Draw Media

پێگەیەكی بەریتانی: پەكەكە چەكی دژە فرۆكەی بەدەستهێناوە

پێگەیەكی بەریتانی: پەكەكە چەكی دژە فرۆكەی بەدەستهێناوە

2024-03-23 08:41:52



درەو:
پێگەی (Middle East Eye) بەریتانی, راپۆرتێكی بە ناونیشانی (ئایا پارتی كرێكاران فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژی بەدەستهێناوە بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە توركیەكان؟) بڵاوكردووەتەوە, كە لەلایەن هەردوو نوسەر (Ragip Soylu and Levent Kemal ) نوسراوە.
🔹پارتی كرێكارانی كوردستان دەڵێت, توانای خستنەخوارەوەی فرۆكە جەنگیە بێفرۆكەوانەكانی توركیای بەدەستهێناوە, كە لە توركیاو عێراق و سوریا چالاكییەكانیان ئەنجامدەدەن.
🔹ئەو گروپە كوردیە چەكدارە, لەبەیاننامەیەكدا, كە هاوپێچ بووە لەگەڵ گرتەیەكی ڤیدیۆیی كەوتنە خوارەوەی لاشەی فڕیوو لە ئاسمان, رایگەیاندووە: لە (13) شوباتی (2023)وە, (13) فرۆكەی بێفرۆكەوانی توركیای لە باكوری عێراق خستووەتە خوارەوە.
🔹یەحیا بوستان, كە ستون نوسێكی نزیك لە حكومەتی توركیایە, نوسیویەتی: پارتی كرێكاران تەكنەلۆژیای فرۆكەی بێفرۆكەوانەی خۆكوژی بەدەستهێناوە, بۆ كردنە ئامانجی فرۆكە بێفرۆكەوانە توركیەكان.
🔹بوستان لە وتارێكدا, لە رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی رۆژانە, كە هاوپەیمانی حكومەتە وتویەتی: "ئەو گروپە تیرۆرستیە لەڕێی بافڵ تاڵەبانیەوە گەیشتووەتە ئەو تەكنەلۆژیایە".
🔹ئەنكەرە پێیوایە تاڵەبانی, سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, بەشێوەیەكی توندوتۆڵ كاردەكات, لەگەڵ لقی سوریای پارتی كرێكارانی كوردستان و هاوكاریان پێشكەش دەكات و كارئاسانیان بۆ دەكات, بۆ گەیشتن بە فرۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان.
🔹بەوهۆیەوە, ئەنكەرە لە ساڵی (2023)دا بواری ئاسمانی خۆی بەڕووی شاری سلێمانیدا داخستووە, كە پێگەی سەرەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە.
🔹ئەگەر پارتی كرێكارانی كوردستان بەكرداری ئەو تەكنەلۆژیایەی دەستكەوتبێت, ئەوا هاوسەنگی لە گۆڕەپانی جەنگ دەگۆڕێت.
🔹بەرپرسێكی توركی ئاگادار بە "میدل ئیست ئای" راگەیاندووە: پارتی كرێكارانی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی سیستمی فرۆكەی بێفرۆكەوانی خۆكوژ دەدات, بەڵام روون نیە كێ‌ ئەو سیستمەیان دەداتێ‌.
🔹هاوكات سەرچاوەی جیاوازیش دەڵێت, پارتی كرێكاران سیستمی "میراج"ی ئێرانی دژە فرۆكەی بەدەستهێناوە, ئەو سیستمەش لەڕێی دوو كەناڵی پەیوەست بە ئێرانەوە رەوانەی ئەو گروپە كراوە.
🔹بەگوێرەی سەرچاوەكان, رەنگە تاڵەبانی رۆڵی هەبوبێت لەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی دەستبكەوێت.
🔹هاوكات سەرچاوە كوردیە ئاگادارەكان ئاماژەیان بەوەكردووە, هاوشانی ئەگەری ئەوەی پارتی كرێكاران ئەو چەكەی لە ئێرانەوە بەدەستهێنابێت, ئەو حزبە كۆمپاینای لە وڵاتە جیاوازەكان كردووەتەوە, بۆ گواستنەوەی تەكنەلۆژیا لە چین, بۆ بەكارهێنانی لە روبەڕوبونەوەی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand