رەهەندەكانی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی موچەی فەرمانبەران   

Draw Media

2024-03-02 11:46:33



یاسین تەها- دکتۆرا لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لەئێستادا چ بەكردەیی و چ بەپێی دەستور، هیچ دەسەڵاتێك لەسەروو دەسەڵاتی دادگای فیدراڵییەوە نییە. ئەم دادگایە لەپاش 2005 هەمان ئەم دەسەڵاتانەی ئێستای هەبووە، بەڵام هیچ كات وەك بارودۆخی پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری 2021، نەچووەتە نێو وردەكاریی دۆسیە یاسایییەكان و نەبووەتە لایەنێكی هەرە كارا لە قەیران و پێشهاتە سیاسی و كارگێڕییەكان. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی باكگراوندو پێكهاتەو دەسەڵاتەكانی دادگاكە هەڵوێستە دەكات و هەوڵدەدات رەهەندەكانی بڕیارەكەی دەربارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخوێنێتەوە.

شەرعییەت و پێكهاتەی دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی لە عێراق لە بنەڕەتدا بیرۆكەو پرۆژەیەكی ئەمریكییەو دامەزرێنەرەكەی "پۆڵ بریمەر"ی حاكمی مەدەنیی ئەمریكایە[1]، بەڵام شەرعییەتی یاسایی دادگاكە بەستراوەتەوە بە فەرمانی ژمارە 30ی 2005ی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی سەرۆكایەتیی ئەوكاتی كۆماری عێراق. ئەم دوو لایەنەش لەوكاتەدا شەرعییەتیان لە یاسای كاتیی ئیدارەی دەوڵەت وەرگرتبوو، كە بریمەر ئەندازیاری تێپەڕاندنی بوو. سەرباری ئەم بنەما یاساییەش هێشتا ئەم دادگایە هەمان ئەو دادگا فیدراڵییە نییە كە دەستوری هەمیشەیی (2005) لە بەندەكانی ماددەی 92دا چەسپاندویەتی؛ هەروەها ئەو دادگایەیش نییە كە مەرجە پێكهاتەكەی لە چەند دادوەرو پسپۆڕێكی شەریعەو یاسا پێكەوە پێكبێت و پەیكەرو پێكهاتەكانی بە 2/3ی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند بكرێت[2].
هۆكاری پێكنەهێنانی دادگا دەستورییەكەش دەگەڕێتەوە بۆ لەمپەرەكانی بەردەم كۆكردنەوەی دەنگی 2/3ی پەرلەمانتاران لە ئەنجومەنێكی فرەچەشنی فرەجەمسەردا، هەروەها ناكۆكیی زۆری هێزە پەرلەمانییەكان لەسەر دەسەڵاتی پسپۆڕەكانی شەریعە. بەم هۆیەشەوە تەنیا 18 ماددە لەكۆی 24 ماددەی یاسای دادگاكە لە ساڵی 2021 بە دەنگی 2/3 پەسەند كرا؛ دواتر كە گەیشتنە بنبەست، لەپێناو ڕێگەخۆشكردن بۆ هەڵبژاردن، لە 18ی ئاداری 2021 گیان بەبەری دادگەكەدا كرایەوەو بۆشایییەكانی پڕكرایەوە[3]. لەم هەموارەدا پێكهاتەی دادگاكە بەم جۆرە چەسپێنرایەوە: سەرۆك و جێگرێك لەگەڵ حەوت ئەندام لە دادوەرانی پلە یەك و، چوار ئەندامی یەدەگ؛ بەجۆرێك لە دەزگا دادوەرییەكانی فیدراڵی و هەرێمەكانەوە كاندید بكرێن.
هەر لە هەموارە یاساییەكەی 2021دا (ژمارە 25) دەسەڵاتەكانی دادگاكە بەمجۆرە چەسپێنرانەوە:
- چاودێریی دەستوری بەسەر یاساو پەیڕەوە بەركارەكان و تەفسیركردنی دەقەكانی دەستور.
- یەكلایكردنەوەی ئەو كێشانەی لە جێبەجێكردنی یاساو بڕیارە فیدراڵییەكانەوە سەر هەڵدەدەن.
- یەكلاییكردنەوەی كێشمەكێشەكانی حكومەتی فیدراڵی و دەسەڵاتە خۆجێییەكان.
- یەكلاییكردنەوەی كێشمەكێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمەكان و پارێزگاكان.
- پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
- یەكلاییكردنەوەی كێشەی دەزگا دادوەرییەكانی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگاكان.
- دادبینی لەو تانانەی لە بڕیارەكانی پەرلەمان دەدرێن.
- دادبینی لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیران دەكرێن[4].

