تەمویلی بەغدا زۆرتر بووە لەو داهاتەی لە فرۆشی نەوتەوە بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕایەوە
2024-02-06 08:19:43
راپۆرتی: درەو
🔻 وەزارەتی دارایی هەرێم لە ساڵی (2023 بۆ کۆتایی مانگی کانونی دووەمی 2024)، بە بڕی (5 ترلیۆن و 316 ملیار) دینار، کە (30%)ی وەک شایستەو (70%)ی وەک قەرز (3 ترليؤن و 700 مليار) دينار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵییەوە تەمویل کراوە، بە جۆرێک؛
🔹 لە نیوەی یەکەمی ساڵی (2023)، بە (998 ملیار) دیناری شایستە و (ترلیۆنێک و 600 ملیار) دینار بە چوار گوژەمەی قەرز تەمویل کراوە.
🔹 لە نیوەی دووەمی ساڵی (2023)، بە (2 ترلیۆن و 100 ملیار) دیناری قەرز بە سێ گوژمەی (700 ملیار) دیناری تەمویل کراوە.
🔹 لە (1/2/2024) بڕی (618 ملیار) دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
🔻 لە کاتێکدا لە حاڵەتی ڕانەگرتنی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی؛
🔹 (1/4/2023 – 31/12/2023) بڕی کەمتر لە (4 ترلیۆن و 493 ملیار) دینار دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی وەزارەتی دارایی.
🛑 کەواتە؛ ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە هاتووە زۆرتر لە (823 ملیار و 328 ملیۆن) دیناری لەو پارەیە زیاترە، کە لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی وەزارەت دارایی.
یەکەم؛ تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە
لە ساڵی (2023)دا حکومەتی فیدراڵی عێراق بە گوژمەو بڕی جیاواز، تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە شێوەی قەرز و شایستەی دارایی هەرێم، یەکەم گوژمەی قەرزیش لە چوارچێوەی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵ بڕی (400 ملیار) دینار بوو، کە لە رۆژی (13/3/2023) خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم.
وەک وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم خۆی ڕایگەیاندووە؛ تا نیوەی یەکەمی ساڵی (2023) بڕی (998 ملیار) دیناری وەک شایستەی هەرێم و (ترلیۆنێک و 600 ملیار) دیناریش بە چوار گوژمەی (400 ملیار) دیناری بەشێوەی قەرز خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم.
لە نیوەی دووەمی ساڵی (2023)دا حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بڕیاری ژمارە (23500) هەموارکراو بە بڕیاری ژمارە (23520) لە ساڵی (2023)دا، تایبەت بە پێدانی قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ موچەی مانگەکانی (10، 11 و 12) بە سێ گوژەمەی (700 ملیار) دیناری بەشێوەی قەرز تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کردووە.
دواین جاریش لە رۆژی (1/2/2024) بڕی (618 ملیار) دینار وەک شایستەی دارایی هەرێم بۆ موچەی موچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
بەم پێیەش وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2023)دا بە بڕی (998 ملیار) دیناری شایستەو (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناری قەرز و لە ساڵی (2024)دا بە بڕی (618 ملیار) دیناری شایستە، لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵییەوە تەمویل کراوە، وەک لە خشتەی ژمارە (1)دا ڕوونکراوەتەوە.
بە کۆی گشتی ئەو پارەیەی لە بەغداوە بۆ هەرێم نێردراوە بڕەکەی دەگاتە (5 ترلیۆن و 316 ملیار) دینار، کە بڕی (3 ترلیۆن و 700 ملیار) دیناری بە رێژەی (70%) وەک قەرز و بڕی (ترلیۆنێک و 616 ملیار) دیناری بە رێژەی (30%) وەک شایستە رەوانەی هەرێم کراوە.
دووەم؛ ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و زیانە داراییەکانی لەسەر خەزێنەی گشتی وەزارەتی دارایی
دوای نۆ ساڵ لە سکاڵایەکی حکومەتی عێراق لەسەر حکومەتی تورکیا لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بەوەی "توركیا رێكەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردووە، بەوەی توركیا رێگەیداوە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە بەبێ رەزامەندیی بەغدا، لە رێگەی توركیاوە هەناردە بكرێت".
