Draw Media

"رێككه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت"

"رێككه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت"

2024-03-02 10:37:43


(دره‌و): 
رێككه‌وتن هه‌یه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق واده‌ڵێ. 
فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە سێهەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیادا له‌ توركیا رایگه‌یاند، لەو کۆبونەوانەی لەگەڵ لایەنی تورکی ئەنجامیانداوه‌، ئاماژەمان بەوە کرد هێڵی بۆرییەکە ئامادەیە بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان. 
فوئاد حسێن وتی: تورکیاش ئامادەیی نیشاندا بۆ کردنەوەی هێڵی بۆریەکەو حکومەتی هەرێمیش ئامادەی هەناردەکردنەوەی نەوتە.
"رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە لەنێوان بەغدادو هەولێردا هەیە، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بەغداد لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە هەرێم کاردەکەن کۆبوەتەوە" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق وا ده‌ڵێ.
وەزیری دەرەوەی عێراق هیوای خواست حکومەتی فیدراڵ ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و، لە دوای چارەسەرکردنیشی گفتوگۆ دەکرێت لەسەر هەناردەکردنی نەوت لە بەندەری جەیهان.
له‌ 25ی ئازاری 2023وه‌ به‌هۆی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریسه‌وه‌، توركیا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی راگرت، فرۆشی نه‌وت رێژه‌ی 80%ی داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی پێكده‌هێنا.
له‌ ئۆكتۆبه‌ری رابردووه‌وه‌ توركیا ئاماده‌ی نیشانداوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له‌ به‌غداد نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌نجام بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده، خاڵی سه‌ره‌كی ناكۆكییه‌كان په‌یوه‌ندی به‌ نرخی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وته‌، له‌ یاسای بودجه‌ی فیدراڵدا به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بڕی  (6) دۆلاری داناوه‌، حكومه‌تی هه‌رێم به‌ (24) دۆلار گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان كردووه‌، هه‌ردوولا تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌باره‌ی نرخێكی نوێ. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand