Draw Media

نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته‌ تاران؛ پرسی ئه‌منیی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ده‌بێت

نێچیرڤان بارزانی گه‌یشته‌ تاران؛ پرسی ئه‌منیی ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی ده‌بێت

2024-05-05 15:56:28


(دره‌و): 
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران. هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم (جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا) له‌ پشكی یه‌كێتیی و (مسته‌فا سه‌ید قادر) له‌ پشكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوڕێیه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كه‌ن له‌م سه‌ردانه‌دا. 
له‌ حكومه‌تیش، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم به‌شداره‌، ئه‌مه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی گفتوگۆی نێچیرڤان بارزانی له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران په‌یوه‌ندی به‌ دۆسیه‌ی ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش كه‌یسی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ناو هه‌رێمی كوردستان و لیستی داواكراوانی ئه‌و حزبانه‌ له‌لایه‌ن تارانه‌وه‌. 
فه‌وزی هه‌ریری سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و دڵشاد شه‌هاب وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌ندامن له‌ وه‌فده‌كه‌دا. 
بڕیاره‌ نێچیرڤان بارزانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی و ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆمارو محه‌مه‌د باقر قاڵیباف سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئێران ببینێت.
سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران، له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا یه‌كه‌م سه‌ردانه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا ئێران دووجار هێرشی موشه‌كی كردوه‌ته‌سه‌ر هه‌ولێر به‌به‌هانه‌ی بوونی بنكه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل. 
نێچیرڤان بارزانی سه‌رباری ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌، جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌، بۆیه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌كو سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێی په‌یوه‌ندی له‌نێوان پارتی و ئێران ته‌ماشا ده‌كرێت. 
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بۆ سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی ئاڵای كوردستانیان داناوه‌، به‌ڵام هیچ كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری ئێران له‌ پێشوازی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ فڕۆكه‌خانه‌ نه‌بینرا. 
سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سیڤی نێچیرڤان بارزانیدا باسی له‌وه‌كردووه‌، نێچیرڤان بارزانی بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی تاران دەستی بە خوێندن کردووە، بەهۆی هەندێک هۆکاری سیاسی و تایبەته‌وه‌ نەیتوانیوە درێژە بە خوێندن بدات، به‌ڵام زمانی فارسی به‌ پاراوی ده‌زانێت.
هێشتا دیارنییه‌ ئایا فارسییه‌ پاراوه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی ده‌رگایه‌كی نوێی په‌یوه‌ندی درێژخایه‌ن له‌نێوان پارتی و ئێران ده‌كاته‌وه‌ یاخود ته‌نیا سه‌ردانێكی ته‌كتیكییه‌ بۆ تێپه‌ڕاندی قۆناغی ئێستا. 
سه‌ردانه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌، سه‌رۆكی هه‌رێم ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن ته‌واو كردووه‌و بڕیاره‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ تاران بڕیاره‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت. 
له‌كاتێكدا نێچیرڤان بارزانی رووی له‌ تاران كردووه‌، بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی بینراو له‌رێگادایه‌ به‌ره‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا. یه‌كێتیی دژی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ ئه‌م دژایه‌تییه‌ تا كوێ ده‌ڕوات، یه‌كێتیی له‌ حكومه‌ت ده‌كشێته‌وه‌ یاخود نا؟

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand