Draw Media

"لە هەندێك وڵات سزای ئەو كەسانە دەدات بەشداری هەڵبژاردن ناكەن"

"لە هەندێك وڵات سزای ئەو كەسانە دەدات بەشداری هەڵبژاردن ناكەن"

2024-03-17 17:30:38




راپۆرتی: درەو

🔹 هەندێ وڵات بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات.
🔹 داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە.
🔻 بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردن ئارەزومەندانەیە؛
🔹 لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.
🔹 لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%).
🔹 بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانەی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%).

تەوەری یەکەم؛ بەشداری هەڵبژاردن لە نێوان ئەرک و مافدا
زۆربەی وڵاتە دیموکراتەکان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە نیشتمانی و گشتییەکان بە مافی هاووڵاتییان دەزانن. هەندێکیان بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک بەرپرسیارێتییەکی مەدەنییانەی هاوڵاتییان تەماشا دەکەن. هەندێ وڵاتیش زۆر لەوە زیاتر ڕۆشتوون و بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بە ئەرک دادەنێن، دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا تێیاندا کراوە بە ناچاری و لە دەستوور و یاساکانی هەڵبژاردندا ڕێکیانخستووە، تەنانەت هەندێک وڵات سزا بەسەر ئەو کەسانە دەسەپێنن یان سەپاندویانە بەسەر هاوڵاتییەک کە بەشداری پرۆسەکە ناکات و نەیکردووە.
بەناچارکردنی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان پرسێکی نوێ نییە. بۆ یەکەم جاریش ئەو وڵاتانەی کە یاسای دەنگدانی ناچارییان خستەڕوو بریتی بوون لە؛ بەلجیکا لە ساڵی (1892)، ئەرجەنتین لە ساڵی (194) و ئوسترالیا لە ساڵی (1924).
داکۆکیکارانی بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان بە شێوەی ناچاری، پێیان وایە ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتە هەڵبژێردراو و دیموکراسییەکانەوە دەدرێن، کاتێک کە ڕێژەیەکی زیاتری دانیشتووان بەشداری دەکەن، ڕەوایەتی زیاتریان هەیە.
لایەنگرانی ئەم ڕەوتە فکرییە وای بۆ دەچن ناچارکردن بە بەشداری لە دەنگدان، پارتە سیاسییەکان دەتوانن سوودی دارایی لێ وەربگرن، بەو پێیەی پێویست ناکات هێچ داهاتێک بە خەرج بدەن بۆ ئەوەی دەنگدەران قەناعەت پێبکەن بەگشتی دەبێ دەنگ بدەن.
زیاتر لەوانەش جگە لەوەی حکومەتێکی دیموکراتی تر هەڵدەبژێردرێت، بە بەشداری هەموو هاوڵاتیان لە پرۆسەکەدا، بۆیە ئەرکی هەمووانە کە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
لەپاڵ ئەو بۆچوونەی کە بەرگری لە بەشداری ناچاری هەڵبژاردن دەکەن، هەندێکی تر پێیان وایە ئارگومێنتی سەرەکی دژی ناچارکردن بە بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان، ئەوەیە کە ئازادی تاکەکان پەیوەست نییە بە دیموکراسیەوە. دەنگدان ئەرکێکی ناوەکی نییە و جێبەجێکردنی یاساکان دەبێتە پێشێلکردنی ئازادی هاوڵاتیان کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنە دیموکراسیەکانەوە هەیە.
لەوانەیە پەروەردەی سیاسی دەنگدەران بێهیوا بکات، چونکە ئەو کەسانەی ناچار دەکرێن بەشداری بکەن، کاردانەوەیان دەبێت بەرامبەر بەو سەرچاوە هەستپێکراوەی ستەمکاری. ئایا بەڕاستی حکومەتێک شەرعیترە ئەگەر ڕێژەی زۆری دەنگدەران دژی ئیرادەی دەنگدەران بێت؟ ڕەنگە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە توانای دارایی سنوورداریان هەیە نەتوانن پاساو بۆ خەرجییەکانی پاراستن و جێبەجێکردنی یاساکانی دەنگدانی ناچاری بهێننەوە.
سەرەڕای ئەوانە سەلمێنراوە کە ناچارکردنی دانیشتووان بۆ دەنگدان دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی دەنگە نادروست و سپییەکان بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە هیچ یاسایەکی ناچاری دەنگدانیان نییە.
دەرئەنجامێکی دیکەی دەنگدانی ئیجباری ئەگەری ژمارەی بەرزی "دەنگی هەڕەمەکی"یە. ئەو دەنگدەرانەی کە بە پێچەوانەی ویستی ئازادی خۆیان دەنگ دەدەن، دەتوانن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کاندیدێک هەڵبژێرن. دەنگدەر گرنگ نییە دەنگ بە کێ دەدات تا ئەو کاتەی حکومەت ڕازی بێت کە ئەرکی مەدەنی خۆیان جێبەجێ کردووە. ئەم دەنگە هەڕەمەکییە چ کاریگەرییەکی لەسەر شەرعیەتی حکومەتی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک هەیە؟
لە خشتە و نەخشەی ژمارە (1)دا ئەوە رونکراوەتەوە کام لە وڵاتان دەنگدانی ناچاری پراکتیزە دەکەن؟ لە ستوونی یەکەمدا ناوی وڵات و ستوونی دووەم جۆری ئەو سزایانە خراوەتەڕوو کە وڵاتی پەیوەندیدار بەسەر ئەو کەسانەدا دەیسەپێنێت کە بەشداری دەنگدان ناکەن و ستوونی سێیەمیش ئەو زانیارییەی تێدایە کە تا چەند یاساکانی دەنگدانی ناچاری بە کردەوە جێبەجێ دەکرێن.

 

 

 

 

(*) ئەو ژمارانەی لە ستوونی جۆری سزادا هاتووە، بریتین لە جۆرە جیاوازەکانی سزا، بەم شێوەیە؛
1.    ئەو کەسەی کە بەشداری ناکات، دەبێت هۆکارێکی ڕەوا بۆ ئامادەنەبوونی خۆی بخاتەڕوو بۆ ئەوەی سزا نەدرێت، ئەگەر هەبێت.
2.    سزای مادی (غرامە) ئەو کەسەی کە دەنگنادات، ڕووبەڕووی سزای ماددی دەبێتەوە. بڕە پارەکە لە نێوان وڵاتەکاندا جیاوازە، بۆ نموونە لە ئوسترالیا 20 - 50 دۆلاری ئوسترالی، لە ئەرجەنتین لە 50 - 500 پێسۆیە.
3.    ئەگەری زیندانیکردن؛ لەوانەیە ئەو کەسەی کە بەشداری دەنگدان ناکات، ڕووبەڕووی زیندانیکردن ببێتەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی بەڵگەدار لە بەردەستدا نیە. لەو حاڵەتانەی کە هاوڵاتی دوای ئاگادارکردنەوە یان دوای ڕەتکردنەوەی چەند جارێک غەرامە نەدان، دادگاکان دەتوانن سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنن. ئەمەش بەزۆری بە زیندانیکردن بەهۆی نەدانی غەرامە پۆلێن دەکرێت نەک زیندانیکردن بەهۆی دەنگنەدان.
4.    بێبەشکردن لە مافە مەدەنییەکان، بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لە ماوەی 15 ساڵدا لانیکەم لە چوار هەڵبژاردندا دەنگ نەدا، لە بەلجیکا لەو مافەی خۆی بێبەش دەکرێت. لە پیرۆ دەنگدەر دەبێت بۆ چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن کارتێکی دەنگدانی مۆرکراوی پێبت وەک بەڵگەیەک بۆ ئەوەی بەشداری پرۆسەی دەنگدانی کردووە. ئەمەش وەک بەڵگەیەک پێویستە بۆ بەدەستهێنانی هەندێک خزمەتگوزاری و کاڵا لە هەندێک فەرمانگەی گشتی. لە سەنگافورە دەنگدەر لە تۆماری دەنگدەران دەسڕێتەوە تاوەکو دووبارە داوای بەشداریکردن دەکاتەوە و هۆکارێکی ڕەوا بۆ بەشدارینەکردنەکەی پێشکەش دەکات. لە بۆلیڤیا دەنگدەر کاتێک دەنگی داوە کارتێکی پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بەشداریکردنەکەی بسەلمێنێت.
5.    سزای دیکە، بۆ نمونە لە بەلجیکا ڕەنگە بەدەستهێنانی کارێک لەناو کەرتی گشتیدا ئاسان نەبێت ئەگەر بەشداری دەنگدانت نەکردبێت. لە مەکسیک یان ئیتاڵیا هیچ سزایەکی فەرمی نییە بەڵام ئەگەری سزای ئارەزوومەندانە یان کۆمەڵایەتی هەیە. لە ئیتاڵیا پێی دەوترێت "گەمارۆیەکی بێ زیان"، بۆ نمونە ڕەنگە دەستەبەرکردنی شوێنی چاودێری ڕۆژانە بۆ منداڵەکەت یان خزمەتگوزارییەکی هاوشێوە قورس بێت، بەڵام ئەمە فەرمی نییە.

تەوەری دووەم؛ ژمارەو رێژەی بایکۆت لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا
لەماوەی نزیکەی (30) ساڵی نێوان هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992)ەوە بۆ دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) دوانزە هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چووە. لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی (1992) لە کۆی (ملیۆنێک و 112 هەزار) دەنگدەر (971 هەزارو 953) کەس چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و بە ڕێژەی (87.4%) بەشداری هەڵبژاردنیان کرد.
لە داواین خولی هەرڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە (10/10/2021) لەسەر ئاستی سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (3 ملیۆن و 450 هەزار و 773) کەس مافی بەشدارییان هەربوو، بەڵام تەنها (ملیۆنێک و 233 هەزار و 451) دەنگیان داوە بە ڕێژەی (35.7%).
بەم پێیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (30) ساڵ ڕێژەی ئەوانی مافی بەشدارییان بەدەستهێناوە (2 ملیۆن و 338 هەزار و 773) کەس ڕێژەی (210%) کەس زیادیان کردووە. بەڵام ژمارەی بەشداری تەنها (261 هەزار و 498) کەس زیادی کردووە بە ڕێژەی (27%).
بە مانایەکی دیکە ڕێژەی ئەوانەی لە هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ساڵی (1992) بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنە گشتییەکانیان نەکردووە ڕێژەکەیان لە (12.6%)ەوە بەرزبووەتەوە بۆ (64.3%).

 

 


یەکەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، لە 19/5/1992 بەرێوەچوو.
2.    لە هەرچوار ناوچەكەی دەنگدان (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، كەركوك) لەسەرجەم بنكەكانی هەڵبژاردن (176) بنكە، ژمارەی دەنگدەران (971 هەزار و 953) بووە، واتا لە كۆی (1ملیۆن و 112هەزار) دەنگدەری چاوەڕوانكراوی كوردستان، كە دەكاتە رێژەی (87.4%)، هاوكات ژمارەی دەنگە بەتاڵەكان (4 هەزار و 724) دەنگ بووە، بەو پێەیەش (971953 - 4724 = 967229) واتا دەنگی راستەقینە دەكاتە (967 هەزار و 229). بەجۆرێک؛
-    لە پارێزگای هەولێر (335 هەزارو 827) کەس بەشداری کردبوو، (2 هەزار و 25) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (333 هەزار و 802) دەنگ.
-    لە پارێزگای سلێمانی (349 هەزارو 164) کەس بەشداری کردبوو، (هەزار و 112) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (347 هەزار و 952) دەنگ.
-    لە پارێزگای دهۆك (198 هەزارو 352) کەس بەشداری کردبوو، (982) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (197 هەزار و 370) دەنگ.
-    لە سنوری پارێزگای کەرکوک (88 هەزارو 610) کەس بەشداری کردبوو، (506) دەنگیش پوچەڵ و کراوەتەوە و کۆی دەنگە دروستەکان بریتی بووە لە (88 هەزار و 114) دەنگ.
دووەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/1/2005 بەرێوەچوو.
2.    هەڵبژاردن بە یەک بازنە بەڕێوەچووە.
3.    ( 2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
4.    (ملیۆنێك و 753  هەزارو 919) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (76.6%).
5.    (536  هەزارو 817) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانیان نەکردووە بەرێژەی (23.4%).
سێیەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/1/2005 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 767 هەزارو 993) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (77.2%). بەجۆرێک؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر (647 هەزار و 994) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد.
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی (736 هەزار و 734) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد.
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک (383 هەزار و 265)کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد.
4.    (522  هەزارو 743) كەس بەشداری هەڵبژاردنی ئەم خولەی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان نەکردووە بەرێژەی (22.8%).
چوارەم؛ هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی یەكەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/1/2005 بەرێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 290 هەزارو 736) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    سەرجەم حزبەكان جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی) لەچوارچێوەی لیستی (هاوپەیمانی كوردستان) بەشدار بوون كە (2 ملیۆن  و 175 هەزارو 551) دەنگیان بەدەستهێنا و (75) كورسی پەرلەمانیان مسۆگەر كرد.
4.    واتە نزیکەی (2 ملیۆن و 176 هەزار) کەس بە ڕێژەی (95%) بەشداری ئەم هەڵبژاردنەیان کردووە، بەرزترین ڕێژەی بەشدارییە کە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێش و دوای خۆی تۆمار کرابێت.
پێنجەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی كوردستان لە 25/7/2009 بەرێوەچوو.
2.    بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتبوو.
3.    ( 2 ملیۆن و 518 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
4.    (ملیۆنێك و 876  هەزارو 196) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.5%).
5.    (642  هەزارو 577) كەس بەشداری ئەم خولەی هەرڵبژاردنی پەرلەمانی کورستانی نەکرد بە رێژەی (25.5%).
شەشەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 590 هەزارو 274) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.     (ملیۆنێك و 938 هەزارو 754) كەس دەنگیاندا بە رێژەی (74.8%). بە جۆریك؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (917 هەزار و 685) کەس (680 هەزار و 408) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) کەس (833 هەزار و 631) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (574 هەزار و 138) کەس (424 هەزار و 715) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (74%).
4.    (651 هەزارو 520) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.2%).
حەوتەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013 بەرێوەچوو.
2.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو.
3.    (2 ملیۆن و 653 هەزارو 743) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
4.    (ملیۆنێك و 978  هەزارو 382) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (74.6%).
5.    (675 هەزارو 361) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (25.4%).
هەشتەم؛ هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (2 ملیۆن و 128 هەزارو 167 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (78.3%). بە جۆرێک؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (744 هەزار و 489) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (79%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (893 هەزار و 226) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (76%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (490 هەزار و 452) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (80%).
4.     (588 هەزارو 915) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (21.7%).
نۆیەم؛ هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان
1.    هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو.
2.    (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (2 ملیۆن و 161 هەزارو 38) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (79.5%). بە جۆرێک؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (936 هەزار و 557) کەس (754 هەزار و 234) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (81%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 859) کەس (906 هەزار و 643) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (78%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (612 هەزار و 66) کەس (500 هەزار و 161) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (82%).
4.    (556 هەزارو 44) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (20.5%).
دەیەم؛ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
1.    هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو.
2.    (3 ملیۆن و 758 هەزارو 896) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێك و 799 هەزارو 686) كەس دەنگیاندا بە ڕێژەی (47.9%). بە جۆرێک؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 314 هەزار و 46) کەس (642 هەزار و 232) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.9%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 395 هەزار و 961) کەس (668 هەزار و 146) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.9%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (ملیۆنێک و 75 هەزار و 889) کەس (489 هەزار و 308) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (47.5%).
4.    (ملیۆنێک و 959 هەزارو 210) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (52.1%).
یانزە؛ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
1.    هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە 30/9/2018 بەڕێوەچوو.
2.    (3 ملیۆن و 85 هەزارو 461) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێک و 845 هەزارو 979 ) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (59.8%).
4.    هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەیەك بازنە بەرێوە چوو.
5.    (ملیۆنێک و 239 هەزارو 482) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (40.2%).
دوانزە؛ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم)
1.    هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران (خولی پێنجەم) لە 10/10/2021 بەڕێوەچوو.
2.    (3 ملیۆن و 450 هەزارو 773) كەس مافی دەنگدانی هەبووە.
3.    (ملیۆنێک و 233 هەزارو 451) كەس دەنگیاندا بەرێژەی (35.7%). بەجۆرێک؛
-    لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر لە کۆی (ملیۆنێک و 238 هەزار و 379) کەس (444 هەزار و 253) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (35.7%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لە کۆی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) کەس (393 هەزار و 194) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (28.3%).
-    لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک لە کۆی (822 هەزار و 703) کەس (396 هەزار و 4) کەس بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کرد بە ڕێژەی (48.1%).
4.    (2 ملیۆن و 217 هەزارو 322) كەس بەشداری ئەم خولەی هەڵبژاردنیان نەکرد بە رێژەی (64.3%).


سەرچاوەکان
دامەزراوەی میدیایی درەو، کلیکی هەڵبژاردن، پێگەی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا ١٩٩٢ – ٢٠٢١، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2023، لاپەڕە 99-111.

International IDEA, SUPORTING DEMOCRACY WORLDWIDE, Compulsory Voting;
https://bitly.ws/3fZA3
WIKIPEDIA, Compulsory voting, (Article) at;
https://bitly.ws/3fZA7

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand