بە تایبەت بە رادەستكردنی داهاتی ناوخۆو بێ تەوتین و موچە بە لیست بێت پێچەوانەی بڕیاری دادگای فیدراڵیە.