عێراق جێگرەوە بۆ بۆری نەوتی كوردستان دادەنێت
2024-03-21 20:55:31
درەو:
وەزارەتی نەوتی عێراق بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) نۆژەن دەكاتەوەو كەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا دەیخاتەكار، وەك جێگرەوەیەك بۆ بۆری نەوتی هەرێم كە توانای رەوانەكردنی زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیەو چاوەڕوان دەكرێت نەوتی هەرێمیش لەو بۆریەوە رەوانە بكات.
لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق بەشێوەی چڕ كار لە بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ- توركیا) دەكات و بڕیارە لە ماوەی دوومانگی داهاتوودا تەواو بێت.
بۆری نەوتی (كەركوك - موسڵ - توركیا ) دوو بۆریە بۆری یەكەم (40) ئینجەو بۆری دووەم (46) ئینجە كە بەرهەدووكیان توانای رەوانەكردنی (ملیۆنێك و 600) هەزار بەرمیل نەوتیان هەیە.
ئەو بۆریە لەناو كێلگەی نەوتی كەركوكەوە (k1)ەوە دەردەچێت و لە تەلوەردەوە بۆ ناحیەی ریازی سەربە حەویجەو لەوێشەوە بۆ بێجی لەوێوە بۆ فەتجە بۆ موسڵ تا وێستگەی (MS) لە رۆژئاوای زاخۆ، لەوێ فەرمانبەری كۆمپانیای نەوتی باكۆری لێیەو پێوانەی نەوتی رەوانەكراو دەكەن رۆژانە دووجار.
لەبارەی مێژووی درووستكردنی ئەو بۆری نەوتی (كەركوك – موسڵ – توركیا)ەوە ئەندازیار فەرهاد هەمزە لە كۆمپانیای نەوتی باكور نوسیویەتی:
لە سەردەمی حوكمی پاشایەتیەوە كاربەدەستانی حكومەتی عێراق هەوڵدەدەن جگە لە هێڵی سوریا ڕێڕەوێكی تر بۆ فرۆشتنی نەوتی كەركوك بدۆزنەوە بەڵام هۆكارە سیاسیەكان ڕێگر بوون لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجە, تا ئەو كاتەی بەعسیەكان دەسەڵاتیان گرتە دەست و رێگایان لە بەردەم تەخت بوو. سەرەتا لە ساڵی 1972 نەوتی كەركوكیان لە دەست ئینگلیزەكان دەرهێناو خۆماڵیان كرد, پاشان لە 26/12/1974 رێكەوتنامەی دامەزراندنی هێڵی عێراق – توركیا لەنێوان هەردوو حكومەت دا ئیمزاكرا، لە 7ی نیسانی 1975 دەستكرا بە كاركردن لەو هێڵە لەلایەن كۆمپانیای (مانسمان)ی ئەڵمانیەوە، پرۆژەكەش بریتی بوو لەراكێشانی لوولەیەكی 40 ئینجی بەتوانای 750هەزار بەرمیل لەرۆژێكدا، ئەمە جگە لەدانانی چەند ویستگەیەكی پاڵنان (محطات ضخ) لەهەردوو بەری عێراق و توركیادا، لەگەڵ دانانی ویستگەیەكی ژماردن (محطە القیاسات Measurmg station) لە نزیك زاخۆ، درێژی هێڵەكە 985.3 كم لە ویستگەی IT1 كە دەكەوێتە دووری 26كم لە رۆژئاوای كەركوكەوە دەست پێ دەكات، ماوەی 345كم ی پرۆژەكە دەكەوێتە ناو خاكی عێراقەوە واتە لە كەركوكەوە تا زاخۆ، 640.3 كیلۆمەتریشی دەكەوێتە خاكی توركیاوە، هێڵەكە بە تەریبی لەگەڵ هێڵی عێراقی سوری دەروات لە رووباری دجلە و زێی خاپوور دەپەڕێتەوە دەچێتە خاكی توركیاوە.
لە كانونی دووەمی 1977 طه محی الدین معروف جێگری سەرەك كۆماری ئەوسای عێراق پرۆژەی بۆری نەوتی عێراق توركیای كردەوە، لەكاتی كردنەوەكە دا ئاهەنگێكی گەورە سازكرا كە سلێمان دیمریل سەرەك وەزیرانی ئەوسای توركیا و ژمارەیەك وەزیری تری لەگەڵدا بوو ، لەسەرەتای ئاهەنگەكە (تایە عبدالكریم) وەزیری نەوتی عێراقی ووتی: ئەمڕۆ لەگەڵ میوانە ئازیزەكانمان لە دراوسێی دۆستمانەوە توركیا كۆئەبینەوە.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی (وطن) كە لەتوركیا دەردەچێ ستایشی پرۆژەكەی كرد و نووسیبوی عێراق پاش خەباتێكی دژوار دژی كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكان نەوتی خۆی خۆماڵی كردووە و ئەو ئاواتەی بەدی هێناوە كە گەلی عەرەب لە ماوەی 50 ساڵ خەبات دژی مۆنۆپۆڵە بێگانەكاندا خەونی پێوە دەبینی.
لە ساڵی 1986 هێڵەكە فراوانییەكی تری بەخۆوە دی و لوولەیەكی تری 46 ئینجی بۆ راكێشرا, كە توانای هەناردنی هەردوو لوولەكە گەیشتە 1.600.000 بەرمیل لە رۆژێكدا.
لە بەری عێراقی هێڵەكە سێ ویستگەی پاڵنان هەیە لەبەری توركیاش سێ ویستگەی پاڵنانی سەرەكی هەیە ps3 (جەزیرە) ps4 (ماردین)، ps-5 (غازی عەنتەب) دواجار دەگاتە بەندەری (جەیهان)ی توركی لە ناوچەی (ئەدەنە).
ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوو سەردەمی زێرینی ئەم هێڵەبوو لە توانایدا بوو ١،٦٠٠،٠٠٠ بەرمیل لە رۆژێكدا هەناردە بكات.
بێگومان عێراق بەرانبەر هەر بەرمیلێك نەوتی هەناردەكراو بڕێك پارە باجی بە توركیا دەدا, لە سەرەتادا ڕێك كەوتن بە (42) سەنت بەرانبەر هەر بەرمیلێك ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە سەرووی ( 1,5 ) ملیۆن بەرمیل بێت, (75) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكردن لە خوار ( 750 ) هەزار بەرمیلەوە بێت. لە دوای ساڵی 2003 ئەم رێكەوتنە دەستكاری كراو بەم چەشنەی لێهات:-
(70) سەنت ئەگەر بڕی هەناردەكراو لە 400 هەزار بەرمیل زیاتر بێت, (112) سەنت ئەگەر بڕەكە لە 200 هەزار كەمتر بێت.