Draw Media

گازپرۆم و KPCی روسی لە کوردستان بوون

گازپرۆم و KPCی روسی لە کوردستان بوون

2024-04-07 19:37:01


(دره‌و):
ئەمڕۆ نوێنەری دوو کۆمپانیای گەورەی بواری نەوتی روسیا لە ھەولێر بوون، لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوت و پەرەپێدانی کێڵگەکانی کوردستان گفتوگۆیان کردووە.
وەفدی دوو کۆمپانیای روسی بواری نەوت، لە ھەولێر وەزیری سامانە سروشتییەکان و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانیان بینیوە.وەفدی یەکەم ماکسیم ڕۆبین کونسولی گشتی روسیا بووە لە هەولێر، کە بە یاوەری شاندی کۆمپانیای KPC بۆ بواری نەوت سەردانی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووەو ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و  کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی بینیوە.
بەپێی قسەی ئومێد سەباح، لەم کۆبونەوەیەدا پرسی "رێککەوتنی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم و چالاکی کاری وەبەرهێنانی کۆمپانیا روسییەکان لە هەرێم" گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.
دواتر، ڤادیم بۆتاکۆڤ بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (گازپرۆم)ی روسی لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کردووە.
ئومێد سەباح رایگەیاند، لە دیدارەکەدا جەخت کرا لەسەر "لە هەماهەنگی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان و هەوڵ و کۆششی بەردەوامی حکومەتی هەرێم بۆ شەراکەتی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نەوت و گاز لەنێوان حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای دەستوور و پاراستنی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان".
پرسی "پەرەپێدانی کێلگە نەوتییەکان" یەکێک لە تەوەرەکانی تری گفتوگۆی سەرۆکی دیوان و نوێنەری گەورە کۆمپانیاکەی روسیا بووە، ئومێد سەباح پشتیوانی حکومەتی هەرێمی بۆ کەرتی وزەی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان دووپاتکردوەتەوەو باسی لە "خۆڕاگری" کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە دوای ئەو بەربەستانەی هاتوونەتە ئاراوە لە پرۆسەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم.
روسەکان لە ساڵی2017و ھاوکات لەگەڵ پرۆسەی ریفراندمی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان، جێ پێی خۆیان لە کەرتی نەوتی ھەرێم خۆشکرد، لەو ساڵەداو بەدیاریکراوی لە 2ی حوزەیراندا، لە شاری (سانپترسبورگ)، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکانی لە کابینەی هەشتەم گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (رۆسنەفت) واژۆکرا، به‌گوێره‌ی ئه‌م گرێبه‌سته‌ رۆسنه‌فت بوو به‌ خاوه‌نی (60%)ی بۆری نەوتی کوردستان به‌به‌های (1 ملیارو 700 ملیۆن) دۆلار.
ھەندێک لەوانەی کە چاودێری پەرەسەندنە سیاسییەکانی ئەمدواییەی عێراق و بڕیاری راگرتنی نەوتی ھەرێم دەکەن لەبەر رۆشنایی دادگای نێودەوڵەتی پاریس ده‌كه‌ن، راکێشانی کۆمپانیا روسییەکان بۆ کەرتی نەوتی ھەرێم بە ھۆکاری بێدەنگی ئەمریکا لەو فشارانە ناودەبەن کە لەلایەن بەغدادەوە خراوەتە سەر ھەرێمی کوردستان.
لە 25ی ئازاری 2023وە ھەناردەی نەوتی ھەرێم راوەستاوە، کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت نیگەران و ناڕازین لە دۆخی خۆیان، نامەیان بۆ ئەمریکا نوسیوەو داوا دەکەن فشار بخاتە سەر بەغداد بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم.
سەرباری راوەستانی ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا، بەپێی قسەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا کۆمپانیاکان رۆژانە 200 بۆ 220 ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرھەمدەھێنن.
له‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان، پێشبینی ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای بودجه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ بكات و داهاتی ئه‌م نه‌وته‌ به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ، ئه‌وه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ره‌ ته‌نیا بابه‌تی خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدادو كۆمپانیا بیانییه‌كاندا كێشمه‌كێشی له‌سه‌ره‌. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand