Draw Media

نەوت لە 2023دا (93%)ی كۆی گشتی داهاتی عێراقی پێكهێناوە

نەوت لە 2023دا  (93%)ی كۆی گشتی داهاتی عێراقی پێكهێناوە

2024-03-14 17:35:13



راپۆرتی: درەو
🔻 کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت، عێراق چی بکات و چی ڕوو دەدات؟!
🔹 داهاتی نەوت (93%)ی كۆی گشتی داهاتی عێراقی پێكهێناوە
🔹 داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2014)ەوە تا ئێستا بەتێکرا (12%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە.
🔹 لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%) و (2020) بەڕێژەی (20%) و (2023) بەڕێژەی (6%)) کورتهێنان ڕوویداوە.
🔹 (5) ساڵ داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی) ، لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوو سەرجەم سەرڕێژی داهات نزیکەی (60 ترلیۆن) دینار بووە.


یەکەم؛ داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023)
لەدوای ساڵی (2014)ەوە، داهاتی گشتی عێراق بە سەرچاوەکانی داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە، بەشێوەیەکی گشتی تاڕادەیەک ڕووی لە گەشەسەندن بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەشی هەرە گەورەی داهاتی گشتی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە بەدەست دێت، بۆیە زۆرجاریش بووە داهاتی گشتی بەڕادەیەکی زۆر ڕووی لە پاشەکشە کردووە، بۆ نمونە لە ساڵەكانی  2015 بەڕێژەی (37%)، 2016 بەڕێژەی (18%)، 2020 بەڕێژەی (41%) ڕوویان لە پاشەکشە کردووە بەراورد بە ساڵەکانی پێش خۆیان.
بۆ نمونە ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2016) عێراق کەمترین بڕی داهاتی هەبووەو لە ماوەی (10) ساڵدا و کۆی داهاتەکەی بریتی بووە لە (54 ترلیۆن و 409 ملیار و 270 ملیۆن) دینار. لە کاتێکدا لە ساڵی (2022)دا بەرترین ڕێژەی داهات تۆمار کراوە لە یەک دەیەی ڕابردوودا، کە کۆی داهاتەکەی گەیشتووە بە زیاتر لە (161 ترلیۆن و 697 ملیار) دینار، بە دوو هۆکاری وەک بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دابەزینی بەهای دیناردی عێراقی.
بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی گشتی عێراق و بڕو ڕێژەی گەشەی لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (1))

 


دووەم؛ داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2014 – 2023)
کاتێک لە ئامارو داتاکانی داهاتی گشتی عێراق لە دەیەی ڕابردوو ورد دەبیتەوە، پرسیاری ئەوەت لادروست دەبێت؛ ئەگەر نەوت نەبێت عێراق چی دەکات؟ چونکە؛
بەشی هەرە زۆری داهاتی گشتی عێراق، لە فرۆشی نەوتەوە بەدەست دێت. بە جۆرێک ساڵی (2014) داهاتی نەوت پشکی گەورەی هەبووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتی و (92.1%)ی داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوە.
هاوکات ساڵی (2015) توانراوە ئەو ڕێژەیە دابەزێنرێت بۆ (77.2%)، بەڵام هۆکارەکەی لەبری ئەوەی تەنها زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بێت، زۆرتر کەمبوونەوەی داهاتی نەوت بووە.
لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، ڕێژەی بەشداری داهاتی نەوت لە داهاتی گشتی ڕادەیەکی ئێجگار بەرزبووەو لە ساڵی (2022) بریتی بووە لە (95.3%) لە ساڵی (2023) جارێکی دیکە (92.8%) داهاتی گشتی عێراقی پێکهێناوەتەوە.
بۆ بەرچاو ڕوونی داهاتی نەوت و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (2))

 

سێیەم؛ داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق (2014 – 2023)
داهاتی نانەوتی گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری عێراقەو لەدوای ساڵی (2014)ەوە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست پشتی پێ ببەسرێت و بەتێکرا (12%)ی داهاتی گشتی عێراق پێکهێناوە..
لە ساڵی (2014) تەنها (7.9%)ی داهاتی گشتی لەداهاتی نانەوتییەوە سەرچاوەی گرتووە، لە سالی (2015)شدا بەهۆی پاشەکشەی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە تونراوە بەرزترین ئاستی پێوانەیی خۆی تۆمار بکات و گەیشتووە بە (22.8%).
لە ساڵی (2023)شدا بەڕێژەی (7.2%) بەشداری کردووە لە پێکهێنانی داهاتی گشتیدا، ئەمەش پاشەکشەیەکی گەورەیە بەراورد بەساڵێک پێشتر ئاستەکەی دابەزیوە.
بۆ بەرچاو ڕوونی ئاستی داهاتی نانەوتی و پشکی لە داهاتی گشتی عێراق لە ساڵانی (2014 – 2023) بڕوانە (خشتەو چارتی ژمارە (3)).

 

چوارەم؛ خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی گەشەکردنی (2014 – 2023)
هاوتا لەگەڵ زیادبوونی داهاتی گشتی عێراق، خەرجییەکانیش تا ڕادەیەک گەشەکردنیان بەخۆ بینیووە، (وەک لە خشتەو چارتی ژمارە (4))دا نیشان دراوە، بەردەوام خەرجی گشتی عێراق ڕووی لە هەڵبەزو دابەز بووە.
بەرزترین ڕێژەی خەرجیش لە ساڵی (2023)ەدا تۆمار کراوەو گەیشتووە بە زیاتر لە (142 ترلیۆن) دینار، کەمترین خەرجیش لە ساڵی (2016)دایە کە بڕەکەی زۆرتر لە (67 ترلیۆن) دینارە.

 

پێنجەم؛ بەراوردی داهات و خەرجی گشتی عێراق و ڕێژەی سەرڕێژو کورتهێنانی داهات لە ماوەی (2014 – 2023)
لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا، لە ساڵانی ((2015) بەڕێژەی (6%)، (2016) بەڕێژەی (23%)، (2019) بەڕێژەی (4%)، (2020) بەڕێژەی (20%) و (2023) بەڕێژەی (6%)) کورتهێنان ڕوویداوە.
(5) ساڵیش داهاتی گشتی عێراق سەرڕێژەی کردووە (داهات زۆرتر بووە لە خەرجی)، بۆ نمونە؛ لە ساڵانی ((2014) بەڕێژەی (21%)، (2017) بەڕێژەی (2%)، (2018) بەڕێژەی (24%)، (2021) بەڕێژەی (6%) و (2022) بەڕێژەی (28%)) سەررێژی داهات هەبووە.
جێگەی ئاماژەیە ساڵی (2022) گەورەترین سەرڕێژەی داهات تێدا ڕوویداو نزیکەی (45 ترلیۆن) دینار سەرڕێژی داهات هەبووە.
بە تێکڕا لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا نزیکەی (60 ترلیۆن) دینار بە ڕێژەی (6%) داهات زۆرتر بووە لە خەرجی (بۆ وردەکاری بڕوانە خشتەو چارتی ژمارە (5))

 

سەرچاوەکان


-    ابتسام عبد اللطيف محمد،  نسبة الايراد النفطي من اجمالي الايرادات ومقدارالفائض والعجز المتحقق للدولة للمدة 2004 – 2020، مجلس النواب العراقي، دائرة البحوث والدراسات النیابیة، قسم بحوث الموازنة، شباط 2022.
-    هيمن احمد مخلص  و هدايت حمد حمدامین  و هيلین مقصود حسین، دراسة وتحلیل هیکل الموازنة العامة لدولة العراق من2010 – 2020، جامعة صلاح الدين - كلية الإدارة و الاقتصاد - قسم الاقتصاد.
-    وزارة المالیةٌ دائرة المحاسبة قسم التوحید/  نظام توحیدٌ حسابات الدولة على الموازنة الجاریةٌ والاستثماریةٌ لغایةٌ كانون الاول لسنة 2021.
-    وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية كانون الاول لسنة 2022.
-    وزارة المالية دائرة المحاسبة قسم التوحيد/ نظام توحيد حسابات الدولة على الموازنة الاتحادية لغاية كانون الاول لسنة 2023

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand