Draw Media

بایدن و سودانی: هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌

بایدن و سودانی: هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌

2024-04-16 08:06:42


(دره‌و): 
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و سازدانی هه‌ڵبژاردن له‌ كوردستان و دۆخی هه‌رێم له‌ عێراقدا له‌ پرسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌مریكا بووه‌، بایدن و سودانی خواستی خۆیان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ربڕیوه‌. 
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆشكی سپی له‌گه‌ڵ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا كۆبووه‌وه‌، ته‌وه‌رێكی ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ پرسی وزه‌ بوو. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی كۆبونه‌وه‌كه‌، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ستایشی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی كردووه‌ كه‌ عێراق له‌ بواری خۆبژێوی كه‌رتی وزه‌دا به‌ده‌ستی هێناوه‌، له‌گه‌ڵ سودانی باسیان له‌ ده‌رفه‌ته‌كانی ئاینده‌ كردووه‌ له‌پێناو هاوكاری دووقۆڵی بۆ گه‌یشتن خۆبژێوی تاوه‌كو ساڵی 2030، ئه‌مه‌ش به‌ هاوكاری كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان. 
سه‌رۆكی ئه‌مریكا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی پاڵیشتی واشنتۆن كردووه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانی عێراق له‌ بواری نۆێكردنه‌وه‌ی كه‌رتی وزه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌ردانی غازی میسان و باشكردنی ته‌ندروستی گشتیی و فه‌راهه‌مكردنی كاره‌با به‌شێوه‌یه‌كی باشتر بۆ گه‌لی عێراق هه‌روه‌ها ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی تۆڕی كاره‌بای عێراق به‌ وڵاتانی دراوسێوه‌، به‌تایبه‌تیش ئوردن و وڵاتانی هاریكاری كه‌نداو. 
بایدن و سودانی له‌ باره‌ی پلانی ئاینده‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی سه‌رچاوه‌كانی عێراق و گه‌ره‌نتیكردنی ئه‌وه‌ی هه‌موو عێراقییه‌كان سودمه‌ند ده‌بن له‌ سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی وڵاته‌كه‌یان به‌وشێوه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقدا گونجاوه‌، گفتوگۆیان كردووه‌. 
سودانی و بایدن جه‌ختیان له‌سه‌ر بایه‌خی گه‌ره‌نتی گه‌یشتنی نه‌وتی عێراق بۆ بازاڕه‌كانی جیهان كردووه، هه‌ردووكیان خواستی خۆیان بۆ كردنه‌وه‌ی بۆری نێوان عێراق و توركیا نیشانداوه‌‌ (به‌هۆی داخستنی ئه‌م بۆرییه‌وه‌‌ له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا راوه‌ستاوه‌و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی كۆمپانیا بیانییه‌كانی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ر له‌ سه‌ردانی سودانی بۆ واشنتۆن، كۆمپانیاكان نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان ئاڕاسته‌ی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كرد‌). 
له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به‌ تێڕوانینی هاوبه‌شی خۆیان گفتوگۆیان كردووه‌، جه‌ختیان كردووه‌ "هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی دانه‌بڕاوی خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی عێراقه‌". 
بایدن ستایشی هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، له‌وانه‌ش رێوشوێنه‌كانی ئێستا بۆ پێدانی موچه‌ی دوو مانگی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی هانداوه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌م هه‌نگاوانه‌. 
سه‌رۆكی ئه‌مریكا پشتیوانی بۆ چه‌سپاندنی دیموكراتیه‌ت له‌ عێراق راگه‌یاندوه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سازدانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازادو دادپه‌روه‌رانه‌و شه‌فاف له‌ هه‌رێمی كوردستان. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand