Draw Media

"لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان كار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌ن"

"لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان كار بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌كه‌ن"

2024-03-16 12:02:08


(دره‌و): 
به‌پێی قسه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان كارده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غداد به‌مه‌به‌ستی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی كوردستان.
عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رایگه‌یاند، لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان له‌نێوان به‌غدادو هه‌ولێر كارده‌كه‌ن بۆ ته‌واوكردنی رێككه‌وتنی كۆتایی و شه‌فاف له‌نێوان هه‌ردوولا، بۆ كۆتایهێنان به‌و ناكۆكییانه‌ی كه‌ له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌. 
له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان راگرت، به‌ڵام دواترو له‌ ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ توركیا ئاماده‌یی خۆی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت نیشانداوه‌و تائێستا هه‌ولێرو به‌غداد له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وت نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن. 
به‌پێی قسه‌ی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق" لیژنه‌ هونه‌رییه‌كان له‌باره‌ی میكانیزمه‌كانی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم گفتوگۆ ده‌كه‌ن و هه‌ندێك بابه‌ت هه‌ن په‌یوه‌ندییان به‌ شایسته‌ داراییه‌كانی فرۆشی نه‌وت و پاره‌ی كۆمپانیاكانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ گرێبه‌ستی شه‌راكه‌تیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم ئیمزا كردووه‌، به‌چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م كێشانه‌و گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنی ته‌واوه‌تی، پرۆسه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌". 
عاسم جیهاد ده‌ڵێ: رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نی توركی بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت قورس نییه‌و له‌گه‌ڵ توركیا قسه‌مان كردووه‌و وه‌ڵامه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆرییه‌كان ئاماده‌ن. 
به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم رێژه‌ی نزیكه‌ی 80%ی داهاته‌كانی خۆی له‌ده‌ستدا، به‌وهۆیه‌وه‌ به‌ناچاری له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عێراقدا قایل بوو به‌وه‌ی نه‌وت وداهاته‌كه‌شی راده‌ستی به‌غداد بكات له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی پشكی خۆی له‌ بودجه‌ی فیدراڵ.
مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ ده‌ستپیكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌مدواییه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی بوو بۆ ئه‌مریكا، به‌هۆی راوه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم كه‌وتوه‌ته‌ ژێر فشار كۆمپانیا بیانییه‌كانییه‌كانه‌وه‌، كۆمپانیاكان ئه‌و نرخه‌یان به‌دڵ نییه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق بۆ به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌ی نه‌وت دیاریكردووه‌، ئه‌مان به‌ نرخێكی زۆر زیاتر گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم كردووه‌، ئه‌مه‌ خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كانه‌ له‌به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم.
به‌پێی قسه‌ی ئاریان تاوگوزی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، رۆژی 9ی ئه‌م مانگه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا حه‌یان عه‌بدولغه‌نی وه‌زیری نه‌وتی عێراق وتویه‌تی:" هیچ زانیاریەکمان سەبارەت بە بەهەرمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نیەو تائێستا سۆمۆ یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرنەگرتوە.. هەندێک لەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن، دەیانەوێت بەرەو تەحکیمی نێودەوڵەتی بڕۆن و ئەوەش کێشەی هەرێمە". 
له‌ هه‌مان كۆبونه‌وه‌دا جێگری وەزیری نەوتی عێراقیش قسه‌ی كردووه‌و باسی له‌وه‌كردووه‌" هەرێم ڕێگا بە تیمەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق نادەن سەردانی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم بکەن".
نرخی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ عێراق بری 8 بۆ 9 هه‌زار دیناری عێراقی بۆ دانراوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌رێم كۆمپانیاكان بۆ به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت به‌ زیاتر له‌ (20) دۆلار گرێبه‌ستیان كردووه‌. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand