براوه‌و دۆڕاوه‌كانی "كشانه‌وه"ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له عێراق كێن ؟
2024-02-15 08:53:44
(دره‌و)- راپۆرتی: بی بی سی
به‌مدواییه گفتوگۆی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی له عێراق ده‌ستیپێكردوه‌ته‌وه.
به‌یاننامه‌ی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووی لیوا (یه‌حیا ره‌سوڵ) وته‌بێژی سوپای عێراق ده‌ڵێ، گفتوگۆكان باس له خشته‌یه‌كی زه‌مه‌نیی ده‌كه‌ن بۆ " كه‌مكردنه‌وه‌ی پله به‌پله‌ی راوێژكارانی سه‌ربازی تا ده‌گاته كۆتایهێنان به ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش" له عێراق.
ئه‌م گفتوگۆیانه هاوكاته له‌گه‌ڵ زیادبوونی هێرشی نیمچه رۆژانه له‌نێوان گروپه چه‌كداره‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و سوریا.
له‌دوای هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له كه‌رتی غه‌ززه له 7ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوودا، ئه‌و هێزانه (هێزه بیانییه‌كان) روبه‌ڕووی زیاتر له (165) هێرش بونه‌ته‌وه.
به‌غدادو واشنتۆن له سه‌ره‌تای كانونی دووه‌می رابردووه‌وه ئه‌م گفتوگۆیه‌یان ده‌ستپێكرد، ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ی "لیژنه‌ی باڵای سه‌ربازی" هاوبه‌شدا، به‌ڵام له 28ی هه‌مان مانگدا گفتوگۆكان هه‌ڵپه‌سێردرا، ئه‌مه‌ش دوای هێرشی فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان كه بووه هۆی كوژرانی (3) سه‌ربازی ئه‌مریكی له ئوردن و له‌سه‌ر سنوری سوریا، له‌م رووداوه‌دا واشنتۆن ئه‌و گروپه توندڕه‌وانه‌ی تۆمه‌تباركرد كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه كه تاران ره‌تیده‌كاته‌وه.
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له گه‌ڕی یه‌كه‌می دانوستاندا له‌گه‌ڵ لیوای ئه‌مریكی (جویل بی جی)
هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی چییه ؟
له 10ی ئه‌یلولی 2014دا، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا پیكهێنانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ روبه‌ڕووبونه‌وه‌و له‌ناوبردنی رێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام "داعش" راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی پرۆسه‌ی سه‌ربازی هاوبه‌شه‌وه به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا له‌دژی رێكخراوه‌كه.
هێزه‌كانی ئه‌مریكا پایه‌ی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی پێكده‌هێنن، كه پرۆسه سه‌ربازییه‌كانی خۆی به وه‌شاندنی گورزی ئاسمانی دژی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه له عێراق و سوریا ده‌ستپیكردو شه‌ڕه‌كه‌ی بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به‌رده‌وام بوو.
له كانونی یه‌كه‌می 2017دا، حكومه‌تی عێراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ركه‌وتنیان به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند.
ئێستا واشنتۆن نزیكه‌ی (2 هه‌زارو 500) سه‌ربازی له عێراقدا هه‌یه، نزیكه‌ی (900) سه‌ربازیشی له سوریادا هه‌یه له‌چوارچێوه‌ی روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعشدا.
واشنتۆن ئێستا نزیكه‌ی 2500 سه‌ربازی له عێراقدا هه‌یه
بۆچی عێراق داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كان ده‌كات ؟
وه‌كو وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ هێرشی گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێران، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی هێرشیان ده‌ستپیكردو ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی گروپه عێراقییه‌كانی سه‌ربه ئێرانیان كرده‌ئامانج، ئه‌مه وایكرد به‌غداد داوای كۆتایهێنان به ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بكات له وڵاته‌كه‌ی.
له دیارترین ئه‌و هێرشانه‌ی كه له سه‌ره‌تای كانونی دووه‌می رابردوودا روویاندا، ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مریكا بوو كه "موشتاق تالب سه‌عیدی" تێدا كوژرا كه به "ئه‌بو ته‌قوا" ناسرا بوو، فه‌رمانده بوو له بزوتنه‌وه‌ی (نوجه‌با) كه یه‌كێك له میلیشیا عێراقییه‌كانه له‌ناو گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا.
له كاتێكدا واشنتۆن وه‌كو مافی به‌رگری له‌خۆكردن پاساوی بۆ هێرشه‌كه هێنایه‌وه، عێراق ئه‌م جۆره هێرشانه‌ی وه‌كو كرده‌وه‌یه‌كی دوژمنكارانه زانی، كه زیان به به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی ده‌گه‌یه‌نێت و سه‌روه‌ریی و ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات تێكده‌دات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ئامانجه‌یه كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه سه‌باره‌ت به ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعش.
رۆژی چوارشه‌ممه 7ی شوباتی ئه‌مساڵ، ئه‌بوباقر ساعدی فه‌رمانده له كه‌تیبه‌كانی "حزبوڵای عێراق"ی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی، له هێرشێكی ئه‌مریكادا كوژرا، كه له خۆرهه‌ڵاتی به‌غداد ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كرده‌ئامانج.
به‌رپرسێكی ئه‌مریكا به تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی راگه‌یاند، واشنتۆن تا دوای هێرشه‌كه به‌غدادی ئاگادارنه‌كردوه‌ته‌وه، به‌هۆی "مه‌ترسی ئه‌منیی ئۆپراسیۆنه‌كانه‌وه".
له وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا، به‌غداد جه‌ختی كرده‌وه دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشی هێزه‌كانی ئه‌مریكا وا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات " له‌هه‌ر كاتێك زیاتر" كۆتایی به ئه‌ركی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیی بهێنێت.
له 10ی شوباتدا، په‌رله‌مانی عێراق داوایكرد كۆتایی به ئه‌ركی هێزه بیانییه‌كان بهێنرێت، پرۆژه‌یاسایه‌كی له‌مباره‌یه‌وه ره‌وانه‌ی حكومه‌ت كرد.
ئه‌مه جاری یه‌كه‌م نییه كه عێراق داوای كۆتایهێنان به ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی ده‌كات، له‌سه‌روبه‌ندی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای ئه‌مریكا له به‌غداد له كانونی دووه‌می 2020، په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیدا بۆ كۆتایهێنان به بوونی سه‌ربازی ئه‌مریكا له وڵات‌دا.
له ناوه‌ڕاستی ئابی 2023دا، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق جه‌ختیكرد، عێراق پێویستی به هێزه بیانییه‌كان نییه له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی، به‌ڵام ئه‌مجاره داواكارییه‌كان له فشاری جه‌ماوه‌ریی و گروپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێرانه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه.
ئایا به‌ڕاستی ده‌كرێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق بكشێنه‌وه؟
وه‌ڵامه‌كه به كورتی "نه‌خێر"ه.
حه‌یده‌ر به‌سیر رۆژنامه‌نوس و مافناسی عێراقی وای ده‌بینێت و ده‌ڵێ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له عێراق ناكشێنه‌وه‌و ئه‌م دانوستانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی كاتی زیاتره له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه.
له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ بی بی سی وتی:" هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له عێراق ناكشێنه‌وه، واشنتۆن به ئاشكرا ئه‌وه‌ی نیشانداوه كه ئاره‌زووی كشانه‌وه ناكات، ئاماژه‌ی به‌هێزیش بۆ ئه‌مه هه‌یه، به‌له‌به‌رچاوگرتنی دۆخی ناوچه‌یی كه رێگا به‌و كشانه‌وه‌یه نادات، چونكه ره‌نگه ئێران ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه كه له‌ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه دروست ده‌بێت".
به‌سیر ئه‌زموونی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له ئه‌فغانستان له ساڵی 2021دا به‌بیر ده‌هێنێته‌وه، كه به "خاڵێكی ئه‌خلاقی دژی واشنتۆن و پاڵنه‌رێكی مه‌عنه‌وی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی دوژمنه‌كانی" دانرا، بۆیه كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق به شكست بۆی ئه‌ژمارده‌كرێت نه‌ك كشانه‌وه‌ی له‌رێگای دانوستانه‌وه".
ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی پاسه‌وانی ته‌رمه‌كه‌ی ئه‌بوباقر ساعدی ده‌كه‌ن له 8ی شوباتدا
"هاوسه‌نگیی ناوچه‌یی"
به‌سیر وای ده‌بینێت بوونی ئه‌مریكا له عێراق هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ژموونی ئێران‌دا، هاوسه‌نگییه‌كی گرنگ بۆ واشنتۆن دروستده‌كات، ئه‌مه له‌پاڵ هه‌ژموونی توركیا‌و وڵاتانی كه‌نداو له عێراقدا.
به‌سیر ده‌ڵێ:" هه‌روه‌ك چۆن سوریا پارێزگاری له رێساكانی شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكاو روسیا ده‌كات، عێراقیش پارێزگاری له رێساكانی شه‌ڕی نێوان ئه‌مریكاو ئێران ده‌كات".
"به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌مه ئه‌وه‌یه، بۆردومانی ئێرانی (كه گروپه عێراقییه‌كانی سه‌ربه ئێران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن) سنورداره‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مریكاش هه‌رچه‌نده وێرانكه‌ر بێت، به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه سنورداره، بۆیه ئه‌گه‌ر واشنتۆن بكشێته‌وه ئه‌م ئه‌م هاوسه‌نگییه گرنگه له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێران له‌ده‌ستده‌دات".
ئایا هۆكارێكی تر هه‌یه وا له واشنتۆن بكات بكشێته‌وه ؟
دكتۆر محه‌مه‌د عه‌باس ناجی توێژه‌ر له سه‌نته‌ری ئه‌هرام بۆ توێژینه‌وه سیاسییه‌كان له قاهیره وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێ بوونی ئه‌و هێزانه له عێراق و سوریا روبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامیان ده‌كاته‌وه، له‌دوای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كانی گه‌رده‌لولی ئه‌قساوه روبه‌ڕووی زیاتر له 160 هێرش بوونه‌ته‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار 3 سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌و هێرشه‌دا كوژران كه بنكه‌ی بورجی 22ی له ئوردن كرده‌ئامانج، "ئه‌مه پاڵنه‌رێكی به‌هێزه بۆ كشانه‌وه".
كێ دۆڕاو و كێ براوه‌یه ؟
كشانه‌وه ده‌رفه‌ت به ئێران و توركیا‌و روسیا ده‌دات دۆخی ئه‌منی و سیاسی خۆیان له عێراق و سوریا رێكبخه‌نه‌وه
له‌باره‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه له‌ئه‌گه‌ری كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكادا دۆڕاو ده‌بن، به‌سیر ده‌ڵێ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سوننه‌ی عێراق دیارترین دۆڕاوه‌كان ده‌بن.
"كورد‌و سوننه كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا ره‌تده‌كه‌نه‌وه، چونكه باش ده‌زانن حكومه‌تی عێراق لاوازه‌و ره‌نگه هه‌ژموونی ئێران له وڵاته‌كه‌یان به‌سه‌ر هه‌ژموونی واشنتۆندا زاڵ ببێت" به‌سیر وا ده‌ڵێ.
ئاماژه به‌وه‌ده‌كات" ئێران میلیشیای شیعه‌ی سه‌ربه خۆی هه‌یه، توركیا شه‌ڕی پارتی كرێكارانی كوردستانی ده‌كات كه له باكوری عێراقدا چالاكن، بۆیه كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌چێته به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دوو وڵاته".
سوننه‌و كورد له‌م كشانه‌وه‌یه ده‌ترسن، چونكه بۆشاییه‌كی گه‌وره دروستده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا كه متمانه‌یان به ئێران نییه‌و باشبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران له‌گه‌ڵ سعودیه به‌مدواییه ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوننه‌و كورد له عێراق نه‌بووه، به‌پێی ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر به‌سیر باسی لێوه ده‌كات.
محه‌مه‌د عه‌باس ناجی وای ده‌بینێت حكومه‌ت و میلیشیا عێراقییه‌كان و ئێران دیارترین براوه ده‌بن له حاڵی كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكادا.
له په‌یوه‌ندییه‌كدا له‌گه‌ڵ بی بی سی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد:" كشانه‌وه به‌واتای ئه‌وه دێت ئێران ئۆتۆماتیكی ئه‌و بۆشاییه پڕده‌كاته‌وه كه دروست ده‌بێت، بۆیه سودمه‌ندی یه‌كه‌م نه‌یاری سه‌ره‌كیی ناوچه‌یی ئه‌مریكا ده‌بێت و، ئێران وه‌كو سه‌ركه‌وتنی خۆی وێنای ده‌كات هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له ئه‌فغانستان كردی- به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ش سودی لێ ده‌بینێت".
له‌پاڵ ئه‌مه‌دا، میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ربه ئێران سودی لێ ده‌بینن و هه‌وڵ بۆ "به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆیان و كۆپیكرنی ئه‌زموونی حزبوڵای لوبنان له عێراق" ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ك حكومه‌تی سه‌رۆك وه‌زیران محه‌مه‌د شیاع سودانیش به‌هه‌مان شێوه سودمه‌ند ده‌بێت، چونكه كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی به‌شێكه له به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی و، دواتر ئه‌مه وه‌كو سه‌ركه‌وتنی به‌رنامه سیاسییه‌كه‌ی خۆی راده‌گه‌یه‌نیت، وه‌كو ئه‌وه‌ی ناجی ده‌ڵێ.
"هه‌روه‌ها كشانه‌وه‌كه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره به هه‌ریه‌كه له روسیا‌و توركیا‌و ئێران ده‌دات له قۆناغی دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكادا سه‌رله‌نوێ خۆیان له‌ڕووی ئه‌منیی و سیاسییه‌وه له عێراق و سوریا رێكبخه‌نه‌وه".
لێكه‌وته چاوه‌ڕوانكراوه‌كان
هه‌ریه‌كه له حه‌یده‌ر به‌سیرو عه‌باس ناجی هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كشانه‌وه هاوسه‌نگی ناوچه‌یی ئێستا له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران هه‌ڵده‌گێڕێته‌وه.
یه‌كێك له لێكه‌وته‌كانی تریشی ئه‌گه‌ری سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوی داعشه، به‌پێی قسه‌ی عه‌باس كه ده‌ڵێ:" رێكخراوی داعش ره‌نگه سه‌رله‌نوێ ده‌ربكه‌وێته‌وه. چونكه خۆی له‌شێوه‌ی پاشماوه‌ی بچوكدا بوونی هه‌یه، به‌ڵام ده‌كرێت چالاك ببێت و سه‌رله‌نوێ خۆی به‌هێزبكاته‌وه".
هه‌روه‌ك كشانه‌وه‌كه ئاماژه‌ی نه‌رێنیی به هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه ده‌دات- سعودیه‌و وڵاتانی كه‌نداو و ئیسرائیل- وایان لێده‌كات پشت به ئه‌مریكا نه‌به‌ستن و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانی ئه‌مریكا په‌ره‌پێبده‌ن، واتا چین و روسیا.
عه‌باس باسله چاودێری ئه‌مدواییه‌ی په‌كین ده‌كات به‌سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی نێوان سعودیه‌و ئێرانه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی ریاز بۆ داواكارییه‌كانی واشنتۆن سه‌باره‌ت به به‌رزكردنه‌وه‌ی سه‌قفی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت "به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه بایه‌خ به به‌هێزكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌دات نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شه‌كانی".
عه‌باس ده‌ڵێ:" نمونه بۆ ئه‌مه هه‌ڵوێستی ئیداره‌ی ئه‌مریكایه سه‌باره‌ت به حوسییه‌كان له یه‌مه‌ن، به‌وپێیه‌ی ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكای ئه‌وانه‌ی وه‌كو رێكخراوی تیرۆرستی پۆلێن كردووه‌و ئیداره‌ی بایدن هاتووه سه‌رباری ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سعودیه ئه‌م پۆلێنكردنه هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، پاشان سه‌رله‌نوێ حوسییه‌كانیان وه‌كو رێكخراوی تیرۆرستی پۆلێن كرده‌وه ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی هێرشیان كرده‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاو كه‌شتییه بارهه‌ڵگره‌كان له ده‌ریای سور".
باسله‌وه‌ش ده‌كات" كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له عێراق گومانی هاوپه‌یمانه ناوچه‌ییه‌كان له متمانه‌كردن به هاوپه‌یمانیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا زیاتر ده‌كات".