Draw Media

بۆچی تێچووی نه‌وتی هه‌رێم به‌رزه‌ ؟

بۆچی تێچووی نه‌وتی هه‌رێم به‌رزه‌ ؟

2024-04-15 11:00:24


فەرهاد هەمزە - سەرۆكی ئەندازیاران لە كۆمپانیای نەوتی باكور

رۆژانه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ گوێبیستی ئه‌وه‌ ده‌بین كه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێم نرخی تێچوونی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وته‌، به‌ جۆرێك له‌ عێراقدا له‌ 10 دۆلار تێپه‌ر ناكات، به‌ڵام له‌ هه‌رێم خۆی له‌ 24 دۆلار ده‌دات، به‌غداش ئاماده‌ نیه‌ بچێته‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌. هیچ کاتێکیش ئەو لێدوانانە راست نین کە باس لە جیاوازی جیۆلۆجیای عێراق و هەرێم دەکەن، تا بیکەنە بیانوو بۆ جیاوازی نرخی تێچوونی هەر بەرمیلێک نەوت.
ئه‌گه‌ر واقعیانه‌ بۆ كێشه‌كه‌ بچین، ده‌بینین عێراق زانستیانه‌ تر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا كردووه‌، به‌جۆرێك ئه‌و كێڵگانه‌ی كۆمپانیاكانی وه‌زاره‌تی نه‌وت به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن نرخی تێچوونی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت ناگاته‌ 8 هه‌زار دینار، به‌ڵام لای كۆمپانیا بیانییه‌كان كه‌ نه‌وتی باشوری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ده‌گاته‌ 10 دۆلار. لێره‌دا هۆیه‌كانی به‌رزی نرخی تێچوون له‌ كێڵگه‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌م هۆكارانه‌ ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌:-
1- زۆربه‌ی ئه‌و كێڵگانه‌ی كۆمپانیا بیانییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن كێڵگه‌ی بچوكن، هه‌روه‌ك كێڵگه‌كانی چیا سورخ و ته‌قته‌ق، ئه‌وكاته‌ به‌رهه‌میشیان كه‌مده‌بێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا تێچووی به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنان (الكلفة التشغيلية و الاستثمارية) له‌ هه‌ر كێڵگه‌یه‌ك تاڕاده‌یه‌ك جێگیره‌، به‌رهه‌مه‌كه‌ی زۆر بێت یان كه‌م. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ردوو تێچووه‌كه‌ی كێڵگه‌یه‌ك 100 هه‌زار دۆلار بێت، توانای به‌رهه‌مهێنانیشی 40 هه‌زار به‌رمیل بێت، ئه‌وا به‌دابه‌شكردنی هه‌ردوو تێچووه‌كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ی به‌رمیله‌كان، ئه‌وا تێچووی هه‌ر به‌رمیلێك 2،5 دۆلار ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می كێڵگه‌كه‌ 5 هه‌زار به‌رمیل بێت ئه‌وكاته‌ تێچووی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت 20 دۆلار ده‌وه‌ستێت.
ئه‌گه‌ر تاوێك بچیته‌ دواوه‌ بۆ سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كانی پێشووی عێراق، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ ده‌ست نه‌بردنیان بۆ به‌شێكی زۆری كێڵگه‌كانی هه‌رێم بێحیكمه‌ت نه‌بووه‌، ئه‌م كێڵگه‌ بچووكانه‌ ناكرێت به‌ گرێبه‌ستی هاوبه‌ش بدرێته‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان چونكه‌ سودێكی وه‌های بۆ وڵات نابێت.
2- زۆربه‌ی گرێبه‌سته‌كانی هه‌رێم جۆری هاوبه‌شن كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری كاركردن له‌ كێڵگه‌ بچووكه‌كاندا كۆمپانیاكان زیاتر سودمه‌ند ده‌بن وه‌ك له‌ خاوه‌ن ماڵ، ئه‌مه‌ وێڕای چاوپۆشیكردنی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ زۆر باجی سه‌ر كۆمپانیاكان، كه‌ هه‌مووی به‌زیانی هه‌رێم ته‌واو ده‌بوو.
3- نه‌بوونی تۆڕێك له‌ بۆری بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كێڵگه‌كان، كه‌ به‌ ناچاری له‌ڕێگه‌ی ته‌نكه‌ره‌وه‌ ئه‌نجامیان ده‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ش مه‌سره‌فێكه‌و نرخی تێچوونی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌رز ده‌كاته‌وه‌.
4- بوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له‌ موچه‌ی كارمه‌نده‌ بیانییه‌كان و نه‌بوونی چاودێری له‌سه‌ریان.
5- به‌كورتی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردی له‌ پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتدا، تۆزقاڵێك به‌سودی خه‌ڵك نه‌شكایه‌وه‌، ته‌نها گیرفانی كۆمپانیا بیانی و حیزبییه‌كانیان پڕكردو سامانی نه‌وتی وڵاتیان به‌ فیڕۆداو میلله‌تیان خسته‌ ژێر قه‌رزێكی نه‌بڕاوه‌وه‌.

ئه‌م گرێكوێره‌ چۆن ده‌كرێته‌وه‌ ؟
بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ یا ئه‌وه‌تا گرێبه‌ستی كۆمپانیا بیانییه‌كان له‌گه‌ڵ یاساكانی عێراقدا بگونجێنرێت، كه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا قازانجێكی وه‌ها بۆ كۆمپانیاكان نامێنێته‌وه‌و دواجار ناچار ئه‌بن به‌جێی بهێڵن و له‌شوێنێكی تری عێراقدا كاریان پێبدرێت، یا ئه‌وه‌تا له‌ ژێر گوشاری نێوده‌وڵه‌تیدا بڕێك نرخه‌كه‌یان بۆ به‌رز بكرێته‌وه‌، كه‌ لێره‌شدا روون نییه‌ ئایا ئه‌و كۆمپانیایانه‌ رازی ده‌بن یان نا.
حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌زانانه‌ ده‌ستی بۆ پرۆسه‌یه‌كی قورسی وه‌ك نه‌وت برد، كه‌ خاوه‌نی هیچ ئه‌زمونێك نه‌بوو تیایدا، بۆیه‌ كاره‌كه‌ دووچاری گرێكوێره‌ بووه‌و كردنه‌وه‌ی قورس بووه‌، ره‌حمه‌ت له‌ پێشینان راستیان وتوه‌ "به‌ردێك نه‌زان بیخاته‌ گۆمه‌وه‌ به‌سه‌د زانا ده‌رناچێت".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand