Draw Media

%55ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌دای كاركردنی سودانییان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌

%55ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌دای كاركردنی سودانییان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌

2024-02-17 11:00:01


(دره‌و):
به‌پێی راپرسییه‌كی دامه‌زراوه‌ی (گاڵوپ)ی ئه‌مریكا، له‌دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له‌ 2014، محه‌مه‌د شیاع سودانی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌ كه‌ خه‌ڵكی عێراق زۆرترین متمانه‌یان پێی هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان 55%ی خه‌ڵك ئه‌دای كاركردنی سودانییان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌.
دامه‌زراوه‌ی (گالوپ)ی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكدا باسله‌وه‌ ده‌كات" باوەڕی عێراقییەکان بە دامەزراوە سیاسی و نیشتمانییەکانیان ساڵی ڕابردوو بەرزبووەته‌وه‌". 
به‌پێی راپۆرتی ئه‌م دامه‌زراوه‌ به‌ناوبانگه‌ی ئه‌مریكا" ساڵی رابردوو متمانه‌ی هاوڵاتیانی عێراقی به‌  دامه‌زراوه‌ سیاسی و نیشتمانییه‌كانیان گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستێكی پێوانه‌یی و رێژه‌ی 56%ی هاوڵاتیان متمانه‌ی خۆیان به‌و حكومه‌ته‌ نیشانداوه‌ كه‌ كۆتاییه‌كانی 2022 دامه‌زراوه‌". 
"ئه‌م ژماره‌یه‌ به‌ئاسانی هه‌موو پێوه‌ره‌كانی پێشتر له‌ ساڵی 2008وه‌ تێده‌په‌ڕێنێت، به‌ڵام له‌ناوچه‌یه‌كی وه‌كو رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقادا كه‌ متمانه‌بوون به‌ حكومه‌ته‌ نیشتمانییه‌كان ده‌گمه‌نه‌، متمانه‌كه‌ی عێراق شتێكی جیاوازه‌" راپۆرته‌كه‌ وا ده‌ڵێ. 
"له‌م ناوچه‌یه‌ ته‌نیا ئێرانییه‌كان به‌ڕێژه‌ی (60%)و ئوردنییه‌كان به‌رێژه‌ی (77%) له‌ عێراقییه‌كان زیاتر متمانه‌یان به‌ حكومه‌ته‌كانیان هه‌یه‌".  
به‌گوێره‌ی راپرسییه‌كه‌ی (گالوپ)، له‌دوای 2014وه‌ كه‌ داعش هێرشی كرده‌سه‌ر عێراق، ساڵی رابردوو بۆ یه‌كه‌مجار رێژه‌ی 51%ی هاوڵاتیانی عێراقی متمانه‌ی خۆیان به‌ سه‌ركردایه‌تیی وڵاته‌كه‌یان و سه‌رۆك وه‌زیران (محه‌مه‌د شیاع سودانی) نیشانداوه‌. ئێستا عێراقییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی تر ته‌ماشای سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن به‌به‌راورد به‌ زۆرێك له‌ وڵاتانی تری دراوسێیان له‌ ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ ساڵی 2019دا كه‌ سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانی تشرین بووه‌، دۆخه‌كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بووه‌و ته‌نیا 13%ی هاوڵاتیانی عێراقی متمانه‌یان به‌ سه‌ركردایه‌تیی وڵاته‌كه‌یان هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانی كه‌متر بوو له‌ رێژه‌ی متمانه‌ له‌وڵاتانی دراوسێ. 
راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات" ئه‌م بۆچوونه‌ ئه‌رێنییانه‌ له‌باره‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا وه‌كو یه‌ك نییه‌، بۆ نمونه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان 29%ی خه‌ڵك متمانه‌یان به‌ سه‌ركردایه‌تی عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ناوچه‌كانی تری رێژه‌ی متمانه‌ بۆ حكومه‌ت 55%ه‌". 
له‌ ساڵی 2023دا محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رێژه‌ی 69%ی متمانه‌ی هاوڵاتیانی به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌مه‌ش به‌رزترین رێژه‌یه‌ كه‌ گالوپ له‌ ساڵی 2012وه‌ بۆ سه‌ركرده‌یه‌كی عێراقی تۆماریكردووه‌.
"ئه‌و عێراقییانه‌ی كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ (30 ساڵ) كه‌متره‌و پاڵنه‌ری به‌هێزی پشت ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی 2019 بوون، هه‌مان ئاستی تێڕوانینی ئه‌رێنییان به‌رامبه‌ر به‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی هه‌یه‌ به‌رێژه‌ی 68%و هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ ته‌مه‌نن، به‌ڵام له‌ناو دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستاندا رێژه‌ی 55%ی خه‌ڵك ره‌زامه‌ندن له‌سه‌ر شێوازی كاركردنی سودانی (ئه‌مه‌ به‌به‌راورد به‌ 71%ی بۆچونی دانیشتوانی ناوچه‌كانی تری عێراق). 
گاڵوپ ده‌ڵێ: سه‌رباری ئاماژه‌كانی سه‌قامگیری سیاسی، به‌ڵام هێشتا رێژه‌ی 86%ی هاوڵاتیانی عێراقی پێیانوایه‌ گه‌نده‌ڵی له‌ وڵاته‌كه‌یان به‌ربڵاوه‌، كه‌ به‌رزترین رێژه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان، هه‌روه‌ها سێ له‌سه‌ر چواری به‌شداربووان (76%) پێیانوایه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق خاوێن نین. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand