Draw Media

نێچیرڤان بارزانی: 20%ی ده‌نگده‌ران په‌نجه‌مۆریان نایخوێنێته‌وه

نێچیرڤان بارزانی: 20%ی ده‌نگده‌ران په‌نجه‌مۆریان نایخوێنێته‌وه

2024-03-15 12:12:49




(دره‌و):
نێچیرڤان بارزانی هۆشداری به‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌دات له‌وه‌ی 20%ی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان په‌نجه‌مۆره‌كه‌یان نایخوێنێته‌وه‌، داوا ده‌كات كورسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ زیاد بكرێت و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و نوێنه‌ری هه‌رێم له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیادا له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆندا ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت، سه‌رۆكی هه‌رێم داوا ده‌كات هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌نجامه‌كان له‌ سایتی كۆمسیۆن بڵاوبكرێنه‌وه‌.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ هاوكات جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌، رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ نامه‌یه‌كی بۆ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ناردووه‌.
(دره‌و) كۆپییه‌كی نامه‌كه‌ی ده‌ستكه‌وتووه‌، تێیدا نێچیرڤان بارزانی، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌ندێك تێبینی سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌كانی كۆمسیۆن بۆ سازدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 10ی حوزه‌یران، ئاگادار ده‌كاته‌وه‌.
نێچیرڤان بارزانی له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێ:
•    هه‌ڵه‌ی ته‌كنیكی هه‌یه‌و په‌نجه‌مۆری هه‌زاران ده‌نگده‌ر ناخوێندرێته‌وه‌، كه‌ به‌گوێره‌ی داتای كۆمسیۆن خۆی رێژه‌ی 20%ه‌،  ئه‌م كێشه‌یه‌ش به‌رده‌وامه‌و نیگه‌رانی جددی بۆ زۆرێك له‌و ده‌نگده‌رانه‌ دروستكردووه‌ كه‌ به‌شدارییان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوودا كردووه‌، به‌وه‌ی بێبه‌ش بن له‌ مافی ده‌ستوری خۆیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردن.
•    پێویستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاری كۆمسیۆن سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی كورسییه‌كانی ناوچه‌ی چواره‌می هه‌ڵبژاردن (هه‌ڵه‌بجه‌)و زیادكردنی، به‌جۆرێك كورسییه‌كانی ئه‌م بازنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ده‌نگده‌ره‌كانی بگونجێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا له‌ 2021دا هه‌بووه‌.
•    پێشنیاز ده‌كه‌ن به‌ته‌واوه‌تی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌باره‌گای ده‌سته‌ی كۆمسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكرێت و به‌ش به‌ش نه‌كرێت، به‌وپێیه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ به‌ ته‌نیا تایبه‌ته‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆ ئاسانكاری ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری قه‌واره‌ سیاسییه‌كان له‌باره‌گای ده‌سته‌كه‌، هه‌روه‌ها پێویستی ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری پسپۆڕی هه‌رێمی كوردستان له‌بواری ته‌كنه‌لۆژیای هه‌ڵبژاردن له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆن و ده‌سه‌ڵاتی پێویستی هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی هه‌ڵبژاردندا.
•    داواكاری له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌رجه‌م وێستگه‌كانی ده‌نگدان هاوكات له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردندا له‌سه‌ر سایتی كۆمسیۆن بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ بۆئه‌وه‌ی قه‌واره‌ سیاسییه‌كان بتوانن به‌راوردكاری بكه‌ن له‌نێوان ئه‌نجامی راگه‌یه‌ندراوی وێستگه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه‌ له‌سه‌نته‌ری داخڵكردنی داتاكان له‌ باره‌گای كۆمسیۆن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand