هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا؛ جێگیرکردنی سەنگی پارتەکان

Draw Media

2024-03-21 19:35:53



درەو:

ئەحمەد سیروانی- توركیا ناسی/ سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئاییندەیی

 

پوختە

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیاو باکووری کوردستان لە کاتێکدا دەکرێت کە دۆخی ناوخۆیی‌و دەرەوەی تورکیا لە قۆناغێکی پڕ لە کێشمەکێشمدایە.

ئەردۆغان‌و پارتەکەی لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە، لە کاتێکدا هاوپەیمانیی کۆمار بە هەموو هێزی خۆی هەوڵی دووبارەکردنەوەی سەرکەوتنەکەی ساڵی ١٩٩٤ دەدات، هاوپەیمانیی میللەت هەڵوەشاوەتەوەو پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەریەکە کاندیدی خۆی بۆ شارە گەورەکان هەیە. کوڕەکەی ئەربەکان دەیەوێت خەونی باوکی زیندووبکاتەوەو درێژە بە هێڵی “بیری نەتەوەیی/پارێزکار” بدات. دوای شکستە گەورەکەی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەماندا بەسەریداهات، جەهەپە کۆنگرەی سازداوەو سەرۆکێکی نوێی گەنجی هەڵبژاردووە. هەدەپە/دەمپارتی[i] دەیەوێت بە دیاریکردنی پێگەی خۆی‌و سەندنەوەی شارەوانیی شارەکانی باکووری کوردستان لە دەستی قەییومەکان شکستی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بسڕێتەوەو دڵی دەنگدەرانی بەدەستبهێنێتەوە. لە بەرانبەردا ئاکپارتی هەم لە ڕێگەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکانەوەو هەم بە پشتیوانیی هوداپار لە هەوڵی کەمکردنەوەی سەرۆکشارەوانییەکانی دەمپارتیدایە.

هۆکاری ئایدۆلۆژی، نەتەوەیی‌و سیاسی لە بریی هۆکاری خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی یەکلاییکەرەوە دەبینن لەم هەڵبژاردنەدا، هەر بۆیە پارتە سیاسییەکانیش بەبێ لەبەرچاوگرتنی تواناو لێهاتووی کاندیدی پارتەکانی دیکە، لە سەر بنەمای دیدی ئایدۆلۆژی‌و بەرژەوەندیی سیاسی‌و نەتەوەیی‌و تەنانەت فاشیزمی بڕیار لە سەر هاوپەیمانی‌و پشتیوانیی کاندیدێک دەدەن.

ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کە وا بڕیارە لە ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤ بکرێت، کاریگەریی گەورەی دەبێت لە سەر نەخشەی سیاسی‌و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان‌و ئایندەی پرسی کورد لەو وڵاتە. لەم توێژینەوەیەدا تیشکخراوەتەسەر ئەو سەرباسە گرنگانەی ئاماژەی پێ دراوەو کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە سەر دۆخی ناوخۆیی تورکیا بە گشتی‌و پرسی کورد بە تایبەتی ڕاڤەکراوە.

بەشداریکردنی زۆربەی هێزە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتی هەڵسەنگاندنی ئەو هێزە سیاسییانەو دیاریکردنی قورساییان لە شەقامی تورکیادا دەهێنێتەکایەوە.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا

یەکێکە لە هەڵبژاردنە گرنگەکان لە پڕۆسەی دیموکراسیدا، بە تایبەت لە تورکیادا ڕۆڵی گرنگی هەیە لە سەر نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتەو دەرفەتی چەسپاندنی دیموکراسی دەهێنێتەکایەوە. لە بەشی چەمکناسیی ئەم ژمارەیەدا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان (Yerel Seçim) بە پوختی خراوەتەڕوو.

هەڵبژاردن بە گشتی‌و بە تایبەتییش هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسی‌و کارگێڕیی تورکیا دادەنرێت، بە جۆرێک ڕێژەی بەشداریکردن نزیکدەبێتەوە لە (٩٠٪). لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی کۆمارو پەرلەمان ڕێژەی (٨٧.٤٠٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[ii] ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی بەرزەو ناتوانرێت بەراوردی هیچ وڵاتێکی ئەوروپی یاخود خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا (٨٤.٦٧٪)ی دەنگدەران بەشدارییانکردووە.[iii]

بەشێک لە سەرکردە سیاسییە کاریزمییەکانی تورکیا لە ڕێگەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانەوە دەرکەوتوون، لەوانەش: ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ سەرۆککۆماری ئێستای تورکیاو ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو؛ سەرۆکی ئێستای شارەوانیی ئەستەنبوڵ.

پارتە بەشداربووەکان

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ڕێگەی بە ٣٦ پارتی سیاسی داوە بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن. پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکپارتی) بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بە سەرۆکایەتیی دەوڵەت باخچەلی، پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتیی ئۆزگور ئۆزێل، پارتی باش بە سەرۆکایەتیی مێراڵ ئاکشەنەر، پارتی خۆشگوزەرای نوێ (یەرەپە) بە سەرۆکایەتیی فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکان، پارتی یەکسانی‌و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) بە سەرۆکایەتیی تونجار باکرهان‌و تولای هاتیم ئۆغوڵاری، پارتی داوای ئازاد (هوداپار) بە سەرۆکایەتیی زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن. جگە لە ئاکپارتی‌و مەهەپە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆماردا بەشداردەبن، هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوان لە نێوان پارتەکانی دیکەدا نییە.[iv] دەمپارتی‌و هوداپار وەک دوو پارتی کوردی بەشداریدەکەن‌و چەقی ڕکابەرییان هەم لە نێوان خۆیان‌و هەم لەگەڵ پارتەکانی دیکەدا باکووری کوردستانە.

ژمارەی دەنگدەر و کاندیدان
٦١ ملیۆن و ٤٤ هەزار دەنگدەر هەیە. لەم ژمارەیە یەک ملیۆن و ٣٢ هەزارو ٦١٠ کەس بۆ یەکەمجارە دەنگ دەدەن. درێژترین پسوڵەی دەنگدان ٩٧ سانتیمە و کورتترینی ٤.٥ سانتیمە. لە ئسیتەنبوڵ ٢٢ کاندیدی سەربەخۆ و ٢٧ کاندیدی پارتە سیاسییەکان بۆ سەرۆکی شارەوانی هەیە. لە ئەنقەرە ٥ کاندیدی سەربەخۆ و ١٩ کاندیدی پارتە سیاسیەکان هەیە. غازی عەنتاب ٢٩ کاندید و لە مەلاتیا ٢٨ کاندید هەیە. لە ٣٢ پارێزگای خۆرهەڵاتی تورکیا کە تەواوی باکووری کوردستانیشی تێدایە پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر ٧ی بەیانی تا ٤ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. بەڵام لە ناوەڕاست و خۆرئاوای تورکیا پرۆسەکە لە ٨ی بەیانی تاوەکو ٥ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

کەمیی ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان

سەرەڕای ئەوەی ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگەی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام بەشدارییان لە کایەی سیاسی‌و بە تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و شارەوانییەکاندا هێشتا نەگەیشتووەتە یەک لە سەر پێنج. بە گوێرەی نوێترین داتای دەزگای ئاماری تورکیا ٤٢ ملیۆن‌و ٧٣٤ هەزارو ٧١ کەس لە دانیشتوانی دانیشتوانی تورکیا لە ڕەگەزی نێرە، کە دەکاتە ڕێژەی (٥٠.١٪)و ٤٢ ملیۆن‌و ٦٣٨ هەزارو ٣٠٦ کەس لە ڕەگەزی مێیە، کە دەکاتە ڕێژەی (٤٩.٩٪)ی دانیشتوان،[v] بەڵام لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتاری تورکیا تەنها (١١٩)یان ئافرەتن، ئەمەش دەکاتە ڕێژەی (١٩.٨٣٪)ی پەرلەمان.[vi] هەروەها لە کابینەی حکومەتەکەی ئەردۆغانیشدا لە کۆی سەرۆککۆمارو جێگرێک‌و ١٧ وەزیر، تەنها یەک ئافرەت هەیە، ئەمەش ڕێژەی (٥.٢٦٪)ی کابینەکە پێکدەهێنێت.[vii]

لەبەرئەوەی سیستەمی کۆتا[viii] لە هەڵبژاردندا پەیڕەوناکرێت‌و زۆرێک لە پارتەکانی ئەو وڵاتەیش لە ناو خۆیاندا ئەو سیستەمە جێبەجێناکەن، بۆیە ڕێژەی بەشداریکردنی ئافرەتان لە کایەی سیاسی‌و بە تایبەت لە پەرلەمان‌و پۆستە باڵاکانی وڵاتدا کەمە. ئەم دۆخە ڕەنگدانەوەی بە سەر کابینەی نوێی حکومەتیشەوە هەبووە، بە جۆرێک لە کۆی ١٧ وەزیری کابینەکەی ئەردۆغان؛ تەنها یەکێکیان ئافرەتە.[ix]

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣ی ئازاری (٢٠١٩)یشدا لە کۆی ٨ هەزارو ٢٥٧ کاندیدی شارەوانییەکان، تەنها ٦٥٢ ئافرەت هەبووە، کە ڕێژەی (١.٢٦٪) بووە، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیشدا لە هەزارو ٣٨٩ شارەوانیدا تەنها ٤٥ کاندید سەرکەوتوون، کە دەکاتە ڕێژەی (١.٤٤٪)ی کاندیدی ئافرەت.[x] لەم هەڵبژاردنەیشدا پێشبینیناکرێت ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی ٢٠١٩ سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئەوەی تێبینیدەکرێت، هەروەک چۆن لە پەرلەمان دەمپارتی بە ڕێژەی (٥٠٪) زۆرترین پەرلەمانتاری ئافرەتی هەیە، بە هەمان جۆر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانیشدا زۆرترین کاندیدی ئافرەتی دەبێت‌و زۆربەشیان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، دیارترین نموونەی ئەمانەش مێرال بێش دانش؛ کاندیدی پارتەکەیە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، کە ناوبراو سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبەیشە لە پەرلەمانی تورکیا. سەرەڕای هەموو ئەوانەش، بە هۆی لابردنی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە ماوەی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداریی ئافرەتان لە کایەی شارەوانی‌و بەڕێوەبردنی خۆجێییدا زۆر کەمبووەتەوە.

ئایندەی ئەستەنبوڵ لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵاتدا

لە کاتێکدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە سەر ئاستی تورکیا وەک ڕابەری بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەردەکەوێت، بەڵام لە ساڵی (٢٠١٩)وە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵی لە دەستدایە. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بە پشتیوانیی پارتی باش‌و هەدەپە توانیی سەرکەوتنی گەورە بە سەر بینالی یەڵدرم؛ کاندیدی ئاکەپەو مەهەپەدا بەدەستبهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هاوکێشەکان تەواو گۆڕاون، پارتی باش‌و دەمپارتی‌و سەرجەم پارتەکانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەیە.

هەرچەندە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا، بەڵام ئەو دابەشبوونە ئایدۆلۆژی، نەتەوەیی‌و سیاسییەی تەواوی تورکیاو ئەستەنبوڵی گرتووەتەوە، ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لە یەکلاییکردنەوەی ئاڕاستەی دەنگدەران بۆ پشتیوانی لە کاندیدەکان.

لە کاتێکدا کاندیدەکەی هاوپەیمانیی کۆمار؛ موردا کوروم، پشتیوانیی تەواوی ئاکپارتی‌و مەهەپەی مسۆگەرکردووەو بە گوێرەی نوێترین ڕاپرسی کە لە ٢١-٢٤ی شوبات بە بەشداریی ٣ هەزار دەنگدەری ئەستەنبوڵ کراوە، (٤١.٧٪)ی دەنگەکانی ئەستەنبوڵ بەدەستدەهێنێت، لە بەرانبەردا بە گوێرەی ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ناوەندی توێژینەوەی ئۆپتیمار (OPTİMAR)، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە ڕێژەی (٤١٪)ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.[xi]

ئەوەی ڕوونە، ئەستەنبوڵ بۆ کاندیدی ئاکپارتی‌و جەهەپە یەکلاییبووەتەوە، بەڵام پێشبینیی بردنەوەی کاندیدی ئەو دوو پارتە سەختەو مەحاڵە هیچ کەسێک بتوانێت بڕیاری لە سەر بدات. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت مورات کوروم بتوانێت هەڵبژاردنەکە بباتەوە.

هەڵگەڕانەوەی هاوکێشەی “بردنەوەی ئەستەنبوڵ یەکسانە بە بردنەوەی تورکیا”

تاوەکو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو بۆچوونێک لە تورکیادا بڵاوبووبووەوە، کە پێی وا بوو “ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات”. ئەم بۆچوونە لە دوای هەڵبژاردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٩٤و پاشان بردنەوەی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠١ بە دواوە بۆ چەند جارێک تۆختربووەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکانی ١٤/٢٨ی ئایاری ٢٠٢٣ کەلێنی لەو بۆچوونەدا دروستکردووە، ئەمەش بە هۆی شکستی کەمال کلیچدار ئۆغڵو؛ کاندیدی جەهەپەو هاوپەیمانیی میللەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەرانبەر ئەردۆغاندا وەک کاندیدی ئاکپارتی‌و هاوپەیمانیی کۆمار. هەرچەندە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ ئیمام ئۆغڵو سەرکەوتنێکی گەورەی بە سەر بینالی یەڵدرم بەدەستهێنا.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، جیاوازیی کاندیدەکانە، ئیمام ئۆغڵو بەرانبەر بە یەڵدرم‌و کلیچدار ئۆغڵو بەرانبەر بە ئەردۆغان، بۆیە دەگوترێت جیاوازیی کەسایەتییەکان ڕۆڵی لە سەرکەوتنیاندا هەبێت، هەر بۆیە هەڵبژاردنی ئەم جارەی شارەوانییەکان بۆ ئەستەنبوڵ ئەو بۆچوونە یەکلاییدەکاتەوە کە ئایا براوەی شارەوانیی ئەستەنبوڵ؛ براوەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت یاخود بە پێچەوانەوە.

بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بە تایبەت لە ئەستەنبوڵ کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆماریش دەبێت. لەبەرئەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ کەمال کلیچدارئۆغڵو ڕێگر بوو لە بەردەم کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڵام بۆ ساڵی ٢٠٢٨ تاکە ڕێگر لە بەردەم ئیمام ئۆغڵو دەرنەچوونیەتی لەم هەڵبژاردنەدا، لەبەرئەوەی ئەگەر ئیمام ئۆغڵو لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت بە سەر ڕکابەرەکەیداو بۆ ٤ ساڵی دیکە سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، بە دڵنیاییەوە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ کاندیددەکرێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارو ئەگەری بردنەوەیشی بەهێزە. بە پێچەوانەوە، شکستی لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیایی تەواو دەدات بە هاوڵاتیان، کە سەرکەوتنەکەی ٢٠١٩ی جگە لە دەنگی ئەندام‌و لایەنگرانی جەهەپە بە تەواوی ئەنجامی دەنگدانی ئەندام‌و لایەنگرانی پارتی باش‌و دەمپارتی/هەدەپەو پارتەکانی دیکەی هاوپەیمانی میللەت بووە.

ئەم هەڵبژاردنە یەکلاییدەکاتەوە کە ئەوەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بکات، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایش دەکات یاخود بە پێچەوانەوە.

هەڵوەرینی هاوپەیمانی میللەت/بەرەی ئۆپۆزسیۆن

بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی مێزی شەشقۆڵی (Altılı Masa) بەشداریی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣دا کرد. هەدەپە/دەمپارتییش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پشتیوانیی لە کاندیدەکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن کەمال کلیچدار ئۆغڵو کرد.

شکستی کلیچدارئۆغڵو، لەدەستدانی ٣٠ کورسیی پەرلەمانی جەهەپە بۆ پارتەکانی دەڤا، سەعادەت‌و ئایندە، بێباکیی جەهەپە لە پشتیوانیی هەدەپە بۆ کلیچدار ئۆغڵو، ململانێ ناوخۆییەکانی هەریەک لە جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی بووە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیی میللەت‌و مێزی شەشقۆڵی‌و نەمانی پشتیوانیی دەمپارتی بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن.

لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩دا دەنگدەرانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بە هەموویان ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوی کاندیدی جەهەپە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵیان بە ڕێژەی (٥٤.٢١٪) بەرانبەر بە بینالی یەڵدرم کاندیدی ئاکەپە بە ڕێژەی (٤٤.٧٩٪) سەرخست.[xii] لەم هەڵبژاردنەدا پارتە بەشداربووەکانی مێزی شەشقۆڵی‌و دەمپارتی کاندیدی خۆیان بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵ‌و زۆربەی شارەوانییەکانی دیکە بەربژێرکردووە، ئەمەش مۆتەکەیەکی گەورەی بە سەر ئیمام ئۆغڵووەوە دروستکردووەو پێناچێت بە ئاسانی بتوانێت بەرانبەر بە مورات کوروم سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

هەرچەندە لە هەندێک پارێزگاو شارۆچکەکاندا ڕێککەوتنی ئاشکراو نهێنی لە نێوان جەهەپەو پارتی باش‌و دەمپارتی کراوە بۆ پشتیوانیکردن لە بەربژێری یەکدی، بەڵام لە شارە گەورەو ستراتیژییەکان هیچ ڕێککەوتنێک نییە، لەبەرئەوە ئەم هەڵبژاردنە تا ڕادەیەکی زۆر هێزی زۆربەی پارتە سیاسییەکان بە تایبەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان ئاشکرادەکات.

پارتی باش، یەرەپەو دەمپارتی؛ گرێکوێرەی ئاکپارتی‌و جەهەپە

لەم هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی‌و جەهەپە وەک بەهێزترین پارتی دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ململانێیەکی ئێسقانشکێن دەکەن، بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی ئەستەنبوڵ، ئەنقەرە، ئیزمیر، بوڕسا، ئەنتالیا، ئەدەنەو مێرسین هەموو هەوڵەکانی خۆیانیان چڕکردووەتەوە بۆ بردنەوەی کورسیی سەرۆکی شارەوانی.

ئاکپارتی بە پشتیوانیی مەهەپەی هاوپەیمانی دەیەوێت تۆڵەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ لە جەهەپەو تەواوی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بکاتەوە، بۆ ئەمەش پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆن‌و کاندیدکردنی چەندین کەس لەلایەن پارتەکانی دیکەی بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەختی کاندیدەکانی ئاکپارتی‌و مەهەپە-ی لەو شارانە بەهێزکردووە، بەڵام کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمارو بەشداریکردنی وەک پارتێکی سەربەخۆ ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە بەردەم ئاکپارتی‌و بە تایبەت ئەرکی مورات کوروم؛ کاندیدی ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، قورسکردووە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی/هەدەپە لە بەرانبەر ئاکپارتی‌و مەهەپەدا یەکیانگرت‌و ئەکرەم ئیمام ئۆغڵویان سەرخست، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە هاوکێشەکە تەواو گۆڕاوە، ئاکپارتی‌و مەهەپە مورات کورومیان کاندیدکردووە، لە بەرانبەردا جەهەپە، پارتی باش‌و دەمپارتی هەریەکە کاندیدی خۆی هەیە، بۆیە ئەگەری سەرکەوتنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو بۆ جاری دووەم نزیکە لە مەحاڵەوە. لەگەڵ ئەوەيشدا کشانەوەی یەرەپە لە هاوپەیمانیی کۆمار مورات کورومی توشی دڵەڕاوکێ کردووەو دەترسێت شکستبهێنێت لە هەڵبژاردنەکەدا. ئەم هاوکێشەیە بۆ زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەیش ڕاستە.

پارتی ڕەفاهی نوێ (یەرەپە)، قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیا

یەرەپە لە ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لەلایەن فاتیح ئەربەکانی کوڕی نەجمەدین ئەربەکانی دامەزرێنەری پارتی ڕەفاهیی تورکیاوە دامەزراوە. یەرەپەو فاتیح ئەربەکان خۆیان بە میراتگری نەجمەدین ئەربەکان‌و پارتەکەی دەزانن، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ وەک یەکەم ئەزموون لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی کۆمار پشتیوانی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان؛ کاندیدی هاوپەمانیەتییەکە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، کرد، بەڵام بە لیستی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کردو توانیی ٥ کورسی بەدەستبهێنێت.[xiii] ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئەو پارتە هەژماردەکرێت‌و لە دوای ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، دەمپارتی‌و پارتی باش، ڕیزبەندیی شەشەم پارتی سیاسی لە تورکیادا مسۆگەرکردووە.

هاوپەیمانیی ئاکپارتی‌و یەرەپە ساڵێکی پڕنەکردەوە، ئەردۆغان وەک هاوپەیمانەکانی دیکەی دەیەوێت فاتیح ئەربەکانیش لە پشتیەوە دەربکەوێت، بەڵام ئەربەکان ئامادە نییە لە سێبەری خوێندکارەکەی باوکیدا درێژە بە سیاسەت بدات‌و خەون بە زیندووکردنەوەی دەسەڵاتەکەی باوکیەوە (نەجمەدین ئەربەکان) دەبینێت، هەر بۆیە لە هەندێک بارودۆخدا فاتیح ئەربەکان نەک وەک هاوپەیمانەکانی ئەردۆغان ملکەچنابێت، بەڵکو لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن توندتر ڕەخنە لە حکومەتەکەی ئەردۆغان دەگرێت.

سەرکەوتنەکەی ٢٠٢٣ی ئەربەکان‌و حیزبەکەی شانازییەکی لە لا دروستکردوون کە خۆیان بە جێگرەوەی ئاکپارتی بزانن، هەر بۆیە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان وەک بنەماو پلەی یەکەمی پەیژەی گرتنەدەستی دەسەڵات لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٨ی تورکیا دادەنێن.

بە هۆی ڕێکنەکەوتنی ئاکپارتی‌و یەرەپەوە بە دوو شێوە مەترسی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگ‌و لەدەستدانی چەند شارەوانییەک بۆ ئاکپارتی دروستبووە. لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ، ئەنقەرەو ئەنتالیا؛ یەرەپە کاندیدی هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەنگی کاندیدی ئاکپارتی‌و پێدەچێت بەرانبەر بە کاندیدی جەهەپە گورزێکی کوشندەی بەربکەوێت. هەروەها یەرەپە لە ئورفا، کە بە قەڵای ئاکپارتی لە باکووری کوردستان دادەنرێت، قاسم گولپناری کاندیدکردووە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی، ناوبراو لە سەر لیستی ئاکپارتی لە هەڵبژادنەکانی ٢٠٢٣ وەک ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردراوە، لە هەمان کاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبەو ڕاوێژکاری خودی ئەردۆغان بووە، بەڵام لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دەستیلەکارکێشاوەتەوەو لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئورفا.[xiv] هەروەها لە بوڕسا، کە بە یەکێک لە شارە گەورەکانی تورکیا دەدانرێت، سەدات یاڵچن؛ بەرپرسی پێشووی لقی بوڕسای ئاکەپە، لەلایەن یەرەپەوە کاندیدکراوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانی، بە گوێرەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان‌و ڕاپرسییەکان سەرکەوتنی کاندیدەکەی ئاکپارتی لە بوڕسا زۆر قورسە.[xv]

دەستلەکارکێشانەوە لە ئاکپارتی‌و پەیوەندیکردن بە یەرەپە تەنها لە ئاستی بەرپرساندا نییە، بەڵکو باس لە دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵی چەندین لق‌و ناوچەی ئاکپارتی‌و پەیوەندیکردن بە یەرەپەوە دەکرێت.

هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێی سیاسی لە تورکیادا، بە جۆرێک ڕەوتی هزری نەتەوەیی (Milli Görüş) بە هێزەوە دێتەوەمەیدان‌و ئاڵای پێشڕەویی ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا لە دەستی خوێندکارەکەی نەجمەدین ئەربەکان (ئەردۆغان)ەوە دەکەوێتەدەستی فاتیح ئەربەکانی کوڕی.

ڕکابەری دەمپارتی‌و ئاکپارتی لە باکووری کوردستان

باکووری کوردستان وەک بەشێک لە خاک‌و دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەیدانی ململانێیەکی توندی پارتە دەسەڵاتدارەکان‌و دەمپارتی، کە پشتیوانیی زۆرینەی کوردەکانی هەیە. ئێستا ڕکابەرییەکانی ئاکپارتی، کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە فەرمانڕەوایی تورکیا دەکات، لەگەڵ دەمپارتیدا، کە درێژکراوەی سەرجەم ئەو پارتە کوردییانەیە کە زۆرینەی کوردەکانی باکوور پشتیوانیدەکەن‌و هەر ماوەیەک‌و بە هۆکارێک دادەخرێت، لە شارەکانی ئامەد، ئورفا، وان، ماردین‌و باتمان ڕکابەرییەکی سەخت لە نێوان هەردوو پارتەکەدا هەیە.

دەمپارتی بە پشتبەستن بە بڵاوکردنەوەی ستەمەکانی دەوڵەت‌و سوپاو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوەوەو دەرەوەی تورکیا هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگی کوردەکان دەدات، ئاکپارتییش بە پشتیوانیی گرووپە ئاینییە کوردەکان‌و ڕەوتی پارێزکارو دژەچەپ هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆکی شارەوانی دەدات.

هەرچەندە بەدەستهێنانی کورسیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارە گەورەکانی باکووری کوردستان لەلایەن ئاکپارتییەوە جگە لە ئورفا، بە کارێکی سەخت دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دانانی قەییوم لە جێگەی سەرۆکشارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی دەمپارتی/هەدەپە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەک‌و گواستنەوەی ژمارەیەکی زۆری شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان‌و فەرمانبەر بۆ باکووری کوردستان، ئومێدێکی بە ئاکپارتی بەخشیوە کە دەنگدەرانی دەمپارتی بێزاربووبن لەو دۆخەو بەشداریی هەڵبژاردنەکان نەکەن، بەم جۆرە ئاکپارتی دەیباتەوە.

لە بەرانبەردا بەشداریکردنی کاندیدانی هوداپار جیاواز لە ئاکپارتی بەشێکی باش لە دەنگی ئیسلامییە کوردەکان، بە تایبەت ئەوانەی لە سیاسەتی ئاکپارتی دڵڕەنجاون، دەبات بۆ خۆی، بەم جۆرە کەلێنێکی دیکە لە ڕێژەی دەنگی ئاکپارتی لە باکووری کوردستاندا دروستدەبێت. هەڵبەت کاندیدانی هوداپار تەنها مەترسی نین بۆ ئاکپارتی، بەڵکو دەنگی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارو ڕاستڕەوەکانیش بۆ خۆی مسۆگەردەکات، ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەشێک لەو کەسانە دەنگیان بە دەمپارتی/هەدەپە داوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا جگە لە ئورفاو شرناخ، هیچ شارێکی دیکەی گەورەی باکووری کوردستان ناکەوێتە چوارچێوەی ئەو پێشبینیانەی بۆ بردنەوەی ئاکپارتی دەکرێن.

گواستنەوەی شوێنی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان بۆ شارە کوردییەکان

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکان، گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران بە تایبەت هێزە ئەمنییەکان، دەبێتە یەکێک لە ڕۆژەڤە گەرمەکانی میدیای ئۆپۆزسیۆن‌و بە تایبەت ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەمپارتی.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی لقەکانی دەمپارتی، تاوەکو ٢٨ی شوبات ٥٤ هەزارو ٦٠ دەنگدەر لە هێزە ئەمنییەکان‌و کارمەندی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، کە دەنگ بە ئاکپارتی دەدەن، شوینی دەنگدانیان گوێزراوەتەوە، زۆرینەشیان بۆ پارێزگاکانی باکووری کوردستان بووە.[xvi]

بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر بۆ ٢٤ پارێزگاو قەزا، کە زۆرینەیان دەکەونە باکووری کوردستانەوە، گوازراونەتەوە، بە گشتی لە مانگی ئایارەوە تاوەکو تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەی ڕیژەی دەنگدەر لە نێوان (٢٪) بۆ (٥٪) بووە، بەڵام لە ئامەد، شرناخ، هەکاری، ئێلیه، ئاگری، موش، ئیغدر، قارس، ئورفا، سیرت، ماردین‌و دەرسیم لە ماوەی تەنها ٦ مانگدا ڕێژەی دەنگدەر لە (٧٪)ەوە بۆ (٢٢٪)  بەرزبووەتەوە. لە ١١ شوێن لەو ناوچانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر دەنگدەری بۆ گوێزراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩ هەدەپە/دەمپارتی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لە ٧ ناوچەی دیکەش ئاکپارتی بە پشتیوانیی دەنگی گوازراوەو دەنگدەری پارتەکانی دیکە بردوویەتیەوە.[xvii]

بە گوێرەی هەواڵێکی (DW/Türkçe)، لە پارێزگای سیرتی باکووری کوردستان تەنها لە دوو بینای سەربازیدا ٤ هەزارو ٨٨ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان جێگیرکراون.[xviii] ئەمە لە کاتێکدایە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩دا، کاندیدەکەی هەدەپە تەنها بە جیاوازیی هەزارو ٦١٦ دەنگ سەرکەوت بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xix]

حکومەت ١٠ هەزارو ٨٣٢ دەنگدەری گواستووەتەوە بۆ ناوەندی پارێزگای هەکاری‌و چەند قەزایەکی دەوروبەری، زۆرینەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها باس لە گواستنەوەی شوێنی دەنگدەر بۆ پارێزگای مێرسینیش دەکرێت. گواستنەوەی بەشێک لەم دەنگدەرانە تەنها بۆ ڕۆژی دەنگدانە، بە جۆرێک بە گوێرەی ڕاپۆرتی لیژنەی هەڵبژاردن لە لقەکانی دەمپارتی “لە خانوویەکدا (شوقەیەکدا) زیاد لە ١٠٠ کەس جێگیرکراوە”.[xx] لەم پارێزگایەشدا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، کاندیدی هەدەپە بە جیاوازیی ٨ هەزارو ٥٥٥ دەنگ سەرکەوتووە بە سەر کاندیدی ئاکپارتیدا.[xxi]

 

 

 

 

پەرلەمانتاری مێرسینی جەهەپە ڕایگەیاندووە: “بەشێک لە دەنگدەرە گوازراوەکان لە فەرمانگەی نیشتەجێبوون بەبێ ڕەزامەندیی خاوەن ماڵەکان، لەو ماڵانەی کە چۆڵن، جێگیرکراون.”[xxiii]

ناجێگیریی دۆخی ئەمنی بە هۆی پێکدادانەکانی سوپاو گەریلاکانی پەکەکەوە وەک بەهانە لەلایەن دەسەڵاتەوە بەکاردەهێنرێت بۆ بەسەربازیکردنی ئەو ناوچانە، بە تایبەت لە هەڵبژاردنەکانداو بۆ پاراستنی ئارامیی ڕۆژی هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆر کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیاوە، کە لە بنەڕەتدا دەنگدەری پارتی دەسەڵاتدارن، دەگوێزرێنەوە بۆ ئەو شارانە. بەم جۆرە لە لایەکەوە ئارامیی ناوچەکە مسۆگەردەکرێت، لە لایەکی دیکەوە جۆرێک لە ترس‌و دڵەڕاوکێ لە لای هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەو بە تایبەت دەنگدەرانی دەمپارتی دروستدەکرێت، لە سەرووی ئەمانەشەوە ئەو ژمارە زۆرەی دەنگدەر کاریگەریی لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە سوودی ئاکەپەو زیانی دەمپارتی دەبێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا هەندێک پەرلەمانتاری ئاکپارتی باس لەوە دەکەن کە “لەو شارانەی کە دەمپارتی کاندیدی بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی نییە، لیستی ناوی بەشێک لە دەنگدەران گوازراونەتەوە بۆ شارەکانی دیکە”.

سەرەڕای سکاڵای بەرپرسانی دەمپارتی‌و بەرەی ئۆپۆزسیۆن، لایەنە پەیوەندیدارەکان‌و دادگا بێدەنگن لە ئاست ئەو هەنگاوانەی دەسەڵات‌و تەنها گواستنەوەی شوێنی ٢٢٢ کەس بە نایاسایی لەقەڵەمدراوە. لەبەرئەوەی گواستنەوەی شوێنی دەنگدەران تاوەکو ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بووەو سکاڵاکان لە سەرەتای ٢٠٢٤ تۆمارکراون، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش ئەو سکاڵایانەی ڕەتکردووەتەوە.[xxiv]

بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ ئاکپارتی شارەوانییەکانی شرناخ‌و ئورفا دەباتەوە، لە ڕێگەی گواستنەوەی دەنگدەرانیشەوە تا ڕادەیەک بردنەوەی شارەوانییەکانی سیرت‌و هەکاریی مسۆگەرکردووە، بەڵام بە هۆی جیاوازیی زۆری دەنگی دەمپارتییەوە، مەحاڵە ئاکپارتی شارەوانییەکانی ئامەد، ماردین، باتمان‌و وان بباتەوەو هەریەک لە شارەوانییەکانی ئیغدرو قارسیش هێشتا ڕوون نییە کامیان دەیباتەوە.

قەییوم؛ هۆکارێک بۆ ساردکردنەوەی کوردەکان لە دەنگدان

تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئاکپارتی‌و هەدەپە، بە دوایدا لەبارچوونی پڕۆسەی ئاشتی، ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی‌و ئەمنیی باکووری کوردستان‌و دواجار هەڵگەڕانەوە سەربازییە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ بوونە هۆی دەستپێکردنەوەی فشار لەلایەن دەسەڵات‌و حکومەتەوە بۆ سەر پەرلەمانتار، سەرۆکشارەوانی، بەرپرس‌و ئەندامانی هەدەپە/دەمپارتی.

لەگەڵ هەڵگرتنی پارێزبەندی‌و دواتریش زیندانیکردنی چەندین پەرلەمانتارو هاوسەرۆکانی هەدەپەو چەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و سەرکردایەتی‌و ئەندام‌و لایەنگری، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراوی هەدەپە لە باکووری کوردستان بە تۆمەتی “پشتیوانی‌و پەیوەندی‌و ئەندام لە ڕێکخراوی تیرۆریستی‌و بەکارهینانی پۆست‌و ئامرازەکانی شارەوانی بۆ گرووپی تیرۆریستی” بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا لابراون‌و لە جێگەیان کەسێک دانراوە، کە بە قەییوم (Kayyum) ناسراوە.[xxv]

دوای هەڵگەڕانەوە شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ لە ڕێگەی دەرکرنی بڕیارنامە لە بریی یاسا (Kanun Hükmünde Kararname)وە، چەندین سەرۆکشارەوانیی هەدەپە لە سەر داوای سەرۆککۆمارو بە فەرمانی سولەیمان سۆیڵو؛ وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا، لابراون.[xxvi]

ئەم بڕیارانە جۆرێک لە دوودڵی‌و ساردکردنەوەی لە لای هاوڵاتیانی کورد دروستکردووە، بە جۆرێک کوردەکان پێیان وایە دوای سێ مانگ لە هەڵبژاردنی سەرۆکی شارەوانی لەلایەن دەوڵەتەوە، بە تۆمەتی “پشتیوانیی ئەندامیەتی لە ڕێکخراوی تیرۆریستی”، سەرۆکشارەوانیی هەڵبژێردراو لادەبرێت‌و لە جێگەی قەییوم دادەنرێت.

بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ناوەندی سپێکتڕووم هاوس بۆ بیرو توێژینەوە (SpectrumHouse Düşünce ve Araştırma Merkezi)، دانانی قەییوم جۆرێک لە شڵەژانی لە خزمەتگوزاریی گشتی دروستکردووە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ دوودڵیی هاوڵاتیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان‌و دەنگدان بە کاندیدانی دەمپارتی/هەدەپە.[xxvii]

ململانێ ناوخۆییەکانی دەمپارتی‌و کاندیدنەکردنی باشاک دەمیرتاش

دەمپارتی وەک هەر پارتێکی دیکە خاڵی نییە لە ململانێ ناوخۆییەکان. هەر لە زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش؛ هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەوە، ململانێکانی باڵی دەمیرتاش (کاریزما)و باڵی ناوەندی (دامەزراوەیی)و باڵی قەندیل سەریهەڵداوە. بەو مانایەی سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک سەرکردەیەکی دیاری گەنج لە باکووری کوردستان ئەستێرەی بەختی دەرکەوتبوو، تەنانەت لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەک سەرکردەیەکی مەزن لێی دەڕوانرا.

بەرپرسانی دیکەی هەدەپەو باڵی قەندیلیش لە ناو پارتەکەدا هەستیان بە مەترسییەکانی بەهێزبوونی دەمیرتاش‌و پشتیوانانی دەکرد. بە جۆرێک باڵی دامەزراوەیی دەترسان تەواوی جومگە هەستیارەکانی پارتەکە بکەوێتە دەستی دەمیرتاش‌و کەسایەتیی کاریزمایی ئەو پیاوە ڕێگە لە دامەزراوەییبوونی پارتەکە بگرێت. بەو واتایەی لە بریی دامەزراوە فەرمییەکانی پارتەکە، خەڵکی زیاتر گوێ بۆ دەمیرتاش بگرن. لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل پێیان وایە دەرکەوتنی دەمیرتاش بەو جۆرە لە کەسایەتیی کاریزمایی عەبدوڵڵا ئۆجەلان؛ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، کەمدەکاتەوەو پێدەچێت لە ساڵانی ئایندەدا دەمیرتاش جێگەی ئۆجەلان بگرێتەوە وەک سەرکردەیەکی سیاسیی کورد.

ئەم ململانێیانەی دەمیرتاش‌و ڕکابەرەکانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ گەیشتە لوتکەو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ڕێگەی باشاک دەمیرتاشی خێزانی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە بۆمبەکە تەقێنرایەوە.

دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، دەمیرتاش لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەخنەی توندی لە بەرپرسانی هەدەپە گرت‌و تۆمەتباریکردن بەوەی ڕێگر بوون لە بەردەم خۆکاندیدیکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار وەک کاندیدی هەدەپە، هەر لەبەرئەوەش بوو بڕیاریدا واز لە “سیاسەتی ئەکتیڤ” بهێنێت.[xxviii] لەو کاتەوە زۆر بە کەمی تەنها لە تویتەر بۆچوونی خۆی لە سەر پێشهاتەکان بڵاودەکاتەوە. بەدەر لەوە، تەنها یەک چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانیی کردووە.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەش سەڵاحەدین دەمیرتاش هەوڵیدا لە ڕێگەی باشاک خانمی خێزانیەوە کەسایەتیی کاریزمی خۆی بە سەر دەمپارتی/هەدەپەوە ڕابگرێت‌و نەهێڵێت شکۆی بەشداریی کارای سیاسیی خێزانەکەی بە تایبەت لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە تورکیاو باکووری کوردستان بڕوخێت، هەر بۆیە دوای گفتوگۆی باشاک خانم‌و سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە، خێزانەکەی دەمیرتاش ڕایگەیاند، ئەگەر دەمپارتی بەربژێریبکات، ئامادەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ خۆی کاندیدبکات.

لێدوانەکەی باشاک خانم لە ڕێگەی ڕۆژنامەنوسێکی نزیک لە بنەماڵەکەوە بووە، هەر بۆیە بەرپرسانی دەمپارتی شکۆدار بەو هەواڵە. جگە لەوەش، بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە هاوکات بوو لەگەڵ گفتوگۆکانی دەمپارتی‌و جەهەپەدا بۆ ڕێککەوتن لە سەر کاندیدی ژمارەیەک شارەوانی، کە ئەستەنبوڵ لە سەرووی هەموویانەوە بووە، بەڵام لێدوانی خێزانەکەی دەمیرتاش گفتوگۆکانی دەمپارتی‌و جەهەپەی لەباربرد.

لەگەڵ ئەوەی ئەندام‌و لایەنگرانی دەمپارتی‌و تەنانەت پارتەکانی دیکەیش چاوەڕێبوون باشاک دەمیرتاش وەک کاندیدی دەمپارتی بۆ شارەوانیی ئەستەنبوڵ ڕابگەیەنرێت، پێچەوانەی هەموو بۆچوونەکان، باشاک خانم لە ڕێگەی تویتەرەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەدا کە “ئەو دۆخەی تێیکەوتووین، وا دەخوازێت کە بکشێمەوە لە کاندیدی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ”.[xxix] بە دوای ئەمەشدا سەڵاحەدین دەمیرتاش‌و مەکتەبی سیاسیی دەمپارتی ڕوونکردنەوەیان بڵاوکردەوە. گوزارشتی هاوبەشی هەرسێ ڕاگەیەنراوەکە بریتی بوو لە جەختکردنەوە لە سەر کشانەوەی باشاک خانم لە کاندیدی، بە ڕەزامەندیی خۆی‌و ئامادەیی هەموان بۆ خزمەتکردن لە ناو دەمپارتیدا. دواجاریش لەلایەن دەمپارتییەوە مێرال دانش بێش، کە ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەیە، لە پەرلەمانی تورکیا کاندیدکرا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ.

پێناچێت ناکۆکییە ناوخۆییەکانی دەمپارتی بە ئاسانی لەم هەڵبژاردنە دەربازیبکەن، هەر بۆیە چاوەڕواندەکرێت کشانەوەی باشاک دەمیرتاش کاریگەریی لە سەر کەمبوونەوەی دەنگەکانی دەمپارتی لە ئەستەنبوڵ‌و شارەکانی دیکەیش دروستبکات. ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە بەشێک لە ئەندام‌و لایەنگرانی دەمپارتی‌و خودی دەمیرتاش وەک سیمبولێک لە باشاک خانم دەڕوانن‌و پێیان وایە کاندیدنەکردنی ئەو خانمە بەشێکە لە هەوڵەکانی ڕێگری لە سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانی سیاسەت‌و بەردەوامیی درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی. هەروەها ناکرێت ڕۆڵ‌و کاریگەریی قەندیل بۆ ڕێگری لە کاندیدکردنی دەمیرتاش نادیدەبگرین، ئەمەش بە هۆی ئەوەوە کە قەندیل پێی وایە بەهێزتربوونی کەسایەتیی دەمیرتاش کاریگەریی دەبێت لە سەر کەمکردنەوەی سۆزو مەیلی کوردەکان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان.

هوداپار وەک جێگرەوەی ئاکپارتی‌و دەمپارتی

پارتی داوای ئازاد (هوداپار) Hür Dava Partisi (HÜDAPAR) وەک پارتێکی ئیسلامیی سیاسیی کوردی لە باکووری کوردستان‌و تورکیا هاتووەتە مەیدان‌و دەیەوێت لە ڕێگەی گوتاری ئیسلامییەوە ببێتە جیگرەوەی ئاکپارتی‌و دەمپارتی بۆ کوردەکانی تورکیا.

ئەم پارتە لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار بێبەرانبەر پشتیوانیی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە، بەڵام لە هەڵبژارنەکانی پێشووی پەرلەمان‌و شارەوانییەکاندا کاندیدی خۆی هەبووە، لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ی پەرلەمان ٤ کاندیدی هوداپار لە لیستی ئاکپارتی بەربژێرکران‌و هەر چواریان سەرکەوتن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هوداپار نەگەیشتە ڕێککەوتنی گشتی لەگەڵ ئاکپارتیدا، هەر بۆیە لە شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە پشتیوانی لە کاندیدانی ئاکپارتی دەکات، بەڵام لە شارەکانی باکووری کوردستان کاندیدی خۆی بەربژێرکردووە.

هوداپار چاویبڕیوەتە شارەوانییەکانی باتمان‌و ئورفا، ئەمەش بە هۆی لاوازیی دەمپارتییەوە لە ئورفاو کاندیدکردنی سەرکان ڕامانڵی (Serkan Ramanlı) بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی باتمان، کە پێشتر وتەبێژی هوداپار بووەو ئێستاش ئەندام پەرلەمانی باتمانی هوداپارە. ڕامانڵی یەکێکە لە پەرلەمانتارو سەرکردە دیارەکانی هوداپارو لە ناو ڕێکخستنەکانی ئەو حیزبەو خەڵکی باتماندا کاریگەریی بەرچاوی هەیە. هەرچەندە سەرکەوتنی کاندیدەکانی باتمان‌و ئورفاو زۆربەی پارێزگاو قەزاکانی دیکەی هوداپار مەحاڵە، لەگەڵ ئەوەیشدا بەرپرسانی ئەو حیزبە چاوەڕێی بەدەستهێنانی نزیکەی یەک ملیۆن دەنگ دەکەن لەم هەڵبژاردنەدا، ئەمەش بەراورد بە ڕێژەی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٠٢٣ ڕێژەیەکی زۆر بەرزە.

بەرپرسانی هوداپار، ڕەنجانی ژمارەیەکی زۆر کوردی ئیسلامی لە سیاسەتەکانی ئاکپارتی‌و لە هەمان کاتدا بە هۆی پشتیوانیی هەدەپە/دەمپارتییەوە لە کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری ٢٠٢٣، کشانەوەی بەشێک لە کوردە نەتەوەپەرستە پارێزکارەکان لە پشتیوانی لە هەدەپە/دەمپارتی بەدەرفەتدەزانن لە ڕێگەی گوتاری نەتەوەیی/ئیسلامییەوە ختوکەی هەستی ئیسلامپەروەری‌و کوردپەروەری لە باکووری کوردستان بدەن‌و بەمەش ڕێژەی دەنگەکانیان بەرزبکەنەوە. جگە لەمانەش، ئاکپارتی هەوڵی ئاسانکاری بۆ هوداپار دەدات بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی شارەوانییەکان لەو ناوچانەی کە ناتوانێت ڕکابەریی دەمپارتی بکات.

ئەنجام

هەڵبژاردنەکەی ٣١ی ئەم مانگەی تورکیا زیاد لەوەی پڕۆسەیەک بێت بۆ دیاریکردنی کەسانێک بۆ بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان بۆ ماوەی ٥ ساڵی دیکە، لە هەمان کاتدا پێوەرێکی یەکلاییکەرەوەیە بۆ پێوانەکردنی هێزی پارتە سیاسییەکان، ئەمەش بە هۆی نەبوونی هیچ هاوپەیمانیەتییەکی فراوانەوە لە نێوان ئەو هێزانەدا.

لە لایەکەوە ئاکپارتی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە جەهەپەو بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەکات لە شارە گەورەکان‌و دەیەوێت بۆ هەموان بسەلمێنێت دەنگەکانی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵوو جەهەپە لە ٢٠١٩ دەنگی خۆیان نەبووە، بۆ ئەمەش سوود لە ناتەبایی بەرەی ئۆپۆزسیۆن وەردەگرێت. لە بەرانبەردا دەمپارتی دەیەوێت تۆڵەی دانانی قەییوم لە ئاکپارتی بە دەنگی هاوڵاتیان بکاتەوەو بۆ ئەردۆغانی بسەلمێنێت سەرۆکشارەوانی وەک فەرمانبەر دانانرێت، لە باکووری کوردستانیش خەڵک لەگەڵ ئۆجەلان‌و دەمیرتاش‌و دەمپارتیدایە نەک ئەردۆغان‌و پارتەکەی. ئەمە جگە لەوەی دەمپارتی لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدەوە بۆ شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرە جارێکی دیکە دەیەوێت “ڕۆڵی شا لە شەتڕەنجی سیاسی‌و هەڵبژاردنەکاندا” بەدەستبهێنێتەوە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری ساڵی ڕابردووەوە لەدەستیداوە.

لەگەڵ ئەمانەشدا فاتیح ئەربەکان دەیەوێت تۆڵەی باوکی لە ئەردۆغان بکاتەوەو لە ڕێگەی بەربژێرکردنی کاندیدی شارەوانییە گەورەکانەوە ئومێدی بردنەوەی ئەو شارانەی لە لای ئەردۆغان‌و ئاکپارتی کەمکردووەتەوە. لەولایشەوە هوداپار هەرچەندە پشتیوانی لە ئاکپارتی دەکات لە شارە گەورەکاندا، بەڵام لە باکووری کوردستاندا کەوتووەتە بانگەشەيەکی چڕوپڕو هەوڵی دووبارە ناساندنەوەی خۆی‌و سەرکردەکانی بە خەڵک‌و بەدەستهێنانی مەیلی دەنگدەرە دڵڕەنجاوەکانی ئاکپارتی‌و هەدەپە/دەمپارتی دەدات.

لەبەرئەوە هەروەک چۆن ناتوانرێت لەمەودوا باس لە گرەوی ئاکپارتی‌و جەهەپە لە سەر ئەستەنبوڵ‌و ئەنقەرەو شارە گەورەکان بکرێت، بە هەمان جۆر ئیدی تەنها ئاکپارتی‌و هەدەپە دووقۆڵی گرەو لە سەر دەنگی کوردەکانی باکوور ناکەن، بەڵکو هوداپاریش وەک هێزێکی ئیسلامی/کوردی گرەوەکەی کردووە بە سێقۆڵی.

وەک چۆن ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر دیاریکردنی کاندیدی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ی سەرۆکایەتیی کۆمار دەبێت، بە هەمان جۆر ڕەنگڕێژی شەقامی باکووری کوردستان دەکاتەوەو پێمان دەڵێت کە کێ دەتوانێت نوێنەرایەتیی کوردی باکوور بکات لە ئەنقەرە.

[i]  شکستی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەرپرسانی پارتەکەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دەنگدەرو ئەندامانی کردەوە، هەر بۆیە کۆنگرەی هەدەپەو پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) بەستراو جگە لە هەڵبژاردنی دوو هاوسەرۆکی نوێ بۆ هەردوو پارتەکە، بەرپرس‌و ئەندامانی هەدەپە چوونە ڕیزەکانی یەسەپەوەو ئەم پارتەش ناوەکەی گۆڕدرا بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی).

[ii] https://www.yenisafak.com/secim-katilim-orani-2023-toplam-secmen-sayisi-orani-gecerli-ve-gecersiz-oy-sayisi-kac-h-4531048

[iii] TRT HABER, 31 Mart 201 Yerel Seçim Sonuçları, 01.04.2019, Yerel Seçim Sonuçları 2019 – 31 Mart Seçim Sonuçları ve Son Dakika Gelişmeleri (trthaber.com), 05.03.2024

[iv] YSK, 10.01.2024, Siyasi Partilerin Birleşik Oy Pusulasındaki Yerleri,

https://www.ysk.gov.tr/tr/31-mart-2024-secimi/46637316, 12.02.2024.

[v]   TÜİK, Adrese Dayalı Nüfus Kayıt Sistemi Sonuçları 2023, data.tuik.gv.tr, 06.02.2024, https://data.tuik.gov.tr/Bulten/Index?p=Adrese-Dayali-Nufus-Kayit-Sistemi-Sonuclari-2023-49684, 25.02.2024

[vi] TBMM, 28. Dönem Milletvekili Sandaliye Dağılımı, tbmm.gov.tr, 29.05.2023, https://www.tbmm.gov.tr/sandalyedagilimi, 25.02.2024

[vii] TCCB, Cumhurbaşkanlığı Kabinesi, tccb.gov.tr, 05.06.2023, https://www.tccb.gov.tr/kabine/, 25.02.2024

[viii] سیستەمێکی تایبەتە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی کەمینەکان لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦١ لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆن کەنەدی لە ئەمریکا بۆ بەشداریی ڕەشپێستەکان لە هەڵبژاردنەکان‌و نوێنەرایەتییان لە کۆنگرێس پەیڕەوکرا، دواتر ئافرەتان داوایانکرد ئەو سیستەمە بۆ بەشداریی ئەوانیش جێبەجێبکرێت، لە ساڵی ١٩٩٥ لە کۆنگرەی چوارەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەکینی پایتەختی چین بە فەرمی بڕیاردرا بە جێبەجێکردنی سیستەمی کۆتا بۆ بەشداریی ئافرەتان لە کایە جیاوازەکانی ژیان‌و بە تایبەت لە سیستەمی سیاسی‌و فەرمانڕەوایی‌و بەڕێوەبردنی دەوڵەت‌و پارتە سیاسییەکان‌و ڕێکخراوەکاندا، ئەمەش زیاتر لە ڕێگەی جیاکردنەوەی ڕێژەیەکی دیاریکراوەوە بۆ بەشداری‌و نوێنەرایەتیکردنی ئافرەتان لە هەڵبژاردنەکان‌و بە تایبەت هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا جێبەجێدەکرێت، ئەو ڕێژەیەی دیاریکراوە، بە پێی وڵات‌و پارتە سیاسییەکان دەگۆڕێت‌و بە گشتی لە نێوان (٢٠٪) بۆ (٣٠٪)دایە.

[ix] BBC News Türkçe, Erdoğan yeni kabineyi açıkladı: Mehmet Şimşek Hazine ve Maliye, Hakan Fidan Dışişleri, Ali Yerlikaya İçişleri Bakanı oldu, 03.06.2023, https://www.bbc.com/turkce/articles/ck7dr8x17p2o, 27.02.2024

[x] Gülsen Solaker, Kadınlar yerel siyasette neden daha az temsil ediliyor?, dw.com, 23.02.2024, https://www.dw.com/tr/kad%C4%B1nlar-yerel-siyasette-neden-daha-az-temsil-ediliyor/a-68355308, 25.02.2024

[xi] Hürriyet, https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 03.03.2024,  https://www.hurriyet.com.tr/bilgi/galeri-istanbul-secimleri-anketi-sonuclari-2024-iste-murat-kurum-ve-ekrem-imamoglu-yarisinda-son-durum-42413500/5, 05.03.2024

[xii] Sabah, 23 Haziran İstanbul Seçimi, 24.06.2019, https://www.sabah.com.tr/secim/23-haziran-2019-istanbul-secim-sonuclari/, 05.03.2024

[xiii] Haber Türk, 2023 Milletvekili Seçimi, 29.05.2023, https://www.haberturk.com/secim/secim2023/genel-secim, 05.03.2024

[xiv]  Cuumhuriyet, AKP yönetiminde deprem: Kasım Gülpınar istifa etti, Yeniden Refah’ın adayı oldu, 23.01.2024, https://www.cumhuriyet.com.tr/siyaset/akp-yonetiminde-deprem-kasim-gulpinar-istifa-etti-yeniden-refahin-2166775#:~:text=G%C3%BClp%C4%B1nar%27%C4%B1n%20istifas%C4%B1%20ve%20Yeniden%20Refah%27a%20kat%C4%B1l%C4%B1m%C4%B1%20bizzat%20Yeniden,partisinin%20%C5%9Eanl%C4%B1urfa%20B%C3%BCy%C3%BCk%C5%9Fehir%20Belediye%20Ba%C5%9Fkan%20Aday%C4%B1%20oldu%C4%9Funu%20a%C3%A7%C4%B1klad%C4%B1., 05.03.2024

[xv] Serbestgorus, AKP’nin ‘Bursa’ çıkmazı: ‘YRP oyları bölüyor’ endişesi büyüyor, 17.02.2024, https://serbestgorus.com/2024/02/akpnin-bursa-cikmazi-yrp-oylari-boluyor-endisesi-buyuyor/, 05.03.2024

[xvi] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024

[xvii] Azad Altay, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor?, 21.12.2023, AKP hangi il ve ilçelere ‘seçmen’ taşıyor? Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 05.03.2024

[xviii] DW Türkçe, Siirt’te inşaat halindeki askeri lojmana 2099 kişi, bir diğer askeri lojmana ise 1989 seçmenin kaydedildiği ortaya çıktı, 30.01.2024, https://x.com/NEWSSHORTT/status/1752423995599950194?s=20, 04.03.2024

[xix] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Siirt Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Siirt Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024

[xx] Artı Tv, DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti, 01.02.2024, (508) DEM Parti, Hakkari’de 10 bin 832 seçmenin taşındığını tespit etti – YouTube, 04.03.2024

[xxi] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuöları, Hakkari Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Hakkari Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 04.03.2024

[xxii] SÖZCÜ, 2019 Yerel Seçim Sonuçları, Diyarbakır Kulp Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Kulp Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Eği̇l Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Eği̇l Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), Diyarbakır Hazro Seçim Sonuçları: 31 Mart 2019 Diyarbakır Hazro Yerel Seçim Sonuçları (sozcu.com.tr), 05.03.2024

Mahmut Bozarsılan, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu, 24.01.224, Diyarbakır Barosu’ndan Yüksek Seçim Kurulu’na “seçmen kaydırma” başvurusu (voaturkce.com), 05.03.2024

[xxiii] Referans Türk, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi Verdi, 01.02.2024, CHP Milletvekili Kış, usulsüz seçmen taşıma iddiaları için meclis araştırma önergesi verdi – ReferansTürk (referansturk.com), 04.03.2024

[xxiv] Mezopotamya Ajansı, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu, 28.02.2024, DEM Parti usulsüz seçmenler için suç duyurusunda bulundu – Mezopotamya Ajansı (mezopotamyaajansi35.com), 04.03.2024

[xxv] T.C. İçişleri Bakanlığı, Diyarbakır, Mardin, Van Büyükşehir Belediye Başkanlarının Görevden Uzaklaştırılmasına Dair Basın Açıklaması 19.08.2019, https://www.icisleri.gov.tr/diyarbakir-mardin-van-buyuksehir-belediye-baskanlarinin-gorevden-uzaklastirilmasina-dair-basin-aciklamasi.

[xxvi] Halk TV, Soylu’dan Skandal HDP’li Belediyeler Açıklaması: Hepsini İki Günde Görevden Aldık, 11.05.2023, https://halktv.com.tr/siyaset/soyludan-skandal-hdpli-belediyeler-aciklamasi-hepsini-iki-gunde-gorevden-aldik-738278h, 05.03.2024

[xxvii] Deniz Gedik, Türkiye Yerel Yönetim Sisteminde Bir Kara Delik: Kayyum Uygulamaları, http://spectrumhouse.com.tr/turkiye-yerel-yonetim-sisteminde-bir-kara-delik-kayyum-uygulamalari/, 05.03.2024

[xxviii] Medyascope, Demirtaş Aktif Siyaseti Bıraktı, 31.05.2023, https://medyascope.tv/2023/05/31/demirtas-aktif-siyaseti-birakti/, 06.03.2024

[xxix] Sondakika, Başak Demirtaş Adaylıktan Neden Çekildi, 07.02.2024,  https://www.sondakika.com/politika/haber-basak-demirtas-in-adayliktan-neden-cekildi-ak-16825642/, 06.03.2024

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand