كێشه له‌نێوانی دیوانی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌یه
2024-04-07 17:20:33
راپۆرت: دره‌و
وه‌زاره‌تی دارایی لێكۆڵینه‌وه له موچه‌و پله‌ی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگره‌كه‌ی ده‌كات، تۆمه‌تباریان ده‌كات به‌وه‌ی ئه‌و موچه‌ی وه‌ریده‌گرن، هاوتای پله‌كانیان نییه، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رێكی په‌رله‌مان ده‌ڵێ: كێشه‌كه په‌یوه‌ندی به بابه‌تی خانه‌نشیكردنی پێنج په‌رله‌مانتاره‌وه هه‌یه كه دوانیان سه‌ربه حزبه‌كه‌ی وه‌زیری دارایین، ورده‌كاری زیاتر له‌م راپۆرته‌دا.
لێكۆڵینه‌وه له موچه‌ی سه‌رۆكی دیوان
سبه‌ینێ واده‌ی وه‌رگرتنی موچه‌ی مانگی سێی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستانه، كێشه له‌نێوان سه‌رۆكایه‌تی دیوانی په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی دارایدا هه‌یه.
به‌پێی زانیارییه‌كانی (دره‌و)، له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری ژمیریاری په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ئاگادارییه‌ك ئاڕاسته‌ی فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مان كراوه، كه تاوه‌كو نامه‌یان بۆ نه‌نێردرێت سه‌ردانی په‌رله‌مان نه‌كه‌ن بۆ وه‌رگرتنی موچه‌كانیان.
به‌ڕێوه‌به‌ری ژمێریاری په‌رله‌مان له ئاگادارینامه‌كه‌یدا باسی له‌وه كردووه، له رۆژی 13ی ئازاره‌وه نوسراوی موچه‌یان بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ناردووه، به‌ڵام تائێستا له وه‌زاره‌تی دارایی ته‌واو نه‌بووه.
له‌باره‌ی ئه‌و كێشه‌ی له‌نێوان دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زاره‌تی دارایی دروستبووه، له لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی رایگه‌یاند، هیچ كێشه‌یه‌ك له موچه‌ی په‌رله‌مانی كوردستاندا بۆ مانگی سێ نییه‌و له‌لایه‌ن ئێمه‌وه هه‌موو رێوشوێنه یاسایی و رۆتینییه‌كان ته‌واو كراوه، بۆ موچه‌ی مانگی دووش كه رۆژێك دواكه‌ت، په‌یوه‌ندی به په‌رله‌مان خۆیانه‌وه هه‌بووه‌و دره‌نگ چوون بۆ بانك.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی وتی: به‌ڵام سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگره‌كه‌ی كێشه له ناونیشانی وه‌زیفی و موچه‌كانیان هه‌یه، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ژمێركاری وه‌زاره‌تی دارایی پرسیاریان له‌سه‌ر دروستبووه‌و پێویسته بیسه‌لمێنن موچه‌كانیان یاساییه، داوامان كردووه له لایه‌نی فه‌رمییه‌وه نوسراومان بۆ بهێنن ئایا ئه‌و موچه‌ی كه وه‌ریده‌گرن و هاوتای پله‌كانیان نییه، پێچه‌وانه‌ی یاسای چاكسازییه یاخود نا؟!".
"سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان موچه‌ی وه‌زیر ده‌رده‌گرێت، جێگره‌كه‌شی موچه‌ی بریكاری وه‌زیر وه‌رده‌گرێت" وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی وای وت.
یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه (دره‌و) قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كرد، وتی: وه‌زیری دارایی به ته‌له‌فۆن داوای له سه‌رۆكایه‌تی دیوان كردووه زانیاری له‌سه‌ر موچه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن، وه‌زاره‌تی دارایی هیچ نوسراوێكی له‌وباره‌یه‌وه ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان نه‌كردووه، هه‌ركاتێك نوسراویان كرد، وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه.
وه‌ڵامی په‌رله‌مان چییه؟
سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان (ئه‌رده‌ڵان محه‌مه‌د سه‌رسپی)یه كه سه‌ربه یه‌كیتیی نیشتمانی كوردستانه، جێگره‌كه‌شی (هیوا نه‌سره‌دین)ه له پشكی پارتی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی ده‌ڵێ ئه‌م دوو كه‌سه خۆیان كێشه‌یان هه‌یه، ده‌یانه‌وێت كێشه‌كه‌یان بكه‌ن به كێشه‌ی هه‌موو په‌رله‌مان.
له لێدوانێكدا بۆ (دره‌و)، سامان ئه‌حمه‌د به‌كر به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: پەرلەمانی کوردستان، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە لەڕووی بەڕێوەبردن و جێبەجێکردنی کاروبارو دەسەڵاتەکانی، بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992 هەموارکراو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، کە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە بۆی دیاریکراوە:
1- لە ماددەی (56) ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان خاڵی (8)ی یاساکە هاتووە بە (دانانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و دیاریکردنی میلاک و بڕیاردان لەسەر بودجەکەی و دامەزراندنی کارمەندەکانی).
2- پاڵپشت بە ماددەی (56) خاڵی (8)ی یاساکە، پەیڕەوێک دانراوە لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە بڕیاری ژمارە (10) پەسەندکراوە لەو پەیڕەوەدا لە ماددەی (112) داهاتووە (پەرلەمان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی دیوانێکی دەبێت، لەلایەن سەرۆکێکەوە بە پلەی تایبەت بەڕێوەدەبرێت).
3- لە ماددەی (113 /یەکەم) داهاتووە سەرۆکی دیوان بە فەرمانێک لەلایەن سەرۆکەوە دادەمەزرێت و لە بەردەمیدا بەرپرسیار دەبێت.
4- سەرۆکی دیوان ئەرکەکانی بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و ئەو دەسەڵاتانەی لەلایەن سەرۆکەوە پێی دەدرێت پیادە دەكات.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م رونكردنه‌وه یاساییه، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مان وتی: پاڵپشت بەو خاڵانەی سەرەوە سەرۆکی دیوان لە پەرلەمانی کوردستان، بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان دامەزراوەو پێویست ناکات هیچ بەهانەیەک بۆ ئەم بابەتە بهێنرێتەوە هیچ کەس و لایەنێک لە هەر دامەزراوەیەک بێت لێکۆڵینەوەو بەدوادوچون بۆ ئەم بابەتە بکات و بابەتەکانی تایبەت بە دەسەڵاتی یاسادانان بەپێی یاسا بەرکارەکان دیاری کراوە".
به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه خۆی داوایكرد ناوه‌كه‌ی بڵاونه‌كرێته‌وه، به (دره‌و)ی راگه‌یاند، ریشه‌ی ئه‌م ناكۆكییه به‌هۆی ئه‌وه‌یه وه‌زیری دارایی داوا ده‌كات سه‌رۆكایه‌تی دیوانی په‌رله‌مان نوسراوی خانه‌نشینبوون بۆ (5) په‌رله‌مانتار بكات كه دوانیان سه‌ربه حزبه‌كه‌ی وه‌زیری دارایین (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)، سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان ئەم داوایەی وەزیری دارایی ره‌تكردوه‌ته‌وه، بەو پێیەی داواكه‌ی نایاساییەو لادانە لە یاسا کارپێکراوەکانی خانەنشینی پەرلەمان.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره وتی: ئاوات شێخ جەناب وه‌زیری دارایی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە رەتکردنەوەی داوا نایاساییەکەی، موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیوانی پەرلەمانی راگرتووە كه سەروو (700) فه‌رمانبه‌ره.
هونه‌ر جه‌مال وته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی ره‌تیكرده‌وه لێكۆڵینه‌وه له موچه‌ی سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و جێگره‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به كه‌یسی خانه‌نشیكردنی ئه‌و (5) په‌رله‌مانتاره‌وه هه‌بێت كه چه‌ند رۆژێكه له میدیاكانه‌وه كێشمه‌كێشی له‌سه‌ر دروستبووه، وته‌بێژكه ده‌ڵێ: بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ كۆی په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌و نه‌ك ته‌نیا بۆ ئه‌و پێنج په‌رله‌مانتاره، بۆیه به‌گوێره‌ی یاسای چاكسازی و یاسا كارپێكراوه‌كان مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی خانه‌نشینكردنی په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌م ده‌كرێت.
كێشه‌ی پێنج په‌رله‌مانتاره‌كه !
رۆژی 30ی ئایاری ئه‌مساڵ، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، به‌مه‌ش هه‌موو ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ی كه له‌دوای ماوه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌وه ده‌رچووبوون، هه‌ڵوه‌شێندرانه‌وه.
شه‌ش كه‌س له‌دوای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌كو په‌رله‌مانتار ده‌ستبه‌كاربوون، كه بریتین له:
1- (سۆز عه‌بدولقادر عه‌بدولڕه‌حمان) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە ساڵح) لە رۆژی (30/11/2022) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
2- (دلێر عه‌بدولخالق حاجی) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە ساڵح) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
3- (بێریوان فەقێ ئیسماعیل) لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتوو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد. لەكاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابوو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبوو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بوو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتووی ئیسلامی بڕیاریدا به دورخستنه‌وه‌ی له حزب.
4- (عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن حه‌مه‌د) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە یەكگرتوو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
5- (له‌یلا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتوو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
6- (مەهدی عەلی عەبدوڵا) لەسەر فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاركێشاوە (كازم فاروق) لە رۆژی (15/3/2023) لە پەرلەمان سوێندی خوارد، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ وه‌رگرتنی موچه‌ی خانه‌نشینییان ره‌تكرده‌وه.
به‌پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌م په‌رله‌مانتارانه نه‌ك موچه‌ی خانه‌نشینی په‌رله‌مان نایانگرێته‌وه، ده‌بێت ئه‌و پارانه‌ش بگه‌ڕێننه‌وه كه وه‌كو په‌رله‌مانتار وه‌ریانگرتووه، به‌ڵام (5) كه‌س له‌م كه‌سانه، نوسراویان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌و داوایان كردووه خانه‌نشین بكرێن، ئه‌وانه‌ی ئه‌م داواكارییه‌یان كردووه بریتین له:
1- (سۆز عه‌بدولقادر عه‌بدولڕه‌حمان) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان
2- (دلێر عه‌بدولخالق حاجی) لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان
3- (بێریوان فەقێ ئیسماعیل) یه‌كگرتوو بووه‌و له ریزه‌كانی یه‌كگرتوو ده‌ركراوه
4- (عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن حه‌مه‌د) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی
5- (له‌یلا عه‌لی عه‌بدولعه‌زیز) لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی