کۆمپانیای (DNO) رۆژانە (46 هەزار) بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە
2024-02-08 20:48:23
درەو:
🔻 رۆژی (8/2/2024) کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی، بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ ساڵی (2023) ڕاگەیاند؛
🔹 کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (668 ملیۆن) دۆلار بووەو (218 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە.
🔹 ئێستا فرۆشی نەوتی تاوکێ مانگانە نزیکەی (١٠ ملیۆن) دۆلار بۆ کۆمپانیاکە بەدەست دەهێنێت، سەرەڕای نزمی نرخی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت.
🔹 لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕای رۆژانە (46 هەزار و 636) بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە لە ساڵی (2023)دا ، بە جۆرێک؛
🔹 رۆژانە (26 هەزار و 616) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (19 هەزار و 824) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و (196) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە بەرهەم هێناوە.
یەکەم؛ پوختەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی
رۆژی (8/2/2024) کۆمپانیای کۆمپانیای (DNO)ی نەوت و غازی نەرویجی بەرهەم و قازانجی خۆی بۆ ساڵی (2023) ڕاگەیاند، لە هەموو ئەو ناوچانەی کاری تێدا دەکات و بەپێی ڕاگەیەندراوەکە؛
لە ساڵی (2023)دا کۆی گشتی داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکە (668 ملیۆن) دۆلار بووەو (218 ملیۆن) دۆلار قازانجی کردووە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پوختەی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا بە تێکڕای رۆژانە (٥٢ هەزار و ٦٠٠) بەرمیل نەوتی خاو بووە، کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە تێکڕا (٣٤ هەزار و ٩٠٠) بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە دەریای باکوور (١٤ هەزار و 200) بەرمیل نەوتی رۆژانەو لە ڕۆژئاوای ئەفریقا بە تێکڕا (3 هەزار و 500) بەرمیل نەوتی رۆژانە بووەو وەک پشکی کۆمپانیاکە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە لە کۆتایی ساڵدا، بەرهەمهێنانی گشتی لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ کە کۆمپانیای (DNO) پشکی (75%)ی تێدا هەیە، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و داخستنی بۆری نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئازاری (2023)ەوە تاڕادەیەکی زۆر کەوتووەتەوە سەر پێ و گەیشتە تێکڕا (80 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە. پوختەی پشکی شایستەی دارایی کۆمپانیاکە نزیکە لە (30) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەشێوەی کاش و فرۆشتنی بەرهەمەکە بە بازرگانان و تانکەر یان بە بۆری دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان.
سەرەڕای دابەزینی خەرجییەکانی کارکردن بە ڕێژەی (65%)، ئێستا فرۆشی نەوتی تاوکێ مانگانە نزیکەی (١٠ ملیۆن) دۆلار بۆ کۆمپانیاکە بەدەست دەهێنێت، سەرەڕای نزمی نرخی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت.
کۆمپانیای DNO پێشبینی ئەوە دەکات، بەرهەمی گشتی کارکردن لە ناوچەی گرێبەستی تاوکێ بەردەوام بێت و تێکڕای بەرهەم بگەیەنرێتە (80 هەزار) بەرمیل نەوتی رۆژانە. ئەو داتایە لە بارەی بڕی بەرهەمهێنانەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت بەگوێرەی دەرئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەکانی پەیوەست بە وەرگرتنەوەی قەرزەکانی ڕابردوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و مەرج و ڕێساکانی پارەدان بۆ هەر هەناردەیەکی نەوتی لە داهاتوودا، کە لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی پاڵنانی وەبەرهێنانی زیاتر لە بیرەکاندا.
دووەم؛ کۆمپانیای (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان
کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی، لە چوارچێوەی گرێبەستی کێڵگەکانی نەوتی (فیشخابوور و تاوکێ) کە بە گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوە، لەگەڵ کێڵگەی نەوتی بەعشیقە، گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەجۆرێک؛
1. ناوچەی گرێبەستی تاوکێ: هەردوو کێڵگەی نەوتی (فیشخابور و تاوکێ) دەگرێتەوە، لە بەر ئەوەی هەردوو کێڵگەکە بە یەک گرێبەست دراوە بە کۆمپانیا پشکدارەکان، بۆیە بە ناوچەی گرێبەستی "تاوکێ" ناسراوەو (75%) پشکەکانی دراوە بە کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی و (25%) کۆمپانیای گنێڵ ئێنێرجی تورکی وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
2. کێڵگەی نەوتی بەعشیقە: یەکێکی دیکەیە لەو کێڵگە نەوتیانەی کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی پشکی (64%) تێدا هەیە و (16%)ی پشکەکانیشی دراوە بە کۆمپانیای وزەی تورکی (TEC) و (20%)ی پشکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی ساڵی (2022) گەیشت بە قۆناغی بەرهەمهێنان.
سێیەم؛ بەرهەمی کاری (DNO) لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2023)دا
پاڵپشت بەو داتایانەی کۆمپانیای (DNO) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕابردووشدا وەرزانە ڕاپۆرتی کارو چالاکییەکانی خۆی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، لە سەرجەم ئەو ناوچەو کێڵگانەی پشکدارە تێیدا، لە ساڵی (2023)دا بە تێکڕای رۆژانە (46 هەزار و 636) بەرمیل نەوتی خاوی بەرهەمهێناوە، بە جۆرێک؛ رۆژانە (26 هەزار و 616) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و (19 هەزار و 824) بەرمیل نەوتی کە کێڵگەی فیشخابور و (196) بەرمیل نەوتی لە کێڵگەی نەوتی بەعشیقە بەرهەم هێناوە.
لەم خشتانەی خوارەوەدا، رونکراوەتەوە، کە بەشێوەی وەرزی (چارەکی ساڵ) بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدا بووەو پوختەو پشکی کۆمپانیاکە تێدا تێیدا رونکراوەتەوە.