دواجار ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیارێکی (277) لاپەڕەیی لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) دەرکردووەو لە (25ی ئازاری 2023) بە فەرمی بووە هۆی كە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەو زیانە داراییانەی لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم لە ماوەی (1/4/2023 – 31/12/2023) دەکەوێتەوە. بە جۆرێک؛
• بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ وردبینی نەوتی هەرێم لە چارەکی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022)، واتە هەمان ئەو ماوەیەی کە لە ساڵی (2023) نەوتی هەرێمی تێدا ڕاگیراوە؛
- حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 192 هەزار و 494) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی کردووە.
- هەرێم هەر بەرمیلێک نەوتی لە ماوەی ناوبراودا بە (15 دۆلار) کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە.
- هەر بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت (54%) داهاتی نەوت چووە بۆ خەرجی پرۆسەکەو (46%) گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم.
کەواتە لەسەر بنەمای هەرسێ ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت لە ماوەی وەرزەکانی دووەم، سێیەم و چوارەمی ساڵی (2022) ئەم گریمانەنانەی لای خوارە ڕوندەکەینەوە؛
• لە (1/4/2023 – 31/12/2023) واتە دوای (9) مانگ تێپەڕبوون بەسەر ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم.
• هەرێم دەیتوانی بە تێکڕای مانگانە (12 ملیۆن و 192 هەزار و 494) بەرمیل نەوت هەناردە بکات.
• واتە لە ماوەی (9) مانگدا هەناردەی نەوتی هەرێم دەگەیشتە (109 ملیۆن و 732 هەزار و 446) بەرمیل نەوت.
• تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ماوەی ناوبراودا بریتی بووە لە (82 دۆلار و 90 سەنت).
• ئەگەر هەرێم بە داشکانی (15 دۆلار) نەوتەکەی فرۆشتبایە، وەک ئەوەی لە چارەکی دووەم و سێیەم و چوارەمی (2022)دا رویدابوو. ئەوا؛
• تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی هەرێم فرۆشراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (67 دۆلار و 90 سەنت).
• کۆی بەهای نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بریتی دەبوو لە (7 ملیارو 455 ملیۆن و 479 هەزار و 397) دۆلار.
• ئەگەر ئەو بڕەی داهات (54%) بۆ خەرجی پرۆسەی نەوتی هەرێم رۆشتبا، ئەوا هاوتا دەبوو بە (4 ملیار و 25 ملیۆن و 958 هەزار و 874) دۆلار.
• بەم پێیەش بڕی (3 ملیار و 429 ملیۆن و 520 هەزار و 523) دۆلاری بە رێژەی (46%) دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرامبەرە بە (4 ترلیۆن و 492 ملیار و 671 ملیۆن و 885 هەرزار و 130) دینار، ئەگەر دۆلارێکی ئەمریکی بە نرخی بانکی ناوەندی کە بەرامبەرە بە (هەزار و 310) دینار.
خشتەی ژمارە (2) پرۆسەکە رونتر دەکاتەوە
کەواتە وەک لە بەشی یەکەمدا ئاماژەمان پێدا، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2023 بۆ کۆتایی مانگی کانونی دووەمی 2024)، بە بڕی (5 ترلیۆن و 316 ملیار) دینار لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵییەوە تەمویل کراوە.
لە کاتێکدا لە حاڵەتی فرۆشتن و بەردەوامی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە لە (1/4/2023 – 31/12/2023) بڕی (4 ترلیۆن و 492 ملیار و 671 ملیۆن و 885 هەرزار و 130) دینار دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی وەزارەتی دارایی.
بەم پێیەش ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە هاتووە بڕی (823 ملیار و 328 ملیۆن و 114 هەزار) دیناری لەو پارەیە زیاترە، کە لە رێگەی فرۆشتنی نەوتی هەرێمەوە دەگەڕایەوە بۆ خەزێنەی گشتی وەزارەت دارایی.