لە نێوان "هەژماری من" و "تەوتینی عێراق"دا
2024-05-04 19:36:40
درەو:
لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا (2015 - 2024) حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا (2) ساڵ موچەی بەتەواوی داوە (8) ساڵ موچەی بە لێبڕین و پاشەكەوتەوە خەرجكردووە، (45%)ی مانگەكان موچەی بەتەواوی داوەو (55%) مانگەكان موچەی نەداوە یان بە لێبڕین و پاشەكەوتەوە خەرجیكردووە، مێژووی (10) رابردووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ موچەخۆران وای كردووە بەشێك لەو موچەخۆرانەی "هەژماری من" رەتدەكەنەوە دەڵێن: متمانەمان بە حكومەتی هەرێم و هەر پرۆژەیەك نیە كە ئەو سەپۆرتی بكات بۆ موچە، لەگەڵ هەر پرۆژەیەكین لە دەرەوەی دەستی حكومەتی هەرێم بێت، بەپێی راپرسیەكی ئەلكترۆنی سایتی (درەو) (74%) دژی پرۆژەی (هەژماری من) و (23%) لەگەڵ پرۆژەی (هەژماری من)ن، (3%) بڕیاریان نەداوە.
سەرەتای مانگی نیسانی رابردوو دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەڵمەتی واژۆكۆكردنەوەیان دەستپێكرد بۆ رەتكردنەوەی "هەژماری من" توانیان لەماوەی هەفتەیەكدا (100) هەزر واژۆ كۆبكەنەوەو دواتر گەیاندیانە (دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عێراق و لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق)
لە كۆتایی مانگی نیسانیش لە پەرلەمانی عێراق (86) واژۆی پەرلەمانتاران كۆكرایەوە بۆ رەتكردنەوەی "هەژماری من".
حكومەتی هەرێمی كوردستان سوورە لەسەر "هەژماری من" بە نوسراو سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمیان ئاگاداركردووەتەوە بەوەی هەموو موچەخۆرێك دەبێت "هەژماری من"ی هەبێت.
دوای بڵاوكردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەك لە (درەو) سەبارەت بە نوسراوی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رازی بوون بە (تەوتین)ی موچە لە رێگەی بانیكی (TBI) بەڵام سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك و لەژێر هیچ فشارو بارودۆخێكدا پاشەكشە لە (هەژماری من) ناكات و وەك خۆی جێبەجێی دەكات، دەبێت هەموو موچەخۆرێكی هەرێم هەژماری منی هەبێت چونكە ئارەزوو مەندانە نیەو هەر موچەخۆرێك "هەژماری من"ی نەبێت دواتر موچە وەرناگرێت.
بەپێی راپرسیەكی (درەو) كە لە سۆشیال میدیای (درەو) ئەنجامیداوەو پرسیارێكی ئاراستەی موچەخۆرانكردووە سەبارەت بەوەی (متمانەت بە كامیان هەیە، هەژماری من یان تەوتینی موچە لەبانكەكانی عێراق).
بەپێی ئەنجامی راپرسیەكە كە لە چەند كاتژمێریكدا (3220) كەس بەشدارییان تێداكرد ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بوو:
- (74%) پرۆژەی "هەژماری من" رەت دەكەنەوە
- (23%) لەگەڵ پرۆژەی"هەژماری من"ن
- (3%) لەگەڵ هیچ پرۆژەیەكیان نین.
(درەو) گفتوگۆی لەگەڵ چەند مامۆستایەكدا كرد كە پرۆژەی "هەژماری من" رەتدەكەنەوەو متمانەیان پێی نیە، ئەوان ئاماژەیان بەوەكرد مەسەلەكە پەیوەندی بە باش و خراپی "هەژماری من" نیە، بەڵكو پەیوەندی راستەوخۆی بە (متمانە)ەوە هەیە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پرسی موچەدا، ئەوان دەڵێن: متمانەمان بە هیچ پرۆژەو سیستەم و بانكێك نیە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیخاتە روو سەبارەت بە موچە.
بەپێی لێكدانەوەكانی (درەو) لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا (2015 - 2024) كە دەكاتە (108) مانگ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە موچەی دابەشكردووە:
- (49) موچەی بەتەواوی خەرجكردووە.
- (15) موچەی بەتەواوی خەرجنەكردووەو پاشەكەوتی كردووە
- (44) موچەشی بە چارەكە موچەو لێبڕینەوە خەرجكردووە.
واتا لەكۆی (108) مانگ تەنیا (49) مانگ موچەی بەتەواوی خەرجكردووە كە دەكاتە (45%) و (59%) مانگ موچەی خەرجنەكردووەو یان بە لێبڕین و چارەكە موچەوە خەرجكردووە:
لە ماوەی (10) ساڵی رابردوودا (2015 - 2024)
حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا ساڵی (2019) و (2022) موچەی بە تەواوی داوە ئەگەرنا:
- ساڵی 2015: حكومەتی هەرێم (4) موچەی پاشەكەوت كردووە
- ساڵی 2016: حكومەتی هەرێم (12) موچەی بە چارەكە موچە دابەشكرد.
- ساڵی 2017: حكومەتی هەرێم (11) موچەی بە چارەكە موچە دابەشكرد و موچەیەكی بەتەواوی پاشەكەوت كرد.
- ساڵی 2018: حكومەتی هەرێم (11) موچەی بە چارەكە موچە دابەشكرد و موچەیەكی بەبێ پاشەكەوت خەرجكرد.
- ساڵی 2019: حكومەتی هەرێم (12) موچەی بەتەواوی خەرجكرد.
- ساڵی 2020: حكومەتی هەرێم (7) موچەی بەتەواوی پاشەكەوت كرد، (1) موچەی بەتەواوی خەرج كرد و (4) موچەی بە لێبڕینی (21%) خەرجكرد.
- ساڵی 2021: حكومەتی هەرێم (6) موچەی بەتەواوی خەرجكرد، (6) موچەی بە لێبڕینی (21%) خەرجكرد.
ساڵی 2022: حكومەتی هەرێم (12) موچەی بەتەواوی خەرجكرد.
- ساڵی 2023: حكومەتی هەرێم (9) موچەی بەتەواوی خەرجكرد و (3) موچەی بەتەواوی پاشەكەوتكرد.