بەگوێرەی ڕێوشوێنەكانی دادگەكەیش، دەرگەی داواتۆمارکردن بۆ هەموو كەس كراوەیە، بە مەرجی ئەوەی داواکار لایەنێكی كێشە (خصم)، یان زەرەرمەند بێت لە بڕیار و جێبەجێكردنەكانی یاسا و ڕێنمایییەكان[5]. بەم پێیەیش دەرگەی بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراق واڵایە داوا بەرز بكەنەوە؛ لەو بڕیارانەیشی لەم دوو ساڵەی دواییدا دژی یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان دەرچوون، جاری وا هەیە خاوەنی داوا هاووڵاتیی ئاسایی، یان ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایەكی عێراق بووە (بەسرە).
 

بڕیاری دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە
پاش چەندان مانگ دادبینی لە داواكانی ژمارە 224 و 269ی ساڵی 2023 كە لەلایەن دوو گروپی موچەخۆری هەرێمەوە بەرزكرابووەوە، دادگای فیدراڵی لە 21ی شوباتی 2024 بڕیاری كۆتایی خۆی لە دۆسیەی موچەو بودجەی هەرێمدا راگەیاند. بڕیارەكە 20 لاپەڕەیەو وردەكاریی یاسایی و تەنانەت سیاسیی زۆریشی تێدایەو لەپەنا بڕگەو ماددەكانی دەستوردا هەندێ پاساوی لە شەریعەتی ئیسلامیشی بۆ هێناوەتەوە. زەقترین و دیارترین تەوەرەكانی بڕیارەكەش بریتییە لە پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێم بە "بەبانکیکردن"ی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەرێم لەگەڵ گواستنەوەی بۆسەر بەغداد لەڕێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە. ئەم موچەیەش لەپشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی دەبڕدرێت.
بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە جێبەجێكردنی بڕیاری "بەبانكیكردن"ی موچەی فەرمانبەران، دادگاكە رۆڵی "نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان"ی لە بەغداد لەكارخستووە. میكانیزمی دابەشكردنی موچەشی فرەچەشن كردووە بۆ دەروازەکانی پارەدارکردن لە هەرێمی کوردستان، یان ئەو بانکانەی لە كوردستانن و لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان هەیە [6].

لایەنە ئەرێنییەكانی بڕیارەكە 
بڕیارەكەی دادگا بەشێوەیەكی گشتی پشتی بە چەند بنەمایەكی دەستوری بەستووە كە دەشێت بەئەرێنی لێكبدرێنەوە، لەوانەش:
-    جەختكردنەوە لە ماددەی 14ی دەستور كە تایبەتە بە یەكسانیی عێراقییەكان بەرامبەر یاسا بەبێ جیاكاری. هەر لەم سۆنگەیەشەوە موچەخۆرانی مەدەنی و سەربازیی هەرێمی كوردستانی، هاوتا كردووە لەگەڵ موچەخۆرانی تری فیدراڵی.
-    ستایشی گەلی كوردی كردووە كە "خاوەن بەهای مرۆیی و مۆڕاڵی نیشتمانیی بەرزە"، هەروەها "قوربانیی داوەو خەباتی دوورودرێژی كردووە دژی ڕژێمی پێشوو".
-    جەختكردنەوە لەوەی بێبەشكردنی فەرمانبەرانی هەرێم لە مافەكانی، دژی ماددەكانی (22_36)ی دەستورە و، بێبەشكردنیان جیاكارییەكی بێبنەمایە.
-    ناچاركردنی هەردوو دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەكان بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ هاوڵاتیانی هەرێم؛ ئەمەش لە بنەڕەتدا داواكاریی هەردوو گروپی خاوەن داوا بووە. 
-    پشتڕاستكردنەوەی ئەوەی كە موچەخۆرانی هەرێم لەكاتی خۆیدا موچەیان وەرنەگرتووە وەك هاوتا فیدراڵییەكانیان (2023)؛ ئەمەشی بەپێچەوانەی ماددەكانی 14 و 16 و 22 و 36ی دەستور لە قەڵەمداوە. بۆ ئەمەش دەسەڵاتی فیدراڵیی ڕاسپاردووە كە لەمپەرەكان لا ببات.
-    جیاكردنەوەی دۆسیەی شایستەیی و موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە سیاسەت و بڕیارەكانی حكومەت[7]. بەپێی ئەمەش چیتر نابێت پاساوەكانی پابەندنەبوونی هەرێم ببنە لەمپەر لەبەردەم هەناردەكردنی موچە، بەتایبەت كە دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا لە ڕاپۆرتی خۆیدا جەختی كردووەتەوە كە هەرێم بڕی نەوتی هەناردەكراوی بۆ توركیا ئاشكرا نەكردووە، هەروەها داهاتی نانەوتیی راده‌ستی خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی وردبینیی تێدا بكات [8].
-    لەدوای بەبانکیکردنی موچە، ئەو موچانە دەدرێن و نابێت بەقەرز بدرێت. ئەمەش حكومەتی هەرێم ڕزگار دەكات لە مۆتەكەی دووبارەكردنەوەی قەرزكردن كە ڕەزامەندیی زۆری پێویستەو كێشەی "سوو هاتنەسەر"شی هەیە.
-    جەختكردنەوەی دادگا لەوەی "هەرێمی كوردستان" هەرێمێکی دەستورییە، مافی لەسەر حکومەتی فیدراڵ هەیەو داهاتەكان دەبێت بەشێوەیەکی دادپەروارانە دابەش بکرێت.

لایەنە نەرێنییەكان بۆ حكومەتی هەرێم
لە بڕیارەكانی دادگادا چەند بنەماو لایەنێك هەن لە بەرژەوەندیی قەوارەی دەستوریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش نین، كە دەشێت ئەمانەی خوارەوە دیارترینیان بن:  
-    سەركۆنەكردنی حكومەتی هەرێم بەوەی ئەو قەرزانەی كردوونی، بەكاری نەهێناوە بۆ موچەی فەرمانبەران، بەبێ خستنەڕووی بەرچاوڕونیی زیاتر لەمبارەیەوە. ئەمەش وەك ئیدانە وایە بۆ حكومەتی هەرێم.
-    پەلهاویشتن بۆ باسكردنی دەسەڵاتە فیدراڵی و هەرێمییەكان و باسكردنی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی كە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵییەو بیرخستنەوەی ئەوەی، نابێت دەسەڵاتە دەستورییەكان پێشێل بكرێن. ئەم سەرنجەش هەرچەندە هاوتایە لەگەڵ دەستور (ماددەی 110)، بەڵام تێكەڵكردنی لەگەڵ بابەتی موچەو بیرهێنانەوەی، دەشێت ببێتە دەرفەت بۆ بەرزكردنەوەی داوای نوێ لەوبارەیەوە.
-    بڕیارەكە لە زۆر جومگەدا بازی داوە بەسەر وەزارەتی دارایی هەرێم. بۆ ڕێكخستنی لیستی موچەیش ڕێوشوێنێكی پەسەند كردووە كە بەمجۆرەیە:
بەرپرسی باڵای فەرمانگەو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی دروستیی زانیارییەكانی فەرمانبەران دەگرنە ئەستۆ، لە پرۆسەی بەبانکیکردنی موچەی فەرمانبەران و گواستنەوەی بۆ سەر بەغدا لەڕووی ژمارەو پلەو بڕی موچەکانیان. هەروەها دەبێت ئەو لیستی موچانە لەلایەن سەرۆکی باڵای دامەزراوەکەو بەڕێوەبەرانی وردبینیی دارایی، بەشی دارایی، سەرچاوە مرۆیییەكان واژۆ کرابێت. لەم میكانیزمەشدا خۆلادان و خۆبواردن لە ناوهێنانی "وەزارەتی دارایی" هەیە؛ لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵی، كراوە بە سەنتەرو مەرجەعی وردە فەرمانگەكانی هەرێم.

 لێكەوتەكانی بڕیارەكە لەسەر حكومەتی فیدراڵ   
بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەربارەی موچە، چەند جۆرە لێكەوتەیەكیان هەیە، لە مەودای نزیك و مەودای دووردا:
١-  لە مەودای نزیكدا خەرجی و بارگرانیی زۆری كارگێڕی و دارایی بۆ حكومەتی فیدراڵی دروستدەكات، لە كاتێكدا قسەوباسی زۆر هەیە كە كێشەی سیولەی نەختینەییی هەیە، چونكە بڕیارەكە حكومەتی پابەند كردووە بە ڕەوانەكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هەموو بارودۆخێكدا؛ تەنانەت ئەگەر هەرێمیش پابەند نەبێت بە یاسای بودجە.
بەم هۆیەوەو لەم سەروبەندەدا پارێزەرەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی، لە 11ی شوباتی 2021دا جەختیان لەوە كردووەتەوە "حکومەتی فیدراڵی تایبەتمەند نییە بە پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو دوور لە پشکی هەرێمی کوردستان. بۆچوونی پارێزەرەكان ئەوە بووە بەگوێرەی ماددەی 121 لە دەستور، حکومەتی فیدراڵی پابەندە بە تەرخانکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتە فیدراڵییەکان بەگوێرەی رێژەی دانیشتوان". هەروەها پارێزەرەکانی سودانی وتویانە، حکومەتی فیدراڵی بەگوێرەی یاسای بودجەی فیدراڵیی (2023، 2024 و 2025) پابەند نییە بەوەی راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات، چونکە ماددەی 13ی بودجە (2023) پشکەکانی هەرێمی کوردستان بە یەکەیەک دادەنێت و، ئەویش لەچوارچێوەی بودجەی گشتیی فیدراڵی یەکدەخرێت. لە نوسراوێكی دادگاکەدا هاتووە، "پارێزەرەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەیان بە چەندان بڕگەی یاسای بودجەی فیدراڵیی عێراق کردووە بۆ بەرگریکردن لە بۆچوونەکەیان، لەوانەش: بەشێك لە ماددەی 12 کە دەڵێت، "وەزارەتی دارایی فیدراڵی شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەدات بەشێوەیەکی مانگانە دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی (ا.ب.ج.د) لەو بەندە جێبەجێ دەکات"، ئەو بڕگانەش تایبەتن بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی بەڕێژەی 400 بەرمیلی ڕۆژانە، لەگەڵ پاكتاوكردنی بودجەی ساڵانی ڕابردوو.
ئەو پارێزەرانە ئەوەشیان ڕاگەیاندووە، هەرێمی کوردستان پابەند نەبووە بە بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵییەوە؛ بۆیە سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندکراوە بە گوێرەی دەقە یاسایییەکان و بەتایبەتی بڕگەی یەکەم لە ماددەی 13 لە یاسای بودجەی فیدراڵی، شایستەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت؛ لەنێویدا شایستەی فەرمانبەران.[9]
٢-  بڕیارەكە لە مەودای دووردا زەبری گەورە لە فیدراڵیزمی دارایی دەدات ئەگەر كۆتایی پێ نەهێنێت، چونكە حكومەتی فیدراڵ دەكاتە سەرچاوەی موچەی خەڵكی كوردستان. هەندێك بۆچوونیش پێیانوایە ئەم بڕیارە بەکردار کۆتایی بەو سەربەخۆیییە داراییە دەهێنێت كە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم كەڵكی لێ بینیوەو لەسەری وەستاوە؛ بەر لەوەی ئەو سەربەخۆییە داراییە تووشی ئیفلیجی ببێت لە پاش 25ی ئاداری 2023 كە تێیدا فرۆشتنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس وەستا[10]. ئەم پێشهاتەش خزمەت بە ناوەندگەرایی و بیرۆكەی "عێراقی بەهێزی یەكگرتوو" دەكات كە ئەجێندای زۆر لە هێزە سیاسییە حوكمڕانەكانی شیعەیە.

لێكەوتەكان لەسەر حكومەتی هەرێم
بڕیاری دادگا لەبارەی موچە، بەشێكە لە زنجیرەیەك بڕیاری تری جومگەیی دەربارەی هەرێم (دۆسیەی نەوت، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و…) كە بەدەرە لە سازان و ڕێكکەوتنە سیاسییەكانی جاران لەگەڵ بەغدا. بڕیارەكانیش بەشێكن لە هاتنەسەرهێڵی بەردەوامی دادگاكە بۆ نێو وردەكارییەكانی ژیانی سیاسی و ئابوری و كارگێڕیی هەرێم، هاوشێوەی ناوچەكانی تری بندەستی حكومەتی فیدراڵ.
بەپێی ئاماژەكانی ئەم دوو ساڵەی دوایی، لە قۆناغی داهاتوودا دادگا دەبێتە بكەرێكی سیاسیی كارا لە سیستەمی سیاسیی كوردستان و عێراق، بەم هۆیەشەوە لەسەرجەم یاساو ڕێنمایییەكاندا لەبەرچاوگرتنی بڕیارو بۆچوونەكانی، دەكاتە پێویستی، بەتایبەت لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمدا. ئەمەش گۆڕاو و پێشهاتێكی نوێیە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەم دادگایە لە پاش 2005 هەمان ئەم دەسەڵاتانەی ئێستای هەبووە، بەڵام لە قۆناغ و ستافی پێشوویدا دەرگای نەكردووەتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ناویژیوان و لایەن لە كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان یان كێشەكانی هەولێرو بەغدا؛ لە كاتێكدا پێشهاتی زۆر هەستیار هەبوون لە چەشنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێم (حوزەیرانی 2013)و قەیرانی سەرۆكایەتیی هەرێم (2015)و زۆر پێشهاتی تری سیاسی و یاسایی.
بەلایەنبوونی دادگای فیدراڵی لە پرسە ناوخۆییەكانیش پێشهاتێكی ناسازە بۆ حكومەت و لایەنی جێبەجێكردن لە كوردستان، چونكە سروشتی بڕیاری دادگایی وەهایە کە، بنجبڕە، تیژە، گوێ بە سازان و ڕێككەوتن نادات، نەرمكێشیی تێدا نییەو بەپێی دەستوریش میكانیزمێك نییە بۆ تانەدان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و، دوا قسە لەلای ئەوە (ماددەی 94).
سیستەمی سیاسی و حیزبیی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق زۆرتر پشت بە بەرخۆری (الریعیە)و بەخشینەوە (الزبائنیە) دەبەستێت، لەم سۆنگەیەشەوە سەرچاوەی موچەو بودجە لە هەر کوێوە بێت، پشتیوانی و سۆزی خەڵکیش بۆ خۆی ڕادەکێشێت. گەڕانەوەی موچە لە هەرێمەوە بۆ ناوەند بەتەنیاو لەكارخستنی كردەییانەی وەزارەتی دارایی هەرێم، دەشێت كاریگەری و لێكەوتەش لەسەر نەخشەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دروستبكات لە بەرژەوەندیی هێزی تری نوێ.

خوێندنەوە یاساییەكانی كۆی بڕیارەكانی دادگا
بۆچوونێكی یاسایی هەیە پێیوایە، بڕیارەكانی دادگا دەربارەی هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی دواییدا، لەنێویشیاندا دەربارەی موچەی فەرمانبەران و یاسای هەڵبژاردن، قۆناغێكی نوێیە لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەقە دەستورییە پەتییەكان دوور لە ڕێككەوتنە سیاسییەكان و "پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی" كە جاران بنەما بوون لە دیموكراسییەتی تەوافوقیدا. بەپێی ئەم بۆچوونە پێشتر سازان و پێكهاتنی سیاسی لەسەروو دەستورەوە دادەنرا، بەڵام دادگاكە ئێستا دەیەوێت ئەم بنەمایە هەڵوەشێنێتەوەو پەیوەندییەكە بگێڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەقەكان[11]. ئەم هاوكێشە نوێیەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە، چونكە دەسەڵات و پێگەكەی، لە دەستورو هەرێمێكی فیدراڵ زیاترو بەرینترە؛ ئەگەریش بگەڕێتەوە بۆ چوارچێوەی دەستور، ئەوە زۆر لە دەسەڵاتە دیفاكتۆكانی لەدەستدەدات، لە چەشنی: نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە وڵاتان و زۆر ئیمتیازی تری لەو چەشنە.
بۆچونێكی تر پێیوایە دادگا ئێستا بەكردەیی دەستور هەموار دەكاتەوەو لەڕێگەی شرۆڤەكانییەوە، مانای نوێ بە دەقەكانی دەستور دەبەخشێت، بەتایبەت پاش ئەوەی دەركەوتووە هەمواری دەستور بەڕێگە باوە نەریتییەكەی، كە ڕاپرسییە (ماددەی 142)، لە ئێستادا ئەستەمەو هەندێك لەمپەری جددیشی لەپێشە[12].
ئەم هەموارە ڕانەگەیەنراوەی دەستوریش ئەگەر گریمانەیەكی وردو دروست بێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە بكەری سیاسیی كورد لە دۆخی لاوازی و قەیرانی دارایی و پەرتەوازەییدایەو بەشێكی زۆر لە هێزی پاش 2005ی لەدەستداوە؛ جگە لەمەش ئەمریكییەكان كە خاوەنی دەستورەكەو باوكی دامەزرێنەری ڕژێمەكەن، وەك جاران ناچنە نێو وردەكاریی پرسە سیاسییەكانی عێراق و لە هەمبەر زۆر بڕیاری دادگای فیدراڵیدا كە پێگەو دەسەڵاتی هەرێمی كەمكردووەتەوە، بێدەنگیان هەڵبژاردووە (هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گاز بە نمونە). لە ناوەندی سیاسیی كوردیشدا داننان هەیە بەوەی بڕیارەكانی دادگا دوو دیویان هەیە: لە ڕواڵەتدا پاڵنەری سیاسیییان پێوە دیار نییەو یاسایی و وردن، بەڵام لە سێبەردا لێكەوتەی سیاسییان هەیە[13]. ئەمەیش بە مانای ئەوە دێت شارەزایانە دادەڕێژرێن و كۆكن لەگەڵ گیانی پابەندیی دەستوری، كە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نییە.

تۆمەتە سیاسییەكانی سەر دادگاكه‌
ئامانجی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە پێكهێنانی دادگای باڵای فیدراڵی، دروستكردنی هێڵێكی بەرگری بوو لە سەروەریی یاسا لە عێراقی پاش سەددام (2003). ئەم دادگەیەش لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵاتی دادوەری دانراوە كە ئەویش لە چەند جومگەیەكی تری سەرەكی پێكدێت[14]. بەڵام زۆرجار دادگاكە تۆمەتبار كراوە بەوەی بەرگری لە تائیفەگەری دەكات، بەو پێیەی ئەندامەكانی بەپێی نەخشەی تائیفی پێكدێن (شیعە، سوننە، كورد)؛ هەروەها دادگاكە دەرچەی یاسایی كردەوە بۆ ئەوەی نوری مالیكی بۆ جاری دووەم بە سەرۆك وەزیران ڕابسپێردرێت[15]، لەكاتێكدا ئەیاد عەلاوی و لیستەكەی (العراقیە) براوە بوون (2010).
لەئێستاشدا دادگاكە بەوە تۆمەتبارە كە فەرمان لە "فایەق زەیدان" وەردەگرێت كە سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەرییەو هاوپەیمانی بەرەی ئێرانییە لە عێراق. ئەوەش دەوترێت، ناوبراو بەهۆی هەموارە یاسایییەكان و دەسەڵاتە زۆرەكانییەوە كۆنترۆڵی دادگای باڵای فیدراڵیی كردووە، بەتایبەت هی سەرۆكەكەی (جاسم محەمەد عەبود). هەر لەم ڕێگەیشەوە زنجیرەیەك بڕیاری لە بەرژەوەندیی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی"و دژی ڕكابەرەكانی (ڕەوتی سەدر، حەلبوسی، پارتی) دەرکردووە[16]. ئەوەشی نیگەرانییەكان لە دادگاكە زیاتر دەكات ئەوەیە، سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەریی، فایەق زەیدان لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بۆچوونی سیاسیی خۆی ئاشكرا كردووەو، نەیشاردووەتەوە کە دژی پێكهێنانی هەرێمە لە عێراق و ئاماژەی كردووە كە ڕێگەی پێ نادات؛ لە كاتێكدا ئەمە مافێكی ڕێگەپێدراوی یەكلاییکراوەی پارێزگاكانە لە دەستوردا (ماددەی 119). زەیدان بەوە پاساوی هێناوەتەوە بۆ ئەم قسەیەی، كە بارودۆخی ئێستا لەچاو "دۆخی داڕشتنی دەستور گۆڕاوە". هەروەها پاساوێكی تری ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ پێكهێنانی هەرێمەكان بوون؛ "ئێستا بۆچوونیان گۆڕاوە"، بەبێ ئەوەی ناوبراو ئاماژە بە هیچ داتاو ڕاپرسییەك بكات.
بە لای فایەق زەیدانەوە هەرێمی كوردستان "دۆخێكی تایبەتی دانپێدانراوی هەیە" چونكە "واقعێكی جوگرافی و نەتەوەیی بەر لە بەركاربوونی دەستوورە"؛ هەروەها "لە 1991 لە دەرەنجامی گرتنی كوێت و لێكەوتە خراپەكانی سیاسەتی شكستخواردووی ڕژێمی پێشوو دروستبووە" [17]. بەم پێیەش سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری، یان خۆی لا داوە یان بێئاگایە لە پێشینەی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردو شۆڕش و بزوتنەوەكانی؛ شەرعییەتی هەرێمی كوردستانیشی كورتكردووەتەوە بۆ یەكێك لە دەرەنجامەكانی داگیركردنی كوێت و "سیاسەتە شكستخواردووەكانی ڕژێمی پێشوو". ئەم لێدوان و خوێندنەوەی "زەیدان"یش ڕەخنەو كاردانەوەی سیاسی و دادوەریی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەوپێیەی ڕادەربڕینی سیاسیی سەرۆكی دەزگای دادوەری و ڕەتكردنەوەی مافە دەستورییەكان، جگە لە نەگونجانی، "ڕووداوێكی بێپێشینە"شە، لانی كەم لە عێراقی پاش 2003[18]. 
بۆچوونێكی تر هەیە پێیوایە لە ئێستادا دادگا لایەنێكی سیاسییەو ئەركی پاراستن و چەسپاندنی "سیستەمی ئۆلیگارشی"ی حوكمڕانە لە عێراق لەبەر ڕۆشنایی هاوكێشەی هێز؛ ئەم ئەركەش هاوشێوەی ئەركی هێزەكانی "حەشدی شەعبی"یە كە ئەركی "پاراستنی سیستەمی سیاسی"ی خراوەتەئەستۆ[19]. نزیك لەمەش هەندێ چاودێری تری بڕیارەكانی دادگاكە، سورن لەسەر ئەوەی بڵێن دادگای فیدراڵی لەئێستادا "لەسەر خواستی كارەكتەری بەهێزی شیعی بڕیاری دیلیڤەری دەردەكات!"[20] لەسەر ئەم تۆمەتەش دادگاكە هاتە سەر هێڵ و تۆمەتەكەی بە "نائەخلاقی" دایە قەڵەم و نوسراوی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كە بەرەنگاری خاوەنەكەی و ئەو مینبەرانەش ببنەوە كە لێوەی بڵاودەكرێتەوە[21].

بژاردە بەردەستەكان
لەو دۆخی بەدگومانی و ڕەخنانەی هاتونەتە پێشەوە لە دادگاكەو بڕیارەكانی، بژاردەی دەستوری و بەردەست، هەوڵدانە بۆ دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی بەدەنگی 2/3ی پەرلەمانتاران و دروستكردنی دادگایەكی دەستوری كە زیاتر جێگەی متمانە بێت و میكانیزمەكانی پێكهێنانی، زیاتر جێگەی ڕەزامەندی بێت؛ هەروەها دادوەرەكانیشی زیاتر پسپۆڕی یاسای دەستوری بن وەك لەوانەی ئێستا.
لەسەر ئاستی بڕیاری موچەش دادگا چەند دەرگایەكی بۆ چارەسەركردن كردووەتەوە؛ بۆ وردەكارییەكەشی جگە لە دانوستانی وردو هەوڵدان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەبارەی میكانیزمەكان، چارەیەكی تر بەردەست نییە، چونكە لە كوردستان ژیانی سیاسی و یاسایی كێشەی زۆری هەیە؛ لەلایەك پەرلەمانی نییە، لە لاكەی تر دابەشبوونی سیاسی هەیە.
بۆ گێڕانەوەی سەنگ و هێزیش بۆ بژاردەی فیدراڵیزم، جگە لە هەوڵدان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریكاو ئەو ئەوروپییانەی پەیوەندیدارن بە هەرێم، ڕێكخستنەوەی ناوخۆی كوردستان و دروستكردنی كۆدەنگی لەسەر خاڵە نەگۆڕە گشتگیرەكان یەكێكە لەو ڕێگەیانەی دەشێت هێز بداتەوە بە قەوارەی دەستوریی هەرێم، ئەگەرنا نزیكترین سیناریۆ لە هەرێمی كوردستانەوە دۆخی پارێزگا سوننەنشینەكانە كە جگە لە بزربوونی پرسی ناوەندیی پێكهاتەكەیان، وردە وردە خەریكە پێگەو پۆستەكانیشیان لەدەستدەچێت و مانەوەی ماوەدرێژی "كورسیی سەرۆكایەتیی پەرلەمان"یش بەچۆڵی، نموونەیەكی زەقە. 
سه‌رچاوه‌كان: 

[1]  https://www.iraqfsc.iq/news.1518/

[2]  https://bit.ly/3Po6Grt

[3]  https://www.iraqfsc.iq/news.4663/

[4]  https://bit.ly/49Tijy8

[5]  https://bit.ly/430v4VE

[6]  https://bit.ly/3UYiK6m

[7]  https://bit.ly/48yxAU6

[8]  https://bit.ly/435QBft

[9]  https://bit.ly/4bVHdyV

[10]  https://bit.ly/3wBIvPH

[11]  https://bit.ly/3ThqqPO

[12]  https://bit.ly/3V0rskw

[13]  https://bit.ly/3URAgci

[14]  https://bit.ly/3P2fF10

[15]  https://www.ina.iq/99360–.html

[16]  https://bit.ly/4c63qL0

[17]  https://www.ina.iq/203350–.html

[18]  https://bit.ly/3TefcLU ؛

 https://bit.ly/3TfMtpO
https://bit.ly/49S2WpP

[19]  https://bit.ly/3V0apPk

[20]  https://bit.ly/3P66Tz9

[21]  https://bit.ly/3uNWGk5

ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ خانه‌ی هزریی كوردستان نوسراوه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand