دهۆك رۆژێك لە رەشبگیری
2018-03-27 14:18:47
ئامادەكردنی: دراو
قەیرانەكان و سەپاندنی سیستمی پاشەكەوتی موچە و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان، مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژەكانی شاری دهۆك و قەزا و ناحییەكانی ناوچەی بادینانیشی هێنایە سەرشەقام.
هاوشێوەی هەولێر لە دهۆكیش خۆپیشاندەران روبەرووی گرتن و لێدان و ئەشكەنجەدان بوونەوە و ژمارەیەكی زۆری مامۆستا و خۆپیشاندەر دەستگیركران.
بەپێی زانیارییەكان زیاتر لە 100 كەس لە مامۆستا و رۆژنامەنووس و چالاكی مەدەنی دەستگیركراون كە بەشێك لە چالاكان ئەو هەڵمەتە بە رەشبگیری ناو دەبەن.
لە ناحیەی شیلادزێی سەربە پارێزگای دهۆك وێنەی سەروچاو خوێناوی مامۆستا عەبدولستار رێكانی كە كارگێڕی مەڵبەندی دهۆكی كۆمەڵی ئیسلامییە بڵاوكرایەوە كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لێی دەدرێت و سەروچاوی خوێناوی دەكرێت.
وێنە و ڤیدیۆی ئەو مامۆستایە دوای هێرشكردنە سەر مامۆستا بە تەمەنەكەی هەولێر لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا پانتاییەكی زۆری داگیركردووە .
سەرەرای رێگری و لێدانەكەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بەڵام مامۆستا عەبدولستار رێكانی هاوار دەكات و بە هێزە ئەمینەكان دەڵێت دەستان خۆش بێت بەو كارەتان عەفرینتان رزگاركرد، كەركوكتان رزگاركرد مافی خەڵكتان جێبەجێكرد.
بەپێی زانیارییەكانی " درەو" كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە هەر لە ناحیەی شیلادزێ مامۆستا مەحمود بەریان و چەندین مامۆستای دیكە دەستگیركراون تەنها لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ سێشەممەدا زیاتر لە 50 مامۆستا و چالاكی مەدەنی و خۆپیشاندەر لە دهۆك دەستگیركراونن، بەشی زۆریشیان لەلایەن چەكداری بێ ناسنامەن و ئەوانەی كە بەجلوبەرگی مەدەنیەوە بڵاوكراونەتەوە، سوكایەتی و ئەشكەنجەی زۆری خۆپیشاندەران دەدەن.
بەوتەی سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان" پارتی سەدان چەكداری بە جلی مەدەنییەوە لە پارێزگای دهۆك بڵاوەپێكردووە". بۆ ئەوەی رووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە.
لە قەزای ئاكرێش رۆژنامەنووس سیروان زێباری دەڵێت توڕەبوونی خەڵك هێندە زۆر بوو هەموو فشار و پەلاماردانی هێزە ئەمنییەكان نەیانتوانی كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن.
ئەو دەڵێت " بەرێوەبەری ئاساییشی ئاكرێ وتی هەرگیز رێگە نادەین خۆپیشاندان لە ئاكرێ بكرێت، 15 كەس دەستگیركران كە 10یان مامۆستا بوون لەگەڵ دوو رۆژنامەنووس."
سەرەڕای ئەوەی پەلامار و هێرشی توند كرایەسەر خۆپیشاندەران و پەیامنێری كوردسات دلبرین غازی لە ئاكرێ دوای هێرشكردنە سەری و برینداركردنی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرا، بەپێی سەرچاوەكان پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی بارزانی بردوەتە شیلادزێ بۆسەركوتكردنی خۆپیشارندەران.
سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان لە راگەینراوێكدا باسلەوەدەكات " بۆ رێگری لە خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەكانی سەربە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بە بەرگی مەدەنیەوە و بە دەمانچە و دار وشەق، پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و زۆر نامرۆڤانە پەلاماری مامۆستا و پزیشك یاندا چەندین خۆپیشاندەر و رۆژنامەنووس دەستگیركراون و ئێستادا زیاتر لە 20 هەزار چەكدار و هێزی ئەمنی هێنراونەتە ناو شار و شارۆچكەكان ئێستا بارێكی ئەمنی بەسەر شاری هەولێر و دهۆكدا سەپێنراوە".