ئه‌ردۆغان غازی كوردستانی ده‌وێت
2024-04-17 12:22:50
راپۆرت: دره‌و
دوو شه‌ممه‌ی داهاتوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا ده‌گاته به‌غداد، دواتر سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات، ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆكانه، به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستانه‌وه له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا توركیا بڕی زیاتر له (ملیارێك و 216 ملیۆن) دۆلار زیانی به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام ئه‌ردۆغان زیاتریش ده‌ڕوات، دوای نه‌وت، داوای غازی سروشتی كوردستان ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ك چه‌كی (ئاو) به‌كارده‌هێنێت و له‌لایه‌كی تره‌وه گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكای بینیوه. ئایا چاره‌نوسی رێككه‌وتنی 50 ساڵه‌ی نێچیرڤان بارزانی و ئه‌ردۆغان به كوێ ده‌گات؟ ئێران رێگا به هه‌نارده‌كردنی غازی كوردستان ده‌دات؟ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم چۆن ده‌ستپێده‌كاته‌وه؟ ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.
نه‌وت و غاز له سه‌ردانی ئه‌ردۆغاندا
بڕیاری رۆژی 22ی ئه‌م مانگه ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، بۆ یه‌كه‌مجارو دوای 12ی ساڵ، سه‌ردانی عێراق بكات. وه‌كو خۆی ده‌ڵێ، به‌رنامه‌ی كاری سه‌رۆكی توركیا له سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غداد بریتی ده‌بێت له دۆسیه‌كانی:
• به‌ردانه‌وه‌ی ئاو بۆ عێراق
• پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت و غازی سروشتی عێراق بۆ توركیا
توركیا به‌مدواییه كارتی ئاو به‌رامبه‌ر به نه‌وت و غاز له‌دژی عێراق به‌كارده‌هێنێت، به‌ردانه‌وه‌ی ئاوی به‌ستوه‌ته‌وه به‌كارخستنه‌وه‌ی بۆرییه‌كانی نه‌وته‌وه. له 25ی ئازاری 2023وه، به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێوده‌وڵه‌تی پاریسه‌وه، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگرت. له‌سه‌ر سكاڵای حكومه‌تی عێراق، دادگای نێوده‌وڵه‌تی له پرسی به‌كارهێنانی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیا بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی به‌غداد، بڕی نزیكه‌ی (ملیارێك و 500 ملیۆن) دۆلار قه‌ره‌بووی به‌سه‌ر توركیادا سه‌پاند، ئه‌مه توركیای ناچار به راگرتنی نه‌وتی هه‌رێم كرد، راگرتنێك كه تائێستا‌و دوای زیاتر له ساڵێك هێشتا ده‌ستی پێ نه‌كردوه‌ته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه توركیا ئاماده‌یی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت نیشانداوه.
كردنه‌وه‌ی بابه‌تی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له سه‌ردانی ئه‌ردۆغاندا بۆ به‌غداد ره‌نگه له كاتێكی گونجاو‌دا بێت، به‌تایبه‌تیش كه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له واشنتۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوای لێكردووه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌و كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمیش نامه‌یان بۆ ئیداره‌ی ئه‌مریكا نوسیوه‌و داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت ده‌كه‌ن.
به‌ر له سه‌ردانی سودانی بۆ ئه‌مریكا، وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رێوشوێنه‌كانی گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركوك له‌رێگای بۆری كه‌ركوك- جه‌یهان، به‌ڵام ره‌نگه ئه‌م هێڵه دڵی توركیا ئاو نه‌دات و ئه‌نكه‌ره خوازیاری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بێت.
ئه‌ردۆغان له هه‌ولێر
"ره‌نگه دوای كۆتایهاتنی سه‌ردانه‌كه‌م بۆ به‌غداد، سه‌ردانی هه‌ولێریش بكه‌م" ئه‌ردۆغان وای وت. له‌نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كوردستاندا رێككه‌وتنێكی (50 ساڵه) له بواری وزه‌دا هه‌یه، به‌ڵام ورده‌كاری ئه‌م رێككه‌وتنه بۆ رایگشتی له هه‌رێم و له توركیاش هێشتا زانراو نییه، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێم كه ماوه‌ی 17 ساڵ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ده‌سته‌وه بوو، ئه‌ندازیاری رێككه‌وتنه‌كه‌یه، له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م رێككه‌وتنه‌دا بوو حكومه‌تی پێشووی نێچیرڤان بارزانی پرۆسه‌ی "ئابوری سه‌ربه‌خۆ"ی راگه‌یاند، پرۆسه‌یه‌ك كه له فرۆشتنی نه‌وتدا كورتبووه‌وه‌و به‌ر له راگرتنی بۆرییه‌كه‌ش، له دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی ته‌واوه‌تی دارایی بۆ هه‌رێمی كوردستان، شكستی هێنا.
راگرتنی بۆری هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیا، ماوه‌ی ساڵێكه دۆخێكی نوێی هێناوه‌ته كایه‌وه، كه ره‌نگه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی (50 ساڵه)ی نێوان هه‌ولێرو ئه‌نكه‌ره هه‌بێت.
نزیكه‌ی 11 ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنه 50 ساڵییه‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت (رێككه‌وتنه‌كه له 2013دا كراوه)، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ئیمزای كردوه‌و (ئاشتی هه‌ورامی) وه‌زیری سامانه سروشتییه‌كانی ئه‌وكات ئاماده‌ی بووه، له‌وكاته‌وه تائێستا ورده‌كاری ئه‌م رێككه‌وتنه نه‌خراوه‌ته به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڵام كانونی یه‌كه‌می 2020، هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند" پارتی و یه‌كێتیی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاگاداری رێككه‌وتنی 50 ساڵه‌ی نه‌وتن له‌گه‌ڵ توركیا"، ئه‌مه له‌كاتێكدایه یه‌كێتیی نیشتمانی كه لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێم، چه‌ندینجار باسی له‌وه كردووه ئاگاداری ورده‌كاری رێككه‌وتنه‌كه نییه، ئه‌مه له حاڵێكدایه ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه رێككه‌وتنه‌كه كراوه (عیماد ئه‌حمه‌د) له پشكی یه‌كێتیی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران بووه.
رۆژی 18ی تشرینی دووه‌می 2020 ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنه جیاوازه‌كان كه ژماره‌یان 32 په‌رله‌مانتار بوو (په‌رله‌مانتارانی پارتی و نه‌وه‌ی نوێ ئیمزایان نه‌كرد)، نوسراوێكیان ئیمزاكردو داوایان له كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی كرد بێته به‌رده‌م په‌رله‌مان و زانیاری‌یان پێبدات سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنه 50 ساڵییه‌كه، به‌ڵام حكومه‌ت وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه.
بەگوێرەی بەدواداچونەكانی (درەو)، لە خولی چواره‌می پەرلەمانی كوردستانیشدا، جارێك نێچیرڤان بارزانی كە ئەوكات سەرۆكی حكومەت بووە، بەڵێنی بە سەرۆكایەتی پەرلەمان داوە لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان باسی ناوەڕۆكی رێككەوتنی 50 ساڵەی نێوان هەرێم‌و توركیا بكات، بەڵام رووداوی داخستنی پەرلەمانی كوردستان له‌و خوله‌دا له‌لایه‌ن پارتییه‌وه، ئەو نهێنیەشی تاوەكو ئەمڕۆ لەگەڵ خۆیدا ون كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، ئەوەی تائێستا لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەوە دەزانرێت، بەمشێوەیە:
• ئەولەویەتی نەوتی هەرێم دەدرێت بە كۆمپانیا توركییەكان كە لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن.
• تا پەنجا ساڵی تر هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم بڕی (1) دۆلاری بۆ توركیا دەبێت (له‌دوای بڕیاری دادگای پاریس و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی بڕیاری به‌كارهێنانی بۆری نه‌وتی عێراق- توركیا له‌لایه‌ن حكومه‌تی به‌غداده‌وه، ئه‌م بڕگه‌یه‌ش كێشه‌ی بۆ دروست ده‌بێت).
• پارەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە (هاڵك بانك)ی توركیا دادەنرێت‌و ئاڵۆگۆڕی پێوە دەكرێت (دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق كه ئێستا له بواری جێبه‌جێكردندایه، داهاتی نه‌وتی هه‌رێم ده‌بێت راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه بۆسه‌ر ژماره‌ی حسابی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق له بانكی ناوه‌ندیی عێراق، واتا ئه‌م خاڵه‌ی رێككه‌وتنی 50 ساڵه ئێستا ئیتر به هه‌ڵوه‌شاوه داده‌نرێت).
• بۆری نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە پاسەوانی دەكرێت‌و كرێی پاسەوانی لە پارەی نەوتی هەرێم دەدرێت (بۆری نه‌وتی هه‌رێم چاره‌نوسی به نادیاری ده‌مێنێته‌وه، به‌تایبه‌تیش له ئه‌گه‌ری به‌كارخستنی بۆری نه‌وتی كه‌ركوك- جه‌یهان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه له چه‌ند مانگی داهاتوو و ئه‌گه‌ری هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی ئه‌م بۆرییه‌وه، ئه‌مه نه‌ك بۆ توركیا، بۆ روسیاش بابه‌تێكی جێگه‌ی بایه‌خه، چونكه كۆمپانیای روسنه‌فتی روسی خاوه‌ندارێتی 60%ی بۆری نه‌وتی كوردستان ده‌كات).
• (7) خەزانی گەورەی نەوت لە بەندەری جەیهانی توركی بە كرێ دەدرێت بە حكومەتی هەرێم‌و دەبێت لە پارەی نەوتی هەرێم كرێكەی بدرێت (به‌پێی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵه‌ی عێراق كه ئێستا به‌ركاره، چیتر هه‌رێمی كوردستان نه‌وت نافرۆشێت، ده‌بێت نه‌وته‌كه‌ی راده‌ستی كۆمپانیای به‌بازاڕخستنی نه‌وتی عێراق "سۆمۆ" بكات له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا‌و سۆمۆ بیفرۆشێت، واتا ئه‌م خاڵه‌ی رێككه‌وتنی 50 ساڵه كێشه‌ی بۆ دروستبووه).
• لەڕووی ئەمنییەوە دەوترێت رێككەوتنەكە چوارچێوەی داناوە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان‌و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە).
• ئەوانەی رەخنەیان لە رێككەوتنەكە هەیە دەڵێن رەهەندی سیاسی ئەم رێككەوتنە پەنجا ساڵییە، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و درێژەدانە بە حوكمڕانی سەركردەكانی لە هەرێمی كوردستان بە پاڵپشتی ئەنكەرە (به‌ڵام رێككه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی توركیا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بۆ به‌ستنه‌وه‌ی توركیا به كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه له‌رێگه‌ی پرۆژه‌یه‌كی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه كه ناوی لێنراوه هێڵی گه‌شه، مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌م په‌یوه‌ندییه ستراتیژییه‌ی نێوان پارتی و توركیا دروستكردووه، توركه‌كان زۆر به‌جددی كار له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌ده‌مه‌وه‌چوونی عێراق وه‌كو پێویست نییه، ره‌نگه ئێران زۆر خۆشحاڵ نه‌بێت به‌م رێگایه، به‌تایبه‌تیش كه ده‌بێت به شاده‌مارێكی به‌هێزی ئابوری بۆ توركیا).
• زانیاری نافەرمی هەیە لەبارەی ئەوەی خێزانی ئەردۆغان سودمەندی یەكەمن لە داهاتەكانی ئەم رێككەوتنە لە توركیا، پێشتر‌و له به‌دواداچوونه‌كانی (دره‌و)دا بۆ رێككه‌وتنی 50 ساڵه، بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستان وتی: جارێك لەگەڵ (جەنگیز چاندار) گەورە نوسەرو رۆژنامەنوسی توركیا باسی ئەم بابەتەم كرد، لە چاندارم پرسی ئایا ئێوە لە توركیا هیچ لەبارەی رێككەوتنی پەنجا ساڵییەوە دەزانن؟ چاندار وتی:" لە توركیا تەنیا نەفەرو نیوێك ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە دەزانن، یەكەمیان ئەردۆغانە‌و نیو نەفەرەكەش تەنەر یەڵدز وەزیری پێشووی وزەی توركیایە".
ده‌ستی توركیا له نه‌وتی هه‌رێمدا
ئه‌م گرافیكه ده‌ستی توركیا له نه‌وتی هه‌رێمدا روون ده‌كاته‌وه‌و ده‌ریده‌خات ته‌نیا له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا كه هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راوه‌ستاوه، توركیا بڕی زیاتر له (ملیارێك و 216 ملیۆن) دۆلار ده‌ستكه‌وتی له نه‌وتی هه‌رێم له‌ده‌ستداوه.
ئه‌ردۆغان چاوی له غازی كوردستانه!
وه‌كو خۆی ده‌ڵێ: هه‌نارده‌كردنی غازی سروشتی عێراق بۆ توركیا" یه‌كێك له ته‌وه‌ره‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغانه بۆ به‌غداد. تاكه كێڵگه‌یه‌ك كه بتوانرێت غازی عێراقی لێوه هه‌نارده‌ی توركیا بكرێت، كێڵگه‌ی كۆرمۆره له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان.
ئه‌ردۆغانه ده‌مێكه چاوی له غازه‌كه‌ی كوردستانه، شوباتی 2022 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ بانگهێشتی ئه‌نكه‌ره كرا، له‌وێ ئه‌ردۆغان داوای لێ‌كرد هاوشێوه‌ی نه‌وت، غازی سروشتی كوردستان ره‌وانه‌ی توركیا بكات، هه‌ر له‌و رۆژگاره‌دا بوو كه بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) كه به‌رهه‌مهێنان له كێڵگه‌ی كۆرمۆر ده‌كات، لێدوانێكی دا‌و وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراق‌و توركیاش دابین بكەین.
ئه‌وكات سه‌روبه‌ندی جه‌نگی روسیا‌و ئۆكراینا بوو، و‌زه له جیهان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی مه‌ترسی له‌سه‌ر بوو، سه‌رۆكی توركیا به‌دوای سه‌رچاوه‌ی تردا ده‌گه‌ڕا، وه‌كو له راگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا له‌وكاته‌دا هاتبوو، له‌م دیداره‌دا نێچیرڤان بارزانی به‌ڵێنیدا بوو له‌باره‌م ئه‌م بابه‌ته‌وه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غداد بكات، هێشتا نێچیرڤان بارزانی ده‌رگای گفتوگۆی له‌باره‌ی غازه‌كه‌وه نه‌كردبووه‌وه، له 15ی شوباندا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له بڕیارێكی بێ پێشینه‌دا، یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كرد به راده‌ستكردنی نه‌وت و غازه‌كه‌ی به حكومه‌تی فیدراڵ، ئه‌م بڕیاره تائێستاش وه‌كو خۆی به‌ركاره‌و كه‌رتی نه‌وت و غازی هه‌رێمی ئیفلیج كردووه.
پێده‌چێت توركیا ته‌نانه‌ت به‌ر له 2002و جه‌نگی ئۆكرایناش هه‌ر چاوی له غازی كوردستان بووبێت، به‌تایبه‌تیش كه هەندێك سەرچاوە باسلەوە دەكەن رێككەوتنی 50 ساڵه‌ی نێوان هه‌رێم و توركیا له یه‌كێك له بڕگه‌كانیدا هەرێم ناچار دەكات، ئەگەر لە داهاتوودا غازی سروشتی هەناردەی دەرەوەی كرد، ئەو كارە بەتەنیا لەڕێگەی توركیاوە بكات.
ئێرانییه‌كان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه دژی فراوانكردنی كێڵگه‌ی (كۆرمۆر)و هه‌نارده‌ی غاز بوون له هه‌رێمی كورستانه‌وه بۆ توركیا، له‌مه‌شدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م هۆكاره‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه ئێران خۆی غازی سروشتی به توركیا ده‌فرۆشێت و له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه تاران له‌ژێر سزاكانی خۆرئاوادایه، نایه‌وێت توركیا سه‌رچاوه‌ی به‌دیلی غازی ده‌ستبكه‌وێت، هه‌روه‌ك هاوكات ئێران غاز به عێراقیش ده‌فرۆشێت و له‌و رێگه‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌كی دارایی ده‌ستده‌كه‌وێت.
به‌ڵگه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ئێران دژ به هه‌نارده‌ی غازی سروشتی هه‌رێم بۆ توركیا ره‌نگه ئه‌و هێرشه موشه‌كییه بێت كه له ئازاری 2022 كۆماری ئیسلامی كردیه سه‌ر ماڵه‌كه‌ی (شێخ باز) به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری كۆمپانیای (كار) له هه‌ولێر، دوای سه‌ردانه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا، كۆمپانیای كار ده‌ستی به كاركردن كردبوو بۆ هه‌نارده‌كردنی غازی كێڵگه‌ی (كۆرمۆر) بۆ توركیا، هێرشه موشه‌كییه‌كه‌ی ئێران و دواتریش ناڕه‌زایه‌تی و رێگری توندی یه‌كێتیی نیشتمانی، رێگربوون له ناردنی غازی سروشتی هه‌رێم بۆ توركیا.
سه‌رباری ئه‌مه، به‌ڵگه‌یه‌كی تر بۆ ناڕه‌زایه‌تی ئێران دژی هه‌نارده‌ی غازی كوردستان بۆ توركیا ره‌نگه ئه‌و هێرشه موشه‌كییانه بن كه ناو به‌ناو له‌لایه‌ن گروپه چه‌كداره شیعه‌كانی عێراقه‌وه ده‌كرێنه سه‌ر كێڵگه‌ی كۆرمۆر، ئه‌وه‌ی تێبینی كراوه، هه‌ر كاتێك به‌رپرسانی یه‌كێتیی سه‌ردانی توركیا بكه‌ن و هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه بده‌ن، كۆرمۆر ده‌كه‌وێته به‌ر هێرشی موشه‌كیی.
كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)و له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدایه، ئه‌م كێڵگه‌یه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی غازی ماڵان و وێستگه‌كانی كاره‌بایه له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له یه‌ك كاتدا هه‌م توركیا‌و هه‌م ئێران و هه‌م حكومه‌تی فیدراڵی عێراقیش چاویان له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م كێڵگه‌یه، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه سه‌ربه حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه، له دادگا سكاڵای تۆمار كردووه‌و داوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆر ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی كێڵگه‌كه بۆ كۆمپانیای نه‌وتی باكور ده‌گه‌ڕێته‌وه.